ئاخاوتنی کورد لەگەڵ بەردی کوێردا
Friday, 04/04/2025, 19:14
(ئەگەر باخچەلی جاران لە پەڕلەماندا پەتێکی بە دەستەوە بووبیت بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانی پێ لە دار بدات ئەوا ئێستا باخچەلی عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی گرتووە بە دەستەوە و دەیەوێت پەکەکەی پێ بخنکێنێت.)
یەکەم، سەرەتای ساڵانی سییەکان مەلا مستەفا بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک نامەیەک دەنێرێت بۆ حکومەتی تورکیی. پاش ماوەیەک هەمان نامە وەکو خۆی دەنێرنەوە بۆیان. لە وەڵامدا پێیان دەڵێن ئەگەر نامەکەیان بکردایەتەوە مانای وا بوو دانیان پیادا دەنان (1). ئەمە ئیهانەیەکی گەورە!
دووەم، رۆژی ٢٢/١٠/١٩٩٦ لە سەر سنوری ئێران و تورکیا ٢٨ لاوی کورد کە بە رێووە بوون کۆچ بکەن بەرەو ئەوروپا، بە دەستی هێزەکانی تورکیا کوژران. تورکیا جەستەکانی خستبوونە ناو گەڵابەیەکەوە و ناردبوویاننەوە بۆ سلێمانی (2). لە سوید رێکخراوی هیوا خۆپیشاندانێکی لە بەردەمی سەفارەتی تورکیادا بە بۆنەی ئەو کوژراوانەوە رێک خست. لەوێ بە پۆلیسێکی سویدیی وترا نامەیەکمان پێیە بۆ کاربەدەستانی تورکیی دەمانەوێت بچین بیدەین بە فەرمانبەرانی سەفارەتەکەیان. پۆلیس دڵی بەوە خۆش بوو کە کارەکە ئاسانە و بەمە خۆپیشاندان تەواو دەبێت. پۆلیس رۆشت و لەو سەرەوە وەڵامی هێنایەوە کە سەفارەتی تورکیی ئامادە نیە پێشوازیی لە کەس بکات.
ئنجا کۆمەڵەی هیوا بە پۆلیسە سویدییەکەی وت باشە کە ئەوان رێگا نادەن نوێنەری خۆپیشاندان ببینن نامەکەیان بداتە دەست کەواتە کاک پۆلیس خۆت نامەکەیان بۆ بەرە! پۆلیس بەمەشیان هەر دڵخۆش بو، ئنجا ئەوە کەی زەحمەتە، هەر چەند هەنگاوێکە و خۆپیشاندەران ئیتر دەڕۆنەوە بۆ ماڵەوە. پۆلیس نامەی برد و لەو سەرەوە هاتەوە و سەری با دا. پۆلیس وتی کە نامەکەیان لەویش وەر نە گرتووە. ئنجا وتمان باشە با ئەمەش بۆ ئەوان بێت. با کەس نەبینن و نامە لە کەس وەر نەگرن. فەرموو بچۆ نامەکە بخەرە ناو سندوقی پۆستەکەیانەوە. پۆلیس چەندبارە خل بووەوە بۆ سەفارەت کە نامەکە بخاتە ناو سندوقی پۆستەکەیانەوە. بەڵام لەو سەرەوە بە نائومێدیی هاتەوە. ئەم جارە نەک سەری شانیشی لەگەڵ با دا و وتی نایەڵن نامەکە بخەمە ناو پۆستەکەشیانەوە.
ئێمە هەموو لە بەردەمی سەفارەتی توکیادا رق دای گرتین. سوید نەبووایە دەبوایە بە هەموومان مامە ریشەیەکمان لە خۆمان دروست بکردایە (ئاڕ.پی.جی)یەکی بنایە بە سەفارەتەوە و ئەوجا بیوتایە مەرحەبا! ئەرێ ئەوە ئێوە هەن؟ ئەمەش ئیهانەیەکی تر.
سێیەم، حکومەتی سویدیی لە شاری ستۆکهۆڵم کتێبخانەیەکی کوردیی کردەوە. حکومەتی تورکیی بە رەسمیی ناڕەزایی دەر بڕی بەرانبەر بە کردنەوەی ئەو کتێبخانەیە. تۆ سەیری ئەو ئەقڵە بێت! ئاخر خۆ سوید ویلایەتێکی عوسمانییەکان نیە. دە وەرە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە هەڵسوکەوت بکە! ئەمەش ئیهانەیەکی دی.
چوارەم، لە سوید وەکو زانیاریی قوتابیان باسی هەموو ئاینێک و گەلان دەخوێنن. کاتێک لە پۆلێکدا باسی کورد دەخوێنن، قوتابییەکی تورکی تیادا دەبێت ئیتر بۆ سبەینێ ناچێتەوە بۆ قوتابخانە. وەختێک مامۆستاکەیان تەلەفون دەکات بۆ دایکی زاڕۆک بزانێت بۆ قوتابییەکە نە چۆتەوە، دایکی منداڵ توڕە دەبێت و دەڵێت منداڵەکەم بە وانەکەی تۆ نەخۆش کەوتووە. تۆ چۆن باسی کوردت کردووە؟ ئەمەش هەر ئیهانە.
پێنجەم، تورکیا مەرجەکانی سویدی بۆ مافی مرۆڤ پڕ نە دەکردەوە کە ببێت بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپیی. کەچی کاتێک سوید خۆی ناچار بینییەوە ببێت بە ئەندامی ناتۆ، دەبوو تورکیاش رازی ببێت. ئۆردوگان ئەمەی قۆستەوە و هەرچی رێز هەیە نەیبوو بۆ سیاسەت و پرەنسیپی سوید. تورکیا سیاسەت و هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە کورد سەپاند بە سەر سویدیشدا. لە رێکەوتنی سێ قؤڵیی مەدریددا رۆژی ٢٨/٠٦/٢٠٢٢ تورکیا کوردی کرد بە قوربانیی (2). ژمارەیەک کورد درانەوە دەست تورکیا و رەوشی کورد لە سویددا خراپ کرا بە دڵی تورکیا. رێکەوتنێک کە جێگای شەرمەزاریی بوو بۆ سوید و فینلەند.
یەکێک ئەگەر ئەقڵی لە دەست نەدابێت، ئەو نمونانەی سەرەوە بە گشتیی یەک شت بە کورد دەڵێن: تۆ بوونت نیە! تۆ نابێت هەبیت!
تورک توشی نەخۆشیی کورد بووە، چاوی بە کورددا هەڵ نایەت.
دوپێیەک بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی ئەو جۆرە تورکانە رەفتار بکات، دەبێت یەکەم مێشکی لە "بەرد" بێت و دووەم، چاوی "کوێر".
کورد بە زۆڵەکوردیی نەبێت بە ناو چاوی تورکدا تێ ناپەڕێت. ئۆردوگان وتوویەتی: "سەرتان دا نە نەوێنن سەرتان لێ دەکەینەوە!" ماشەڵا لەم "ئاشتیی" و "کۆمەڵگای دیموکراتیی"ە!
بەردەکوێر نە گفتوگۆ دەکات نە کورد دەبینێت. بەردەکوێر هەتا ئەمە حاڵی بێت هەرگیز ناتوانێت شارستانیی و دیموکرات بێت.
لێ تۆ بڵێی تورکی سەربەردی چاوکوێر ئێستا گۆڕابێت؟
گۆڕانەکەی دەوڵەت باخچەلی
پەروین بوڵدان باس دەکات کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمیراڵی وتوویەتی: "ئەگەر بەڕێز باخچەلی گۆڕانکاریی بە سەردا هاتبێت، هەمووان دەگۆڕدرێن (3)."
یاڵا خێر، باخچەلی بە کام لادا گۆڕاوە؟ دەوڵەت باخچەلی لەوەتەی هەیە لەسەر لایەک بۆ کێشەی کورد نوستووە. وا دیارە لەسەر ئەو لایە سڕ بووە ئنجا دەیەوێت بۆ کورد بکەوێتە سەر لاکەی تری!
پەروین بوڵدان دەربارەی باخچەلی دەڵێت: "زۆر گرنگە کەسێک کە لە پەڕلەمان پەتێکی گرتبوو بە دەستییەوە دەیویست ئۆجەلان لە سێدارە بدرێت کەچی ئێستا پشتگیریی لە پڕۆسەی ئاشتیی بکات و بڵێت هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش بچێت." رەنگە بوڵدان ئەو رۆژە فانیلەکەشی ئاوەژو لەبەر کردبێت.
پشتگیریی لە کام پڕۆسەی ئاشتیی؟ هەموو پڕۆسەکە هی دەوڵەتی تورکیی و باخچەلیی خۆیانە. دەوڵەت باخچەلی پێش بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئۆکتۆبەری (٢٠٢٤)دا پێشنیاری کرد کە ئۆجەلان بچێتە پەڕلەمان و هەڵوەشانی پەکەکە را بگەیەنەێت. ئەوەی پشتگیریی ئەم پێشنیارە دەکات ناکرێت هەر خۆیان بن دەبێت خەڵکانی تر بن، ناحەزانی پەکەکە یاخود کلکانی دەوڵەت.
ئاشتییەکە ئاشتییەکی تورکییە کە واتاکەی تەسلیمبوونی پەکەکە و بزاڤەکەیەتی. بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان فەرمانی باخچەلی و دەوڵەتە لە زمانی ئۆجەلانەوە. کورد لە خۆڕا حاڵی لە خۆی هێناوە. ئەگینا لە راستییدا تورکیا شەڕی نە وەستاندووە. دەستەڵاتی تورکیی دان نانێت بە شەڕوەستانی پەکەکەشدا. وەزارەتی بەرگری تورکیا رۆژی ٠٦/٠٣/٢٠٢٥ رای گەیاند: "ئاگربەستمان ناوێ، دەبێت پەکەکە دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێک چەک دا بنێت و خۆی هەڵ بوەشێنێتەوە!(4)"
ئەم هەڵوێستانەیان وا دەگەیەنن کە بڵێن ئێوە نین هەتا قسەتان هەبێت! دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: "دەبێت پەکەکە بە بێ هیچ مەرج و دواخستنێک بڕیاری هەڵوەشاندەوەی خۆی بدات!(5)"
ئەگەر باخچەلی جاران لە پەڕلەماندا پەتێکی بە دەستەوە بووبیت بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلانی پێ لە دار بدات ئەوا ئێستا باخچەلی عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی گرتووە بە دەستەوە و دەیەوێت پەکەکەی پێ بخنکێنێت.
ئیهانە و شەرمەزایی
ئەوە چل ساڵە حکومەتی تورکیی بە تۆپ، فڕۆکە، سوپا، سیخوڕ، جاش و درۆن شەڕی دژی پەکەکە دەکات. کەچی ئێستا دەوڵەتی تورکیی بە دەمی عەبدوڵا ئۆجەلان بە پەکەکە دەڵێت: "کۆبوونەوەیەک بکەن، بڕیار بدەن چەکەکانتان دا بنێن و خۆتان هەڵ بوەشێننەوە!"
ئەمە دەوڵەتی تورکیی پشتی بە چی ئەستورە بۆ ئەم فەرمانە؟
ئێوە سەیری ئەم ئیهانە گەورەیە بکەن! داوای شتێک دەکات کە رەنگە هەتا ئێستا شتی وا روی نە دابێت.
دەوڵەت "پەکەکە"کان هەر بە تیڕۆڕیستیش ناو دەبات و بەردەوامیش راویان دەکات. بەیانی لێبوردنیش دەر ناکات بچنەوە ناو ماڵی خۆیان. کەچی ئەندامانی پەکەکەش هەر کەیلی پەیامەکەی "رێبەری گەلانن". دەڵێن مانوفێستۆیە بۆ هەموو جیهان. ئێوە تەماشای نێوان دێڕەکانی بکەن! وەکو ماسییەکی برسی خەریکن ئەم چەشەیە قوت دەدەن! ئەرێ ئەمە "ئاشتیی" و "دیموکراتیی"ە یان تەلیسم؟ ئەرێ ئێوە کوردان دەهۆڵ و زوڕنا بۆ چی لێ دەدەن؟ ئێوە بەشەرن یان تەتەڵەمیران(6)؟
تۆ تەماشای نەگبەتیی کوردان بکەن! ئەو قەڵایەی بە لەشکرێک نە شکا، کردیەوە کلیلێک و دەستێکی ئارام(7).
ئێ بەردەکوێر گریلا چەک دا بنێن بچن بۆ کوێ؟ خۆ ناتوانن پەڕ دەر بکەن و ببن بە "ئەبابیلە" ئاسمان بکەن بە نیشتیمان(8). ئێ خۆ ناشتوانن بگەڕێنەوە بۆ دواوە هەتا ناو سکی دایکیان.
ئێ راستر نە بوو بەردەکوێر یەکجاریی بە پەکەکە بڵێیت:
لولەی تفەنگەکانتان بکەنە سەرتان و با هەر لە شوێنی خۆتان داڵ بتانخوات!
ناسر حەفید
١٤/٠٣/٢٠٢٥
مەلەگە، سپانیا
پەراوێز و سەرچاوە:
1- لە نوسراوێکی د.مەحمود عوسماندا خوێندوومەتەوە کە مەلا مستەفا نامەی بۆ تورک ناردووە و وەکو خۆی بۆیان ناردۆتەوە چونکە ئەگینا دانیان پیادا دەنان. سەرچاوەکەم لە دیاد نیە.
2- ل٢٨، ژمارە٢، ساڵی ١٩٩٨، گۆڤاری کۆنتراکت.
3- لە دیدەنییەکی پەروین بوڵداندا لە ئێمیراڵی.
6- تەتەڵەمیران: زیندەوەرێکی کرم ئاسای رەشی کورت و توکنە لە بەهاراندا بە تۆپەڵ لەسەر گیایەک دەبینرێن. منداڵان تەنەکەیان بۆ لێ دەدا و ئەوانیش دەکەوتنە جوڵە گوایە ئەوە هەڵ دەپەڕن. لەگەڵیشیدا گۆرانییەک دەوترا کە لە بیرم نەماوە.
7- دێڕێکە لە شیعرێک رۆژی ١٥/١١/٢٠١١ نوسیوومە.
8- تەیرەن ئەبابیلە باڵدارێکە تەنها ماوەیەکی کورت لە ساڵدا بۆ بەچکەکردن لە ئاسماندا نییە.
تیبینی:
وێنەی نووسینەکە، وێنەی دەوڵەت باخچەلییە، کە بە (زیرەکی دەستکرد) داوای لێکراوە دروستی بکات و لەگەڵ ناونیشانی وتارەکە گونجاوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست
کۆمێنت
Monday, 07/04/2025, 9:34 کوردێکی ئازاد
با منیش وەڵامێکی ئەو کاک تیشکە بدەمەوە، بە پەندێکی کوردی دەست پێبکەین، کە دەڵێت:(ئەم برادەرە گا بە گوندا دەناسێتەوە.)
چونکە لەو نووسینەی ناسر حەفید وا لێی تێگەیشتووە، کە گوایە ناسیۆنالیستیانەی کوردییە. ئەم بەڕێزە کوردبوون و ناسیۆنالیستی بە رەگەزپەرستیی و نازی و شۆڤێنی تێدەگات، بەڵام خۆی حیزبەکەی تەسلیمی ناسیۆنالیستی تورک بووە، بۆیە دەڵێم، ئەگەر(پەکەکە)ش دژی ناسیونالیستی کوردی بێت و بە دڵی تورک لێدوان بدات و سەرکردەکانیان بۆ بەرژەوەندی تورک قسە بکەن، هەرچەندە لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان ئەو هەڵویستە دەردەکەوێت، تا بۆیان بکرێت ناوی کورد و کوردستان ناهێنن، بۆیە منیش لە ئیستاوە وەکو پارتی و یەکێتی حسابیان بۆ دەکەم، هیچ جیاوازییەکیان تێدا نابینم، چونکە پێناسەی من وەکو نەتەوەیەکی ژێردەستە کوردبوونە، هەروەک چۆن تورک و عەرەب و فارسێک شانازی بەناسنامەی خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی پێوە دەکەم، ئەمە هەستی ناشرین و رەگەزپەرستانە نییە، ئیتر بۆچی ئەمەت پێ لەنگییە، کە نابێت کوردێک ناسیۆنالیست بێت!؟ هەرچەندە ئەو نووسینەی ناسر حەفید بەرەو ئەو ئاڕاستەیە نەچووە، بەڵام بەداخەوە پێدەچێت هەموو حیزبە کوردییەکان لەبەر خاتری دڵی داگیرکەران لە کوردبوونی خۆیان دوور بکەونەوە، و قسە بکەن و بە نەنگی دەزانن باسی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئۆجەلان وەک نمونە، ئەوەتا تۆیەک کە عەقڵی خۆتت لەگەڵیدا گونجاوە، ئەم کۆمێنتەیە کە نووسیوتە.
دووەم رەخنەگرتن لە ئۆجەلان و پەروین بۆڵدان، هەر بەرپرسێکی تر، کارێکی زۆر ئاساییە، هەر کەسێک هەڵەیەکی کرد، دەبێت وەڵامی بدرێتەوە، بە چاویدا بدرێت، کەس نایەوێت، مەلا مستەفایەک و بنەماڵەی خائینی وەکو تالەبانی لە باکور دروست ببێت، بۆ مەسەلەی (پەروین بۆڵدان)یش من نازانم لە ژێرەوە چ جۆرە کەسێکە هەیە! هیوادارم وەکو موکەرەم تالەبانی باشوور نەبێت و رۆڵی دوو سەرە نەبینێت، لەگەڵ هاوەڵەکانییدا ئەوانەی کە چوونە لای ئۆجەلان، ئاوا دڵی هەموو لایەک رازی بکەن. ئەگەر پەروین بۆڵدان بەتەنیا نوێەری کورد بێت، ئەوا من هیچ قسەیەکم نییە، بەڵام لە ژێر فەرمانی تورکدا ئەو کارە بکات، ئەوا ئەمانیش فت، بەتایبەتی زانیاریی زۆری لە نهێنی هاتوچۆکانی بۆ لای ئۆجەلان شاردبێتەوە کە لە بەرژەوەندی تورک و بە زیانی کورد بکەوێتەوە، من لەوەشدا دووڵ و نیگەرانم، کە کاتێکیش لە چوونە لای مەسعود بارزانی، سەریان بۆی دانەواند، بۆیە لەو کاتەوە گومانم لەسەر ئەمانیش پەیدا کرد، گومانی ئەوە دەکەم، کە ئەمەشیان راسپاردەی تورک بێت، تا سەر بۆ خائینێکی کورد دانەوێنن، پێیان وتراوە خۆتان لە مەسعودی خائین بە بچوکتر بزانن،
قسەی ترم زۆرە، بۆ ئەم کۆمێنتە بەسە، نامەوێت لەسەری بڕۆم و بیکەم بە وتارێک.
Sunday, 06/04/2025, 18:13 ناسر
سڵاو کاک تیشک!
تێ دەگەم لەو شوێنەی تۆوە هەر ئەوە دەوترێت. لێ ئەوە بزانە کە ئەو جۆرە هێرشانە بۆ پەکەکە نیە. ئەوە تۆ بۆ خۆتی دەکەیت کە دەتەوێت گوێت هەر لە دەنگی خۆت بێت. بە داخەوە دنیا ئاوا دروست نەبووە کە تەنها یەکی رەنگی هەبێت.
Sunday, 06/04/2025, 17:55 ناللە
سڵاو کاک رزگار. بە. داخەوە شکستێکی کولتوریی بنەڕەتی کورد ئەوەیە کە زانست و زانیاریی کە لە ئازادیی و دیموکراتیی جودا نابنەوە، لە ناو کوردا ئیشی پێ ناکرێت. باوەڕ و لایەنگریی رۆڵی سەرەکی دەبینن ئیتر باوەڕ ئاینیی بێت یان حیزبیی.
Sunday, 06/04/2025, 11:07 تیشک
دوو پەندی کوردی بۆ ئەم بابەتە:
- لە تەڕ دەخوات و لە وشک دەنوێت
- لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵاوات
کاکی حەفید زاده پێمان دەڵێت کە ئەمە خۆبەدەستەوەدانە و شەلم کوێرم گڕی ڕەخنەی تەنانەت ڕەحم بە پەروین بۆڵدانیش ناکات. بەڵام پێمان ناڵێت بژاردەکانی خۆی چیە؟ ڕەنگە ناسێۆنالیزمی کوردی خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بن و لە ئێمەی دەشارنەوە و لەناکاو بە دەوڵەتی فاشستی تورک و باخچەلی و ئەردۆگاندا دەیتەقێننەو و لەم مێردەزمەیە ڕزگارمان دەکەن. یان کاکی حەفید زادە ئاگاداری ورد و درشتی خۆبەدەستەوەدانەکەیە و بەڵگەکانی میت هەمووی لای ئەو کڵۆم دراون. من وام زانی کاکی حەفید زادە لە قەندیلی سەربەرزەوە پەیامەکانی دەوەشێنێت! بەڵام لەوەدەچێت کە تینی خۆری مالاگا پڕووکانبێتی!
Friday, 04/04/2025, 21:32 رزگار
ئێمە لەمێژوویەکی پڕ ڕوداودا ژیان دەکەین ، ئەم ووتارە پڕێتی لەزانیاری ورد هیوادارم کاربەدەستانی پەکەکە بەوردی بیخوێنەوەو واز لە خەیاڵی سەرابیانە بێنن ، لەدنیادا نەبووە مرۆڤێکی بەند کراو لەژێر دەستی داگیرکەرێکی دڕندەی وەک تورکدا ، پەیامەکەی کە کەس نازانێ هی خۆیەتی یان نا گوێ لێ بگیرێت . تورک جگە لە هێرشی سەربازی و سیخوڕی شەڕی سایکۆلۆژی لەگەڵ گەلەکەمان دەکات و گەر ئێمە پەچەکردارمان نەبێت ، ئەوان دەیبەنەوە ، ئێستا سەیری ئەو هەموو کەناڵە زۆڵە بکە کە درامای تورکی پەخش دەکەن و شەرم لەو هەموودڕەندەی تورک ناکەن . دەستانخۆش