کوردستان و ژەهری زەرنیخ
Tuesday, 15/04/2025, 19:57
نەبووە و ناشبێت لەو سیاسیانەی ئێمە ڕوو قایم تر و دووڕووتر ئەوەتا ئەمرۆ مەسعود بارزانی دێت باسی پیرۆزی خاک و نیشتمان دەکات و دەڵێت مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو سەرگەردانەو کەس ڕێزی لێناگرێت ئەمە لەکاتێکدا نیشتمان لەسەر دەستی ئەو و کوڕ و برازاکەی بووە بە دۆزەخ .وەک شێخ ڕەزا دەڵێت ئا ئەمانە پێستی ڕوویان هێن قایمە شمشری میسری نایبڕێت.
محمد ماغوت زۆر جوان لەوەسفی نیشتیماندا دەڵێ:
“گەمژەیی ئەوەیە کە بەرگری لەنیشتیمانێک بکەم خاوەنی خانوویەک نەبم تێیدا.
گەمژەیی ئەوەیە قوربانی بەخۆم بدەم بۆ ئەوەی منداڵەکانم بە ئاوارەیی بژین .
گەمژیی ٸەوەیە دایکم جەرگ سووتاو بێت بەلەدەستدانی من نەشزانێ ئەو مردنە بۆچی بوو …..”
هەربۆیە ھەستی نیشتیمانی درۆیەکی شاخدار و داھێنراوی سیاسیەکانە بۆ مردنی ئێمە لەپێناو ئەواندا .کوردستان ئێستا بووە بە گۆڕستان بەهۆی سیاسیەکانی وەک مەسعود بارزانی و کوڕەکەی بەڵام ئەمرۆ زۆر بێ شەرمانە دێت باسی خاک و کوردایەتی دەکات بۆ ئێمە !
بۆیە هەرگیز باوەڕم بەمردن نیە لەپێناو نیشتیماندا ـ ھەرگیز نیشتیمان خەسارەت مەند نابێ بەڵکو ئەوە ئێمەین دەبین بە قوربانی .چونکە ئێستا لە نیشتیمانی مندا سینگی پاڵەوانەکان پڕیەتی لەفیشەک و ورگی خیانەتکارەکانیش پڕ لە پارەو سەروەت..
وە ئەوانەی دەمرن شایەنی مەرگ و مردن نین و بەهۆی کەسانێکیشەوە دەمرن کە نەمافی ژیانیان ھەیەو نەشایەنی ژیانکردنن.
ژەهری زەرنیخ جۆرێکە لە ژەهر کە نە ڕەنگ نە بۆن نەتامی هەیە و بە ئاسانی لە شلەکاندا دەتوێتەوە و کەسەکە هێواش هێواش دەکوژێت. خاکی کوردستانیش ئێستا بەهۆی سیاسیە بێ بەهاکانی وەک مەسعود بارزانی و کوڕەکەیەوە ڕێک بووە بە ژەهری زەرنیخ بۆ ڕۆڵەکانی.هەر بۆیە دەبینیت کوردستان تا زیاتر تێیدا بمێنیتەوە جگە لە خەم و ناخۆشی ناتوانێ هیچی ترت پێبدات و لە کۆتایشدا دەبێتە هۆکارێک بۆ مەرگت.
من ڕقم لە نیشتمان نیە،نیشتیمان جوانە بەڵام ئەوەی ناشیرنی کردووە بەرپرسە گەندەڵ و دزو چاوچنۆکەکانمانن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست