ئاوێنەی ئەندێشە و بڕیارێکی سەقەت
Tuesday, 15/04/2025, 21:45
تایبەتە لە ڕێگرتن لە بەڕیز د. یوسف زیدان
لەم ڕۆژانەدا پیشانگای کتێب، لە هەولێر دەستی پێکرد وکرایەوە، بۆ ئەم مەبەستە، لە چەند نووسەری بیانیان گێڕابۆوە کە بێن و وتاری خۆیان بەم بۆنەیەوە بۆ ئامادەبووان و کتێبکڕەکان وەخوێنن. یەکێک لەو میوانە بەرێز و ڕۆشنبیرە پڕکار و بەرهەمە، "د.یوسف زیدان" ی میسری بووە. ئەم بیرمەندە بە پێی قسەی خۆی کە لە چەندین کۆڕدا باسی کردووە، تا ئێستا ٣٥٠٠٠ سی و پێنج هەزار لاپەرەی سەبارەت بە بابەتی جودا، نووسیووە، کەواتە بەم پێیە بێت بەشێکی باش لە ژیانی ڕۆژانەی بۆ دەورکردنەوە، وردبوونەوە و منەکردنی کلتووریی بە تایبەت کەلپوور تەرخان کردووە و خۆی بە خاوەن ڕا، ڕامان و هەڵوێست دەزانێ و ئەلحەق، ڕا، ڕامان و هەڵوێستی زۆری لە خۆی پیشان داوە و لەسەر ڕا، ڕامان و هەڵوێستەکانیشی، بەهانە و پەڵپی زۆری لێگیراوە و یەخەیان پێگرتووە، لە میسردا پیاوانی ڕیشداری ئاینی دەست و قسەیان دەڕواو، تا ئێستا چەند ڕۆشنبیری هاوبیری " دکتۆر زیدان" یان تیرۆرکردوون یا بە چەندین ساڵ زیندانی تاوانبارکردوون.
یەکێک لە مەترسییەکانی ئەم بڕیارەش ئەوەیە، کە پیاوانی ڕیشدار لە باشووردا ئەمەیان بۆ بچێتە سەر و هێدی هێدی، وەک کە ڕێکخراوی " برایانی موسڵمان" بەو جۆرە بەرنامانە کاردەکەن و وەک دەڵێن: بە هێواشی بۆی دەخشێن، گرنگە هەر لەسەرەتاوە، ڕێگا بەم خشانەیان بگیرێت و لە قاو بدرێن، دەبێ ئازاد بن لە وتن و گووتنی ڕای خۆیاندا، بەڵام نابێت یاسا و داموودەزگا یاسایی و پەروەردەیی و بازرگانیی و کۆمەڵایەتییەکانی دی، بکەنە دەسکەلای دەستیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات!!!. کورد دەبێت لەمە تێ بگات کە دین " نەتەوە نییە" هیچ کاتێکیش نابێت بە نەتەوە، باوەڕی مەعنەوی، پەیوەندییەکی تایبەتیی مرۆڤە بە یەزدانی خۆیەوە، هێندە تایبەتە، کە لای پیرۆز دەبێت و بۆ خۆی نەبێت، بۆ هیچ کەسی دی، نایکات بە بەرنامە و دەستوور و خەڵکی لە پێناودا ناکوژێت، چوونکە پیی وایە ئەم پەیوەندیە لە تەشبیهدا سەفەرێکە دەبێت مرۆڤەکە خۆی تەنیا خۆی ئەم سەفەرە بکات و هەر بەتەنیا خۆشی چیژ و ئازار و بینینەکان، دەچێژێ و لەئەستۆدەگرێ و سەرسام دەبێت.
چەند ساڵ لەمەوبەر، لە حەوت ساڵ زیاترە، لە هەڵوێستێکیدا د.یوسف هێرشی توندی کردە سەر " سەلاحەددینی ئەیوبی" و بە "ئەحقەر" ناوی برد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا... ڕوانینێکی سەمەرەیە لە بیرمەندێکی ماقووڵ و ئەکادیمیکارەوە.
حەقیر لە زمانی عەرەبیدا بە واتای: زەبوون، بێنرخ، سووک، بێبایەخ و ئەو وشانەی لە شانوشکۆی مرۆڤێک کەم دەکەنەوە و دەهێننە خوارێ. ئەرگوومێنتی د. یوسف زیدان بۆ ئەم بانگەشەیەی ئەوەیە کە:
- سەلاحەددین ناوچەیەکی زۆری هەر لە لازقیەوە تا عەکای لە ڕێکەوتنێکدا داوە بە خاچپەرستەکان و دەرگای قودسی"ئیلیا" بۆ جوولەکە و گاورەکان کردۆتەوە و ڕێگەی پێداوون بۆ سەردانی ئاینی بێنە ناو شاری " ئیلیا"وە.
- فێڵی لە پاشاکەی" نورەددین مەحموود" کردووە کڵاوی لەسەر ناوە.
- لەگەڵ خاچپەرستاندا نەرمی زۆری نواندووە.
- پارەی ئیمپارتۆریەتەکەی بەسەر کەسوکار و نزیکانی خۆیدا دابەشکردووە.
- لە کاتێکدا کە ئەو خەریکی شەڕ بووە، سەرەتای ڕێنیساس دەستی پێکردووە لە ئەورووپا، واتە سەڵاحەددین هۆی ئەوە بووە کە عەرەبە موسڵمانەکان پێشنەکەوون...... هتد.
- هەموو تاوانی دواکەوتوویی عەرەبەکانی دا بە شانی ئەو مرۆڤە کوردەدا کە لە پێناوی ئەواندا، نەتەوەکەی خۆی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێبەشکرد، هەروەک زۆرینەی کوردەکان باوەڕیان وایە.
من بەپێی بیروباوەڕی خۆم وەڵامی ئەو بەڕێزە دەدەمەوە:
بڵێین وایە و " سەلاحەددینی ئەیوبی" ئەو ناوچە کەناری ئاویانەی داوە بە خاچپەرستەکان، سەت ساڵ، دوو سەدساڵ و...هتد لەژێر فەرمانڕانیی ئەواندا بووە، خۆ لە دوای دوو جەنگی جیهانی یەکەم و دوەمەوە، هەر بە فەرمانی خاچپەرستەکان، دەیان دەوڵەت و دەوڵەتۆکەی نەتەوەییان بۆ عەرەبەکان دامەزراند و نەوتیان بۆ دۆزینەوە و پاشایان بۆ دانان و سپایان بۆدروستکردن و لە زۆربەی شارەکاندا زانکۆیان بۆ ئاوەدان کردنەوە، جادەی قیر و هێڵی شەمەندەفەریان بۆڕاکێشان و شارستانەتیان هێنایە ناو ئەو دەوڵەت و دەوڵەتۆکانەتانەوە و سنووریان بەدەورتاندا کێشا و لە دامەزراوە جیهانییەکانیشدا ئێوەیان کرد بە ئەندام و تاوانی ئەوەشیان خستەئەستۆی خۆیان، کە لەبەر خاتری ئێوە نیشتمانی نەتەوەیەکی دێرینی وەک کورد، بکەنە قوربانی رێککردنەوەی سنوورەکانتان... ئەوە بۆچی قەڵەمێکتان، سەرێکتان، هۆشێکتان ئەم ستەمە نێونەتەوەییە نامرڤانەیە نابینێ، نانووسێت و ناڵێت؟!.
ئەی ئێوە چیتان بەرهەم هێنا لەم دەوڵەت و دەوڵەتۆکانەدا؟!!.
- حافز ئەسەد، بەشار ئەسەد و باسل ئەسەد.
- سەددام حوسەین.
- موحەمەدی کوڕی وەهاب.
- برایانی موسڵمان.
- دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.
- ئەبووبەکری بەغدادی و داعیش.
- ئوسامە بن لادن و ئەلقاعیدە.
- حەماس.
- حیزبی ئەڵلا.
- جیهادی ئیسلامی.
- ئەلشەباب.
- عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ........... . ئیتر خۆتان لیستەکە تەوا بکەن، کە تەواو بوونی بۆ نییە.
ئەمانەی کە من ڕیزم کردوون، جگە لە وێرانی، شەڕەنگێزی، گرفتاری، کوشتنی موسڵمانان و غەیرە موسڵمان چییان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد، ئایا ئەمانەش هەمووی فیتی سەڵاحەددینی ئەیووبییە؟!! ئەو هۆی ئەو خوێنەیە کە ئەمان ڕشتویانە و دەیڕێژن؟!! یا سەرچاوەکە لە شوێنێکی تروە لێڵە؟!!.
ئەی ئەمانە بەرهەمی کێن و کێ تاوانبارە:
- کۆماری ئیسلامی ئاخوندەکانی ئێران.
- کۆماری ئیسلامی تالیبانەکانی ئەفگانستان.
- کۆماری ئیسلامی چیچان.
مەسەلەیەک هەیە کە ئێمە و ڕەنگە ئێوەش بیزانن و نەیڵێن: ئێمەی کورد بە ئەندازەی یەک سەرەدەرزی، باوەڕمان بەو مێژووە نییە، کە عەجەم، ڕۆم و تازی نووسیونی، باپیرەمان لە باوکمانی گێڕاوەتەوە و باوکمان لە ئێمەی گێڕاوەتەوە، کە ئەو مێژووەی سەرچاوەکەی ئەو قەڵەمانەی ئەو سێ نەتەوە داگیرکەرە نووسیبێتی، کۆن و نوێیان، جێگای متمانە نین و باوەڕپێکردنیان واتە سافیلکەیی و خۆ تەفرەدان و ڕووڕەشی.
کاتێک بەڕێزت دەڵێیت: " سەڵاحەددینی ئەیووبی " زەبوونترین و بێنرخترین کەسی مێژووی مرۆڤایەتییە، دەبوو چاوێکتان بەدەوری خۆتاندا بگێڕابایە و " ئەحقەر" ترینەکانی ناوچەکەتان بدیبایە.
ئایا سەڵاحەددینی ئەیووبی " ئەحقەرە" یا:
خالیدی کوڕی وەلید؟
حافز ئەسەد؟
سەددام حوسەین؟
ئۆردوگان؟
خومەینی و خامەنەیی؟
زۆرینەی سەرۆک و پاشای دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی؟
پاشاکانی ئێران؟
سەڵاحەددینی ئەیووبی " ئەحقەرە" یا:
ستالین؟
هیتلەر؟
مۆسۆلینی؟
فرانسیسکۆ فرانکۆ؟
پینوشە؟
هێلاسێلاسی؟
سەڵاحەددین ئەیووبی " ئەحقەرە" یا ئەو شاعیر و نووسەرانەی عەرەب کە لەسەر سەر لە فیستڤالی " مربد" ی سەددامدا ئامادە دەبوون و بە شانوباڵی خاوەن شکۆدا هەڵیاندەدا؟ و بۆیان دەهۆنییەوە کە: " تۆ هێندە میهرەبانی دەست ڕادەگری چۆلەکە دێن لە سەر لەپی دەستەکانت ئاو دەخۆنەوە" نەزار قەبانی بۆ سەددام حوسەینی خاوەنشکۆی!!!.
سەڵاحەددین ئەیووبی " ئەحقەرە" یا:
ئەو هێزە فەلەستینییەی کە ڕێکخراوی ڕزگارییخوازیی!!! فەلەستین، لە سەرەتای شەڕی دیکتاتۆرییەتی عێراق/ ئێراندا ڕژاندبوونییە باشووری کوردستان و ڕاوە کوردیان دەکرد بۆ سەددام و سووکایەتی و بێڕێزیان بە منداڵی کورد دەکرد و ستەمییان لێدەکردن(١)؟.
دەبێ دانی پێدا بنێین: کە پڕۆژەکانی ڕۆشنبیرانی عەرەب، حیزبە شیوعییەکان، مەلایی و جەلالی، ئیسلامی سیاسی، قەومییە عەرەبەکان، ڕۆشنبیرانی چەپی کورد، فارس و توورک، هەموویان نەزۆک و هیچیان هەڵنەهێنا و تەنیا حەسرەت و نائومێدی و بوغزێکی کە لەگەرووی خەڵکی ناوچەکەدا پەنگی دەخواردەوە، نەبێت.
بەڕیزتان دەڵێیت: ڕێزگرتنی ئەورووپاییەکان لە سەلاحەددینی ئەیووبی، لەبەر ئەوەیە کە ئەو ڕووبەرێکی زۆری ناوچەکەی لە لازقییەوە تا عەکا دا بەوان ، ئێدی بۆ ڕێزی نەگرن!!!.
ئەوە وا نییە، سەلاحەددین ئەیووبی، لە خەسڵەتەکانی بوو، کە دیلی نەدەکوشت، برینداری دوژمنی دەرمان دەکرد و سووکایەتی بە دیلەکان نەدەکرد، ئەگەر لە شەڕێکدا شمشیری بەرانبەرەکەی لە دەستی دوژمنەکەی بەرببوایەتەوە، چاوەڕێی دەکرد تا شمشێرەکەی هەڵبگرێتەوە، ئەمە بەروارد بکە بە ڕەفتاری سپای ئیسلام بۆ زوورینەی ئەو نیشتمانانەی کە داگیریان کردن لەناویاندا کوردستان، بەرواردی بکە بە ڕەفتاری داعیشیان بەرانبەر بە دیلەکانی کە دەیانگرتن(٢) جا بۆت ڕووندەبێتەوە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کێ " ئەحقەرە"!!!.
بڕیارێکی سەقەت
لە لایڤەکەی یوتیبوی دوێنێتدا گوێم لەو وتارەت گرت کە بڕیارت دابوو لە هاتندا بۆ هەولێر بیخوێنیتەوە، تۆ دەزانی و باست کردووە کە: نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە بۆ ئاشتی و ئارامی و ئازادی نیشتمانەکەی بەرخۆدانێکی سەدساڵی دەکات، ئەم پیشانگایەش لە بەشێکی نیشتمانی کوردا کرابۆوە، جێگای داخی هەموومان بوو کە بیستمان و خوێندمانەوە، گوایە کۆمەڵیک لە موسڵمانانی سیاسی ڕیشدار، شکاتیان بردۆتە بەردەم دادوەری گشتی باشووری کوردستان، کە ڕێگە لە هاتنی بەڕێزت بگرن، چوونکە سووکایەتیت بە سەلاحەددینی ئەیووبی کردووە!!!.
باشووری کوردستان لە ژێر فەرمانڕانیی قیادەموەقەتەدا، دەڤەرێکی بێدەرگا و پەنجەرەیە، قەرەقووش تێیدا فەرمانڕانە، بەرێزت ئەگەر هاتبای دەهاتییتە شوێنێک هەر سەد مەتر ئەولای ئەو شوێنەوە، هەڤاڵانی ئێمە " کاک شیروان شیروانی" ساڵانێکە لەبەر ئەندێشەی جیاوازیان وان لە زیندانەکانی قیادەموەقەتەدا، چەندین هەڤاڵمان تیرۆرکراون، "سەردەشت"مان لەسەر نووسینك، تەنیا نووسینێک تیرۆرکرا، "سۆران"مان لەسەر ئەوەی کە داوای کردبوو خانمی یەکەمی کوردستان، کە دەکاتە خانمی سەرۆکی قیادەموەقەتە دەبێت بۆ خەڵک دەرکەوێ لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی هاوڵاتیدا ئەمەی نووسیبوو، لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەرکووک تیرۆریان کرد، کە واتە ئێمە تیرۆری سیاسی، ئەندێشەی جودا، مامۆستای شەق تێهەڵدراو و.... هەموو دەنگێکی ئازادمان هەیە. هەر ئەو موسڵمانە سیاسیانەی کە شکاتیان لە بەڕیزت کردبوو، بۆ هیچ یەک لەم کەیسی زیندانی و تیرۆرانە، هەرگیز نقەیان لێوە نەهات و نەچوونە بەردەم داواکاری گشتی و داواکاری گشتیش هەرگیز لەسەر خوێنی بەناهەقڕاژاوی ئەم هەڤاڵانە لێوی نەبزواند، بۆیە گوومان دەکرێت، ئەو سیناریۆیەی کە ڕێگریی لە بەرێزتان کرد، سیناریستەکەی دەسەڵاتەکەی قیادەموەقەتە خۆی بێت، بۆلابردنی چاوەکان لەسەر گرفتەکان و خەریککردنی خەڵک بە گرفتێکی نوێوە، کە ئەوان لە دروستکردنی گرفتی دوای گرفتدا، زانا و لێزان و وەستان و ئەزموونێکی درێژیان لەم بوارەدا کەڵەکە کردووە و ئەرخەیانیشن بە پشتیوانی دەزگای میتی توورکیشەوە، کە کاری بنەڕەتی ئەو سیخوڕخانەیە، پیشندانی کوردە وەک دڕندە، ناشارستانی و دواکەوتوو، ئەوان هەمیشە لە ناشرینکردن و پیشاندانی کورددا بە ناشرینی و وەک تیرۆریست بۆ دەرووبەر و جیهان بە سەدان ملێۆن دۆلار خەرج دەکەن، جا لە کەیسێکی ئاوا لێڵدا ماسی خۆیان دەگرن... ئەوان شەڕی دەروونی تایبەت بە کورد دەکەن، ئێمە، هەر کوردێکی شەرافەتمەند، دەبێت ژێرێتی و بوێری و تێگەیشتنی گریللا سەربەرزەکانی بزووتنەوەی ئازادیمان هەبێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕی تایبەتی توورک و پاراستنی نەتەوەکەمان.
ئێمە نووسەرانی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد، بۆ داڕشتن، دامەزراندن و بەرپاکردنی سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی و دادپەروەر تێکۆشان دەکەین، کە لەوێدا، مرۆڤی ئازاد بەرهەم بێت و ڕێز لەهەموو بۆچوونەکان بگیرێت، جا ئەندێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، تاک یان کۆمەڵ بێت.
من ناڕەزایی خۆم سەبارەت بە ڕێگریکردن لە بەڕیزتان دەردەبڕم، هەر چەندە لەم مەسەلەیەدا ئەندێشەی من جوودایە، بەڵام ڕیزگرتن لە ئەندێشەی بەڕیزتان، ڕێزگرتنە لەسەرەتاوە لە ئەندێشەی خۆم و هەڤاڵەکانم، من وەک زۆرینەی نووسەرانی توورک، فارس و عەرەب، بۆ مێژوو ناڕوانم، ئەوان چەند بانگەشەی دیمۆکراسی، ئازادی و یەکسانی بکەن، تا ئەوێ بڕ دەکات کە مەسەلەکە دەسکاریی سنوورە دەسکرد و وڵاتە مۆنتاجکراوەکانی خۆیان نەکات، ئەوان وەک ئەندامی نەتەوەی سەردەست و گەلێکی زاڵ، بۆ مەسەلە کلتووری و کۆمەڵایەتی و ئەندێشەییەکان دەڕوانن، دەنا بەرلەوەی باسی کەلپووری موسڵمانەتی(٣) و زمان و وڵاتە عەرەبییە ئیسلامییەکان بکەن، دەبوو:
- دان بەوەدا بنێن، کە باوباپیری ئەوان لە هێرشێکی دڕندانەی سپای موسڵمانەکاندا، کۆمەڵکوژی، کوشتنی پیاوان و فڕاندنی ژنەکانی ئەو ناوچە فراوانەی کە ئێستا کراوەتە ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی، بەرانبەر بە گەلە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە، لە ناویاندا کورد، ئەرمەن، جوو، سریانەکان، کلدانییەکان، فارسەکان، ئێزیدییەکان، کرستیانەکان، بەلووچەکان، دورزییەکان، ئەمازیغییەکان و قیبتییەکان لە میسر. لەو ناوچەیەدا کە ئێستا بە دەوڵەتانی عەرەبی دەناسرێت، لێرە و لەوێ چادرنشینی گەڕۆکی عەرەبی لێ بووە، کە بۆ گۆڕینەوەی شمەک بازرگانیان کردووە، سپای بێڕەحمی داگیرکەری موسڵمانەکان تەنانەت لە هەندێ حاڵەتی زۆردا، سەرانەدانشیان لە نەتەوە ڕەسەنەکان قەبووڵ نەکردووە، چوونکە وەک " کافر" بۆ ئەو نەتەوانەیان ڕوانیووە و بەیەک مەرج دەستیان لێ هەڵگرتوون کە ئاینی ئیسلام قەبوڵ بکەن. یا شەهادەتەین یا شمشێر و سەری بڕاویان!!!.
بۆیە نووسەرانی عەرەب بەتایبەتی دەبوو بەر لە هەر داواکاریی و لێکدانەوەیەکی باش ونەباش بۆ ڕووداوەکان، کە لە مێژووی عەرەبدا ڕوویداوە و دەیخەنە ئەستۆی کاربەدەست یا سەرکردەیەکی ناعەرەبەوە، داوای لێبووردنتان بکردایە لەو ستەمە گەورەیەی کە باوانتان بەرانبەر بە گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە کردوویانە، وەکو کورد دەڵیت: ماڵ لە خاوەن ماڵ حەرامە!!!.
زۆر ڕێی تێدەچێت سەڵاحەددینی ئەیووبی ، کە هەستی بەم مەسەلە بنەڕەتییە کردبێت و ویژدانی ڕێگەی پێنەدابێت، کە بەردەوام بێت لە داگیرکردن و زەووتکردنی نیشتمانی خەڵکی تردا و ویستبێتی کە دەرگای پێکەوەژیانی ئەو گەلانە واڵا بکات و ڕێگە بە گەلە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیە بدات( کرستیان و جووەکان) کە بتوانن سەردانی ئاینی بکەن لەو شارەی کە لەلایان پیرۆزە کە ئیلیای ناوبوو، موسڵمانەکان هەر بەتۆپزی ناوەکەیان گۆڕی بۆ قودس، بە پێچەوانەوە ئەم ڕەفتارەی سەڵاحەددینی ئەیووبی، ڕەفتارێکی مرۆی باڵایە و دەیتوانی لە تونڕەویی و لووتبەرزی موسڵمانە داگیرکەرەکان کەمبکاتەوە و فێری ژیانی هاوبەشیان بکات، بۆچی لەم گۆشە نیگایەوە بۆ مەسەلەکان ناڕوانن، هەر لەبەر ئەوەی کە لازقییە و ئەو شریتە خاکەی کە ئەو دای بە خاچپەرستان، موسڵمانەکان بە تۆپزی بە هی خۆیانی دەزانن، باشە کێ بە ملێۆنان کیلۆمەتر دووجای نیشتمانی کوردی لەسەر عەرەب و توورک فارس تاپۆ کرد؟!!. کێ حەقی بەواندا کە کلتوور و ڕێوڕەسمی ئاینی و هەموو بنەرەتە کۆمەڵاییەتییەکانی نەتەوە ڕەسەنەکان بسڕنەوە و شتگەلی تریان بەسەردا بسەپێنن؟!!!. کە بەمێژووی نوێی دوای جەنگە جیهانییەکانی ئەم ناوچەیەدا دەڕوانی لە بنەوەی بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی هەرە پێشکەوتووخواز، چەپگەرا، ئاینگەرا، بێباوەڕ، باوەڕدار، ڕاست و چەپی توورک، فارس و عەرەبدا، ئەو بیرکردنەوە ناسیونالیستە شۆڤێنیستییە دەخوێنیتەوە، کە سەرچاوەکەی ئەو کەلەپوورەیە لە داگیرکردن، ڕماندن، شیواندن و ناچارکردنی گەلە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچە بەرینە.
سەبارەت بە خۆمان وەک کورد، ئەو ترسە لە بزووتنی شارستانەتی کوردی لە بیرکردنەوەی ئەو ڕۆشنبیرانەی سەر بەیەکێک لەو نەتەوە سەردەستانەن کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بە ئاشکرا دەبینیت. بەڵام ئەمە ئەو ڕاستەقینەیەی مێژووە ناسڕێتەوە کە تەنیا زۆر و ستەم دەرکەوتنی دواخستووە، ئەمڕۆ یا سبەی ئەو تۆز و گەردەی سەری لا دەچێت و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن. تەنانەت من لەو باوەڕەدام کە ڕەنگە کەمتر لە بیست ساڵی تر، ژیریی دەسکرد، فیلمی هەموو ڕوداوە مێژووی، کەسە ناسراوەکان، جەنگەکان، شۆڕش و بەرهەڵستی گەلەکان بەرانبەر بە ستەمی سپا و لەشکرە ستەمگەرەکان، دێنێتەوە سەر پەردەی سینەما و کەناڵە ئاسمانی و ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دووری نازانم، هەموو جەنگەکانی موسڵمان لەگەڵ موسڵمان، سووتاندنی حەلاج، نووسەرانی کتێبە پیرۆزکراوەکان، پەیامبەرەکان، ژیانی ئەوسەردەمانەمان بۆ وێنە بکاتەوە و ڕاستییەکان دەربکەوون. ڕۆژێک دێت: فیلمی هاتنی چوارسەد سوارەی مەغۆلی لە مەغۆلستانەوە بەرەو ناوچەی زاگرۆس و مێدیا و وەحشیگەرییەکانیان بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەو چوارسەد سوارەی کە ئێستا بانگەشەی خاوەندارێتی توورکیا، کوردستان، یۆنانستان، بولگارستان و ناوچەگەلی تر دەکەن.... بە ئومێدی ئەو ڕۆژە گەشە بۆ مرۆڤایەتی.
--------------------
سەرنجەکان/
(١) سەرەتای شەڕی نێوان دیکتاتۆری عێراق و دیکتاتۆری تازە ڕۆنیشتوو لەسەر کورسی فەرمانڕانیی ئێران (خومەینی)، دەستیپێکردبوو لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەکاندا جوێنیان بەیەک دەدا، ڕۆژێک من و هەڤاڵێکم (کاک ئەحمەد) کە خەڵکی کەرکووک بوو، بە شەقامی پیرەمێرددا داگەڕاین بەرەو بەردەرکی سەرای سلێمانی، کە گەیشتینە ئەوێ، کاک مەحموود خاکی کتێبفرۆش ( لە سلێمانی بە خوولە خاکی ناسرابوو، زۆریش خۆشەویستی خەڵکە کتێبخوێنەکە بوو)، کاک مەحموود کتێبی هەڕاجکردبوو، هەندێکی لەسەر مێزێک دانابوون، هەندێکی دی لەسەر کارتۆن و مقەبا لەسەر زەوییەکە، کتێبێک سەرنجی منی ڕاکێشا و وەستاین و من خۆم چەماندەوە تا کتێبەکە هەڵبگرم، هێشتا کتێبەکەم زۆر لە زەوییەکە بەرز نەکردبوەوە، هەستم بە قوورساییەک کرد لەسەر شانی چەپم، ئاوڕم دایەوە چی ببینم!!! چەتەوڵێکی ڕەش لێو ئەستوور، سەرسنگی لە فیشەکدا زەرد ئەچۆوە، پێی وتم: لیش لابس عسکری؟!
من کراسێکی ڕەنگ خاکی ( لە ڕەنگی بەرگە پیرۆزەکانی ئێستای گریلاکانی ئازادیی نیشتمان) م لەبەردا بوو، سەرشانەکانیم لێکردبۆوە، دایکم بە مقەست هەردووکیانی بڕی، لە یادمە وتی: کوڕم ڕەنگەگەی باش نییە، بەهانەت پێئەگرن، ئیتر خۆم قۆڵەکانیشیم بڕی، دایکم وتی: بمەرێ ئەیبەم بۆ ئامینەخانی خەیات، با سەرقۆڵەکانی دابگرێتەوە. ئەو کراسەم لەبەردا بوو، لە ڕاستیدا من هیچ وەڵامم نەدایەوە، نەک لە ئازایەتی و بوێریدا، بەڵکو لە ترساندا تف لە دەممدا وشک ببوو دەمم ببوو بە تەڵەی تەقیوو، ئەحمەدی هەڤاڵم کە عەرەبی دەزانی ویستی وەڵام بداتەوە، ئەو چەتووڵە وا پیایدا هەڵشاخی ئەحمەدی کڕ کرد. بۆ سەیری ئەم شانۆییە تا دەهات خەڵک لە دەورمان ئەڵقەیان دەبەست، منیش لاوێکی بەلەباریکی چڵی شۆڕەبییەکی لەرزیووی دەم ئاوی چەم بووم، چەتەووڵەکە دەستی برد بۆ گیرفانی، نیوە مردوو بووم، چوونکە ئەو سەردەمانە گوێی کوردەکانیان دەبڕی، بیستبوومان کە گوێی خەڵکی تریان بڕیبوو، چەقۆیەکی دەرهێنا، ئێدی خوێن لە لەشما وەستا و سەرم ئەسووڕا و چاوەڕێی هیچ نەبووم، کاتێک گەرمی دەستی بەڕووخسارم گەیشت، نیوەکەی تریشم مرد، هەر بۆڵەی دەهات و جار و بار زەردەخەنەیەکی پڕ لە سووکایەتی دەهاتە سەر لچە ئەستوورەکانی، لەسەر ڕووخسارمەوە دەستی گواستەوە بۆسەر یەخەی کراسەکەم، هەردوو چمکی ڕاست و چەپی یەخەی کراسەکەمی بڕی، دەستی ڕاستمی بەرزکردەوە چمکە بڕاوەکانی خستە ناولەپی دەستم و دەستی کردم بە مشت و توند گووشی، چاووم ڕەشکە و پێشکەی دەکرد، دەستی برد لە گیرفانەکەی سەر سنگمدا ناسنامەکەی دەرهێنا و زیللەیەکی توندی لێدام، زۆر هەستم بە ئازار نەکرد، چوونکە ئەو لە مرۆڤێکی زیندووی نەدا لە لاوێکی کوردی ترساوی نیوەمردووی دا، پشتی تێکردم، حەشاماتەکە ئەڵقەکەیان بۆ کردووە و بەدەم بۆڵەبۆڵی عەرەبییەوە لێمان دوورکەوتەوە، کاک ئەحمەد باوەشی پێداکردم و ناوچەوانی لە عارەق سڕیم و خەڵکەکەش بەدەم جوێن و خواڕەحمی کرد و لەژێرلێوەوە نارەزایی دەربڕین بڵاوەیان لێکرد، من ئاوڕێکم لە کاک خوولە خاکی دایەوە، دەمزانی لە ژێر چاویلکەکەیەوە فرمێسک لە چاووی تێزاوە.
بە ناو کۆڵانەکانی پشت سەرای سلێمانیدا، هەڵگەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، بەدەم ڕێکردنەوە کاک ئەحمەد وتی: ئەو سەگبابە کە چەقۆکەی دەرهێنا لە گیرفانیدا و پێش ئەوەی یەخەی کراسەکەت ببڕێ، بە گاڵتەپێکردنەوە وتی: مۆدێلێکی نوێی " کوەیت" ی هاتووە هەر بەو جۆرە بۆت ئەبڕم، پاشان کە چمکی یەخەکەی خستە ناو مشتتەوە دیسان وتی: ئەوە بەرەوە بۆ دایکت، سبەی کراسەکە بێنە بۆ "دایرەی ئەمن، ناسنامەکەت "هەویە" کەت دەدەمەوە. ئەوان "عەرەبەکان" کە باسی دایکی کورد دەکەن، وەک سووکایەتییە و جوێندان، چوونکە لە نەرێتیاندا ژن لە پیاو کەمترە و لە ئاینەکەشیاندا، مۆری ئەم نەرێتە پاشکەوتووە، خێڵەکییەیان کراوە و تەئکیدی لەسەر کراوەتەوە، دەنا دایکانی کوردستان، هەموویان وەک پەپوولە بوون، فریشتەگەلێکی یەزدانی بوون، کە بە داخەوە سەریان بچووبایە نوێژیان نەدەچوو. بۆ سبەی لەگەڵ برایەکی لەخۆم گەورەتردا "چووین بۆ دایەری ئەمن" کە وابزانم لە جێگای قووتابخانەی ناوەندی شۆڕشدا بوو لەسەر شەقامی سالم، منیان لەدەرەوە ڕاگرت، براکەم چووە ژوورەوە، بۆی گێڕامەوە هەر کە لەدەرگاکە چووبووە ژوورەوە، لێدانێکی مزریان لێدابوو، ئەنجا ناسنامەکەیان پێدا بوووەوە، کە هاتە دەرەوە، زۆر لێم تووڕە بوو وتی: بەهۆی کارە قۆڕەکانی تۆوە لێدانێکی باشم خوارد.......... بەرێزم کاک د. یوسف زێدان، لە پاش نەمانی سەڵاحەددینی ئەیووبی و دروستبوونی ٢٣ دەوڵەتی عەرەبی کە هەموویان دیاری ئیمپریالیزمی جیهانیین، ڕەووتی عەرەبایەتی ئەم نموونانەی بەرهەم هێنا کە هەموویان لە سەلاحەددینی ئەیووبی " ئەحقەرترن" ...قوووووربان.
(٢) شەڕڤانانی ئازادیی "یەپەگە" و "یەپەژە" دیلە بریندارەکانی ڕێکخراوی فاشی ئیسلامی داعیشیان، دەرمان دەکرد و چارەسەریان دەکردن، تا بەدەم ئازارەوە نەتلێنەوە. دیارە ئەمە لە خەسڵەتە باڵاکانی کوردەوارییە کە ڕێز لە مرۆڤبوونی هەر مرۆڤێک بگیرێت، بەر لەوەی خوێندمەوە بۆ زمانی، ڕەنگی پێشتی، بیروبڕوای و ئەو ڕەفتارەی کە نواندوویەتی، بکرێت.
تێگەیشتن لەمە ڕەنگە " بیرێک"ی بێلایەن و پاشخانێکی پەروەردەیی مرۆیانەی گەرەک بێت. پێ دەچێت ڕەفتاری وا بۆ کلتوورێک کە بناغەی بیرکردنەوە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکەی لەسەر " زۆرکردن و پەلاماردان" بنیاتنرا بێت، بە کەمایەسی و ترسنۆکی چاوی لێبکرێت، نەک خەسڵەتێکی مرۆیی باڵا.
(٣) لە نووسینی زۆرینەی نووسەر و ڕۆشنبیرانی عەرەبدا، دەیخوێنینەوە کە فرە و فراوان شانازی بە کەلەپووری ئیسلامی عەرەبەوە دەکەن، کەچی لەلایەکی ترەوە کە بۆ ئەو کەلەپوورە بەناو ئیسلامییە دەڕوانی، داهێنەر و نووسەر و فەیلەسووف و سۆفی و ئازادیخوازانێکت دێنە بەرچاوان کە هەموویان عەجەمی بوون، نەک هەر ئەوە بەڵکە لە بنەوەی بیرکردنەوەیاندا، باوەڕیان بە ئیسلامیش نەبووە، یا لە گوومان و دوودڵیدا بوون و مەرامەکەیان شاردۆتەوە لە بەر ترسی " مرتد"، " کافر" و دەیان وشە کە حوکمی سەرپەڕاندنیان هەبووە/هەیە و سەری زۆریشیان پەڕاندووە و تا ئێستاش بەردەوامە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست