ئاوێنەی جەژنی ئازادی و ژیانەوە

Monday, 07/04/2025, 8:44


ڕۆشنبیرێک، سیاسییەک، شۆڕشگێڕ، کوردستانی، ئازادیخواز، ڕۆژنامەڤان و منەوەرێکی سەرەتای وریابوونەوەی نەتەوەی کوردە، 
مرۆڤێک کە جارێک نووسی: " لە کۆشکی پاشاکانی ڕۆمدا دادەنیشتم و بەرگی پاشای ڕۆمم دەپۆشی، شەوان کە دەخەوتم خۆم دەبینی لە باخەکانی گەڕەکی چوارباخی سلێمانی خەریکی هەنار دزینم" ئەم عیشقەی بۆ دزینی هەنار، کە ئەو وای لێکدایەوە کە وڵاتە ئازیزەکەیەتی و دەیانەوێ لێی بدزن!!! بردی بۆ ئەوە کە دوایی نووسی: "شەقێکم لە کۆشکی پاشایی هەڵدا و بەرگی پاشاییم فڕێدا" و گەرایەوە بۆ سلێمانی، بە دەستی بەتاڵ نەگەڕایەوە بەڵکو دووچاپخانەی لەگەڵ خۆی هێنایەوە و دوو خۆری گەشی لە دنیای ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ڵێ داگیرساندن " ژین و ژیان". 
لە پاشاندا بیری لە پڕۆژەیەک کردەوە بۆ کۆکردنەوەی کورد لەدەوری یەکتر، ئەم کۆکردنەوەیە پێویستی بە تەوەرەیەک بوو، بۆنەیەکی نەتەوەیی کە هەستەکان ببزوێنێ و زەینەکان بکاتەوە، ئەو پێویستی بە هاوارێک بوو، بانگێکی کوردستانی کە هەموو نەتەوەکە بیبیستن، دەیتوانی دەستەیەک و تاقمێک دروست بکات و بەناوی حیزبەوە بەشێک لە نەتەوەکە لە نەتەوەکە داببڕێت و بیان کات بە کەڵەگا بەسەر ئەوانی ترەوە، یا بیاندا بەگژیەکدا ، بەڵام ئەو کوردستانی بوو، ئەوەی نەکرد، ئەو نەتەوەیی بوو مەرامی کەڵەگایی نەبوو، ئەو کوردی خۆشدەویست بەدوای یەکبوونیاندا وێڵ بوو، ئەو سەرەتا دەنگێکی ڕەسا، بیرێکی کوردی و شارەزایەکی دنیای میوزیکی کوردی دۆزییەوە کە ئەو، هاوارەکەی بۆ بکات.
کێش لە دیلان بەتواناتر و شایستەتر!! لە بینینێکی سەر شەقامی مەولەویدا و گفتوگۆیەکی کورتدا، لێکتێگەیشتن و مەرام و پلانەکە هاتە باسکردن، لەبەرئەوەی ئەوان لەسەر یەک پرانسیپی گشتگیر و یەک مەرامی نەتەوەیی کاریان دەکرد و بیریان دەکردەوە، سەخت نەبوو بۆ "دیلان" کە بزانێت " پیرەمێردی فەیلەسوف" مەبەستی: چییە، کێێە و گەرەکییە چ پەیامێک بگەێنێ و دەیەوێ چۆن کارەکان بکات؟!. جا سروودی نەورۆز لە دایک بوو و کەوتە سەر زاران، لەناو ئەو گەلانەدا کە لە دەروبەرمان دەژین، بە تەنیا کورد گۆرانی تایبەتی بۆ ئەم بۆنە پیرۆزە هەیە. نەرۆزی کورد تایبەتە بە نەتەوەی کورد و ئاوێنەی مەرام و ویست و تێکۆشانە مرۆییەکەی خۆیەتی، لای کورد نەورۆز جەژنی: ژیانەوە و ئازادییە.
ئێوە ئەو زاراوە نوێیانە دەبینین و ژماردووتانە، کە قۆناغە پێگەیشتووەکەی تێکۆشانی کوردستانی نەتەوەکە هێناونییە بەرهەم؟! وەک: " ژیانەوە و ئازادی"، " ژن ژیان ئازادی"، " پارتی ژیانی ئازادی کوردستان"، " ژنی دلێری کورد"، " یەکینەکانی پاراستنی گەل"، " یەکینەکانی پاراستنی ژن" و .... دەیان وشەی ماناداری سەر بە خواستە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەکە.
سروودی نەورۆز
" ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە

وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە

تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوله سنگی کچان بێت لە هەڵمەتا "

ئەم هۆنراوەیە سەرەتا و دەسپێکی بزووتنێکی گەورەی بیر و هۆشی نەتەوەیی بوو، لێرەڕا قۆناغێکی نوێیە، نەتەوەکە پەیامە مێژووییەکەی بیستووە، دەنگی پەیامەکە لە هەر چواردەڤەری نیشتمانی کورددا، شاخە و شاخ، نزارە و نزار، دۆڵاو دۆڵ و شارە و شار، سنوورە دەسکردەکەی کە نیشتمانی کوردی لێک دادەبڕی، بڕی، ئەم سروودە باسێکی نوێ و خوێندنەوەیەکی نوێ بوو بۆ بۆنەیەکی نەتەوەیی هەرە گرنگ و پیرۆزیش، یا وەک زانای مەزن مەلای گەورە دەڵێت: بۆنەیەکی موبارەک.
پیرەمێردی جوامێر و ڕووناکبیر بە خۆشەویستی نەتەوەکەیی و بڕوابوون بە تێکۆشانی بەردەوام بۆ ئازادی و وشیارکردنەوە، قۆناغەکە دەباتە ئاستێکی تر و کورد، بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی، داوەت دەکات بۆ کۆبوونەوەی ئاگرکردنەوە وەک سیمبۆلی تێکۆشان و بەرخۆدانێکی درێژخایەن، چوونکە ئەو هەم نەتەوەکەی خۆی ناس دەکرد هەم دوژمنانی دێرینەی داگیرکەری بەشێک لە خاکی نیشتمانەکی، بە تایبەت دەسەڵاتی فاشستی عوسمانی ( توورک)، سروودەکەی کە تێۆریی و ڕوانینی فەلسەفی پیردمێردە بۆ بناغەیەکی گرنگ و پیرۆزی کلتووری نەتەوەکەی، لەسەر زەویی و لە ناو خەڵکی خۆیدا، دەئەزمواند. لەگردی مامەیارە کە هەڵبژاردنی ئەو گردەش خۆی بناغەیەکی تری بیرکردنەوەی نەتەوەیی پیرەمێرد بوو، لەو گردە کوردی لە دەوری سیبۆلێکی پیرۆز کۆدەکاتەوە و بانگدانەکەی دەکات بە بزووتن، ئەم ڕێکخستنە و بیرکردنەوە لەم میکانیزمە بۆ کۆکردنەوەی کورد لەدەوری یەکتر، نیشانەیەکی دیاریی ڕەنگدانەوەی ئەو پراسیپە مۆدێرن و نەتەوەییەیە کە سەرتاپای ژیانی ئەو زاتەی داگیرکردبوو.
لەلایەکی ترەوە، لە شاری کۆییەی نازداری هەیبەت سوڵتان، لە شارێک کە ناوەندی بیر و تێکۆشانی کوردپەروەران بوو، زانایەکی ئاینی، کە دەرکی بەوە کردبوو، چۆن دەڵاڵانی ئاین، بەناوی خوداوە خەڵک دەخاپێنن، تەفرەیان دەدەن و چاوبەستەگییان لێدەکەن و چەووتە ڕێگایان پیشاندەدەن و سوڵتانی تورک و فەرمانڕانانی خودانەناسی داگیرکەری کوردستانیان لێ دەکەن بە (وەلی ئەمر و واجب الطاعە)، لەسەر هەمان فەلسەفی کوردپەروەریی، خۆی لە ڕۆژی 
جەژنی ژیانەوە و ئازادیدا لەبەر دەرکی سەرای ئەو شارەدا بانگ هەڵدەدا و دەڵێت: 
 " بەڵێ ئەمڕۆ رۆژی مرادە، نەورۆزی گەلە، حەقە، رۆژی زۆر موبارەکە. ئەوەڵی بەهارە، یەکی ئیعتیدالی لەیل ونەهارە، جەژنە جەژنی ئۆممەتە، جەژنی محەبەت و ئولفەتە". 
مەلا محەمەدی جەلیزادە (مەلای گەورە) 1938-03-21 رۆژی دوو شەممە ، بەردەرکی سەرای شاری کۆیە.
مەلای گەورە وشەی موبارەک بەکار دێنێت و دەزانێت باسی چی دەکات و ڕووی دەمی لە چ پیاوانێکی پووچی ئاینییە، ئەو بە گەمەکەیان ئاشنا بوو، ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی ئەوانی دەناسی کە سەرێکی لەناو مێشک و ژیانی خەڵکی سادەی وەرزێر و خوداناسی دەڤەری باشووردا بوو، سەرێکی تری لەناو دیوەخانی سوڵتانی ڕۆمدا*.
ئەم دوو نموونەیەم لەو دوو ڕووناکبیرە کوردستانپەروەرە خوداناسەی ئەو سەردەمە هێنایەوە، تاوەک ئاوێنەیەک وێنەی ئەو سەرکردە ئیسلامییە سیاسەتبازە، مەلا، بانگخوازی دەجال، دەڵالی ئاین، بێباوەڕ و ویژدان مردوانەی ئەم سەردەمەی ئێستای باشوورتان، بۆ پێچەوانە بکەمەوە و ئەو ڕایەڵە تورکچێتی، عەرەبچێتی و فارسچێتییەتان بۆ دەسنیشانم بکەم، هەر لە زەمانی (ئۆزدەمیر) ەکانەوە، پیاوانی ئاینی بێویژدان کە ژمارەیان بە ئەندازەی پەنجەی دەست بوون، تا ئەم زەمانەی ئێمە کە پیاوانی ئاینی کوردستانپەروەر بوونەتە کەمینە و نایاب بوون**. 
بەپێی ئەو پێناسانەی لە زمانی عەرەبیدا بۆ وشەکان کراوە، ئێمە کە عەرەب نین و کوردین، دەبێت بە شوێن ئەو ناوەدا بگەڕیین کە کە لە زمانی عەرەبیدا بۆ ئێمەیان بەکارهێناوە، یان لە ڕاستیدا هەر ئەوە دروست بووە کە بە ئێمەیان وتووە، ئێمەی غەیرە عەرەب. باوەڕی من ئاوایە: ئەگەر ئەم قورئانەی لەبەردەستماندایە بە زمانی بۆ نموونە: کوردی بایە. ٩٩،٩٪ لە عەرەبەکان باوەڕییان پێی نەدەهێنا مەگەر ئەوانەی کە دەبوونە جاشمان!!
بێگوومان مامەڵەی عەرەب لەگەڵ ئەو میللەتانەی کە بوونەتە موسڵمان، ئەوە نەبووە کە لەگەڵ عەرەبێکی موسڵمان کراوە، ئەوەی کە ناوی (برایەتی موسڵمانی)ە، ئەوە بەو مانایە دێت کە ئەگەر موسڵمانێکی عەرەبی هەر تاوانێکی بەرانبەر بە موسڵمانێکی ناعەرەب کرد (کە ئەمە بە درێژایی هەزار ساڵ ڕوویداوە)، موسڵمانە نا عەرەبەکە دەبێت برایەتی ئەو لە ڕووی دینییەوە بپارێزت، واتە وەک خۆی و لە ناخی خۆیدا خوشەویستی بۆ ئەو عەرەبە موسڵمانە دەستدرێژکارە تاوانبارە بهێڵێتەوە و قبوڵی بکات. ئەمە سیستەمێکە هەزار ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و ئەو کتێبخانە مەزنەی کە ناویان ناوە ( کەلەپوری ئاینی/ تراثی دینی ئسلام) زۆرینەی ئەو کتێبە قەبانە باس لەم وردەکارییانە دەکات، کە بە دەیان دەستە و تاقم و گرووپی جودا و بە دەیان هەزار لەو پیاوانەی کە پێیان دەڵین ( زانای ئاینی) بەرهەم هێناوە.
واتە ئەگەر دەست بدەیتە یەکێک لەو کتێبە قەبانە ئەوە ڕای زانایەکی ئاینی دەخوێنییەوە سەبارەت بە وشەکانی: موالی، غەنیمەت، سەبایە، عەبد، جاریە(کچی بچووک کە باڵغ نەبووە)، وەسیفە، سیغە، ناسخ و مەنسووخ... هتد...هتد. کەواتە تۆ کە بە حیسابی خۆشکەڵەی ساویلکانەی خۆت دوای فەرمانەکانی خودا کەوتوویت و فەرمانی ئەو جێبەجێ دەکەیت، لە ڕاستیدا تۆ دوای لێکدانەوەی کەسێک کە ناوی (زانای ئاینییە) بۆ وشەکانی خوا کەوتوویت و ئەوە جێبەجێ دەکەیت کە ئەو کەسە پێت دەڵێت، ئەمە بیرکردنەوەیەکی وردە و سەرنجی ورد و وشیاریی و مێشکێکی کراوەی خەمڵاوی دەوێت، تا نەکەوێتە ناو داوی ئەو کەسانەوە کە ڕەشت لێ دەکەن بە سپی و سپیت لێ دەکەن بە ڕەش. بە واتایەکی دی تۆ خودایەک دەپەرستی کە مرۆڤێک بۆت وەسف دەکات، فەرمانی خودایەک جێبەجێ دەکەیت کە مرۆڤێک بۆت دیاری دەکات، لێرەدایە کە تایبەتمەندییەکانی پەرستنی خودا، وەک تێگەیشتنی خۆت لە خودا دەردەکەوێت، کە ئەمەش پیویستی بەوەیە کە خۆت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودای خۆتەوە دەکەیت و فەرمانەکانت لە خۆی وەردەگریت نەک لە دەستی هەزارەمین، چوونکە ئێمە دەزانین کە ئەوەی بەدەستی ئێمە گەیشتووە، ئەو نووسراوانەن کە سێ سەد تا چوارسەد ساڵ پاش وەفاتی پەیامبەری موسڵمانان بە دەستمان گەیشتووە و لەسەر یەک کەڵەکە کراوە و پڕ پڕن لە کارەستای مرۆیی، تاوانی بەکۆمەڵ و نەشیاویی زۆر کە هەمووی بە ناوی یاسا و شەرعەوە ڕێکخراون و ناچاریت کە پەیڕەوییان لێ بکەیت، ئەوانەی کە زۆر ناویان بۆ داتاشیووە، وەک: سوونەت، کە ئەگەر سوونەتێک هاتە گۆڕێ و پێچەوانەکەی لە کتێبەکەی خودادا هەبوو، ئەوە سوونەتەکە بەکارە و پەکی هاتووەکەی ناو قورئان دەخەیەت!.
مەسەلەیەکی دی کە زۆرینەی موسڵمانانی کوردی چەواشەکردووە ئەوەیە کە خەیاڵ دەکەن، یا بانگخواز و زۆرینەی پیاوانی ئاینی وایان بۆ وێنە دەکەن کە: کاتێک سپای موسڵمانێتی هێرشیان بۆ کوردستان کردووە، ئاینیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و قورئانیان بڵاوکردۆتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هێرشی سپای موسڵمانێتی بۆ چەند مەبەستی دیاری کراو بووە:
- تاڵانی(غەنیمەت).
- سەبایەکردنی ژنانی کورد( کووشتنی مێردەکانی ژنانی کورد و فڕاندنی ژنەکانیان بۆ ڕابواردن پێیان و لە پاشاندا
فرۆشتنەوەیان وەک کۆیلەیەک لە بازاڕی نەخاسەدا.
- سەپاندنی زەکات بە سەر ئەو کوردانەی کە دەکرانە موسڵمان.
- سەپاندنی(سەرانە) بەسەر ئەوانەدا کە لەسەر دینە ئاسمانییەکانی تر بوون و لەسەر دینی خۆیان دەمانەوە وەک جووەکان، کرستیانەکان، کە دەبوو ملکەچی ئەم سەرانەدانە بانایە.
پاش ماوەیەک لەم کۆمەڵکوژیی و زۆرکردنە، خەڵک بەو باوەڕە گەیشتن، کە باشتر وایە خۆیان بە خواستی خۆیان بچنە ناو ئەو ئاینە تازەیەوە، تا هەم خۆیان لە کوشتن و هەم ژن و منداڵیان لە فڕاندن بپارێزن، هەروەها هۆیەکی دی ئەوبوو کە خەڵکی کورد وەزارە هاتبوون بەدەست پیاوانی ئاینی زەردەشتییەوە کە پشتیان لە فەرمانەکانی مەزدا کردبوو ڕوویان لە کۆکردنەوەی ماڵی دنیا(بە پێی بۆچوونی بیرمەندی مەزن مامۆستا مەسعوود محەمەد).
لە دوای ئەم یەکەمینانە، جاروبار باس لە هەندێ دەستووری ئاینی دەکرا و باس لە فراوانکردنی سنووری دەوڵەتی ئیسلام، ئەوەی کە ئاشکرایە سپای تاڵانکەری سەبایەبەری خوێنڕێژی ژنی کورد فڕێن، کتێبێکی بەدەستەوە نەبوو کە بە خەڵکی داگیرکراوی بدات، چوونکە کۆکردنەوە و نووسینەوەی قورئان بەو جۆرەی کە ئێستا لەبەردەستی ئێمەدایە، ٣٠٠/٤٠٠ ساڵ پاش کۆچی دوایی پەیامبەری موسڵمانان ڕێکخرا و لەگەڵ ژیاننامەی پەیامبەردا هێنرایە بەرهەم لەلایەن نووسەرانی سەردەمی ئەمەوی وبە تایبەتی عەباسییەوە. 

• مەوالی

لە فەرهەنگی زمان و وێکیپیدیای عەرەبیدا هاتووە: موالی بەو موسڵمانانە دەوترێن کە عەرەب نین، لەوانە کوردە بە موسڵمانکراوەکان لە ژێر تیژیی شمشێردا، یا لە پاشاندا کە موسڵمانەتی بووە بۆماوەیەک لە باوانی کوردەکانەوە بۆ منداڵەکانیان.
دیسان هاتووە کە: 
" الحملات التي كان يقوم بها الأمراء شخصياً كانت تعمل على تهجير نسب كبيرة من الجنسيات الأخرى إلى أرض المسلمين العرب وخاصة إلى العاصمة (بغداد، ودمشق). في هذه المرحلة أصبح الموالي لهم رتبة أقل من رتبة المسلمين العرب أصحاب البلاد، وذلك لأنهم كانوا ينظرون للموالي المستقدمين على أنهم مرتزقة وجنود السلطان". 
ئەو هێرشانەی کە ئەمیرەکان خۆیان دەیان کردە سەر ناوچە و دەڤەرە جوداکان، دەبووە هۆی ئەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە جێی خۆیان بکۆچێنن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عەرەبە موسڵمانەکان، بەتایبەت بۆ هەردوو پایتەختی (بەغدا و دیمەشق). لەم قۆناغەدا " موالییەکان" پلەیان لە خوار پلەی عەرەبە موسڵمانەکانەوە بوو کە خاوەنی وڵاتەکە بوون، لەبەر ئەوەی کە عەرەبە موسڵمانەکان بە چاوی " بەکرێگیراو/ جاش" یان " سەرباز" ی سوڵتان بۆ موالییەکانیان دەڕوانی" . لە ناویاندا کوردە موالییەکان!!!.
ڕوانینی عەرەبە موسڵمانەکان بۆ موالییە کوردەکان بەو جۆرە، ئەو لێتێگەیشتنە لەو حەدیسە بەتاڵ دەکاتەوە کە دەڵێت: آلا لا فضل لعربی علی عجمی، ولا لعجمی علی عربی، ولا لآحمر علی اسود، ولا لآسود علی آحمر، الا بالتقوی، ان آکرمکم عند اللە آتقاکم.
هەروەها ئەو لێکدانەوەش کە بۆ ئایەتی سیازدە لە سورەتی الحجرات کراوە، بەتاڵ دەکاتەوە، کە دەڵێت:" يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ".
بەپێی ئەو دیاردە و ڕەفتار و مامەڵەیەی لەگەڵ کورد کراوە وەک میللەتێکی بە زۆرینە موسڵمان، لەهەموو ئەو گەلانەی کە دەورییان داوین و بانگەشەی موسڵمان بوون دەکەن، کورد لە هەموویان زیاتر زیانی گەورە و قڕکردن و ئەنفال و کوشتنی بە کۆمەڵی لەلایەن موسڵمانەکانەوە لێ کراوە، دیاردەیەکی سەیر و سەمەرەیە کە ئەم میللەتە بە درێژایی هەزار ساڵ لەوە تێنەگەیشت، کە دین نەتەوە نییە و هەموو نەتەوە موسڵمانەکانی دەرووبەرمان ئاینیان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆخۆیان بەکار هێناوە و دروستیشیان کردووە، یەکێک لە هۆکان هووتبوون، سەرسپاردن، خوو خدەی خۆ بەکەم زانین، خۆشەویستی بێگانە، خیانەتی پیاوانی ئاینی کورد بووە کە لەهەموو قۆناغە هەستیارەکاندا، میللەتەکەیان بە برایەتی ئاینی لەگەڵ داگیرکەرانی نیشتمانەکەیاندا خاپاندووە!.
 ئەمساڵ بە تایبەتی، وەک پلانێکی تایبەت، زۆرینەی مەلا و بانگخوازی ویژدان مردووی باشووری کوردستان، کەوتنە دژایەتی کردنی جەژنێکی نەتەوەیی ئەم میللەتە، ئەوەی ئەوان بە میللەتەکەیان کرد، ڕووی داگیرکەرانی تورک، فارس و عەرەبی سپی کردەوە، وەک ئەوەی کە چاویان ئەو هەموو کارەساتە نەبینێت کە لەلایەن قیادە لە ناوخۆدا و دوژمنی فاشستی تورک و کۆماری ئیسلامی ئێران بە لاوانی کوردی دەکەن، جگە لە ژمارەیەکی کەمی مامۆستا کوردستانییە شەرافەتمەندە ئاینییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات نەبێت کە لەسەر میللەتی خۆیان هاتنە دەنگ و هەمیشە هاوبەشی خەم و ئازارەکانی نەتەوەکەی خۆیانن، کە ئەوانەش دیارن و بەشێکن لە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی نەتەوەی کورد، جێگای ڕێز و خۆشەویستی نەتەوەکەن.

• زمان و زمانی دیلمانجی کوردی

دەربڕین و شێوازی گفتوگۆی مرۆڤەکان:
ھەر لە کۆنەوە مرۆڤ بایەخی داوە بە زمان و دەربڕینی زمان بە شێوەیەکی جوان، ھەوڵی داوە کە پەیوەندییەکانی نێوان وشە و ماناکانی بدۆزێتەوە و ھەروەھا ڕووە جوانەکانی (ووتن) دەربڕین، دەستنیشان بکات.
ئامانجی جواناسیی ئەوەیە کە بتوانین چواردەوری خۆمان و جێگای کەسەکە لەو چواردەورەدا ھەست پێبکەین. ھەر ئەو ڕۆڵەی کە عەقڵ دەیبینێ لە زانستی ڕەوشتدا، سەلیقە و زەوق لە زانستی جوانی دەربڕیندا دەیبینێ.
فەیلەسوفەکان و ھونەرمەندەکان لە سەرەتای مێژووەوە جیاوازیان ھەبووە سەبارەت بە جوانیناسی و جوانی دەربڕین. بۆ نمونە ئەفلاتۆن جوانی بە ھاوئاھەنگی بەشەکان لەگەڵ گشتدا دەزانێت و دابەشی دەکرد بە دوو دەستەوە، جوانی سروشت وجوانی زیندەوەرەکان لەگەڵ جوانی ئەندازەدا.
لە پاش سەدەی ھەژدەوە، ئەم واژەیە زیاتر لایەنی دەروونی و دروونناسی بەخۆیەوە گرت لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئیدراک، بەوھۆیەوە کە فاکتەرە دەروونییەکان و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر مرۆڤ و دەربڕینەکانی مرۆڤ کاریگەرییان ھەیە.  بەڵام ھێگل لەسەر بنەمای تیۆرییەکانی پلاتون دوو جۆر جوانی باس دەکات، جوانی سروشتی و جوانی ھونەریی.
 ھەوڵدان بۆ جوان ووتن و جوان دەربڕین سەرچاوەی ئەو ھەموو ئەدەبیاتەیە کە مرۆڤ دەتوانێت شانازی پێوەبکات و بە پێچەوانەی تەکنەلۆجیاوە، نەک مرۆڤەکەیان وێران نەکردووە بەڵکو بوونەتە ھۆی بزووتنەوەیەکی ستوونی بەرەو باڵاچوونی مرۆڤ. ئێمە دەزانین کە بە درێژایی تەمەنی شارستانەتی مرۆڤ، نووسین، بەتایبەتی ئەگەر لە شێوە و فۆرمێکی جواندا نووسرابێت یا دەربڕڕا بێت، چ ڕوڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە بەرو پێشبردن و ڕۆشنکردنەوەی بیری مرۆڤدا.
جوان دەربڕین ئەگەر چی ھەر دانان یان وتنی چەند وشەیەکە لە ڕستەدا و گەیاندنێتی بە بەرانبەر، بەڵام جۆر و شێوەی وتنەکە، دیاری دەکات کە بەرانبەر لەو کۆمەڵە وشانە شادمانی دەست بکەوێت یان غەمگینی بکات، لەسەر وتن و کاریگەری جوان دەربڕین، لە کلتوری خۆماندا نمونەمان زۆرە:
- بە قسەی خۆش مار لەکوون دێتە دەر.
لێرەدا باس لە مەحاڵ دەکرێت، کە بە ئەفسوونی وشەی جوان دەتوانرێت کارە مەحاڵەکان ئەنجام بدرێت.
سحری جوان دەربڕین زۆر لە ئاستەنگەکان ناھێڵێت و ئەو کارەی کە بە مەحاڵ و نەکردەنی دەھاتە بەرچاو، بەھۆی دەربڕینی جوانی وشەوە سانا دەبێت و ئەنجامی باش بەدەستەوە دەدات.
زمان کلیلی کردنەوەی دەرگای چوونە ناو کۆمەڵگایە و پاش چوونە ناو کۆمەڵگا چۆنێتی بەکارھێنای زمان لە گفتوگۆی رۆژانەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینین بۆ قسەکەر کە لە کام پلە یان لە کوێی کۆمەڵگادا جێگای خۆی بدۆزێتەوە؟.
زۆرن ئەوکەسانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕەوانبیژێکەیان گەیاندوونی بە پلەی زۆر بەرز و بەڕێز لەناو کۆمەڵگادا، ھەمان کۆمەڵە وشە کە کەسێ دەیڵێت بە شێوەیەکی تایبەت ڕەنگە ببێتە ھۆی دڵڕەنجان و دڵشکانی بەرانبەر، لە کاتێکدا، ھەر ئەو وشانە لە زاری کەسێکی ترەوە دەتوانێت خۆشەویستی و ڕێز و پەیوەندی توند دروست بکات، کەواتە جوانیی دەربڕین ئەگەر لە دڵەوە بێت و مەبەستی تری لە پشتەوە نەبێت و خەسڵەتی قسەکەر بێت، ئەوا ئامرازێکی زۆر بەنرخ و کاریگەرە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی کۆمەڵگا بەئاقارێکی دروستدا.

• دەربڕین وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی:

ھەڵبەتە دەربرین و چۆنێتی دەربڕین لە زۆر حاڵەتدا وابەستەی (شوێنی کۆمەڵایەتی کەسەکە، پلەی خوێندەواری و رەگەزی کەسەکە و...ھتد) ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لە چۆنێتی دەربڕینیدا، نموونە:
پیاو بە حوکمی ئەو دەسەڵاتە کە خۆی بۆخۆی قایل بووە بە درێژایی مێژوو، دەسەڵاتەکەی لە ڕەفتار و دەربڕینیدا ڕەنگیان داوەتەوە و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەرانبەردا دیاری کردووە. ئاغایەک ھەرگیز بەشێوەیەکی نەرم و نیان بانگی لە ژێر دەستێکی خۆی نەکردووە، ئەمە بۆ ئەو( ھەروەھا چوادەورەکەی کە وا ڕاهێنراون ، ئاغا دەبێت شکۆدار بێت!!!) کە ئەگەر بەو جۆرە بانگی رەعیەتێکی خۆی بکردایە، پێی وابوو لە شان و ھەیبەتی ئاغایەتی و شکۆی دەسەڵاتی کەمدەکاتەوە، بۆیە زۆر جاران بەبێ دەربڕینی وشە، ھەر بە ھێما و ئاماژەکردن مەبەستی خۆی بە ژێردەستەکانی گەیاندووە، لە حاڵێکدا کە ھەر ئەم دەرەبەگە لەگەڵ دەرەبەگێکی تری ھاورێیدا بە بەڵێ و قوربان و تەشریفتان ھێناو ....لەم بابەتە دەربڕینە جوانانە قسەی کردووە.
کەواتە لێرەدا جیاوازی پلەی کۆمەڵایەتی بووە ھۆی جیاوازی دەربڕین لە زمانی گفتوگۆدا. مەسەلەیەکە هەبووە و هەیە و لە کلتووری ئێمەشدا بوونی هەبووە و ئێستاش ماستاوچییەکانی دەرباری بەرپرسە حیزبییەکان: بە کوڕی بچووکی بەرپرسێک دەڵێن: جەنابتان، جەنابیان و ئەم قسە بۆشانە کە زادەی دەسەڵاتێکی نەخۆش و مرۆڤگەلی دەروون شێواوە.
بەھەمان شێوە رەگەزی مێ لە حاڵەتە ئاساییەکەی قسەکردندا و بە زۆری: ھەر داخوازییەکی ھەبێت، ھەوڵ دەدات بە شێوازێکی نەرم و دوور لە توندووتیژی مەبەستەی بگەێنێت، ئەمە بە حوکمی، ئەو سیفەتە جوان و بێوێنەیەی دایکایەتییە کە ھەمووی بریتییە لە رەحم و میھرەبانی و سۆز، کە تەواو پێچەوانەی ڕەفتار و بیرکردنەوەی ڕەگەزی نێرە بە ڕادەی زیاتر لەمێ، کە زیاتر سەپاندن خەسڵەتی دیاری پیاوەکانە نەک میھرەبانی. لێرەدا رەگەز ڕۆڵی خۆی بینی بۆ جوانی دەربڕینی مە بەستێک. لەپاڵ ئەو هۆیانەی کە لە زۆرینەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا، ژنی لەپلەی خوار پیاودا پێناسەکردووە و ئاین ڕۆڵی گرنگی لەمەدا گێڕاوە.
ھەلوێست و بارو دۆخ کاریگەری خۆیان ھەیە لە سەر دەربڕین، پیاوێکی توڕە دووجار لە دەربڕینەکانیدا ھەڵە دەکات، یەکەم وەک پیاو کە پێی وایە دەبێت ( تۆنی دەنگی زبر و بەرز بێت)، دووەم ئەو حاڵەتەی کە تێیدایە، کە حاڵەتێکی ئاسایی نییە و ھۆشی کۆنترۆڵی ناکات، کەواتە چۆنێتی دەربڕینەکەی، دوو سیفەتی لە خۆ گرتووە:
1. خەسڵەتی رەگەزیی کە حوکمی پێدەکات ڕەفتاری بەو جۆرەبێت.
2. ئەو بارو دۆخەی قسەی تێدا دەردەبڕێت، کە لێرەدا بارودۆخێکی نائاساییە.

چەند وتەی جوان لە کوردەواریی و لە دەروونی سۆفییەکانەوە:

مەحوی دەڵێ: لەسەرخۆ چوونە، قوڕ پێوانە، سووتانە، شەیدا بوونە، ھەتا مردن مەحەبەت ئێشی زۆر ڕێزی لێدەگرم.
نالی دەڵێ: ئەگەر تۆزی، تۆزی دامەن بە، وەگەرنا تۆزی بەر بادی.
بایەزیدی بوستامی دەڵێت: بەدەوری ماڵی خودادا دەسوڕامەوە، کە بەتۆ گەیشتم، بینیم ماڵی خودا بەدەوری مندا دەسوڕێتەوە.
عەتار دەڵێت: چووم بۆ بیابان، عەشق باری بوو، زەوی تەڕ بوو، وەک چۆن، پێ بەناو بەفردا ڕۆ دەچێت، ئاوا پێم بەناو عەشقدا ڕۆ دەچوو.
وەک دەبینین لەم دەربڕینە زۆر بەرزانەی سەرەوەدا، پێک گەیشتنی دژەکان، دەربڕینیکی زۆر جوان و ھارمۆنییەکی وایان لە نێوان وشەکاندا و مەستی بێژەردا دروست کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خۆشەویستی سووتان و ئێش و ئازارێکی بێکۆتاییە، کە چی مەحوی بەو دەربڕینە، وامان لێدەکات کە حەز بکەین لە ناو ئەو ئاگرە سوتینەرەدا بمێنینەوە و وەک تۆز خۆ بە داوێنی دڵبەرەوە هەڵواسین تا لە بەرباد چوون ڕزگارمان بێت.
لێرەوە دەچمە سەر باسێک سەبارەت بە زمان لە دیلمانجی( دۆبلاج)ی درامایەکی کوردی کە لە سەرەتاوە بە فارسی بووە، بەناوی " سەنجەرخان". دراماکە باس لە خانێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی کورد دۆست دەکات لە ناوچەی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماڵباتی وەزیرییەکانی بەناو دەنگ لەو ناوچەیەدا لە ساڵەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا.
لە بیرمانە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەتایبەت لەو کاتەوە کە سەرکردەیەتی قیادەموەقەتە بە فیتی توورکان گەمەی دێوجامەیی ئابووری سەربەخۆی ڕاگەیاند و پارەی نەوتی دزراوی باشووری کوردستانی برد و لە بانکی خەڵکدا لە توورکیا قایمی کرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو بانکە لە مایەپووچ بوون، کە لە لێواری داڕماندا بوو بەهۆی گەمارۆیی ئەمێریکاوە چون لە دەرگای پشتەوە پارەی بۆ ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران سپی کردبۆوە، هەر ئەو کاتە دەزگای سیخوڕخانەی میت، بەهۆی چەندین دەرهێنەری تۆرانی فاشیستەوە، زنجیرەیەک درامای توورکی تایبەتیان بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، تۆقاندن و شکاندنی گیانی بەرگریی لە باشووردا و پیشاندانی میت و جەندرمەو چەتەکانی توورک وەک لە شکرێکی لە شکان نەهاتوو هێنایە بەرهەم، لە پاڵ ئەمانەشدا چەندین قوتابخانە و بە ناو زانکۆ و ناوەندی پێگەیاندنی سیخووڕ و چەندین ناوەندی فەساد و بێڕەوشتی لە کەوڵی کۆمپانیا، هوتێل و هۆکانی گواستنەوە و ...هتد دامەزراند، چەند کەناڵی تەلەڤزیۆنی سەر بە سیخوڕخانەی توورک لە هەولێر بەگەرمی و بەپارەی دزراوی منداڵانی کورد، بە تامەزرۆییەوە و وەک ئەرکی پێسپێرراویان دەستیان بە دۆبلاجکردنی ئەم ( پووچگەرایی) یە کرد و تا ڕادەیەک کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتاری لاوانی کچ و کوڕان کرد و خێزانی کوردییان بە خۆیانەوە خەریکاند، تەنانەت ئاژاوە و گرفتیان لە ناو خێزانەکاندا نایەوە و وای لێهات ناوی منداڵی کوردییان بەناوی هونەرکارە هیچ و پووچەکانی تورکەوە دەکرد، ناوی دوکان، ڕیستۆرانت، جایخانە و هوتێلەکانیان دەکرد بە ناوی توورکی و ئەستەمبوڵ بووە قیبلەی گەشتیاریی کوردانی باشوور، تا ئەو دەمەی کە گریلاکانی ئازادی نەتەوە لە قەندیل و شارەکانی کوردستان لە چەندین شەڕی مەزندا شکۆی ئۆردوگان و لەشکری فاشستی تورکیان شکاند و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە سەرکەوتنی مەزنیان بەدەستهێنا و بەسەر چەتەکانی توورکدا سەرکەوتن و نەبەردی بێ وێنەیان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا تۆمارکرد، بەریان بەو جرت و فرتەی سیخوڕخانەی توورک گرت لە باشووردا و نەتەوەکەیان ڕاچڵەکاند و هێز، ورە و توانایان بۆ لاوانی کورد گەڕاندەوە، ئێستا مەگەر بەدەگمەن دەنا نەنگی، شوورەیی و سەرشۆڕییە کە کوردێک گۆڕانی توورکی یا فارسی و عەرەبی لەسەر واڵکەی بێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تەنانەت ئەم بوێری و شانازییە لاوانی هەولێر و شارەکانی ژێر دەسەلاتی قیادە موەقەتەشی گرتۆتەوە، شانازی بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەی خۆیانەوە.
لەم دوایانەدا بە تایبەت لە سلێمانی چەندین چالاکی هونەری لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی درامادا ئەنجامدران کە دەچنە خانەی سەر بە بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەوە. یەکێک لەو درامایانە( درامای سەنجەرخان) ە کە لە سلێمانی دیلمانجی بۆ کراوە لە فارسییەوە، هەر چەندە هونەرکارەکان ڕۆژهەڵاتین، یان تێکەڵەن ( زانیاریم لەم بارەیەوە دەستنەکەوت) و ڕووداوەکان باس لە ڕۆژهەڵات دەکات، بەڵام بە فارسی بووە، پاشان لە سلێمانی دیلمانجی کوردی بۆ کراوە: ئەم دیلمانجە دەتوانرێت بکرێتە بەردی بناغە بۆ دیلمانجی دراما بەناوەرۆکە بیانییەکان، سەرکەوتنەکەی لە ڕووی ڕەوانی و کوردێتی و توانای دەربڕینەوە کە لەگەڵ ئەسڵەکەدا بێتەوە، لە لوتکەی دیلمانجی کوردیدایە، خەباتێکی کوردستانی بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لەم بەرهەمەدا بە ئاشکرا بە دیلمانجەکەوە دیارە، سەنجەرخان خۆی وەک شۆڕشگێڕێکی کوردستانی بە کوردییەکی قەدپاڵ و لوتکەی چیاکان قسە لەگەڵ هەڤاڵەکانی دەکات، لە هەر چوار قوڕنەی نیشتمانی داگیرکراوی کوردەوە زمانێکی گەشاوە و ئاشنا بە ڕۆحی کورد لە ئەوپەڕی ڕەوانیی و تەرلانیدا خۆی دەنوێنی، ئاوێتەیەکە لە جوامێری مرۆڤی کورد و هێز و توانا لە بزووتنەوەی خەڵکەوە بۆ ئازادی نیشتمانەکەی وەردەگرێت و لە زاراوە دەوڵەمەندەکانی ئەوسا و ئێستای ژنی دلێری کوردەوە، کە وەک دایکانی کورد زمانەکەیان پاراست و لە قوڵایی دڵیاندا بۆ نەوەکانیان هەڵگرت، نموونە دێنیتەوە و لە زاری هونەرکارەکانەوە دێنەدەر، ئەردەلانی، سۆرانی، کولیایی، دەشتاییەکانی دیواندەرە و ڕۆحی زمانەکە لە ناوچەی سنەدا بۆ بینەرانی دەگوێزێتەوە، وشەگەلێک کە ژیانەوە و ئازادی وێنەدەکات. زمان لەم دیلمانجەدا ڕۆڵی سەرەکی بینیوە بۆ گەیاندنی پەیامی دراماکە، زمانەکە ئەوەندە شیرینە کە سەرنجی وردی بینەر زیاتر بۆ بیستنی وشەی کوردییە تا ئەکتی هونەرکارەکان و بە دوای یەکدا هاتنی ڕووداوەکان، بۆ من ئەو شیرینییە بوو، کە پێموایە بینەرێکی زۆریش هەمان سەرنجەیان بوو بێت.
کاتێک سەنجەرخان هەڤاڵەکانی بە شەرڤان، شۆڕشگێڕ و جوامێرینە، بانگ دەکات، وێنە و هاواری ژن ژیان ئازادی لە پاشخانی بیرکردنەوەی بینەردا ئامادە دەبێت و کۆبانێ دەنگی دێت و قەندیل خۆی دەنوێنێ، ئەمە قۆناغیکی زۆر لە پێش و نوێیە بۆ هونەری کوردی. لەم درامایەدا من وێنەی هەڵەبجە، ئەنفال، شەڕی براکان، جوامێری ژنی دلێری کورد، بزووتنی شارستانەتی کوردی، سمکۆ، شەڕڤانانی یەپەگە، یەپەژە، کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی، خیانەتی سەرکردەیەتی کوردیم هەست پێکرد و بینی. 
ساڵانێک لەمەوبەر لە نووسینێکدا وتوومە: پێموایە کە کوردانی ڕۆژهەڵات بە کلتوورەوە خەریک بن زیاتر لە سیاسەت، سوودی گەورەتر بە نەتەوەکە دەگەێنن، بەڵام ئێستا دڵنیا بووم کە کوردانی ڕۆژهەڵات بۆ هونەر و هەنەرکاریی خوڵقاون....
---------------

سەرنجەکان/

*سوڵتانی ڕۆم، پاشاکانی عوسمانی پاش ئەوەی ئیمپراتۆریەتەکەیان خڕ کرایەوە، لەبەر ئەوەی خۆیان بە
بچووک دەزانی بەرانبەر بە پاشاکانی ڕۆم، لە ئەستەنبوڵ، ناویان لە خۆیان نابوو، پاشای ڕۆم.
**لەو زەمانەدا سیخوڕیی بۆ توورک لەناو پیاوە ئاینییەکاندا، بە پەنجەی دەست دەژمێردران، چوونکە
 زۆرینەی پیاوانی ئاین، ئەو کاتانە کوردستانپەروەر، شەرافەتمەند و سەر بە نەتەوەی خۆیان بوون.
 بەڵام لە ئێستادا، پیاوانی ئاینی کوردستانپەرووەر و شەرافەتمەند، بوونەتە مرۆڤگەلی نایاب، ژمارەیان
 بە پەنجەی دەست دژمێردرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help