هێلکە لە مریشکە یان مریشک لە هێلکەیە؟ زاناکانی پەرەسەندن ئەم مشتومڕییە یەکلایی دەکەنەوە
Sunday, 23/03/2025, 18:14
ئایا سەرەتا مریشک هەبووە یان هێلکە؟ پرسیارێکە ماوەیەکی یەکجار درێژە گەلەک لە فەیلەسووف و زانا و بیرمەندانی تووشی سەرسڕمان کردووە، تا ئەو ڕادەیەی کاتێک پرسیار لە ئەریستۆی مەزنترین فەیلەسووف لە مێژوودا کرا، پاش هەوڵێکی زۆر دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەمەیان پرسیارێکی بێ وەڵامە.
لەم دواییانەدا داوا لە زانا و پسپۆڕانی بواری پەرەسەندن دەکرێت، بۆ وەڵام و ڕاڤەیەکی گونجاو لەبارەی ئەم مەتەڵە کۆنینە فرە ناسراوە.
هێلکە چییە؟
تەمەنی هێلکە نێزیکە لەگەڵ تەمەنی پەیدابوونی سەرەتاییترین زیندەوەرانی سەر زەوی، بەوەی جگە لە شیردەرەکان زۆرینەی ئاژەڵان هێلکە دادەنێن.
جوڵز هاوەرد (Jules Howard)، پەیامنێر و شارەزا لە ئاژەڵناسی و دانەری کتێبێک لەسەر پەرەسەندنی هێلکە بەناوی (ژیانێکی بێکۆتا) دەبێژیت: هێلکە باشترین شێوازە بۆ پەرەسەندن و گوێزانەوەی جینەکان بۆ بەرەی داهاتوو، ئەم پەرەسەندنەی هێلکە ئەگەری زۆرە پێوەندییەکی بەتینی هەبێ بە سەرهەڵدانی ژیان و بڵاوبوونەوە و پتربوونی جۆری زیندەوەران.
پێش بوونی زاوزێ و سێکسکردن و پاشان دانانی هێلکە، بوونەوەرە زیندووەکان لەڕێی دابەشبوون و خۆلەبەرگرتنەوە زۆر دەبوون، بەمەش گەلەکیان لەناو دەچوون، لەبەرئەوەی تاکەکانی جۆرەکان هەموویان یەک تایبەتمەندی جینەکییان دەبێت، تا ڕادەیەکی زۆریش خاوەنی هەمان تواناکانی بەرگریکردنن بەرانبەر بە نەخۆشییەکان و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان.
گومانی تێدا نییە لە کۆندا هێلکە تەواو جیاواز بوو لەوەی ئەمڕۆکە پێی دەڵێین هێلکە، دەشێ ئەو دەمە بۆ یەکەمین جار لەلایەن جۆرێک لە لالەی دەریاوە دانرا بن، یاخۆ بوونەوەرێکی هاوشێوەی کرمەکانی سەرەتای مێژووی ژیان.
بە گوتەی هاوەرد، هەڵکۆڵدراوەکانی لە چیندا دۆزراونەتەوە (پێش 600 ملیۆن ساڵ)، ئاماژە دەدەن بە کۆمەڵە هێلکەیەکی یەکجار ورد و بچووک هەر دانەیەکیان باریکتر بوو لە موو، هەڵ دەڕێژرانە ناو دەریاکان وەک هەورێکی شیریی، لەو کاتەدا هێلانە بوونی نەبووە و هێلکەکان لەناو ئاودا بڵاو دەکرانەوە و لە بنەبانی دەریادا دەنیشتنەوە.
کەواتە بابەتەکە پێش سەدان ملیۆن ساڵ بەم شێوەیە بووە، بەر لەوەی ژیان بوێری هەنگاونانی هەبێ بەرەو وشکانی، بۆیە دەکارین بەدڵنیایییەوە بڕیار بدەین هێلکە زۆر پێش مریشک پەیدا بووە.
بۆ ئێمەی پێمان وایە هێلکە تەنیا ئەو شتە سپییەیە و توێکڵێکی ڕەقی هەیە، ئەمە نابێتە وەڵامێکی دڵخۆشکەر. بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەر یەکێک تا ئێرە گرەو لەسەر مریشک دەکات، دەبێ بزانێت مێژووی یەکەمین هێلکەی توێکڵ ڕەق گەلەک کۆنترە لە یەکەمین مریشک (هەرچەندە لە پرۆسەی پەرەسەندندا یەکەمین جۆر بوونی هەیە نەک یەکەمین تاک).
خانمە دکتۆر ئێلن مازەر (Ellen Mather)، زانای هەڵکۆڵدراوەکان و پسپۆڕ لە باڵندەی کۆن دەڵێت: "ئەگەر مەبەستمان هێلکە بێت بە شێوەیەکی گشتی، ئەوا بەبێ گومان وەڵامەکە هێلکەیە."
مریشک چییە؟
پێشینەی یەکەمین جۆری مریشکی ماڵیی بەر لە نێزیکەی 50 ملیۆن ساڵ لە پەلەوەرێکی سووری کێویلەی جەنگەڵەکانەوە پەرەی سەندووە، پێی دەگوترێت گالس گالس (Gallus gallus).
زاناکان لەڕێی لێکۆڵینەوەکانیانەوە لەو باوەڕەدان، ئەو دەمەی مرۆڤ دەستی پێ کردووە بە لابردنی دارستانەکان و خۆشکردنی زەوی بۆ چاندنی برنج و هەندێ جۆرە دانەوێڵەی، ئەو پەلەوەرانە لە لێواری کێڵگە نوێیەکان کۆ دەبوونەوە. بە تێپەڕبوونی ماوەیەک پەلەوەرەکان ڕا هاتن و خۆیان گونجاند لەگەڵ دراوسێیە نوێکانیان، تا گەیشتە ئەوەی مرۆڤ کۆمەڵەیەک لە جووجەڵەکانی ئەوانە بەخێو بکات. لە دواییدا ئەمە بووە هۆکاری گۆڕانی هەندێک لەو باڵندانەی دارستانەکان بۆ جۆرێکی نوێی ناسراو بە مریشکی ماڵیی، یاخۆ دەستەمۆکراو (Gallus gallus domesticus).
تۆژینەوە زانستییەکانی پێشوو وای بۆ دەچن، یەکەمین مریشکی ماڵیی ڕاستەقینە پێش 10.000 ساڵ پەیدا بووە. بەڵام دەرەنجامی شیکردنەوە و پشکنینەکانی دواتر پێمان دەڵێن، زۆرێک لە نموونە گریمانەکییەکانی "مریشک"، لەڕاستیدا سەر بە باڵندەی کێویلەی وەک مراوی بوونە.
تۆژینەوە هاوچەرخەکانیش دەری دەخەن، مرۆڤ لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا هەڵساون بە پەروەردە و بەماڵیکردنی ئەو پەلەوەرانە بۆ یەکەمین جار لە ساڵانی نێوان 1650 تا 1250ی پێش زایین، واتە ئەگەر بەلایەنی زۆرەوەش وەربگرین تەمەنی مریشک خۆی لە 3500 ساڵ دەدات.
کامەیان پێشتر هەبوونە، دیناسۆر یان هێلکە؟
ئاماژەمان پێی دا تەمەنی مریشک تەنیا چەند هەزار ساڵێکە، لەولاوەش هێلکە مێژووەکەی بۆ ملیۆنان ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە.
دکتۆر مازەر بۆ ئەمە دەبێژێت: "یەکەمین هێلکەکانی لەسەر وشکانی لەلایەن خشۆکە سەرەتایییەکانەوە دانران، لە دوا ساتەکانی چاخی کاربۆنی بەر لە 385 تا 298 ملیۆن ساڵ." وا پێ دەچێت ئەو هێلکانە توێکڵێکی نەرمیان هەبووبێ، وەک هێلکەی خشۆکەکانی ئەمڕۆکەی هاوشێوەی مارەکان.
مازەر ڕوونی دەکاتەوە، هێلکەی توێکڵی ڕەق لە سەرەتاکانی چاخی جوراسیدا بەدەر کەوتوون، ئەوانیش هێلکەی دیناسۆرەکان بوونە. هێلکەیەکی بەردینیی دیناسۆرە مل درێژەکان دۆزراوەتەوە، هی ئەو جۆرانەیە کە سەر بە کۆمەڵەیەکن لەناویاندا برۆنتۆسورس و دیپلۆدۆکس (Brontosaurus، Diplodocus) هەن، بە مێژووەکی 195 ملیۆن ساڵ، ئەوانەی لە شێوەی هێلکەکانی باڵندە و خشۆکەکانی ئەم سەردەمەن.
لەم دوایییانەشدا، زاناکان ڕووبەرێکی تایبەتی هێلکەدانانیان دۆزییەوە، 91 لانەی تیتانۆساورەکان (Titanosaur) و 256 هێلکەی تێدا بوو، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێزە کە ئەو بوونەوەرە زلانە پێکەوە و لە نێزیک یەکەوە هێلانەیان دادەنا وەک باڵندەکان. کەواتە ئەگەر پشکنینەکانمان بۆ بوونی هێلکە تەنیا لەوەی باڵندەکان دایان ناوە کورت بکەینەوە، دیسانەوە مریشک دۆڕاو دەبێت بە پتر لە 100 ملیۆن ساڵ.
دەوروبەری 150 ملیۆن ساڵ یەکەمین باڵندە بەناوی ئەرکیۆپتریکس (Archaeopteryx) لە دیناسۆرەکانەوە پەرەی سەندووە، بەرانبەر بەوە یەکەمین هێلکەی بەبەردبوو بەڕای زانایان باڵندەیەک دای ناوە بۆ 127 ملیۆن ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، واتە بۆ چاخی گەچینی سەرەتایی.
دەرەنجام بەگوێرەی پەرەسەندن دەتوانین بڕیار بدەین، بەبێ هیچ گومانێک کە هێلکە گەلەک پێش مریشک هەبووە.
مریشک یان هێلکەی مریشک؟
دکتۆر مازەر دەڵێت: "بە زانینمان لە مەبەستی پرسیارەکە، دەشێ هەردوو وەڵامەکان ڕاست بن."
واتە جگە لە پرسیار کردن لەوەی مریشک یان هێلکە یەکەم جار پەرەی سەندووە، شێوازە پتر کلاسیکییەکەی پرسیارەکە بەم جۆرەیە: کامەیان پێشترن مریشک، یاخۆ هێلکەی مریشک؟
مەتەڵە ڕوونەکە لێرەدا ئەوەیە، ئێمە پێمان وایە هیچ مریشکێک خۆبەخۆ بوونی نییە و هەردەبێ لە ترووکانی هێلکەی مریشکێکەوە هاتبێ، ئەویش بێگومان هەردەبێ لەلایەن مریشکێکەوە دانرابێ. بەڵام بە تێگەیشتنێکی هاوچەرخانە لە پەرەسەندن، دەزانین بابەتەکە بەم شێوەیە نییە.
جۆرەکانی مریشک هاوشێوەی زیندەوەرانی دی، کۆمەڵەیەکی چەسپاو و نەگۆڕ نین لە کۆن و داهاتوودا وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵکوو بەرەبەرە دەگۆڕێن لەبەر بوونی کاریگەرییەکانی فشاری ژینگە و چەندان میکانیزمی جۆراوجۆری پەرەسەندن.
ئەمەش واتاکەی ئەوە دەگەینێت، لە سات و سەردەمێکی دیارکراودا کۆمەڵەیەک لە باڵندەکان وەستاون لەوەی بە باڵندەی کێویلە دابندرێن و دەستیان بەوە کردووە ببنە مریشک.
بە ڕای دکتۆر مازەر، یەکەمین مریشکی ڕاستەقینە لە ترووکاندنی هێلکەی باڵندەیەکی سووری جەنگەڵی نیوچە ماڵیی پەیدا بووە. بە دەربڕینێکی دیکە، دەبێ یەکەمین مریشکی ڕاستەقینە لە هێلکەیەکەوە هاتبێتە دەر، پێش ئەوەی هێلکەیەکی مریشکی ڕاستەقینە دابندرێت.
دوا جار خانمە دکتۆر مازەر گوتەکانی لەم دێڕەدا کورت دەکاتەوە: "ئەگەر پرسیارەکە بەچاکی ڕاڤە بکرێت وەک ئاماژەیەک بۆ هێلکەی مریشک، ئەوا وەڵامی کۆتاییمان دەبێتە مریشک."
سەرچاوە؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست