ئایا ئۆجەلان دەتوانێت بەبێ فشار و بە ئازادی دانوستان بکات؟

Sunday, 09/03/2025, 14:02


- ئایا دەتوانرێت دانوستان لە زیندانەوە بکرێت؟
- ئەو سەرکردە سیاسیانە کامانەن کە لەزینداندا بوون؟ وە دانوستاندنیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا  کردووە؟ وە ئەنجامەکەی چی بووە؟
- ئاخۆ جیاوازی نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و باشووری ئەفریقا چی بێت؟ بۆ سەرکردەی زیندانی عەبدوڵا ئۆجەلان و نێڵسۆن ماندێلا؟
- ئایا دەتوانرێت دانوستان لە زیندانەوە بکرێت؟
بەبۆچونی من بەشێوەیەکی گشتی بەڵێ ، بەڵام ئەو دانوسانە قورسە و زۆرجار بەهۆی بارودۆخی زیندانەوە سنوورداریشە! کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە،  ئایا ئۆجەلان بەڕاستی دەتوانێت بەبێ فشار و بە ئازادی دانوستان بکات؟ ئەوەش بەندە بە هاوسەنگی هێز و کاریگەری ئۆجەلان، لە دەرەوەی زیندان (واتە لەناو پەکەکە و لە قەندیل)،  وە ئامادەیی تورکیاش بۆ ئەو دانوستانە! بەڵام تەحەدداش بۆ ئەو دانوستانە هەیە لەوانەش:
- دەستڕاگەیشتن ئۆجەلان بە پەیوەندییەکانی : زۆرجار سەرکردە زیندانییەکان دەستڕاگەیشتنیان بە تەلەفۆن و پارێزەر یان هاوپەیمانە سیاسییەکانیان سنووردارە! ئەوەش دانوسانەکەی ئۆجەلان قورس دەکات! کەواتە کام دانوستان؟
- فشاری دەستەڵاتی تورکیا: دەسەڵات دەتوانێت لە ڕێگەی هەڕەشە و گۆشەگیری یان سانسۆرەوە فشار بخاتە سەر عەبدوڵا ئۆجلان! کەواتە کام دانوستان؟
- شەرعیەتی سەرکردە: ئەگەر سەرکردەیەک لە زیندان بێت، ڕەنگە لایەنی بەرامبەر ئەو بە لاوازی و کەمتر ببینێت بۆ دانوستانی جددی! کەواتە کام دانوستان؟
- لێرەدا چەند نموونەیەک لە مێژوو، وە ئەنجامی ئەو دانوستانەکان دەخەمەڕوو:
- نیلسۆن ماندێلا (ئەفریقای باشوور): ماندێلا سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقا بوو، بەهۆی خەباتی دژی ڕەگەزپەرستی (الفصل العنصري) زیندانی کرا.
  - ماندێلا، لە ماوەی زیندانیدا دانوستانی نهێنی لەگەڵ حکومەتی ئەفریقای باشوور ئەنجامداوە. چونکە حکومەت دەرکی بەوە کرد بوو کە بەبێ ماندێلا سەقامگیر لە ووڵاتدا جێگیر نابێت!
- ئەنجامەکەشی ئازادکردنی ماندێلا بوو لە ساڵی١٩٩٠ دا، بەوەش کۆتایی بە سیستەمی ڕەگەزپەرستی (الفصل العنصري) ھێنراو! وە یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراتیش لە ساڵی ١٩٩٤دا ئەنجام درا،  وە ماندێلاش بوو بە سەرۆک هەڵبژێردراو!
- مەهاتما گاندی (هیندستان): گاندی چەند جارێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی بەریتانیاوە لە هیندستان زیندانی کرا بەهۆی ڕۆڵی لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی ھندستاندا!
 - گاندی دانوستانی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا کرد کە دواجار بووە هۆی سەربەخۆیی هیندستان لە ساڵی١٩٤٧ دا.
- جۆمۆ کینیاتا (کینیا): کینیاتا، یەکەم سەرۆکی کینیا، بەهۆی ئەوەی کە گوایە دەستی هەبووە لە ڕاپەڕینی (ماو ماو Mau Mau)، لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوە زیندانی کرا.
- لە ماوەی زیندانیدا، دانوستان ئەنجامدرا، ئەوەش بووە هۆی سەربەخۆیی کینیا لە ساڵی ١٩٦٣.
- گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە دەرئەنجامی ئەم دانوستانانە زۆر پەیوەندە بە زەمینەی سیاسی تایبەت و ئامادەیی هەردوولا بۆ سازشکردن! واتە لەم بارەی کوردا تورکیا و پەکەکە!
-  دەوڵەتی تورکیا بەدرێژایی ساڵان سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان یان پەکەکە هەڵوێستی جیاوازی ھەبووە! وە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش چەندین جار لە زیندانەوە پێشنیاری ئاشتی پێشکەش کردووە! بەڵام ئەوە لە ژێر سنووردارکردنی قورس لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بووە!
٢ - چۆن سەرکردەیەکی دیل، دەتوانێت بەبێ فشار دانوستان بکات؟
بۆ ئەوەی بتوانرێت بەبێ فشار دانوستان بکرێت، چەند هۆکارێک زۆر گرنگن ھەن، لەوانەش:
- پاڵپشتییەکی بەهێزی لە دەرەوەی زیندان: ئەگەر سەرکردەیەک هێشتا کاریگەری زۆری هەبێت لە دەرەوەی زینداندا، دەتوانێت مەرجی خۆی بەسەر دانوستانەکانیدا بسەپێنێت! کەواتە ئایا ئێستا ئۆجەلان ئەو کاریگەرەی لەدەروەی زینداندا ھەیە؟ وە تورکیاش جدییە لەو دانوستانەدا؟
- فشاری نێودەوڵەتی: ئەگەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ، بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتی ئەوروپا،  چاودێری ئەم دانوستانە بکەن! ئەمەش دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ دڵنیابوون لە دانوستانێکی دادپەروەرانە! بەبۆچونی من ، ئەگەر گرەنتی نێو دەوڵەتی بۆ ئەو دانوستانەی ئۆجەلان نەبێت، ئەوا ئەو دانوستانە ھیچ ئەنجامێکی نابێت یان بە زیان بەسەر کورد و ئۆجەلانیشدا دەشکێتەوە!
- ھێزی موزایەدە ( المساومة): ئەگەر زیندانییەکە هێشتا کاریگەری لەسەر بزووتنەوەیەکی سیاسی یان سەربازیی ھەبێت یان کۆنترۆڵ کردبێت، ئەوە دەبێت حکومەت ئەو دانوستانە بە جددی وەربگرێت! بە بۆچونی من ، ئەگەر ماوەیەک بۆ نمونە دوو مانگ دیاری بکەن بۆ شەڕ وەستان ، ھەتا بۆ تورکیا دەربکەوێت کە ھێزی ئۆجەلان چەندە؟ ئەو کاتە دانوستانەکە لەوانەیە جدی تربێت!
- ئاخۆ جیاوازی نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و باشووری ئەفریقا چی بێت؟
- گەورەترین جیاوازی ئەوەیە کە ئەفریقای باشوور دیالۆگی هەڵبژارد و دواتر نەیارانی سیاسی وەک شەریک و ھاوبەش لە حوکمکردنی ووڵاتدا بینی!
- گواستنەوەی ئاشتیانەش بۆ دیموکراسیەت،  ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی ئەفریقای باشوور زیاتر نەرم و نیان بوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە!
- بەڵام تورکیا: دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تایبەتی لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، شێوازێکی حوکمڕانی تاکڕەوتریان ھەیە!  ئەردۆغان ناوەندی بەهێزی دەسەڵات ھەیە بۆ سەرکوت کردنی نەیارانی سیاسی خۆی!
- تورکیا زۆرێک لە بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکانیش وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەڕوانێت.
- تورکیا: دانوستان لەگەڵ بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان بە دەگمەنە دەکات وە زۆر جاریش بە مەرجی توند بەڕێوە دەچێت!  بۆ نمونە پرۆسەی ئاشتی کورتخایەن لەگەڵ پەکەکە لە ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ هەبوو، بەڵام ئەم دانوستانە دوای گرژییە سیاسییەکان کۆتایی پێهات! چونکە دەوڵەتی تورکیا داننان بە مافی بۆ کورددا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی دەزانێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە