بابەتی تر



لاپەڕە 1/241: 1 2 3 4 5 ... :: »

مەزڵوم عەبدی خەونی شاعیران ناڕەوێنێتەوە

Tuesday, 18/03/2025, 19:43


ئەمڕۆ لە باشور، سیستەم و خەڵکیی شانازی بە ئاڵا و بە دەستەواژەی کوردستانەوە دەکەن وەک دەستکەوتێک، بەڵام کولتور و ئابوری و بژێوی خەڵکی تەواو لە داڕماندایە، بەتایبەتی شوناسی کوردبوون لە ڕووی پەروەردە و هەستی خۆ بەکوردزانیی لە داکشاندایە، بێئومێدیی لە دوو خێزانی دەسەڵات، یەکیان خێڵەکی و ئەوی دیان گوایە پێشکەوتوخواز، ئیسلامی سیاسی لەو پەڕی گەشەسەندندایە، جگە لەوەی دەستێوەردانی تورکیا لە ڕووی کولتوریی و داگیرکاریەوە لە پەرەسەندندایە، کەسایەتی ئوزڵوم وا خەریکە وردە وردە دەبێتە نمونەی پەروەردەی ئەم جیلە، ئەگەر نا نوێژکردن و کولتوری ئیسلامیی بە بێ بەرنامجی حکومەت لە لایەن مامۆستاکانەوە بەسەر خوێندکاراندا سەپێنراوە، لەسەروی هەمووشیانەوە ئاستی نەخوێندەواریی زێدەترە، بە بێ ئەوەی باسی کێشەی موچە بکەین، خەڵکی بێزار بوون لەو سیستەمە و وا خەریکە ئاڵاو ناوی کوردستانیشیان لەبەرچاو دەکەوێت. بە کورتی سیستەمێکی تەواو نەخۆش و داتەپیوە لە هەموو ڕوویەکەوە لەبەر ئەوەی لەلایەن خەڵکی نەخوێندەوارەوە بەڕێ دەکرێ و ئامانجی کەسیی خۆیان خستۆتە پێش ئامانجی نەتەوەییانەوە.
بۆیەکا ئەو سیستەمەی باشور نەک نابێتە بنەمایەک بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو لە داهاتودا، بەڵکو ڕێگریشە.
ئەگەر ئێمە خەونی کوردستانێکی گەورە دەخوازین ئەوا ئەو ڕێککەوتنەی مەزڵوم عەبدی بە هیچ جۆرێک ڕێگریی ناکات لە خەونی شاعیران. گوایە لە ڕێکەوتنەکەدا باسی گەلی کورد یان دەستەواژەی کوردستان بەکار نەهاتووە و تەنها کۆمەڵگەی کوردی بەکار هاتووە، بڕواناکەم ئەمە کێشە بنێتەوە بۆ خەونی شاعیران، چونکا هیچ شتێک جێگیر نییە و هەموو شتێک لە گۆڕانکاریدایە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مەزڵوم عەبدی گووتی هەر هێزێک بتوانێت ڕێگریی بکات لە دەستێوەردان و بۆمبارانکردنکردنمان، ئێمە دەستخۆشی لێ دەکەین، ئیلهام ئەحمەدیش چەند جارێک دەستخۆشی لە ئیسرائیل کرد وەک هێزێکی دیموکراسی لە ناوچەکەدا بە مەبەسی هاندانیان، ئەم هەڵوێستەش نەک بوێرانە بوو بەڵکو هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەش بوو لە ناوچەیەکدا کە داننان بە ئیسرائیلدا ئەگەر بڤە بێت ئەوا بۆ کورد تاوانێکی گەورەیە،
بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی ڕێگریی لە تەعریبکردن و لە بۆمباران کردنی تورکیا بکەن. چونکا ئەگەر خەڵکانێک خەونی ئەوەیان دەدی کە هاوپەیمانان یان ئیسرائیل بۆمبارانی تورکیا بکەن ئەوا هەل و مەرجی سیاسی ڕێگە بەو پێکدادانەدا ناکات، ئۆردوگانیش ئەوە باش دەزانێت بۆیەکا نەڕەنەڕیەتی و هێرش دەکاتە سەر هەموو لایەک و بە ئاشکراش دەستێوەردان دەکات، نا نەخێر (حساباتی دەقیقە)ی نەکردوە، چونکا خەڵکی ساویلکە دڵیان بەوە خۆشە کە ئۆردوگان بە هەمان دەردی سەدام بڕوات. ئەمەیە خەونی شاعیران.
مەزڵوم عەبدی شەڕی کەرتڕێن ناکات، هەستی بەرپرسیاریەتی هەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەی بە پاراستنیان، بەرامبەر بە تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکان. ئەم ڕێککەوتنە بەلایەنی کەمەوە ئەو دوو خاڵە دەپێکێت، تۆی تیکتۆکچی و فەیسبوکچی لە پشت کۆمپیوتەرەکەتەوە پارێزراویت لە کوشتن و بۆمابارانکردن. جگە لەوەی ئەم ڕێککەوتنە پشتی ئەنەکەسە و بارزانی شکاند و دەوریان نامێنێت.
کوردان بە گشتیی سەریان سوڕماوە لەو ڕێکەوتنە و چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، تورکیاش ئەگەر بە ئەرێنی باسی دەکات و دەستخۆشی لێ دەکات ئەوا بە قازانجی ئەو ناشکێتەوە.
چاوەڕوانی چیتان دەکرد ؟
مەزڵوم عەبدی داوای کوردستانێکی سەربەخۆ بکات بە بێ گوێدان بە هەل و مەرجی ناوچەکە وەک پرۆژەی ڕێفراندۆم؟ کێ بەرگری لە پرۆژەیەکی کەرتڕێنی وەها دەکات؟
کەس نازانێت چی لە مێشکی ترەمپدایە! ئەمەریکا بە چ مەبەستێک و بۆ چ ئامانجێک کوردستانێکی سەربەجۆ دادەمەزرێنێت؟ یان چاوەڕوانی ئەوەتان دەکرد ئیسرائیل تورکیا بۆمباران بکات و دەوڵەتی کوردی دامەزرێنێت!!!
ئەمانە هەمووی خەونی شاعیرانن، گرنگ بنەمایەکی پتەوە بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی پتەو لە ڕووی کولتوور و پاراستنی خاکی کوردان دوور لە تەعریب و بەتورککردنیان، چونکا ئەم مەترسیانە ڕێگرن لە بەدیهێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ لە داهاتودا ئەگەریش خەونی شاعییران بێت.
ئەوی ڕاستی بێت بۆ بەدیهێنانی خەونی شاعیران، دەبێت خواوەندەکان کۆ ببنەوە. خواوەندەکانیش هەموو ڕۆژێک کۆنابنەوە. کاتێک کۆ دەبنەوە کە مرۆڤەکان دەنگە دەنگ زۆر دەکەن و بێزاریان دەکەن، ئەوسا ناچار کۆدەبنەوە و گۆڕانکاریەکی ڕادیکاڵانە دەکەن کە پێی دەڵین :
خەونی شاعیران.
وەک مەزڵوم خۆی گووتی: (هەتا ئێستاکە هەڵەی دیبلۆماسیمان نەکردووە). بڕواناکەم ئەم ڕێککەوتنەش هەڵەیەکی دیبلۆماسی بێت. من بە تەکتیکێکی زۆر ژیرانەی دەزانم دوور لە شیعاری باق و بریق و کرداری پڕوپوچ. ئەم ڕێککەوتنە تەواو هێزی ئارامی مەزڵوم عەبدیە و دەزانێت کاروانەکە بەرەو کوێ دەبات. مێژووش دەسیسەلمێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help