دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی بێئیرادەکردنی خەڵک لە سوریا!

Tuesday, 15/04/2025, 19:00


کاتێک باسی هەیئەی تەحریر شام یان بەناو "سوپای نیشتمانی سوریا" دەکرێت، باس لە پێکهاتە سەربازیە ئایدۆلۆژیە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەکرێت کە لە شوێنە جیاوازەکانەوە پەیوەستبون بە سوپاوە. ئەم گروپانە ئەگەر بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تورکیا نەبوایە نەدەگەیشتنە ئەم ئاستەی ڕاگەیاندنی "سوپای نیشتمانی" کە بریتیە لە چەکدارکردنیان و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆیان، لە هەمانکاتدا بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی نفوزی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر بەسەر باکووری ڕۆژئاوای سوریادا.
ئەم گروپانە کە بریتین لە حەمزات و عەمشات، میلیشیای بەناو "سوڵتانەکان"، نەک دواجار کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کرد لە دیمەشق، بەڵکو لە عەفرین و گرە سپی و سەرێ کانیە، دڕندەییەکی تەواویان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامدا. هەروەها بەشداریان لە کۆمەڵکوژیە تائیفیەکان لە کەناراوەکانی سوریادا کردووە، بەتایبەتی دژی عەلەویەکان کە تائێستا ئەحمەد شەرع لە بێدەنگیەکی گوماناویدایە، هەتا حکومەتەکەی نەیویستوە بەڕاگەیاندنێک ئەو تاوانانە ئیدانە بکات، یان داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرەکانیان بکات.
دوای ئەو کارە دڕندانەیەو لەم هاوکێشە ناڕۆشن و ناجۆرەی دۆخی ئێستای سوریاو بەردەوامی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا، شەرع و حکومەتەکەی بژاردەیەکی تریان نەبوو جگە لەوەی لە ناچاریدا ڕوو بکەنە تاکە هێزێکی دیسپلینکراوی وەک هەسەدە، کە خاوەنی پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوە نیە کە ئەم هێزانە خاوەنی توانای پاراستنی ئاسایشن، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە بەهرەمەندن لە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و لەڕێگەی ئەزموونی سیاسی خۆیانەوە، نوێنەرایەتی جۆرێک لە دەسەڵاتی دیموکراسی نیشان ئەدەن کە لەئێستادا زلهێزەکان پشتیوانیان لێدەکەن.
تێوەگلانی هەسەدە لەم پەیوەندیە و تێکەڵکردنی لە بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەمنی، بۆ حکومەتی شەرع ئەو سودەی دەبێت کە ڕووخسارێکی دیموکراسی بەخۆی ببەخشێت! تا بەمشێوەیە تۆمەتی لایەنگری یان هاوکاری لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان لەخۆی دورخاتەوە و وەک بەرپرسێکی جددی دەربکەوێت کە دەیەوێت سوریا دامەزراو بکات، هەر بەمشێوەیەش ڕێگری لە دابەشبوونی سوریا بکات!؟.
بەڵام ئەو سوریایەی کە لە هەموو لایەکەوە خوێنی لێدەڕژێت، لە رێگەی دەخالەتکردنی ووڵاتانی زلهیزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکەوە، بە پڕۆژەکانی ئیسلامی سیاسی و ململانێ و ناکۆکیەکانیان، ڕژاندنی ئەو خوێنە نەک ناگیرسێنێتەوە، بگرە خاکی سوریا سورتر دەکات، کاتێ حکومەتێکی ئینتقالی، پارێزەرو بارمتەی میلیشیاکان بێت، هەڵبەتە گومانی تیانیە کە ئەمە نائارامی زیاتر پێکدەهێنێت و مەترسیدارتریش دەبێت.
گومانی تیانیە کە سوریا بە پڕۆژەیەکی تۆکمەی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، دەتوانێ ئارام بێتەوەو ڕزگاری بێت، بەومەرجەی کە بەدوربێت لە هەر کاریگەریەکی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی، هیچ ووڵاتێک لەسەر وێرانەی مەزهەبەکان و ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستی و دژی ئینسانی ناتوانێ بە سەقامگیری و دوور لە گێژاوی سیاسی دامەزرێت.
ئایندەیەکی گەش بۆ سوریا نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون حکومەت ڕانەگەیەنن، نەک تەنها لەسەر کاغەز، بەڵکو لەسەر زەوی، لە دەق، لە دەسەڵات و لە سیمبولەکاندا، زەمانەتی ئەمەش دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەدەسەڵاتی سیاسیدا، نەک دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتنی نێوان ئەو هێزانەی لە سەروو ئێرادەو خواستی خەڵکەوەن، ئەوجۆرە ڕێکەوتن و ئاشتیانە لە هەر توندپێچ و ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەگەری ئەوە هەیە وێرانکاری زیاتر بەدوای خۆیدابهێنێت.
ئەوکاتە سوریا دەتوانێت لە تونێلی ئاژاوە دەربچێت کە ئەو گروپانەی بەناوی مەزهەبەوە دەکوژن و بەردەوامن لە سەربڕینی بەرامبەرەکانیان، دەبێت دەستیان ببەسترێت و بەریان پێبگیرێت و وەک تاوانبار دادگایی بکرێن، دەنا سوریا لەنێوان هەرەشەی ستەمکاری و پیرۆزیەکاندا وێراندەبێت و لەنێوان ترسی تیرۆر و وەسوەسەی هەژموونیدا دەمێنێتەوە! بەمجۆرەش پڕۆژەی شارستانیەت و ئاشتی لە سوریا دەبێتە وەهمێکی سادە، بە خۆڵەمێشی دەبێت و خوێنی بێتاوانەکان پەرش و بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت پێویستە بڵێین لەنێو ئەم جەنجاڵی و وێرانکاریەدا کە زۆربەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا داڕماون، ئەوە هەسەدەیە کە وەک هێزێک و ئەزمونێک لەدەسەڵات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندی کە تاکە پڕۆژەی سیاسیە هاوسەنگی خۆی پاراستووە و مۆدێلێکی سەقامگیری بۆ حوکمڕانی و ئیدارەی خۆجێیی دابینکردووە، کە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، لەم دۆخەشدا تا ئێستا توانیویەتی لە بەرامبەر دڕندەکاندا خۆی ڕاگرێت.!
ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بەوشێوەیەی کە دەستوور نەبۆتە بەڵگەنامەیەکی نێوان هەردوولایان، دۆخەکە بە هەڵواسراوی و ئایندەکی ناڕۆشن بۆ سوریا دەهێڵێتەوەو ڕادەگرێت، دەچێتە ئەو ئاستەی وەک ئاگربەستێک ببینرێت، لەهەمانکاتدا درێژەپێدەری پرۆسەیەکە کە سوریای کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێیەکی بێکۆتایی.
ناساندنی ئەم دەستورەی ئێستا بۆ "کۆماری عەرەبی سوریا" و بە ئیسلامیکردنی سوریا تەنها دەربڕینێکی فەرمی نییە، بەڵکو سەپاندن و پیرۆزکردنی ڕێبازێکی کەمینەی ئیسلامیە بەسەر زۆرینەی دانیشتوانی سوریادا.
ئەوەی ئەمڕۆ لەڕێگەی دەسەڵاتی شەرع و دەخالەتی تورکیاوە دەگوزەرێت، تەنها گۆڕانکاریەکی سیاسی نییە، بەڵکو توانەوەی زۆرەملێی گەلی سوریایە بۆ قاڵبێکی نوێی پاوانخوازی مەترسیدار، کە دڕندەتر دەردەکەوێت لە هەموو شتێک کە پێشتر هاتبێت. بۆیە پرسیارێک کە پێویستە بکرێت تەنیا ئەوە نییە کە “حوکمڕانی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت؟” ئاخۆ چەند کارەسات و چەند جەستە و دەروونی تر وێراندەکرێت پێشئەوەی ئەم پاوانخوازیە بوەستێت؟.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، ئەحمەد شەرع، خۆی لە دۆخێکی بێوێنەدا بینیەوە، لەناکاو بوو بە حاکمی دیفاکتۆی وڵاتێک، بەرپرسیارێتی بنیاتنانی دەوڵەتێکی لەنێوان ئاڵۆزیە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانی لە ئەستۆ گرت. بەڵام شەرع کە لەناو سنگی ئایدۆلۆژیای جیهادێکی توندڕەودا گەورە بووە، ئەمڕۆ خۆی دەبینێتەوە لەنێوان چەقۆی میراتی توندڕەویەکەی و پەیوەندی ئایدیۆلۆژی خۆی بە قاعیدە و سەنگەری واقیعێکی نوێ لە سوریادا، کە هەوڵدەدات وەها نیشان بدات خەریکە ببێتە دەوڵەتێکی "فرەیی، مەدەنی، دیموکراسی"!

شەرع هەوڵ دەدات وەک سەرکردەیەکی سیاسی لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە بەڕێوەبردنی سوریا خۆی نیشان بدات، بە تێگەیشتنی ئەوەی جیهان دەوڵەتێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ لەدڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵ ناکات. بەم شێوەیە دەستی کرد بە سەوداومامەڵەی وێنەیەکی جیاواز لە خۆی، وێنەیەک کە دوورە لە ڕابردووی جیهادی خۆی، هەوڵ ئەدات هەم ئامادەبوانی ناوخۆیی و هەم بینەرانی نێودەوڵەتی قەناعەت پێبکات کە دەوڵەتێکی فرەیی و مەدەنی بنیات بنێت کە ڕێز لە مافەکان و یاسا بگرێت، ئەمەش لە سەردانە بەردەوامەکانی وەزیری دەرەوە بۆ چەندین وڵاتی عەرەبی و ووڵاتانی تر، بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگە عەرەبی و نێودەوڵەتیەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا شەرع ناتوانێت بە ئاسانی خۆی لە ڕەگ و ڕیشەی فیکریی خۆی جیابکاتەوە، لەو ژینگە جیهادیەی کە بۆ ماوەی دە ساڵێکی تەواو لە باوەشیدا بووەو نەوەیەکی دڕندەی تیا پێگەیاندووە.
شەرع ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەلایەکەوە توێژە بەرفراوانەکانی دانیشتوانی سوریا کە زۆر ماندوو بوون، داوای دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادیخوازی دەکەن کە ستەمی ئایینی ڕەت دەکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە شەرع پشت بە هاوپەیمانێتیە نێوخۆیەکانی جیهادیەکان و سەرکردە سەربازیە توندڕەوەکان دەبەستێت، کە هەر جۆرە کرانەوەیەک بەڕووی ئازادی و دیموکراسیدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژە ئیسلامیەکەی خۆیان دەزانن.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، یادەوەری ئازاربەخشی ئەزموونەکانی دەسەڵاتی توندڕەوی ئیسلامی لە ئەفغانستان، ئێران، یان نمونەی داعش و شەڕی تائفی لە عێراق دێننەوە یاد، کە بە ئاسانی مۆدێلێکی هاوشێوە لەم  حوکمڕانیانە لە سوریا قەبوڵ ناکرێت.
ئێستا، لە بواری پەروەردەدا، زانکۆ و قوتابخانەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری شێواز و ئامرازی توندی ئایینی، هەروەها داوا دەکەن ژنان جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر بکەن و لە شوێنە گشتیەکاندا پیاوان لە ژنان جیابکەنەوە.
لەکایەی گشتیدا، شارەکانی سوریا کە لەلایەن هەیئەی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراون، ڕێساکانی جلوبەرگی گشتی توندترکراونەتەوە، سنووردارکردن بۆ بۆنە کەلتووری و هونەریەکان دانراون و فەزای گشتی بۆ داکۆکیکردن لە ئایین دیاریکراوە. ئێستا بازنەی بانگەوازی ئیسلامی و وتاری ئیسلامی لە گۆڕەپان و شەقامە گشتیەکاندا بڵاوبووەتەوە، کەشێکی گشتی دروست دەکات کە وا لە هاوڵاتیان دەکات هەست بکەن کە دەوڵەت گۆڕاوە بۆ قەوارەیەکی ئایینی، ئەو سیاسەتانەی هەیئەی تەحریری شام پەیڕەوی لێدەکەن، ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە بەرەو گۆڕینی سوریا بۆ دەوڵەتێکی ئاینی توندڕەو نەك دەوڵەتێکی مەدەنی!
ئەم دووفاقیە لە واقعیەتی دەسەلاتی شەرعدا، دەیخاتە دۆخێکی سەختەوە، چونکە خۆی دەبینێتەوە لەنێوان بەرداشێکدا کە لە شوێنێکی سەختدا گیری خواردووە. ئەگەر هەوڵی ئیمتیازاتی ڕاستەقینە بدات بەرامبەر بە مۆدێلی دەوڵەتی مەدەنی، ئەوا ڕووبەڕووی یاخیبوونی ناوخۆیی دەبێتەوە لەلایەن کەسانی توندڕەوی ناو ڕێکخراوەکەیەوە، کە ئەمە وەک خیانەتێک لە پڕۆژەی جیهادیدا حسابی لەسەر دەکرێت، ئەگەر بەردەوام بێت له پەیڕەوکردنی دیدگای توندڕەوی ئیسلامیەکەی، ڕووبەڕووی دابڕانی نێودەوڵەتی و ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی دەبێتەوە بۆ ڕێگرتن له بونی سوریا به دەوڵەتێکی ئایینی سەلەفی توندرەو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە