ئاخۆ ترمپ چۆن بیەوێت کاریگەری لە ئۆکرانیادا ھەبێت؟
Tuesday, 18/02/2025, 10:53
- بۆچی ترەمپ دەیەوێت بەڕێگای دیبلۆماسی شەڕی ئۆکرانیا، بوەستێنێت؟
- ئاخۆ ئەو سامانە سروشتیانەی ئۆکرانیا چی بن، کە ترەمپ بیری لێ دەکاتەوە؟
- تۆ بڵێی ترەمپ چۆن ئەو پارەی یارمەتیانەی ئەمریکا وەردەگرێتەوە، کە بایدن دابووی بۆ شەڕی ئۆکرانیا؟
- ئاخۆ ترامپ چۆن دەیەوێت لەگەڵ ڕوسیادا بەرژەوەندیەکانیان لە ئۆکرانیا بپارێزن؟
تائێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئۆکرانیا ڕەنگە ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ووڵاتانی ناتۆ و بەتایبەت ئەمریکا یارمەتیەکی زۆری ئۆکرانیایان داوە دژی ڕوسیا! بەڵام ئێستا وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆبونەوەی پەیمانی ناتۆدا ووتی: ئۆکرانیای ساڵی ٢٠١٤ ھەمان ئۆکرانیای ئێستا نییە! واتە ئۆکرانیا دەبێت ھەندێک لە خاکەکەی لەدەست بدات بۆ بەرژەوەندی ڕوسیا، بەرامبەر بە ئاشتی! بەبۆچونی من لەوانەیە ئەمەش سازدانێک بێت( ژن بەژنێک بێت) بەرامبەر بەوەی کە ڕوسیا کاردنەوەی نەبێت بۆ پلانی غەززە!
- بۆچی ترەمپ دەیەوێت بەڕێگای دیبلۆماسی شەڕی ئۆکرانیا، بوەستێنێت؟
بە بۆچونی من، ترەمپ دەیەوێت بەشێوەیەکی تر، ڕێگا خۆش بکات کە کاریگەی لە ئۆکرانیا ھەبێت! بۆچی؟ چونکە ترەمپ دەیەوێت ئەو پارانەی کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ( بایدن) دابووی بە شەڕی ئۆکرانیا، بەدەستی بھێنێتەوە! ئەو یارمەتیە پارەیەش تا مانگی نیسانی ٢٠٢٤ نزیکەی ٥٧ ملیار یۆرۆ بووە!
ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە دەیەوێت پێداچوونەوە بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا بکات و پێشنیاری کردووە کە ئۆکرانیا دەبێت کانزاکانی، بەتایبەتیش کانزا دەگمەنەکانی بدات بە ئەمریکا لە بەرامبەر یارمەتی زیاتردا. جگە لەوەش ترەمپ ڕایگەیاندووە، گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی ئۆکرانیا پێش ساڵی ٢٠١٤ (نا واقیعییە)! وە دەبێت بە خێرایی کۆتایی بەشەڕەکە بێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی دروستکردووە لای هاوپەیمانانی ناتۆ لە ئەوروپا!
- ئاخۆ ئەو سامانە سروشتیانەی ئۆکرانیا چی بن کە ترەمپ بیری لێ دەکاتەوە؟
یەکەم: ئۆکرانیا دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان لەوانەش:
- گازی سروشتی و نەوت کە یەدەگێکی زۆر گەورەی لە دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا ھەیە!
- خەڵوز، ئەویش بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی دۆنباس.
- کانزا دەگمەنەکان( یان نایابەکان)، بۆنمونە لیسیۆم کە کانزایەکی زۆر گرنگە بۆ پاتری و تەکنەلۆژیا!
دووەم: دانەوێڵە و کشتوکاڵ:
- ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی دانەوێڵە لە جیهاندا.
- کەواتە، ئەگەر ئەمریکا کاریگەری خۆی لە پرۆتۆکوڵی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا بەدەست بهێنێت! ئەوا دەبێتە خاوەن سەرمایەیەکی ئابووری بەهێز لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دا، بەوەش ترەمپ دەیەوێت ئەو پارانەی کە ئەمەریکا داویەتی بە شەڕی ئۆکڕانیا بەشێوەیەکی تر وەربگرێتەوە!
سێھەم: دەسەڵاتی جیۆپۆلەتیکی
- ئۆکرانیا ناوچەیەکی ستراتیژییە ھەیە، کە دەکەوێتە نێوان ڕووسیا و ئەوروپادا.
- ئەگەر ترامپ بتوانێت ئۆکرانیا بهێنێتە ناو کایەی نفوزی ئەمەریکاوە، ئەوا دەتوانێت کاریگەرشی لەسەر ڕووسیا ھەبێت و فشاری زیاتریش بخاتە سەر ئەوروپا ھەتا زیاتر پشت بە ئەمریکا ببەستێت!
چواھەم: هەڵوێستی دژە ناتۆ و لایەنگری ڕووسیا:
- ترەمپ، ھەندێک جار پەیمانی ناتۆی بە زیادە وەسف کردووە (یان بارێک بەسەر شانی ئەمریکاوە)! ترەمپ دەیەوێت ئەمریکا کەمتر لە ململانێکانی ئەوروپادا بەشداری بکات!
- ترەمپ زۆرجار بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ ڕووسیادا کردووە و دەکات، وە دەیەوێت وا پیشانی ڕوسیاو ئەوروپا بدات کە ئەو ئۆکرانیا بەگرنگ نابینێت!
- ئاخۆ ترامپ چۆن دەیەوێت لەگەڵ ڕوسیادا بەرژەوەندیەکانیان لە ئۆکرانیا بپارێزن؟
- یارمەتی کەمتر بۆ ئۆکرانیا: ترەمپ پێشنیاری ئەوەی کردووە کە دەتوانێت یارمەتی و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ببڕێت ، ئەگەر لەگەڵ ڕوسیادا ڕێک نەکەوێت! ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ڕووسیا!
- دانوستان لەگەڵ ڕوسیا: ترەمپ دەتوانێت ئۆکرانیا وەکو موزایەدەیەکی سیاسی(ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی) لە دانوستان لەگەڵ پوتین بەکاربهێنێت!
- گرێبەستی ئابوور و فشار: ترەمپ دەتوانێت فشار بخاتە سەر ئۆکرانیا بە گرێبەستی بازرگانی یان وەبەرهێنانی ئەمریکی لە بەرامبەر بەرژەوەندی و کاریگەری ئەمریکادا لە ئۆکرانیادا! یان فشار بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە سەرۆک بایدن داویەتی بۆ شەڕی ئۆکرانیا!
- ناسەقامگیری سیاسی: ترەمپ دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەرکردەکانی ئۆکرانیا هەبێت، ئەویش بەوەی کە لەکاتی هەڵبژاردنی ئۆکرانیادا ، کەسانی سەرکردەی لایەنگرانی ئەمریکا ھەڵبژێرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست