ئاخۆ ڕێکەوتن و ئەزموونی خراپی کورد لەگەڵ ڕژێمە لاوازکاندا چی بێت؟
Monday, 17/03/2025, 19:03
- ئاخۆ نیگەرانییەکانی بەشێک لەکۆمەڵگە بۆ ئەم ڕێکەوتنەی ڕۆژئاڤا دەبێت چی بێت؟
- بۆچی ئەو ڕێککەوتنە لەوانەیە مەترسیدار بێت بۆ کورد؟
- ئایا یاریکردن بە کاتەوە، یەکێکە لە ستراتیژیەکانی حکومەتە لاوازەکان؟
- ئایا کاریگەری ھێزە دەرەکییەکان، لەسەر ئەو ڕێکەوتنە چییە؟
- بۆچی ئەم ڕێکەوتنە دەکرێت پۆزەتیڤ و نەگەتیڤش سەیر بکرێت؟
- ئایا سوریا ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە کاتێک بەهێزتر دەبێت؟
- ئایا کورد دەبێت چی بکات؟
- ئاخۆ نیگەرانییەکانی بەشێک لەکۆمەڵگە بۆ ئەم ڕێکەوتنەی ڕۆژئاڤا دەبێت چی بێت؟
نیگەرانییەکانی بەشێک لە کۆمەڵگە بۆ ئەم ڕێککەوتنەی دوایی مەزڵوم کۆبانی و محمد جۆلان زۆر لە جێگەی خۆیدایە، ئەگەر لەپشتەوە بەیارمەتی ئەمریکیەکان شتی شاراوە لەبەندەکانیدا نەبێت! کە ئەو بەندە شاراوانە لەبەرژەوەندی کورد بێت! چونکە لەو ڕێککەوتنەدا باسی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و کۆنفیدراڵی تێدا نیە! وە باسی دابەشکردنی دەستەڵاتە سیاسی و یاسایی و ئابوری و سەربازیەکانیشی تێدانیە! کەواتە دەبێت ھۆشیارانە حساب بۆ ئەو ڕێکەوتنە بکرێت! لەڕاستیدا مێژووی دانوستان و بەڵێنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەکێکە لەو بەڵێنە دووبارەبووانەی کە زۆرجار شکێنراون! ئەویش لەگەڵ بەھێز بوون و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی حکومەتە ناوەندەکان بووە! ئەم پەشیمانیانەش وەک ڕێگا نەخشەیەکی لێھاتووە، لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریادا دووبارە بونەوەی زۆر دیارە! چونکە زۆرجار ئۆتۆنۆمی یان مافەکانی کورد بەشێوەیەکی کاتی ڕێگەیان پێدەدراوە بەڵام دواتر و دوای بەھیزبوونی دەستەڵاتی حوکومەتە ناوەندیەکان، بەڵێنەکان پێچەوانە کراوەتەوە و دەست کراوەتەوە بە دوبارە سەرکوت کردنەوەی کورد!
- بۆچی ئەو ڕێککەوتنە لەوانەیە مەترسیدار بێت بۆ کورد؟
- ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە ئەوا:
١ - لە ئێران، بەڵێنەکانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ دا:
لە قۆناغی لاوازی ئێران لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و لە ژێر کاریگەری یەکێتی سۆڤیەتدا، کۆماری مەهابادی کوردستان ڕاگەیەندرا. سۆڤیەتەکان بەڵێنی پشتیوانی بە کورد دا و حکومەتی ناوەندی ئێران (لە سەردەمی ئەحمەد قەوام سەرۆک وەزیران) وا دیار بوو بە شێوەیەکی کاتی قبووڵی کرد کە مەهاباد جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی هەبێت!
- بەڵام دواتر چی ڕوویدا؟
لەگەڵ کشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و بەهێزبوونی ئێران، سوپای ئێران لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦دا مەهابادی داگیرکرد، کۆماری کوردستانی لەناوبرد و سەرکردەکانی وەک قازی محەممەد لەسێدارەدرا!
- بەڵێنەکان شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ دا:
ئایەتوڵڵا خومەینی لە سەردەمی شۆڕش لە دژی بنەماڵەی شای پەهلەوی بەڵێنی دا کە هەموو نەتەوەکان بە کوردەوە لە ئێرانی ئیسلامی نوێدا مافی خۆیان دەبێت!. زۆرێک لە کوردەکان سەرەتا پاڵپشتی شۆڕشەکەی ئایەتوڵای خومەینیان کرد، بەو هیوایەی کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران دان بە مافە کولتووری و سیاسییەکانی کورد بنێت!
- بەڵام دواتر چی ڕوویدا؟
بەڵام ڕاستەوخۆ دوای شۆڕش، ململانێ سەریهەڵدا. خومەینی جیهادی دژ بە ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبردنی کوردی ڕاگەیاند و بزووتنەوە کوردیەکانی بە (دوژمنی ئیسلام) ناوبرد! سپای پاسدارانی ئیسلامیش شارەکانی کوردستانی وەک سنە و مەهابادی داگیر کرد! هەزاران کورد کوژران، ھیواکانی کورد بۆ مافەکانی لە ئۆتۆنۆمیدا بوون بەھەڵم! پارتە سیاسییە کوردییەکانی وەک کۆمەڵە و دیموکرات قەدەغە کران و دایانە شاخ و پاشان لە ئێرانیش نەمان و ڕاونران بۆ ھەرێم!
٢ - لەعێراق، بەڵێنەکانی حیزبی بەعس:
لەعێراقدا دانوستانی ساڵی ١٩٧٠ کرا لە نێوان کورد و حوکومەتی عێراقدا! وە بەڵێنەکانی عێراق بۆ ئۆتۆنۆمی لە ساڵی ١٩٧٠ دا ئیمزا کرا! وە لەساڵی ١٩٧٤ ئەو بەڵێنە نەبرایە سەر و شەڕ لەنێوان کوردو ڕژێمی عێراقدا دەستی پێ کردەوە! ڕژێمی عێراق نەیتوانی ھێزی پێشمەرگە تێک بشکێنێت لە ڕێگای سەربازیەوە!
- بەڵام دواتر چی ڕوویدا؟ ناچار عێراق ھانای بۆ ڕێکەوتنی جەزائیر بردو بە ڕێگای سیاسی شۆڕشی کوردی تێک شکاند! ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دا ئیمزاکرا، کە عێراق و ئێران لەسەر حیسابی کورد ڕێککەوتنیان کرد، ئەمەش کارەساتێکی قورسی لێکەوتەوە! وەک ئاشبەتاڵی بە ھێزی و شۆڕشی پێشمەرگە کورد کرد! ئەمەش بووە ھۆی ووێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی خەڵکەکەی و دەربەدەرکردنی ھەندێک لە خەڵکی کوردستان بۆ باشوری عێڕاق!
-بەڵێن، لەژێر ئەزمونی شیعەی عێراق دا: حکومەتی سەدام حوسێن لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ کەوت! بەوەش پۆڵ بریمەر لە مانگی ئایاری٢٠٠٣ دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقیان دا. ئەو کاتە حوکومەتی عێراق و شیعەکان ھێزی سەربازی نەبوو! کەچی ئێستا ھەر گروپێک سوپایەکی خۆی ھەیە و مەترسیشیان بۆ ھەرێم و عێراقیش ھەیە!
- بەڵام دواتر چی ڕوویدا؟ ئێستا گروپە چەکدارەکانی حوکومەتی شیعەکان ھەر ڕۆژەی مشکیلەیە بۆ ھەرێم و ناوچە دابڕاوەکان دروست دەکەن! ئەگەر بۆشیان بلوێت ھێرش دەکەنە سەر ھەرێم و داگیری دەکەن!
٣ - لەتورکیا، بەڵێنەکانی پرۆسەی ئاشتی ئاکەپە لەساڵی٢٠٠٩ دا
لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاکەپە (پرۆسەی ئاشتی)ی لەگەڵ پەکەکە دەستپێکرد و بەڵێنی چاکسازی سیاسی و کولتووری دا، ھەتا بواری زیاتر بدرێت بە زمان و کولتووری کوردی و وە دانوستانیش سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی و یەکخستنی خەباتکارانی کورد.
- ئاخۆ دواتر چی ڕوویدا؟
- لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥ کە پارتی هەدەپەی لایەنگری کورد سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەردۆغان پەشیمان بووەوە و دژی بزووتنەوەی کورد وەستا! بەوەش پرۆسەی ئاشتی لەناکاو کۆتایی هات!
- شارەکانی ناوچە کوردنشینەکانی وەک سیزرێ، نوسەیبین و سور گەمارۆ درا و وێران کران!
- هەزاران چالاکوان و سیاسەتمەداری کورد لە نێویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش دەستبەسەر کران!
- سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و کەسانی لایەنگری حکومەت لە شوێنی ئەوان دانران!
٤ - لە سوریا، لە خودی سوریاشدا ڕژێمی ئەسەدیش بۆ دەیان ساڵ کوردەکانی پەراوێز کرد بوو! ھەتا کوردەکان بۆیان نەبوو کە ناسنامەی سوریاش وەربگرن!
- ئایا یاری کردن بە کاتەوە، یەکێکە لە ستراتیژیەکانی حکومەتە لاوازەکان؟
لەوانەیە ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن حکومەتی سوریا و مەزڵوم کۆبانیەوە وەک هەنگاوێکی کاتی بێت بۆ چەسپاندنی کۆنتڕۆڵ و دروستکردنی ئارامی لە ئێستای سوریادا! وە ھەرکاتێک کە دەسەڵاتی ناوەندی بەهێزتر بوو، ئەوا مەترسی ڕاستەقینە هەیە کە حکومەت پەشیمان بببتەوە لە بەڵێنەکانی (کە ناوەرۆکەکەشی زۆر لاوازە)و مافەکانی کورد نەدات و دەست بکاتەوە بە سەرکوت کردنی کورد! بۆچی؟
- فشاری تورکیا:
تورکیا کاریگەری زۆری لەسەر سیاسەتی سوریا هەیە و بەتوندی دژی ئۆتۆنۆمی کوردە! ئەمەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات کە کاتێک دەستەڵاتی سوریا بەهێزتر بوو، دەست بکاتەوە بە سەرکوتکردنی کورد و پەشیمان بونەوە لە بەڵێنەکانی، ئەویش لەژێر فشاری تورکیادا.
- ئایا کاریگەری ھێزە دەرەکییەکان، لەسەر ئەو ڕێکەوتنە چییە؟
دەستەڵاتی سوریا پشت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تورکیادا دەبەستێت، وە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕوسیاش هەردووکیان بەرژەوەندی ئاڵۆزیان لە ناوچەکەدا هەیە. ئەگەر ئەم دینامیکییە بگۆڕێت، پێگەی کورد دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت!
- بۆچی ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت پۆزەتیڤ و نەگەتیڤیش سەیر بکرێت؟
- دانپێدانانی فەرمی: بۆ یەکەمجار هەندێک دانپێدانان دابین دەکرێت بە مافە مەدەنییەکانی کورد لە سوریا کە لە ڕووی مێژووییەوە ھەنگاوێکی گرنگە!
- بەڵام لایەنە نەگەتیڤەکەی ئەوەیە ، چۆن ھێزێکی سەدھەزار شەڕەڤانی ڕێکخراو تەنھا بە مافە مەدەنییەکانی کورد، ڕازی بوون؟ لەکاتێکدا کە سوریا ھەتا ئێستا سوپاریەکی ڕێکخراوی ھێزی نییە!
- تێکەڵکردنی کورد لەپڕۆژەی سیاسیدا: ڕەنگە کورد بە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیدا بتوانێت باشتر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات لەڕێگەی دەستورەوە، وە بە دوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی زیاتریشدا بگەڕێت.
- بەڵام لایەنە نەلەتیڤەگەی ئەوەیە ، ئایا کورد نوێنەری ھەیە لە داڕشتنەوەی دەستوردا؟ وە ئایا سوریا دەبێتە فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی؟ ئەو خاڵانە من نابینم لە ڕێککەوتنەکەدا!
- دوورکەوتنەوە لە ململانێی ڕاستەوخۆ: لە ڕێگەی پێکەوەکارکردنی کورد لەگەڵ حوکومەتی ناوەندی، بەوەش کورد دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی دوربکەوێتەوە، ئەمەش دەتوانێت ژیانی زۆرێک لە مرۆڤی کورد ڕزگار بکات.
- بەڵام لایەنی نەگەتیڤەگەشی ئەوەیە کە ئایا شەڕەڤانانی قەسەد چۆن دەچێتە نەو سوپای سوریاوە وە لە کوێدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن و لەژێر کام ناونیشاندا و کێ لێپرسراویان دەبێت؟ ئەو خاڵانە من نابینم لە ڕێککەوتنەکەدا!
- ئایا سوریا ڕێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە کاتێک بەهێزتر دەبێت؟
ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە ووڵاتانی ئەوروپی یان ئەمریکا سەرپەرشتی نەکردبێت! بەبۆچونی من بەڵی، چونکە ئەگەرەکان زۆرن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی مێژوو و داینامیکی سیاسی ئێستا، لەوانەیە کاتێک دیمەشق پێگەی خۆی چەسپاند، ڕێککەوتنەکە پشتگوێ بخات، چونکە دەستەڵاتە ناوەندییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دەگمەن ڕێگە بە ئۆتۆنۆمییەکی بەردەوام داوە و دەدەن، بۆ گروپە کەمینەکانی تر! ئەو پەشیمان بونەوەیەی حوکومەتی ناوەندیش کاتێک ڕوودەدات کە پێگە و دەستەڵاتی خۆیان مسۆگەر کرد!
- کەواتە کورد دەبێت چی بکات؟
- پتەوکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان: کورد پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژی بەدوای پێکەوەکار کردندا بگەڕێت لەگەڵ یاریزانە نێودەوڵەتییەکاندا، کە بەرژەوەندی ئەو ھێزو ووڵاتانە لەگەڵ پاراستنی کوردا بگونجێت، بەتایبەت بەرژەوەندی ووزە! دەبێت کورد زیاتر پەرەبدات بە پێکەوەکارکردنی لەگەڵ ئەمریکا و ووڵاتانی ئەوروپی و ئیسرائیلدا!
- بەردەوامبوون له دانوستان: به شداری سیاسی و دیپلۆماسی زۆر پێویسته بۆ سەرخستنی کاریگەری کورد تەنانەت ئەگەر ئەم پرۆسەش بەخاویش بەڕێوە بڕوات!
- پاراستنی پایەکانی خۆبەڕێوە بردن: کورد دەتوانێت هەوڵی بەهێزکردنی پایەکانی خۆبەڕێوەبردن و پەروەردە و باری کۆمەڵایەتی و پاراستنی کولتوور بدات و وە ھەوڵ بدات بەشێوەی یاسایی و لەڕێگەی دەستورەوە کاریگەرشی لەسەر سامانە سروشتیەکان بەتایبەت نەوت و گاز بمێنێت، تەنانەت لە کات و ماوەی ڕێککەوتنەکانیشدا!
- خۆ ئامادەکردن بۆ گۆڕانکاریەکان: کورد دەبێت ئامادە بێت و پلانی ستراتیژی جیاواز(بۆ ئاشتی و بۆ شەڕ)ی بۆ خۆی ھەبێت، بۆنمونە پلانی سترایژی سەربازی و یەکخستنی ھێزی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوە و پەرەوەردەکرنی نەوەیەکی ھەست بەرزی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەر! وە گرنگیدان بە باری ئابوری، چونکە دەبێت کورد بەئاگابێت لە ئەگەری گۆڕانی ھەڵوێستی لەناکاوی ھاوپەیمانان (وەک لەگەڵ ئۆکرانیادا ڕویدا) یان گۆڕانکاری لە داینامیکی سیاسی سوریا و ووڵاتانی ناوچەکەدا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست