کەشتی ئاسمانی و بۆراقی (کەرە باڵدار)ەکەی پێغەمبەر!
Monday, 31/03/2025, 21:32
- ئایا تەکنیکی کەشتی ئاسمانی چۆن کار دەکات؟
- ئەی تەکنیکی کەرە فڕیوەکەی(بۆراق)ەکەی پێغەمبەر چۆن کاری کردوو؟
- تۆ بڵێی کەشتی ئاسمانی خێراتر بێت لە کەرە فڕیوەکەی (بۆراق)ەکەی پێغەمبەر؟
- تۆ بڵی جیاوازی لەنێوان کەشی ئاسمانی و کەری فڕیودا (بۆراقدا) چی بێت؟
- ئایا بەرزی ھەوا لە دەوری گۆی زەوی چەند کیلۆمەترە ؟
- تۆبڵێی کەرە فڕیوەکەی (بۆراقەکەی) پێغەمبەریش کەئەوەندە خێرا بووە، بەرگەی ئەو هێزی لێکخشاندنی ھەوایەی گرتبێت؟
- ئایا ھێزی ڕاکێشانی زەوی لەسە کەشتییە ئاسمانییەکان چەندە؟
- ئایا خودا لە کوێی ئاسمان دانیشتووە؟
- ئاخۆ بتوانیین پاشماوەی (کەری فڕیو)ش ببینین؟ وەک شارستانیەتە کۆنەکانی بابلی و میسری و ئاشوری؟
- تۆ بڵێی کامیان لە ڕاستی و عەقڵ و لۆژیک و زانستەوە نزیکتر بێت؟
زۆر جار کە کەشتیە ئاسمانیەکان دەبینم لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە چۆن بەرز دەبنەوە، ئەو پرسیارانەی سەرەوەم بەمێشکدا دەھات لەسەر بۆراقەکەی (کەرە فڕیوەکەی) پێغەمبەر و ئەکەوتمە خەیاڵێکی قوڵەوە (وەک مامۆستایەکی فیزیا و ئای تی)! ھەرچەندە بەراوردکردنی کەشتییەکی ئاسمانی و کەری فڕیو (بوراق) زۆر ئاڵۆزە! بەڵام جێگای سەرنج و سەرسوڕمانە! چونکە وەک موسوڵمانان دەڵێن: بەو کەرە فڕیوە ، پێغەمبەری موسڵمانان گەشتی کردووە لە کاتی ( ئیسرا و میعراج)دا، ئەو بۆراقە پێغەمبەری بردووە بۆ بەهەشت!
بەلای منەوە بەراوردەکەش ئاڵۆزە چونکە کەشتی ئاسمانی تەنێکی تەکنەلۆژی و بینراوە و بۆراق(کەری فڕیو) چەمکێکی ئایینی و نەبینراوە! لێرەدا چەند جیاوازی و لێکچوون و کاریگەری فیزیایی دەخەمەڕوو:
١ - تەکنەلۆجیا و زانست:
- کەشتی ئاسمانی: لەسەر بنەمای یاساکانی فیزیا کار دەکەن وەک پاڵنانی موشەکەکە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و سووتانی سووتەمەنی و داینامیکی ھەوایی و سیستەمی ئاڕاستەی جوڵاندنی کەشتیە ئاسمانیکە لە بۆشاییدا و پەیوەندی بێتەلی یان تەلەفۆنی کەشتیوانەکان لەگەڵ بنکەکانی سەر زەوی!
- بەڵام کەری فڕیو( بوراق): وەکو تەنێکی خەیاڵێ و نا سروشتی وەسف دەکرێت! وەک دەڵێن بۆراق خێراتریش بووە لەوەی چاو هەستی پێ کردووە! وە هیچ جۆرە پاڵنەرێکی میکانیکیشی نەبووە! و کەسیش نەیبینیوە، تەنھا پێغەمبەر خۆی نەبێت! (واتە پێغەمبەر شاھیدی نەبووە ھەر خۆی باسی کردووە، لە ئیسلامیشدا وەک دەڵێن ویچ شتێک بە بێ شاھید نابێت!).
- کەواتە جیاوازیەکە لەم خاڵەدا: کەشتی ئاسمانی شتێکی تەکنیکی ئاڵۆزی دروستکراوە و بەرھەمی لێکۆڵینەوەی ساڵەھای ساڵی زاناکانە، لەکاتێکدا (کەری فڕیو) ئامرازێکی ڕۆحی و غەیبی ( خەیاڵی)یە بۆ گواستنەوەیە!
٢ - خێرایی کەشتییە ئاسمانییەکان و کەری فڕیو:
- خێرایی کەشتییە ئاسمانییەکان: موشەکە مۆدێرنەکان، وەکو سەتورن(زحل) V، خێراییەکانیان دەگاتە ٤٠ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا! لە ڕووی تیۆریشەوە لەوانەیە کەشتیە ئاسمانیەکان نزیک ببێتەوە لە خێرایی ڕووناکی (نزیکەی ٣٠٠ هەزار کم/چرکە)، ئەوەش لەوانەیە لە داهاتوویەکی دوردا دروست بکرێت!
- خێرایی کەری فڕیو (بوراق): بەگوێرەی ئەفسانەی موسڵمانان، کەرە فڕیوەکە توانیویەتی مەودایەکی یەکجار زۆر لە ماوەی زۆر کورتدا ببڕێت (لە مەککەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا لە قودس! کە ئەو کاتە قودس ھەر مزگەوتی لێ نەبووە چونکە ئیسلام نەبووە ھەتا مزگەوت ھەبوبێت! وە لەوێشەوە بۆ ئاسمانەکان (حەوت تەبەقەی ئاسمان)، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بە شێوەیەکی نافیزیکی بەبێ سوتەمەنی و بەشێوەیەکی زۆڕ خەیاڵی فڕیوە! بەڵام ئایا ئەمە نزیکە لە عەقڵ و لۆژیکەوە؟ ئەوەیان، وەڵامەکەی بۆ عەقڵی ئێوەی خوێنەڕ بەجێ دەھێڵم بۆ لۆژیکی دینبازەکانیش!
- کەواتە جیاوازیان لە خێراییدا: خێرایی بوراق بە شێوەیەکی بێ سنوور گەورەتر بووە! لە هەر کەشتییەکی ئاسمانی ئەمڕۆی تەکنۆلۆجیا و زیرەکی دەستکرد و وە لایەنە تیۆریەکانیش!
٣ - هێزی لێک خشاندنی هەوا:
ھێزی لێکخشاندنی هەوا، ئەو هێزە بەرگرییەیە کە تەنەکان توشیان دەبێت، لەکاتی جووڵەیاندا لە بەرگەهەوادا، بەوەش تەنەکان خاو دەکەنەوە. ئەم هێزی لێکخشاندنەش پەیوەستە بە:
- خێرایی (هەرچەندە تەنەکە خێراتر بێت، ئەوا
ھێزی لێکخشاندن یان بەرگری ھەوا زیاترە)
- شێوەی تەنەکان(شتە قوچە ڕێکخراوەکان بەرگری ھەوایان کەمترە)
- چڕی هەوا (ھەتا بەرزتر بینەوە لە بەرگەهەواوە، ئەوا چڕی هەوا کەمتر دەبێت و بەو هۆیەوە بەرگریش کەمتر دەبێت)
ئەگەر بوراق لە ڕووی فیزیکییەوە بوونی هەبوایە و بە خێراییەکی زۆر بەناو بەرگەی هەوادا بجوڵایە، ئەوا تووشی بەرگریەکی زۆر دەبوو بەھۆی ھێزی لێکخشاندنی ھەواوە و شێوەی بۆراقەکە و شێوەی پێغەمبەر خۆشی وەک مرۆڤ ! ئەمەش دەبێتە ھۆی:
- ھێزی لێکخشاندنی هەوا، گەرمی دروست دەکات (وەک گەڕانەوەی کەشتییەکی ئاسمانی بۆ سەر زەوی). واتە ئەو کاتە بۆراقەکەو کەسەکەی سەر پشتی (واتە پێغەبەر) دەسوتان!
- دروست بوونی دەنگێکی گەورە لەکاتی شکاندنی بەربەستی دەنگ (وەک لەفڕۆکەی جەنگیدا دەبیسترێت). بەڵام بۆراق دەنگی لێوە نەھاتووە و بە پسکەو بە نھێنی و کەسیش پێی نەزانیوە بەرزبۆتەوە!
- خێرایی زۆر، دەبێتە ھۆی تێکدان یان تێکشکاندنی تەنەکان! کەواتە دەبوایە بۆراقەکە و مرۆڤی سەر بۆڕاقەکەش بەو خێراییە، پارچەپارچە بونایە و بسوتانایە!
- ئاخۆ بەرگری هەوا و ھێزی لێکخشاندنەوە بۆ سەر کەشتییەئاسمانییەکان و بۆراق چەندە؟
- لە کاتی هەڵدانیدا : کەشتییەکی ئاسمانی دەبێت بەرگەهەوا بشکێنێت و دواتر لە دەوروبەری بەرزی ١٠- ١٥کم (کە بە "Max Q" ناسراوە) ڕووبەڕووی زۆرترین بەرگری هەوا ببێتەوە! کەشتییە ئاسمانیە مۆدێرنەکان بە شێوەیەک دروستکراون کە بەرگری ھەوا، کەمترین کاریگەری لەسەریان ھەبێت!
- بەڵام ئەگەر شێوەی بۆراق و پێغەمبەر ھەر وەک خۆیان بن، ئەوا بەرگری ھەوایان زۆر لەسەر بووە!
- لە بۆشایی ئاسماندا: هەوا لە بۆشایی ئاسماندا نییە! بۆیە بەرگری ھەواش نییە، چونکە لێکخشاندنی هەوا نییە. کەواتە لەو بەرازییەی ئاسماندا ، کەشتییەکی ئاسمانی بەبێ وزەی زیادە ، دەتوانێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بجوڵێت!
- بەڵام ئاخۆ بۆراق و پێغەمبەر چۆن بەبێ ھەوا توانیویانە گەشت بکەن لەو بۆشاییەدا و ھەناسەش نەدەن؟
- لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ناو بەرگی هەوا: بەرگری و ھێزی لێکخشاندنی ھەوا زۆر گەورەیە! ئەوەش دەبێتە هۆی گەرمییەکی زۆر (تا ١٦٠٠ پلەی سەدی)، بۆیە کەشتیە ئاسمانیەکان پێویستیان بە قەڵغانی پاراستن لە گەرمی هەیە!
- بەڵام مرۆڤ (پێغەمبەر) و بۆراق (کەری فڕیو) بەرگەی زیاتر لە٦٠ تا ٧٠ پلەی سەدی ناگرن! چۆن توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی و نەسوتاوون؟
- کەواتە جیاوازیەکەیان : کەشتییەکی ئاسمانی دەبێت بەھۆی تەکنیک و زانستەوە بەسەر بەرگری و ھێزی لێکخشاندنی هەوا و پلەی گەرمی بەرزدا زاڵ بێت! لەکاتێکدا کەری فڕیو (بۆراق) بە فڕینە زۆر خێراییەکەی ناسوتێت و بێزار نابێت و تێکیش ناشکێت و ھەناسەش نادەن! کەواتە، ئایا ئەوە ڕاستیە؟ وەڵامی ئەو مەتەڵە بۆ بەڕێزتان بەجێ دەھێڵم !
٤ - بەرزی ھەوای دەوری گۆی زەوی:
- ئایا زەوی چەند کیلۆمەتر هەوای لە دەوردا هەیە؟
بەرگەهەوای زەوی بەسەر چەند چینێکدا دابەشکراوە:
- ترۆپۆسفێر ( سفر تا ١٢ کم): کەش و هەوای زەوی لەو شوێنەدا ڕوودەدات!
- ستراتۆسفێر ( ١٢ تا ٥٠ کم): چینى ئۆزۆن لێرەدایە.
- مێزۆسفێر ( ٥٠ تا ٨٥ کم): نەیزەکەکان لێرەدا دەسوتێن.
- تێرمۆسفیر ( ٨٥ تا ٦٠٠ کم): لێرەدا ڕوناکی جەمسەرەکان (بەستەڵەکەکان) ڕوودەدات.
- ئێگسۆسفێر ( ٦٠٠ تا ١٠ ھەزار کم): لێرەدا گواستنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان ڕودەدات
٥ - ئاخۆ خودا لە کوێ دابنیشێت؟ ئایا ئەو لەسەرو ئاسمانەوەیە؟
ئەمە پرسیارێکی تیۆلۆژییە کە بەپێی باوەڕ دەگۆڕێت. لە ئیسلامدا خودا (الله) بەم شێوەیە وەسف کراوە:
- لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە! بەڵام لە ڕووی فیزیکییەوە بونی نییە!
- ئایا سنووری ئاسمان لەکوێیە؟ خودا سنوردار نەکراوە بە شوێنێکی فیزیکی دیاری کراو وەک ئەوەی کە دەڵێن (کە خودا لە سەرووی ئاسمانەوەیە) هەندێک دەقی ئایینی ئاماژە بە (بەهەشت) یان (عەرشێک لە سەرووی ئاسمانەکانەوە) دەکەن! بەڵام ئەوە شوێنێکی دیاری کراو نییە و بەرزیەکەشی نەزانراوە و بەرجەستە و فیزیکیش نییە؟
- کەواتە وەڵامی ئەم پرسیارنەش بۆ موسڵمانان، بەجێ دەھێڵم و مکیاجەکەشی بۆ دینبازەکان!
٦ - بینینی کەشتییەکی ئاسمانی و کەری فڕیو:
- کەشتی ئاسمانی : تەنێکی فیزیکییە، بە چاوی ڕووت دەبینرێت و وێنەی دەگیرێت و دەتوانرێت دەستی لێ بدرێت و کەرەستەی پێوانەکراوی تێدایە وەک ڕادار و تەلەسکۆپ و چەندەھا ئامێری ووردی زیرەکی زانستی تریش!
- بینینی کەری فڕیو: هەرچەندە وەک بوونەوەرێکی بەرجەستە وەسف دەکرێت، بەڵام ئەو کەرە فڕیوە سروشتی نەبووە و ملکەچی یاساکانی سروشتیش نەبووە وەک ئەوەی زانست دەیناسێت! ھەروەک ھێزی کێشکردنی زەوی و ھێزی لێکخشاندنی ھەوا و بەکارھێنای سوتەمەنی و ھێزی پەیوەندی کردن و ئەوانی تر!
- کەواتە جیاوازیان چییە : کەشتییە ئاسمانیەکان ھەموو کەس دەتوانێت بیبینێت، لەکاتێکدا کەری فڕیۆ بە ووتەی موسڵمانان تەنها پێغەمبەر محمد و فریشتەکان بینیویانە! وە فریشتەکانیش نەبینراو بوون و ھیچ کەسێکی تریش نەیبینیوە وەک شاھیدێک باسی بکات!
٧ - ئاخۆ ڕاستی لە کوێدا بێت؟
- کەشتی ئاسمانی: بوون و کارکردنی بە شێوەیەکی بابەتیانەیە و لە ڕێگەی زانست و ئەزموونکردنەوە دیاری دەکرێت.
- بۆراق: لە چوارچێوەیەکی مەعنەوی و ئاینی ئیسلامدا بە ڕاست دادەنرێت! بەڵام لە ڕووی ئەزموونییەوە نیشان نادرێت یان نابینرێت یان پاشماوەی نییە! ھەروەک پاشماوەکانی میسری و بابلی و سۆمەری و ئەکەدی و یۆنانی و ئەوانی تر!
- کەواتە لە ڕوانگەی زانستیەوە: بوراق وەک باسکراوە، لە ڕووی فیزیکییەوە بە هۆی بەرگری هەوا و هێزی کێشکردن و خێراییەوە مەحاڵە و ناگونجێت! ئەگەر بۆراق هەبوایە، ئەوا تەکنەلۆژیایەکی دەبوو کە گەڵ یاساکانی سروشتی (یان یاساکانی فیزیای) دەگونجا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست