کوردایەتی لە نێوان حەماسەتی ساختەی پارتی و پشتلێکردنی بێ گیانی پەکەکە

Tuesday, 18/03/2025, 20:38


هەموو لایەك دەزانن کە پارتی لە ناو کوردستان زیاتر لە هەموو حزبەکانیتر هاشوهوشی کوردایەتی دەکات، بە بەردەوامی هەوڵی بەرزکردنەوەی حەماسەتی کوردایەتی دەدات، تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن ئەوانەی لە دوورەوە دەیناسن، یان هەر نایاناسن بۆتە ڕدێن سپی کوردایەتی!
بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو خۆ خەریکردنەی پارتی بە کوردایەتی، و کردنی بە وێردی سەر زمان، ئەوەی تۆزێک ئاگادار بێت دەزانێت، پارتی لەسەر حیسابی کوردایەتی دەژێت، نەک بۆ کوردایەتی بژێت. ئەوەندەی پارتی زەبری لە خەباتی کوردایەتی داوە، لە زۆر ڕەهەندا دەتوانین بڵێین دوژمنە سەرسەختەکانی کوردیش زەبری وای لە کورد نەداوە.
تاڵانکردن و بازرگانیکردن بە نیشتیمان و تەعریبکردنی خۆبەخشانە و برسیکردنی خەڵک و فەرهودکردنی هەتا مووچەی نابینا و کەمئەندام و تەواوی فەرمانبەران، و خۆ بە ملیۆنێر وملیاردێر کردنی سەرانی پارت و بنەماڵە و قەڵاچۆکردنی فەرهەنگ و داب و نەرێتی ڕەسەنی کوردی و ڕێگادان بە کلتوری عەرەبی دینی بۆ سڕینەوەی کلتوری ڕەسەنی کوردی، و کوشتنی هەموو سۆز و هیوایەک بۆ خەباتی کوردایەتی هەقیقی، چەند نموونەیەکن لەو سیاسەتە تێکدەرانەی کە پارتی وەک دەمڕاستی کوردایەتی پەیڕەوی دەکات!
لە لایەکیتر ئێمەی کورد پەکەکەمان هەیە، وەك حزبێکی پڕ لە دیسپلین و ڕێکخراو و دوور لە گەندەڵی و شڕەخۆری و خەباتگێڕ و خاوەنی جەنگاوەری پیاو و ژنی زۆر ئەفسانەیی و  مرۆڤ دۆست و ژینگە دۆست و ڕەچاوکەری مافی ئافرەتان و دەیان سیفاتی باشتر، بەڵام!
ئەوەی مرۆڤ زۆر نیگەران دەکات لە پەکەکە، ئەوەیە بەقەد ئەو گەرمیەی پارتی هەیەتی بۆ خەباتی کورد و کوردایەتی، ئەوان ساردن بە قەد ئەو گەرمییە! هیچ هەست بە جەماوەرە کوردیەکەیان ناکەن کە چی دەوێت، یان تێیدەگەن بەڵام بە هەندی وەرناگرن!  خەباتکردن بۆ هێنانەدی کوردستانیکی ئازاد و ڕزگرکردنی کورد لە هەیمەنەتی تورکی هیچ باسوخوازێکی ڕاشکاوی نییە لە ئەدەبیاتی پەکەکە و فیکری قائید! ئەگەر گەریلاکانی جلی کوردیان لەبەر نەبوایە، جەماوەرەکە نەشیدەزانی کە کوردن!
پەکەکە هێندەی خەریکە بە برایەتی گەلان و کۆنفیدرالیەتی گەلانی دیموکرات و ئەو قسە تیۆریانەن، لە سەدا یەکی ئەوە باسی کوردستان و کورد ناکات، من دڵنیاشم لە سەدا یەکی جەماوەرەکەشیان تێناگەن لێی!
ئێمەی کورد خەریکە لەناو دەبرێیین و تورك بە تایبەتی شەڕی ئیبادەت لەگەڵ دەکات، کەچی پەکەکە و ئۆجەلان لە پەیامەکەی باسی برایەتی کورد و تورك دەکات، کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ئیمپریالیزم لەوەتی هەیە گورز لەو برایەتیە مێژووییە دەدات! 
پەیامەکەی ئاپۆ دەڵێ:
"پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژوی زیاتر لە هەزار ساڵدا تورکەکان و کوردەکان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە بوونی خۆیان و لە دژی هێزە هەژموونییەکان لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە، هەمیشە پێویستیان بەوە بینیوە کە بە دڵسۆزی لە ناو هاوپەیمانێتییەکدا بمێننەوە.  دو سەد ساڵی کۆتایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردوەتە ئامانجی خۆی..."
کام برایەتی ڕێبەر گیان؟! تەنها سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی لێ دەرچێ. دەنا لەوەتی تورك هاتوونەتە ئەو ناوچەیە هەر دوژمنی سەرسەختی کورد بوون! هەر کوردیان بە خزمەتکار قبوڵ بووە. برایەتی ئەوەیە ناوی کورد و کوردستان بێت، ناسکترین و بەدینترین و شەهادەدارترین نێر و مێی تورك ڕوویان گرژ بێ؟!
برایەتی تورك و کورد لەوەدایە کە وەك نۆڤلستێکی ناوداری تورك ئیعتیرافی کرد، کە لە باخچەی منداڵانەوە منداڵە تورك فێردەکەن ڕقی لە کورد و کوردستان بێت؟! برایەتی لەوەدایە یەك قوتابخانەی سەرەتایش بە کوردی نەبێ؟! ئەو حالەتە نوێش نییە تا بڵێین ئاپۆ لێی بێ ئاگایە!
خەڵکی ئاسایی بە گشتی لەو وتارە بێ گیانەی بەدەر لە کورد و کوردایەتی پەکەکە تێناگات، هەتا ئەوانەشی تێشی دەگەن لەبەر چەندین هۆکار بێ دەنگی هەڵدەبژێرن، منیش یەکێكم لەوانەی لە زۆربەی کاتەکان بێدەنگیم هەڵبژاردووە بەرامبەر ئەو وتارە فانتازیەی پەکەکە، و زۆریش ڕەخنەم هەبووە و هەیە لێی و کەمم ڕەخنە لێی نووسیوە، نەک لە ترسان، بەڵکو بە هیوای ئەوەی ئەو واقیعەی تاڵەی کە تورك دروستی کردووە، لە شەڕی سەرتاسەری کورد و هاندانی هەموو جیهان لە دژی کورد، تۆزێ پەکەکە و ئۆجەلان بە ئاگا دەهێنێتەوە بۆ ڕزگاربوون لەو قسە و تیۆرە خەیاڵیانەی برایەتی گەلان و کۆمەڵگای دیموکراتێك و خەمخواردن و مشۆرخۆری بۆ تورك وعەرەب و عەجەم شان بە شانی کورد! 
بەڵام بەداخەوە وەك هەموومان سەرنجمان داوە، لە کاتێکدا پارتی و سەرانی بارزانی لە وتاری لامەرکەزیەت بۆ حوکمی زاتی و بۆ فیدڕالیزم و لە کۆتایی بۆ سەربەخۆیی بازی دا [با لە ئاستی ئەو کارەش دانەبووبێ!]
بە پێچەوانەوە پەکەکە لە بیرمە بە داواکاری کوردستانی گەورە دەستیان پێکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو داواکاریە کاڵ دەبێتەوە، تا گەیشتە نزمترین پلەی مافی کورد و کوردستان، کاتێ ئاپۆ لە زیندانەوە بڕیاری دا، کە پەکەکە ئامانجی خۆی تەواو کردووە، لەکارکەوتووە دەبێ چەکەکانی تەسلیم کات و خۆی هەڵوەشێنێتەوە! چونکە ئێستا دان بە هەقیقەتی کوردی نراوە!
لە پەیامەکە هاتووە:
" لە ساڵانی 1990ەکاندا، بەهۆی روخانی ناوخۆیی سۆسیالیزمی واقیعی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵات و گەشەسەندنی ئازادی بیروڕا، بوە هۆی ئەوەی کە پەکەکە واتای خۆی تێپەڕێنێت و خۆی زیاتر دوبارە بکاتەوە، بەم هۆیەوە ئەویش وەکو ئەوانی تر گەیشتوەتە کۆتایی ژیانی خۆی و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی هەیە."
 ئینجا ئیدانەی هەموو جۆرە مافێکی نەتەوەیی بۆ کورد کرد و گووتی:
"دەوڵەت - نەتەوە جیاوازەکان، فیدراسیۆن، خۆسەری ئیداری و چارەسەرییە کولتورییەکان کە ئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستی توندن، ناتوانن بۆ سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگای مێژویی ببنە وەڵام."
نەك هەر دەوڵەت بەڵکو چارەسەری کلتوریش ڕەتدەکاتەوە، کە ڕێکخراوێکی کلتوری دەتوانێ بەدەستی بێنێت لە هەر وڵاتێکی جیهاندا!
ئاپۆ هەموو ئاواتی کورد و کوردستانی لەوە چڕ کردەوە کە هاوڵاتیەکی ئاسایی و خاوەن مافی شەخسی خۆیان بن لە کۆمەڵگایەکی تورکی دیموکرات!
"ڕێزگرتنی ناسنامەکان، ئازادی بیروڕا، رێکخستنبونی دیموکراتیک، دروستکردنی کۆمەڵایەتی - ئابوری و سیاسی هەمو پێکهاتەکان، تەنها بە بونی کۆمەڵگا و بواری سیاسی دیموکراتی مومکینە."
ئەگەر دەڵێن ئەو پەیامە هی ئاپۆ نییە، ئەوە بەر لە هەموو کەس دەبێت پەکەکە بە بەیانامەیەکی ڕەسمی ڕەتیکاتەوە، نەك وا ڕۆژانە پێشوازی لێبکات و بڵێ هەموو ڕاسپاردەکانی جێبەجێ دەکەن! دە بەخوای گەورە ئەو ڕاسپاردانەی ناو ئەو پەیامەی کە دەڵێن هی ئاپۆیە، ئەردۆگان وباخچەلی و میتی تورکیش بیانووسیبا نەدەوێران بەو شێوەیەی بنووسن! 
تەنها سەرۆکێکی کورد، بە منێکی باڵای هەڵئاوساودا دەتوانێ وا بێ پرس وڕا بەکەس و بێ هیچ حیسابێك بۆ کورد بدوێ، چونکە زۆرجار ئەوەی بە دوژمن ناکرێ لە دژی کورد بە خودی کورد دەکرێ! هەر بۆیەش دەڵێم ناکرێ ئەو پەیامە هی خودی ئاپۆ نەبێ!
خۆزگە پەیامەکەی ئاپۆ هەر ئاڕاستەی باکووریش کرابا، ئێستا تورکەکانی ناو وەفدی ئیمڕاڵی دەڵێن پەیامەکەی ئاپۆ بۆ باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیشە وەك بڵێیت ئەو تەسلیمبوونە بۆ تورك هەقی ئەوەی پێبدات دەستوەرداتە ناو هەر چوار پارچەی کوردستان؟! ئەی ناڵێم ئەوەی کورد بەسەر کوردی دەهێنێ، دوژمن لەتوانای دا نییە بەسەری بێنێ؟!
ئێستا من نازانم بۆ ئێمەی کورد هەمیشە دەبێ بکەوینە بەردەم تۆ هەڵبژاردەی خراپ؟! ئێستا من بە ڕاستی نازانم کامەیان باشترە، ئەو تڕەکەلە کوردایەتیەی پارتی و بارزانی، کە وەڵامی ویست و ئاواتی هەموو کوردێك دەداتەوە، یان ئەونکوڵیکردنە لە هەموو مافێکی سیاسی کوردی پەکەکە و ئاپۆ، کە لە خوێن ساردی دوژمنانی کورد دەچێ؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help