بۆچی سێکس لەگەڵ کەسانی زۆر نێزیکی خۆمان ناکەین؟
Friday, 04/04/2025, 18:37
ئایا ئاین ڕێگرە، یاخۆ هۆکاری دیکەی هەیە؟
تۆی بێباوەڕ بۆچی سێکس لەگەڵ دایکت ناکەیت؟
ئەو پرسیارە گەلەک جار لەلایەن ئاینداران و بەتایبەتیش موسڵمانانەوە لە کەسانی بێئاین دەکرێت، لەبەرئەوەی پێیان وایە ئەگەر مرۆڤێک خوایەک نەناسێ، یاخۆ ئاینی نەبێت (هەر ئاینێک) ئەوا ڕەوشتیشی نییە و دەتوانێت چی بوێ بیکات، چونکە وا دەزانن تەنیا خوا و ئاینە فێری ئەوەمان دەکات ئەم کارە و هی دیکەی وەک کوشتن و دزیکردن بە هەڵە و بەدڕەوشتی دابنێین.
زانا و پسپۆڕان بۆ ئەو مەبەستە چەندان تۆژینەوەی زانستی و ڕاپرسییان ئەنجام داوە، وەک ئەوەی
دەروونناسانی زانکۆی ڤیرگینیا هەڵ دەستن بە گێڕانەوەی چەند چیرۆک و بەسەرهاتێک، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو کردارانە، ئایا خراپە و بەدڕەوشتین یان نا؟
یەکێکش لەوانە چیرۆکێکە لەبارەی سێکسکردنی خوشک و برایەک:
خوشک و برایەک لە پشووی هاوینەی زانکۆ بۆ گەشتوگوزار لەگەڵ هاوپۆلەکانیان دەچنە شوێنێک، لە نێزیک دەریاوە ژوورێکی بچووکیان بەر دەکەوێت. شەو ئارەزووی سێکس دەکەن، پێیان خۆش دەبێت ئەو کارە ئەنجام بدەن و وەک ئەزموونێکی نوێ. بۆ ئەوەی پتر دڵنیا بن، کچەکە پیلی دژەزگپڕبوونی خوارد و کوڕەکەش لاستیکی خۆپارێزی (کۆندۆم) بەکار هێنا. ئەو شەوە هەردووکیان چێژیان لەو کردارە وەرگرت، بەڵام بڕیاریان دا هەرگیز دووبارەی نەکەنەوە، ئەم شەوەشیان ببێتە نهێنییەکی تایبەت بەخۆیان.
لە بەشداربووان دەپرسن، تۆ ڕات چییە، ئایا کردارێکی ڕاستیان ئەنجام داوە، یان نا؟
زۆرینەی خوێندکاران، ڕاستەوخۆ وەڵامیان ئەوە بوو: ئەوەی ئەو خوشک و برایە کردوویانە شتێکی زۆر ناشیرینە، هەڵەیەکی یەکجار گەورەیە، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
بەڵام ئەوەی ئێمە لە درێژەی ئەم بابەتەدا مەبەستمانە بۆمان ڕوون ببێتەوە، ئایا هۆی دوورکەوتنەوە لەو کردارە تەنیا ئاینە وەک ئاینداران بانگەشەی بۆ دەکەن، یاخۆ هۆکاری دیکەی هەیە؟
سەرەتا وەک پێناسەیەک سێکسی ئەندامانی خێزان، یان کەسوکاری نێزیک (Incest)، کردەوەیەکی سێکسییە لە نێوان دوو ئەندامی هەمان خێزان، یاخۆ دوو کەس کە پێوەندی خزمایەتییەکی زۆر نێزیک لێکیان گرێ دەدات.
تێڕوانینی کۆمەڵگەکان بۆ ئەم زاراوەیە و تێگەیشتنیان لێی جیاوازە، بەڵام هەر هەموویان هاودەنگن و بەتووندی دژی پێوەندی سێکسین لە نێوان کەسوکارە پلە یەکەکان: خوشک لەگەڵ برا، کەسەکان لەگەڵ دایک و باوکیان، کەسەکان لەگەڵ منداڵەکانیان، لەگەڵ ئامۆزا و خاڵۆزا کانیان و ئەوانەی دی ئاستی خزمایەتی، بۆ مەبەستی هاوسەرگیریش بەپێی فەرهەنگ و ئاین دەگۆڕێن.
هەر ئەوەشە وای کردووە بۆ دیارکردنی کەسوکار و کەسانی نێزیک زۆر لەمێژە و لە گشت شوێن و سەردەمێکدا، وشەگەلەک بۆ نێزیکایەتی بوونی هەبووە وەک، دایک، باوک، باپیر، داپیر، برا، خوشک، مام، خاڵ، پوور، کوڕ و کچی خوشک، کوڕ و کچی برا، گەلەکی دی.
ئێستەش با بزانین هۆکارەکانی دوورکەوتنەوە و قەدەغەکردنی سێکسکردن لەگەڵ کەسانی زۆر نێزیک، لە گشت سات و سەردەمەکان و زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی چین؟
بەگوێرەی زانست وگەڕانێکی ورد بۆ ئەم بابەتە دەگەینە وەڵام و ڕاڤەیەکی گونجاو لە چەندان ڕووەوە؛
- لەڕووی بایۆلۆژیی، یان تەندروستییەوە
ئەگەرچی لەڕووی تەندروستییەوە، هاوسەرگیریی نێوان خزم و کەسانی نێزیک هەردەم کێشەی لێ ناکەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێ گەلەک بەوریایی و پاش پشکنینێکی باش ئینجا ئەنجام بدرێت.
ژمارەیەکی یەکجار گەورە لە تۆژینەوە زانستییەکان دەیسەلمێنن، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە گیروگرفێکی مەزن دەهێنێتە ئاراوە و چەندان نەخۆشی جۆراوجۆر لەگەڵ خۆی دەهێنێت وەک، شێوانە جینەکییەکان، منداڵ لەبارچوونی بەردەوام، نەخۆشییەکانی خوێن، خاوی ماسوولکەی شان و دەموچاو، گرێی ڕیخۆلەکان، کەمبوونەوەی کێشی کۆرپەکان و زۆر نەخۆشی دیکەی کوشندە.
ناوبراو بە هاوسەرگیری ناوەکی هۆکاری ئەم نەخۆشییانەیە، ئەوەی لە بنچینەوە پێچەوانەی هەوڵ و مەبەستی بایۆلۆژییە لە زاوزێکردن و تێکەڵکردنی ترشە ناوکەیییەکەمان (DNA).
ترشی ناوکەیی مرۆڤ 23 جووت کرۆمۆسۆم لەخۆ دەگرێت، کرۆمۆسۆمەکانیش بە هەزاران جینیان تێدایە، هەر جینێکیش دوو ئەلیلی (Allele) لەناودا هەیە. هەموو لایەنەکانی شێوە و ئاکارەکانمان وەک ڕەنگی پرچ و چاو و هی دی، لەلایەن ئەو ئەلیلانە دیار دەکرێن. ئەلیلەکان دوو چەشنن ئەڵیلی زاڵ و ئەڵیلی بەزیو، لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەو ئاکارانەی ئەلیلێکی زاڵ هەڵیان دەگرێت، ئەگەری دەرکەوتنیان زۆر بەهێزترە لە ئەڵیلی بەزیو. هیچ تاکە ئەلیلێکی بەزیو لە دایکان و باوکان ناتوانێت خۆی دەربخات، تەنیا ئەوە نەبێت کە دوو ئەلیلی بەزیو پێکەوە کۆ دەبنەوە، لەو کاتەدا لە منداڵەکەیان بە شێوەی نەخۆشییەک دەردەکەوێت.
هەر یەکێکمان لەگەڵ برا و خوشکەکانی لە نیوەی ژمارەی یەکە بۆماوەیییەکان هاوبەشە، لەگەڵ مام و خاڵیشدا چارەک، لەگەڵ ئامۆزا و خاڵۆزاش یەک لە هەشتی ژمارەی یەکە بۆماوەیییەکان. ئەو دەمەی پلەی خزمایەتی دوور بێت، ئەوا ئەگەری جۆراوجۆری جینەکی پتر دەبێ، بەو واتایەی ئەگەری بوونی جینە هاویەکەکان کەمتر دەبێتەوە، ئەمەش گرینگە لەبەرئەوەی شێوانە جینەکییەکان و نەخۆشییە بۆماوەیییەکان لەڕێی ئەلیلە بەزیوەکان دەگوێزرێنەوە.
دەرەنجامی چەندان تۆژینەوەی هاوچەرخ پێمان دەڵێن، ڕێژەی مردن لە قۆناخی منداڵیدا زێدە دەبێت لەو خێزانانەی دایک و باوکەکان خزمی نێزیکی یەکدین. نموونەیەکی نوێ لە بنەماڵەی ئیمپراتۆریەتی هابسبورگ (House of Habsburg) بەرچاومان دەکەوێت، ئەو ئیمپراتۆریەتەی لە ئیسپانیا و نەمسا و هەنگاریا دەسەڵاتدار بوو، بەڵام لە سنووری خێزانی چارلزی دووەمی (لەدایکبووی ساڵی 1661) شای ئیسپانیا کۆتایی پێ هات. لکی ئەم خێزانە تێکەلاوییەکی زۆری تێ کەوت لە خزمانی زۆر نێزیک، دایکی شا کچی خوشکی باوکی بوو و داپیرەشی هاوکات دەبووە پووری، ئەمانە گشتیان هۆکاری چەندان کەموکوڕی و نەخۆشی جینەکی و شێوانی لەش و ئێسکەکانی ڕووخسار و شەویلگە بوون بۆ چارلز.
- لەڕووی دەروونی و پەروەردەییەوە
لە دەروونناسیدا چەمکێک هەیە ێی دەگوترێت، کاریگەری وێستمارک (The Westermarck effect)، یاخۆ کاریگەریی سێکسیی پێچەوانە کە دەبێژێت، ئەندامانی یەک خێزان هەستی سێکسییان بۆ ئەوانە ناجووڵێت کە لەگەڵیاندا ژیاون تا تەمەنی نێزیکەی شەش ساڵ.
ئەم گریمانەیە بۆ یەکەمین جار پێشنیار کراوە لەلایەن زانای مرۆناسی فینلەندی ئێدڤارد وێستەرمارک (Edward Westermarck)، لە کتێبەکەیدا بەناوی مێژووی هاوسەرگیری مرۆیی (1891)، وەک ڕاڤەیەک بۆ تابووی سێکسکردن لەگەڵ کەسانی زۆر نێزیک.
وێستەرمارک پێی دادەگرت لەسەر ئەوەی خۆلادان و هەستنەکردن بە ئارەزووی سێکس و پێوەندی هاوسەرگیریی ئەندامانی یەک خێزان، ویستێکی خۆرسکی پەرەسەندووە لە مرۆڤدا، پتر لەوەی ملکەچکردن بێت بۆ فەرهەنگ و یاسایە سەپێندراوەکان. واتە کەسەکان حەزیان ناچێتە سەر خوشک و برا جینەکییەکان و ئەوانەی پێکەوە لە شوێنێکدا ژیاون، ئەو بیرنەکردنەوە و خۆلادانەکەش بە ماوەیەک دەگۆڕدرێت بۆ تەکینەوە و بێزکردنەوە لە هاوسەرگیریی و سێکسکردن لەگەڵیان.
لەبەر هەستیاری ئەم بابەتە لەو دەمەدا، بە مردنی وێستەرمارک لە ساڵێ 1939دا باسکردن و لێکۆڵینەوە لە سێکسکردنی کەسانی نێزیک فەرامۆش کرا. چل ساڵی گەرەک بوو تا کەسێکی دیکە هەڵ بکەوێت بۆ ئەوەی جارێکی دی سەرنج بداتە شیکردنەوەکانی وێستەرمارک، لەو پرسەی کە ئەمڕۆکە بووەتە بنەمایەکی گرینگ لە بیرۆکەی پەرەسەندن. ئەو کەسەش زانای مرۆناسی و شارستانییەتی چین ئاسەر وۆڵف (Arthur P. Wolf) بوو کە هەڵسا بە تۆژینەوە و پشکنینێکی یەکجار ورد لە زانیارییە تۆمارکراوەکان دەربارەی جێنشینان و باری کەسایەتییان، ئەوانەی لە تایوان لەلایەن ژاپۆنی داگیرکەر پارێزراو بوون لە سەدی نۆزدەیەمدا.
وۆڵف لە لێکۆڵێنەوەکانیدا تێبینی ئەوە دەکات، چینییە کۆنەکان دوو شێواز هاوسەرگیرییان ئەنجام دەدا، لە یەکیاندا کوڕ و کچەکان لەڕۆژی هاوسەرگیریی یەکدییان دەبینی، گەرچی پێوەندییەکە چەندان ساڵ پێشتر بڕیاری لەسەر دەدرا، ئەوەی دی کچەکە هەر لە منداڵییەوە دەدرایە ماڵی باوکی کوڕەکە و ئەوان لەخۆیان دەگرت و بەخێویان دەکرد تا تەمەنی پێگەیشتن، ئینجا هاوسەرگیرییان پێ دەکرد لەگەڵ کوڕەکەیان.
لێرەدا وۆڵف هەستی بەوە کرد ئەمەیان ئەزموونێکی نموونەیییە بۆ گریمانەکانی وێستەرمارک، لەبەرئەوەی کەسەکان پێکەوە دەژیان لەناو یەک ماڵدا، بۆیە بابەتەکە دەبووە جۆرێک لە هاوسەرگیریی نێوان (خوشک و برا). کەواتە ئەگەر پەروەردەبوونیان پێکەوە ببێتە هۆی خۆلادانی سێکسی و بێزکردنەوە وەک چۆن وێستەرمارک دەڵێت، ئەوا پێویستە ڕێژەیەکی زۆر لە هاوسەرگیرییەکان شکست بهێنن.
وۆڵف لە زانیارییەکانیدا لەبارەی 14.000 ژنی چینی، بەراوردێک دەکات لە نێوان ئەو دوو شێوازە هاوسەرگیرییە، دەبینێت ئەو کوڕ و کچەی لە منداڵییەوە پێکەوە بوون و شارەزای هەڵسوکەوت و ڕەفتاری یەکن و لە گەورەییدا دەبوونە هاوسەری یەکدی، ژمارەی جیابوونەوە و ناپاکییەکانیان گەلەک بەرزتر بوون، بەرانبەر بەوانەی لە ڕۆژی هاوسەرگیریدا بەیەک دەگەیشتن. هاوکات وۆڵف بەچاکی بۆی بەدەر دەکەوێت، بەخێوکردنی هاوسەری کوڕەکان دەبووە هۆکاری ڕێژەیەک لە نەزۆکی و باری خراپی تەندروستی منداڵەکانیان.
چەندان تۆژینەوەی دیکە هەن بۆ سەلماندنی بیرۆکەکانی وێستەرمارک، بە نموونە ئیسرائیلییەکان بەدەگمەن هاوسەرگیریی دەکەن لەگەڵ ئەوانەی لەتەک یەکەوە ژیاون لە کێڵگە پێکەوەیییەکانی جووەکان. لە وڵاتی مەغریبیشدا منداڵەکانی لە ژوورێکدا پێکەوە خەوتوون، ئارەزووی هاوسەرگیرییان بۆ یەکدی لاواز دەبێت کاتێک گەورە دەبن، هەروەها خۆلادان و بێزکردنەوەکان لەلایەنی ژنانەوە زۆر بەهێزترە لەوەی پیاوان.
گرینگترین کرداری ناسینەوەی کەسانی نێزیک کە بە ئەزموون پاڵپشتی لێ دەکرێت، لەڕێی بۆنەوەیە، واتە بە بۆنکردن دەتوانین کەسوکارمان بناسینەوە. تێکڕای دایکان، باوکان، باپیران و پوورەکانیش، بە بۆنکردنی جلوبەرگ منداڵە ساوایەکان دەناسنەوە، لەمەشدا ژنان بەتواناترن لە پیاوان، لەبەرئەوەی دایک لە قۆناخی منداڵیدا نێزیکترە لە منداڵ وەک لە باوک. لە لایەکی دییەوە منداڵی بەرمەمکان، بۆنی دایکیان پێ خۆشترە لە بۆنی ژنانی دی، بەڵام بۆنی باوکیان و پیاوانی دیکە جیاوازی نییە لایان. زانراویشە کە منداڵ تا تەمەنی هەرزەکاری بەچاکی دەتوانێت خوشک و براکانی بناسێتەوە لەڕێی بۆنکردنیانەوە، بەڵام بۆ نیوچە خوشک و برا بەو شێوەیە نییە و سەختە بە بۆنیان دەستنیشانیان بکەن.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێ کردنە، لەبەرئەوەی ئەم کردارەی سێکسکردن لەگەڵ کەسانی نێزیک هەمیشە قەدەغەکراو بووە، بۆیە لە ڕووی دەروونیشەوە گەلەک گرفت و کێشە بەرپا دەکات. ئەوی ئەم کارە ئەنجام دەدات، هەسێکی ناخۆشی لەلادا دروست دەبێت و پێی وایە بەدکارییەکی یەکجار گەورەی کردووە، چونکە کۆمەڵگە لە تاوانی کووشتنیش خراپتر لێی دەڕوانن، خەڵک زۆر ڕقیان لێی دەبێتەوە و تەواو پلە و پایە کۆمەڵایەتییەکەی لەدەست دەدات، دواجار ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی بێزکردنەوە لە سێکس و خۆلادانی یەکجارەکی لە هاوسەرگیریی.
- لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە
پسپۆڕانی بواری کۆمەڵایەتیش پێیان وایە، سێکسکردن لەگەڵ کەسانی نێزیک نەک تەنیا لەڕووی بایۆلۆژییەوە بەڵکوو لەلایەنی کۆمەڵایەتییەوەش مرۆڤ بێهێز دەکات، مەبەست لە بێهێزیش لە خۆگونجاندن و پێوەندیکردنەوەیە، بە هۆکاری بەرنەکەوتنی تاکەکان بە دەوروبەری خۆیانەوە، لەبەرئەوەی تێکڕای خواستە سۆزداری و خۆشەویستییەکانیان لە خێزانەکانیانەوە وەردەگرن، واتە لە یەک سەرچاوەوە. بەمەش دەبنە کەسانێکی دوورەپارێز و داخراو، ئەزموونی ژیانیان گەلەک سنووردار دەبێت و دەترسن ڕووبەڕووی ئەو جیهانە ببنەوە کە لای ئەوان نامۆیە، لە هەموو شتێکی نوێش سڵ دەکەنەوە. گیربوون بە خێزان بەربەستێکی گەورەیە لە پێش هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دروست و پتەو کە تێیدا مرۆڤەکان سەرکەوتوو بن لە پێوەندیکردن بە کەسانی دیکەوە، بۆ گۆڕینەوەی زانیاری لەپێناو پەروەردە و فێرکردن.
ڕێدان و بڵاوبوونەوەی سێکسکردن و هاوسەرگیری ئەندامانی یەک خێزان، دەبێتە هۆی دابڕانی خێزانەکان لە ڕووبەرێکی تەسکی هاوشێوەی گوندەکان، ئەمەش لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە هەستی پێ کراوە، لەبەرئەوەشە شارستانییەت و پێشکەوتن هەمیشە دەرەنجامی گەورەیی و فرەوانبوونی شارەکان بووە.
هاوسەرگیریی دەرەکی، یاخۆ هاوسەرگیری لە دەرەوەی سنووری خێزان و بنەماڵە، بنچینەی پێکگەیشتنی کۆمەڵەکانە، جۆرە ئاڵوگۆڕێکە بە واتای هەر تاکێک لە خێزانێکی دیارکراو دەستبەرداری یەک لە هاوسەرە گریمانەکییەکەی خۆی دەبێتەوە بۆ کەسێکی خێزانێکی دیکە، دەرەنجام هەردووانیان سوودیان پێ دەگات و کۆمەڵگەیەکی تووند و پتەو پێک دەهێنن. کۆمەڵگەیەکی بچووکی داخراو ئەگەر ژمارەی ڕەگەزی مێینەی تێدا کەم ببێت، ناچارە هێرش بکاتە سەر کۆمەڵگەیەکی نێزیک بۆ بەدەستهێنانی چەند مێیینەیەک، بەمەش جەنگ و دوژمنداری سەرهەڵ دەدات، ئەوەشی کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت و ئاشتبوونەوە بەرپا دەکات، دیسانەوە ژنخوازی و گۆڕینەوەی هاوسەرە.
- خۆلادان لە ئاژەڵاندا
هەتا ئەم دواییانە زانا و شارەزایان وای بۆ دەچوون، مرۆڤ تاکە جۆرە دەتوانێ پابەند بێت بە قەدەغەکردنی سێکسی کەسانی نێزیک، بەمەش دوور بکەوێتەوە لە هاوسەرگیرییان، بەڵام ئەمڕۆکە دەزاندرێ ئاژەڵانیش ڕێ و شوێنی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ خۆلادان لە زاوزێکردن لەگەڵ ئەوانەی لە پلەی یەکەمدان لە نێزیکایەتی.
ئەو میکانیزمەی لە ئاژەڵە سەرەکییەکان بەو کارە هەڵ دەستێت، هاندانە بۆ بەجێهێشتنی کۆمەڵە بنەڕەتییەکەی خۆیان. بەوەی لە زۆربەی جۆرە شیردەرەکان و گەلەکیش لە باڵندەکان، نێرینە، یاخۆ مێینە کاتێک دەگاتە قۆناخی زاوزێ، دوور دەکەوێتەوە لەو شوێنەی تێیدا لەدایک بووە.
هاوشێوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانیشدا، ناسینەوە ئەوانەی نێزیکن لەڕێی بۆنکردنەوە شێوازێکی باوە، لەسەر ئەم بنچینەیە بەگوێرەی بۆنی ڕژێنەکانی دەم و ئەندامی زاوزێ لە وەرزی کێبڕکێی و مەبەستی جووتبوون، نێرە و مێیەی چەند جۆرە مەیموونێک، پێیان دەکرێ تاکەکانی پێوەندییان بەیەکەوە هەیە بناسنەوە. ئەم بۆنکردنە دواجار دەبێتە هێمایەک بۆ خۆلادان و ڕەتکردنەوەی هاوبەشی زاوزێکردنیان لەوانی نێزیکیانن، یاخۆ لەگەڵیان ژیاون و پەروەردە کراون.
جگە لەمانەش، هەندێک لە مەیموونە باڵاکان بە نموونە شێمپانزی، وەک مرۆڤ دەتوانن بەشێوەی دەرەکی و لێکچوونی ڕووخسار، مەیموونە خزم و نێزیکەکانیان دەستنیشان بکەن.
لە کۆتاییدا بۆمان بەدەر دەکەوێت، مرۆڤ بە هەزاران ساڵ پێش بوونی ئاینەکانیش دەیزانی سێکسکردن لەگەڵ کەسوکار و ئەندامانی خێزان شتێکی خراپە و گرفت و کێشەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە قەدەغە کراوە و بووە بە یاسایەکی جیهانیی و لە ئاینەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. کەواتە ئەم بابەتە تێزێکی ڕەوشتایەتی چەسپاو نییە، لە ئاینەکانەوە بۆمان دیار کرابێ، لەبەرئەوەی زۆر بەچاکی لە زانستدا سەلمێندراوە کە ڕەوشت سەرچاوەیەکی بایۆلۆژی هەیە، بەوەی هەر ڕەفتارێک زیانی هەبێ و ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیان و مانەوە ڕەوشتێکی خراپە، بە پێچەوانەوەش ئەو ڕەفتارەی سوودی هەیە و دەبێتە هۆکاری مانەوە ڕەوشتێکی چاکە.
...........................................................
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست