لە پەراوێزی سەردانەکەم لۆ یوئێن
Thursday, 03/04/2025, 15:28
١. کورد و کوردستانیان (هەر گەل و نەتەوەیەك کە لە کوردستان دەژین) هەزاران ساڵی مێژووە هەن و لەو خاکە (کوردستان) دەژین. ئەو دەسەڵاتەی ئێستای باشوور پێناسەی کوردستان و کوردستانیان ناکا. ئەوان خاوەنی ئەو خاکە نین. کوردستان ئی هەر کەسێکە کە خەڵکی کوردستانە.
٢. ئاشکرایە کە دەسەڵاتەکەی باشوور دژی مافە نەتەوەیی و سەرەتایییەکانی هەرکەسێکە ئاو نەکاتە ئاشی ئەو چەتەگەرییەی درووستیان کردییە. بەتەواوی تێگەیشتنمەوە قەناعەتم وایە کە کار دەکەن دژی هەر مافەکی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و هاو-نیشتیمانیانی دیکەی کوردستان. کەواتا، ئەوان نەك هەر کار ناکەن لۆ مافە نەتەوەیی و نانەتەوەیییەکانی کوردستانیان، بەڵکوو دژی ئەوەشن.
٣. بە پشتبەستن بە خاڵی یەکەم، لۆیێ، ناکرێ چارەنووسی کوردستان و کوردستانیان تەنها لە بن دەستی دەسەڵاتەکەی باشوور بی. ڕام وایە هەر کوردستانییەك ماف و ئەرکی لەسەر شانە بەرانبەر بە کوردستان. لەبەر هەندێش، پێم وایە کە دەکرێ لە دەرێی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیە، کەسانی دیکەی کوردستانی و ناکوردستانیش کار بکەن لۆ دابینکردنی مافە نەتەوەیی و نانەتەوەیییەکانی کوردستانیان.
٤. لەو سۆنگەیەوە سەردانی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانم کرد لە نیو یۆرك، لە ئەمریکا. ئامانجم پرسیار و دۆزیار و وێکەوتنەوە بوو داخۆ دەتوانین چی بکەین لۆ کوردستان و کوردستانیان. هەروەها، ویستم بزانم داخۆ چەند لەگینە (ئەگەر هەیە) کە کورد و کوردستانیان ببنە ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەگەر ئەوەش نەبوو، بەلای کەمی، داخۆ چلۆن نەتەوە یەکگرتووەکان مافی کوردستانیان دابین دەکا و دەپارێزێ.
٥. لە سەردانەکەمدا دەمویست بگەمە ئەوەی داخۆ سەرەداو و پڕۆسەیەك هەیە بەو ئامانجانەمان بگەیەنێ. لەبەر ئەوەی هیچ مەوعیدەکم نەبوو و مێوانی ناوەخت بووم، نەمتوانی هیچ کەسەکی بەرپرس بدینم. بەڵام چاوم بە کەسانی شارەزا و ئیداری کەوت لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لەوێ کە گوێم لە پێناسە و شیکارەکانی گەل و نەتەوە و دەوڵەت گرت، هەستم کرد ئەگەر کار بکرێ، دەکرێ وا بکەین کە کورد وەکوو نەتەوە (Nation) و کوردستان وەکوو دەوڵەت (State) لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکرێن. لەوێندەر، بەو زانیارییە سەرەتایییەی هەمە، هەوڵم دا کورد و کوردستان بناسێنم و بەرگری لەوە بکەم کە ئێمەش ئەو بنەمایانە (Criteria)مان هەس.
٦. ئاگاداربووم لە سەروبەندی ڕیفراندۆم مامۆستا مسعود عەبدولخالق لەو بوارە چەندان نووسینی بڵاو کردەوە. دڵنیام دەیان کەسی دیکە هەن لەو پێناوەدا کار و خەبات دەکەن. لەوانەی کە سەرنج و پێشنیاریان لەسەر ئەنجام-نە-دانی ڕیفراندۆم هەبوو، بەشەك لەوانە ڕەخنە بوو لە نەبوونی بنەما و پاڵپشتییە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان لۆ/لە ڕیفراندۆم. ڕیفراندۆم هەڵەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و، پارتی بەتایبەتی، بوو. ئاخر ئەوان بێ ئەوەی یەك هەنگاوی قانوونییان نابی لە ئاستە نێودەوڵەتییەکان ئەو هەنگاوە چەوتەیان نا و زیانی گەورەیان بە کوردستان و کوردستانیان گەیاند.
٧. لە وتارەکی شیکاری__ پتر سایکۆلۆژی__مدا لە ساری ٢٠١٧ ئەوەم دەرخستییە کە لەبەرچی زۆربەی تاکی کورد خواستی هەبوونی دەوڵەتی کوردستانی هەیە. لەوێندەر، ئەوەم دەرئەنجامگیر کردییە کە هەبوونی شوناسی نەتەوەییی بەهێز لەناو ناخی زۆرینەی کوردان وەکوو پێداویستییەکی وجودی سایکۆلۆژی (Psychological Entity/Identity) ئەو خواستە داخیلییە هەیە کە دەمانەوێ شوناسی نەتەوەیی و سەربەدەوڵەتبوونمان هەبێ. لەو وتارەدا جیاوازیی نێوان دەوڵەتی نەتەوە و دەوڵەتی نیشتیمانیم نیشان دایە. دەوڵەتی نەتەوە دەشێ بەرەو شۆڤێنیزم و فاشیزم و ڕاسیزم و ناسیۆنالیزم بخشێ، بەڵام دەوڵەتی نیشتیمانی فرە-نەتەوەیی و پێکەوەژیانی گەلانە لەسەر خاکەك--بەشێوەیەك هەمووان مافیان پارێزراوە-- بەشیوەیەکی ئاشتی و دیموکراسی. لۆیێ، ناوەکانی (دەوڵەتی کورد، دەوڵەتی کوردی) باش و درووست نین. لەباتی ئەوە، (دەوڵەتی کوردستانی، دەوڵەتی کوردستان) بەپەسندتر دەزانرێ. لۆ ئەوەی یەخەمان لە یەخەی پاشگری (ستان) ببیتەوە، دەشێ ناوی دیکە پێشنیار بکرێ، لۆ نمونە (کوردەوار، زاگرۆس، زاگرۆسەوار، زاگرۆسار، کوردار، شاخی، ماد، هتد). پاشان، هەر گەل (Ethnicity)ێك، دەکرێ مافی خۆپێناسندن هەبێ، لەوانە (کورد، ئاشووری، تورکمانی، هتد).
٨. لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیان پێ گۆتم کە ئەپڵیکەیشن (Application) هەیە کە هەر گەلێك بیەوێ وەکوو گەل یاخودیش وەکوو نەتەوە داوای ئەندامبوون بکا لە نەتەوە تەکگرتووەکان. لەوێندەر دوو ئەنجومەن هەن. ئەگەر ڕێژەی قبووڵبوونی ڕەزامەندیی ئەو ئەنجومەنانەی وەرگرت، ئەوا دەبێتە ئەندام وەك گەل یاخود نەتەوە. ئەگەر دیقەت بدەین، کورد بنەمایەکانی گەل و نەتەوەی هەیە. لۆ وەرگرتنی ڕێژەی ڕەزامەندی، دەکرێ پێش پێشکێشکردنی ئەپڵیکەیشنەکە، کورد هەوڵی بەدەستێنانی "بەڵێ"ی زۆرینەی ئەندامەکانی ئەو دوو ئەنجومەنە بدا و پاشان ئەپڵیکەیشنەکە پێشکێش بکا. لە ئێستادا، دەتوانرێ سوود لە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و فەڕەنسا، وەکوو نمونە، وەربگیرێ لۆ کەیسی کورد و کوردستان. نامەوێ دەیان سوودە قانوونییەکانی ئەندامبوون بنووسم، بەڵام ئەگەر تەنها ئەوە بکرێ، نوێنەری کورد دەتوانی کار لەسەر زۆر کەیس بکا، لەوانە کار بکا لەسەر کەیسەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و جینۆساید و سنووربەزاندن دژی کورد/کوردستان. ئەوانەش دەستکەوتی سیاسیی و قانونیی گرنگن.
٩. خۆبەخشانە ئامادەم لەو پێناوەدا دەگەڵ کەسانی دیکە کار بکەم کە لەو بوارەدا کار و خەبات دەکەن. لە ڕابردوو، هەمیشە بەحەزەر بوویمە تا لەگەڵ هیچ لایەنەکی حزبی و، ناڕاستەوخۆش لەگەڵ سێبەرەکانیان، کار نەکەم. بەڵام ئاگادارم و دڵنیام کە هەزاران کەسی پاك و دڵسۆز و سەربەخۆ هەن و ئامادەن کار بکەن. لەناویشیاندا، سەتان کەس هەن خۆبەخشانە کار دەکەن.
١٠. ئاشکرایە کە پسپۆڕیم لە یاسا و یاسای نێوەدەڵەتی نییە. ئەوەی کردم و نووسیم و خواستی کارکردنم تێیدا هەیە تەنها لەبەر ئەرکی کوردبوون و کوردستانیبوون و، خەمخۆریمە. چی دی نا. هیوادارم ئەوانەی شارەزایی و پسۆڕییان لەو بوارە هەیە کاری تێدا بکەن.
سەرنج:
بەستەری سەرچاوە و ئەپڵیکەیشنی ئەندامبوون و زانیاریی دیکە لە کۆمێنت دادەنێم.
................................
تێبینی:
ئەو نووسین و سەردان و وێنەیە هی دوو ساڵ پێش ئێستان. پاش ئەو بانگەوازە، تەنها دوو کەس لە هەولێرەوە لەسەر ئەو پرسە قسەیان دەگەڵ کردووم. بەداخەوە. ئەمن چاوەڕێی ئەوە بووم دەیان پسپۆڕ و شارەزایی یاسا و یاسای نێودەوڵەتی پەیوەندیم پێوە بکەن تا لەسەر ئەو پرسە پێکەوە کار بکەین. دیسان هەمان داوا دەکەمەوە: هیوادارم پێکەوە دەگەڵ کەسانی خەخمخور و شارەزای یاسا و یاسای نێودەوڵەتی دەستەیەك درووست بکەین لۆ کارکردن لەسەر ئەو پرسە گرنگە.
..................
وێنەکە:
هۆڵی ئەنجومەنی ئاشاییش (Security Council)ە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١ی ٤ی ٢٠٢٣.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست
کۆمێنت
Thursday, 03/04/2025, 20:59 Omar
huba huba huba wife and wife both is good