سەرنجێک لەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان!
Wednesday, 05/03/2025, 11:15
لە ٢٧/٢/٢٠٢٥دا ماڵپەڕی زەمەنی تورکیی، دەقی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانی بە زمانی عەرەبی و لەسەردێر و لەژێر ناونیشانی " نص دعوة أوجلان التاريخية لحل تنظيم العمال الكردستاني" بڵاو کردەوە، بەڵام لە هەندێک میدیای کوردییدا هەمان بانگەواز لەژێر ناونیشانی " بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بڵاوکرایەوە. ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە، کە هەردووک میدیا، دەیانەوێت بانگەوازەکەی ئاپۆ بەو ئاقارەدا ببەن کە دەیانهەوێت، لەنێو بانگەوازەکەدا ئەو خاڵانە زەقکەنەوە کە لە بەرژەوەندیی ئەو ئامانجەیە کە دەیانەوێت بیپێکن، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەو ڕاستییە نەبوێرین، کە ئەگەر تاڵیش بێت، بەگوێرەی ئەوەی لە بانگەوازەکەدا هاتووە، هەردووک ناونیشان بەشێکی مەزنی نێوەڕۆکی بانگەوازەکە لە ئامێز دەگرن.
بە دڵنیاییەوە، ماڵپەڕی زەمەنی تورکیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەوە ئاراستە دەکرێت، بە مەبەست، ئەوان ئەو ناونیشانەیان هەڵبژاردوە بۆ بڵاو کردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، کە دیارە لە یەکەم هەنگاودا، تورکیا دوژمنایەتی خۆی بۆ ئاپۆ دووبارە دەکاتەوە، دەیەوێت لە پێگەی جەماوەریی ئەو بدات و بە میللەتی کورد بڵێت، ئەو سەڕۆکەی کە ئێوە کردوتانە بە هێمای ئازادی کوردستان و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ، ئەوا لە زیندانا چۆکی داداوە، لەپێناو ئازاد بوونی خۆی، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان دەکات. بێ گومان لایەنێکی دی پەیامی تورکیا کە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە بە تایبەتی لە زەمەن کە بڵاو دەکرێتەوە، پێش ئەوەی بۆ دنیا بێت، بۆ میللەتی کورد و تورکە، بۆ شکاندنی ئیرادەی تاکی یەکە بە یەکەی گەریلایا لە شاخەکانی کوردستاندا، نەهێشتنی ئومێدی تاکی نێو زۆرینەی سادەی میللەتی کوردە، لێدانە لە شکۆمەندی سەرکردایەتی ئەمڕۆی پەکەکە و بەتایبەتی کەسایەتی ئۆجەلان. ئێمەی کورد بەدەست داگیرکەرانەوە زۆرمان کێشتووە، واتە خاوەن ئەزمونێکی قوڵین و لە فیکەی نەیارەکانمان بە ئاسانی تێدەگەین.
ئەوانەی کەوتنە تەپڵ لێدان بۆ گرنگی ئەو بانگەوازە بە پلەی یەکەم. ئەردوغان، هاکان فیدان و دارودەستەکانیان بوون لە ناوچەکەدا، سەڵاحەدین بەهائەدین، دەسەڵاتدارانی هەولێر، دەسەڵاتدارانی سلێمانی، حزبە تورکمانەکانی هەرێم، دەسەڵاتدارانی تاران و بەغداد و وڵاتە ئەوروپیەکان و ئەمریکا. هەندێک لە سەرانی دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولێر بە پەلە داوایان کرد کە پارتی کرێکاران پەکەکە بەپیری بانگەوازەکەی ئۆجەلان بچن و تا زووە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و ئاشبەتاڵ بکەن، بۆ ئەوەی ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت، بەڵام ئەوانەی ناسراوان بە دڵسۆزانی پرسی ڕەوای کورد و خاوەن هەڵوێستی بەرزن بەرامبەر بە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیەکاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری دژی، ئەو کۆمەڵە دارودەستەیەی تورکیا و ئیران بوون، وەک نووسەر و ڕۆشەنبیرە شۆڕشگێرە نیشتمانپەروەرەکان، سەڕۆکەکانی یەپەگەی وەک ساڵح موسلیم و مەزڵوم عەبدی و هەزارانی دی، کەئەمڕۆ لەسەر ئەو بابەتەش کەوتنە دوو سەنگەری جیاواز و دژ بەیەک و گوتیان، ئەم بانگەوازە ئەوان ناگرێتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ دەبێت ئەوانەی کە بە دارودەستەی میتی تورکیی و ئیتلاعاتی ئێرانی و دەزگەی ئیستیخباراتی عیراق ناسراون لە کوردستاندا، جەرگسووتاوی ئاپۆ و پەکەکە و پرسی کورد بن، یان ئەوانەی کە لەسەر ئەم بابەتەش هەڵوێستیان بەپێچەوانەی ئەوانە وەک هەمیشە؟
ئەو بانگەوازە لەژێر چەتر و دەسەڵاتی تورکیادا، لەلایەن زیندایەکەوە کە ٢٦ساڵە لەژێر فشاری دەسەڵاتداران و میتی تورکیایە جاڕدراوە، ئێمە نازانین لەپشت پەردەوە چی دەگوزەرێت، بەچ جۆرێک زێندانیەکی ٢٦ ساڵە لە دنیای دەرەوەی دیوارەکانی زینداندا دەڕوانێت، تا چەند ئاگاداری واقیعی سیاسی دنیای ئەوەڕۆیە و چی دەبێنێت و دەبیستێت، بۆیە ئەو بانگەوازە جێگە متمانە نییە، بەڵام مەخابن، کە تا ئێستا هیچ لایەنێک، ئەو بانگەوازەی بە درۆ نەخستۆتەوە، لەبەرئەوە تا ئێستا ئەو بانگەوازە بووە بە ماڵ لەسەر ئاپۆ و لەسەر ئەو ئەرزیەیە قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت.
مێژوو پێمان دەڵێت، کە مێژووی پارتەکانی باشوور لەکەدارە، بگرە لە شەڕی براکوژی بۆ بەرژەوەندیی و دەسەڵات، پێشڕەوی کردنی سوپای پاسداران و جەندرمەی تورکیی، نیشتمان فڕۆشتن و ئاشبەتاڵ و ڕاکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە، هێنانی سوپای نەیران بۆ سەر یەکدی و گەندەڵی، ئەگەر هەموو لایەکیان لەو هەڵوێستانە پەشیمان بووبنەوە، هەنوکە هیچ سوودێکی نییە، چونکە تازە مێژوو بۆ ئەوان ناگەڕێتەوە تا ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە، بۆیە جگە لەوەی کە بەرژەوەندیی ئەردوغانیان لا مەبەستە، ئەوان لە سیاسەتدا بەخیلی بە سەرکردەیەکی وەک ئۆجەلان دەبەن، کە ٢٦ ساڵە لە زیندانی تورکیایە یەک خاڵی خۆفرۆشتنی لێ تێبینی نەکراوە، پێگەی جەماوەریی لە چوار پارچەی کوردستاندا بەهێزە، خاوەن هەڵوێستی سیاسی دۆڕاو نییە، لەبەرئەوە ئەمڕۆ ئەوانیش چەپڵە بۆ ئەو بانگەوازە لێ دەدەن، کە گوایە ئۆجەلان داوای کردووە، ئاشبەتاڵ بکرێت، چەک دابنێن، پارتی کرێکارانیش بتوێتەوە، نەتەوەی کوردیش لەنێو کۆمەڵگەی تورکدا وەک هەزاران ساڵ خۆی ون بکات. واتە دەیانەوێت نمونەی وەک خۆیان زۆر بێت، بۆ ئەوەی قەل بە قەل نەڵێت، ڕووت ڕەش بێت و جێگرەوەیان لاواز بێت، چونکە لە حاڵی حازردا بەهێزترین پارت کە لە هاڤرکێیە لەگەڵیان لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە و بۆ زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، ئەوا پەکەکە و یەپەگەیە.
بانگەوازی ئاشتی بێت یان ئاشبەتاڵ، ئەوا بانگەوازەکە ڕوونە و تەفسیری ناوێت، کە لە سونگەی دڵسۆزیەوە سەدان هەزار کەسی لەنێو کۆمەڵگەی کوردی خستە دڵەڕاوكێ و شەقامی کوردی ڕاچڵەکاند. بانگەوازی ئاشتی و وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلی ئاشتی لەسەر ئاستی جیهاندا بۆ ئۆجەلان، بۆ مێژووی خەباتی ئۆجەلان و میللەتی کورد پولێ ناهێنێت، ئەگەر باجەکەی، بانگەوازێکی لەو جۆرە بێت، سووتاندنی خەرمانەی خەباتی زێتر لەنیو سەدەی خەباتی میللەتی کورد و پەکەکە بێت، لەلایەکی دی کورد لە تورکیا نە دەسەڵاتی فیدراڵی نە کۆنفیدراڵی نە ئازادی هەبێت، نەتەوەی کورد بەنێوی بەرقەرار بوونی ئاشتی و فەراهەم کردنی دەسەڵاتی دیموکراتی لە تورکیادا، لەنێو نەتەوەیی تورکدا بتوێتەوە و سفری دوای فاریزەش نەبێت، هەر وەک لە بانگەوازەکەدا هاتووە! ئەوا لە دۆڕان بەولاوە هیچی دیکە ناگەیەنێت.
بیرۆکەی سۆشیالیستی و دیموکراتی بۆ کورد تەنیا ئایدیۆلۆژیەک بووە، زۆری لەسەر خوێندراوە و شێ کراوەتەوە، ئێمە گەمژە نین، بەڵام هەموو ئەوانەی هاتنە دەسەڵات لەژێر دروشمی هەردووک بیرۆکەدا بە پشتیوانی زلهێزەکانی دنیا کە پشتیوانیان لەو بیرۆکانە دەکرد، بۆ میللەتی کورد لە نەهامەتی بەولاوە هیچی دیکەیان لە جوعبەکەیان پێ نەبووە، ئێمە تا ئێستا شەڕی ئایدۆلۆژیامان نەکردووە، ، شەڕی چەسپاندنی ئایدۆلۆژیا و سیستەمی دەسەڵاتمان نەکردووە، بەڵکو شەڕی مانونەمانمان کردووە، بۆیە قۆناغەکان بەهەرچی شێوەیەک گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت، بۆ ئێمە یەک شت بووە، کە ئەویش ژێردەستی و وڵات داگیرکردن، کوشتنی بەکۆمەڵ و پاکتاوی نەژادی بووە و لەو قۆناغەشدا دۆخی ئێمە هەر وەک خۆیەتی جا لەو قۆناغەدا بیرۆکەی سۆشیالیستی داڕماوە و بیرۆکەی هەوڵدان بۆ سیستەمی دیموکراتی لەئەوجیەتی، بۆ ئێمە هەر ماڵوێرانی بووە، پەندێکی پێشینانی کوردی هەیە دەڵێت، (بە حوشتریان گوت، کوڕت بوو. ئەویش گوتی، بەمن چی، باری لەملان هەر لە ملانە)، لەبەرئەوە لەو قۆناغەشدا، چەک دانان لەخۆکوژی بەولاوە هیچی دیکەی بۆ نەتەوەی کورد لێ شین نابێت.
پەکەکە تا ئەمڕۆ گەلێک قۆناغی گرنگی پڕ لە مەترسی و هەستیاری تێپەڕاندووە، بووە هەڵگری کڵپە و بڵێسەی مەشخەڵی ئازادی نەک تەنیا لە باکوور، بەڵکو لە باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتیش. ئەوەی لە ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت چەپکە گوڵی دەستی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بۆیە خۆچەک کردن، تواندنەوەی حزبەکەیان و جاڕدانی ئاشبەتاڵ بەهەر بیانویەک بێت، خەیانەتێکی مەزنە لە دۆزی ڕەوای میللەتی کوردە دەکرێت. میللەتی کورد باجی ئاشبەتاڵ و ڕاکردنی سەرکردەکانی گەلێک جار داوە، خیانەتی زۆری لێ کراوە، لەپشتەوە خەنجەری کوشندەی لێ دراوە، بۆیە ئەو جارە ئاشبەتاڵ بڕبڕەی پشتی میللەتی کورد دەشکێنێت، تا سەد ساڵی دی میللەتی کورد متمانەی بەهیچ هێزێک و سەرکردەیەکی سیاسی نامێنێت، ئەم کەوتنەی ئەو جارە لە جاران باجەکەی گەلێک مەزنتر دەبێت.
ئەو کاتەی کە ئۆجەلان زیندانی کرا، پەکەکە وەک ئەمڕۆ بەهێز نەبوو، بەزەبری هێز و بازووی ئەوانەی قەندیل و کار کردن و لەخۆبردن پەکەکەیان گەیاندە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ ببێت بە خاوەنی هێزێکی سەربازی دەیان هەزاری پتەوی خۆبەخش، کە عەرشی تورکیایان هەژاندوە، کە گەیشتۆتە ئاستێک زلهێزەکان هەژماری بۆ دەکەن و تورکیا چۆک دابدات، پەنا بۆ سەرکردەیەک لەنێو زینداندا ببات کە تا ئەمڕۆش بە تیرۆریست لەقەڵەمی داوە، داوای لێ بکات، گفتوگۆ بکەن و لایەنێکی کارێگەر بێت، بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی لە تورکیادا! لە کاتێکدا کلیلی بەرقەرار بوونی ئاشتی و سیستەمی سیاسی حوکمی دیموکراتی و پێکەوە ژیانی تەبایی میللەتانی تورکیا لەدەست ئەردوغانە، نەک لەدەست زیندانیکراوێکی وەک ئاپۆ!
سەرچاوەکان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست
کۆمێنت
Wednesday, 05/03/2025, 12:39 ئازاد قادر سەعید
دەست خۆش ئاشتی خان، ئێوەش دیوێکی تری ئەو نامەیەی ئۆجەلانتان خستە روو.