هاوسەرۆکی هاوتێهەڵدراو
Wednesday, 21/07/2021, 9:08
1267 بینراوە
لاهور بە تەزبیحێکی قەزوانی 250 دەنکی و قاتێ جلی ئەبو کەتافی و هاش و هوش ویستی هەر زوو بگاتە دوا پلە و خۆی وەك سەرۆکێکی گەنج و لاوی نمونەیی دەرخا. ئەم کەسە لەبەرئەوەی نەخوێنەوار و کەم ئەزموون و بێ ئەرزش بوو، هەر زوو لە یەکەم تاقیکردنەوە چۆکی دا و کەوتە سەر ئەژنۆ.. ئاخر هەروایە ؛ کەسێك خۆی گیانی سەرکردە و ئەزموونی پەیدا نەکردبێ و لە هەزار نشێوی و کەوتندا هەڵسابێتەوە و ئارەقەی نەکردبێتەوە و هەردەم لە سێبەردا بوبێ، ئاکامەکەی لەوە باشتر نابێ.
لاهور هەروا لە ڕێگای ئاراسی برای کە بەسیجێکی ئێرانی قاسم سلێمانی بوو، کاتێ هەوڵی بۆ درا پۆستیکی بۆ داتاشن و بەزۆری زۆردار ویستیان لەڕێگای ئیتلاعاتەوە بیهێننە پێشەوە و بیکەن بە ژمارە، لێ ئەم کەسێکی گیرفان بەتەڵ و هەر زوو لەخەمی خۆدەوڵەمەند کردن و کۆنترۆڵکردنی یەکێتیدا بوو، کە هیچ کام لە کوڕەکانی جەنگی پێوەی هیلاك نەبوون.
یەکێ لەو هەڵانەی لاهور کردی وەك گەنجێك لە قاڵبی پیرێکی وەك جەلال تاڵەبانی زۆر بەو مێژوەی تاڵەبانی سەرسام بوو، هەروەها لاسایی کردنەوەی شێوازی ووتوو وێژ و سڵاو کردن و گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکیدا.. ئەم گەنجە بەزمانی سەرلێشێواو و درۆزانێکی وەك تاڵەبانی ئەدوا، ئەیوست بەهەمان لۆژیك و شێوازی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ ئەمڕۆدا بکا. ئێ خۆ مێژوو بەدرۆ نانووسرێتەوە؛ تاڵەبانی کەسێکی خائین و داهێنەری جاشێتی و خۆبەکەم زان لەئاست بیگانە و خۆچەمانەوە بۆ دوژمنانی داگیرکەرانی کورد و پەشیمان لەو هەموو کاری بەد و خراپانەی کردوونی، لەوانە شەڕی بنەماڵەی بارزانی کە دواجار چووە سەر گۆڕی مەلای ئاشبەتاڵچی و داوای لێبردون کردن لە مەسعود و 1000 پیاوەکە.. تاڵەبانی دوای ئەو هەموو سکانداڵە گەورانەی کردنی، نەمان بینی ڕۆژێك داوای لێبردن لەو هەموو کوڕە کوژراوانە بکا کە لەشەڕی ناوخۆ، بەکوشتی دان. کەواتە تۆ بەو مێژوە ڕەشە سەرسام بیت و بیگۆڕی بۆ سەروەری و نیشتمانپەروەری و زیرەکی، نەك ئەمانە هەڵەیە بەڵکو تاوانە.
لاهور لەکاتی هەڵسانی دەنگە ناڕەزایەتیەکان لەناوچەی سلێمانی و گەرمیان چەندین گەنجی داماو و گیرفان بەتاڵ بەتەقەی هێزەکانی یەکێتی و پارتی کۆمەڵکوژ کران، کەچی خۆی نەکردە خاوەنی و وەك بێلایەن خۆی دەرخست، واتە ئەمیش وەك ئەوانی تر هەمان تاوانیان بەرامبەر بە گەنجان کرد. لاهور هیچی نەکردوە، کە جیاواز بێ لە سەرکردە وبەرپرسەکانی تری دەسەڵات، تەنها ئەوە نەبێ وویستی بە قسەی باق و بریق و پەنا بردن بۆ ناوی شەهیدان و ئەنفال و کیمیایی بارانکراو، کە ئەمانەش تەنها بۆ گیرفان پڕکردن بەکاری هێناوون.
بۆیە ئەوەی بەسەری هات و کوڕە کەرەکەی تاڵەبانی بە یارمەتی پارتی توانیان بە پەڕۆیەکی زەردی پیس دووری بخەنەوە و ناوی بخەنە زڵبدانی دەسەڵاتدارانی پێش خۆیان..
لاهور نە لەڕابردوو، نە لە داهاتوو ناتوانێ جگە لەجاشێتی و کاری مافیایی و کورد کوشتن کارێکی باش بۆ کورد بکات، ئەوەی چاوەڕوانی شتی ترە لە لاهور، پێچەوانەی ئەم قسانەی سەرەوە، ئەبێ بچێ نەختێ بخوێنێتەوە و خۆی هیلاڵ بکا.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بێژین کەوا سیستەمی هاوسەرۆك مانای ژنێك و پیاوێك هەروەك چۆن لە رۆژئاڤا پەیڕەو ئەکرێ، بەڵام لەبەرئەوەی باشوور تەنها پیاوی هەیە و باوەڕیان بە ڕۆڵی ژن نییە، بۆیە سۆشیال عەشایر ئاوا مامەڵەی کرد.
پەیامی رۆژی ئەمجارە لەلایەن (حەمە سوسەیی) نووسراوە