باشترین چەک دژی دوژمن، دوژمنێکی ترە. (فریدریش نیتچە). تورکیا بەم شێوەیە ئەم کارە دژی کورد دەیکات


کاتێ ئازادیی دەدوێ (ئاوێنەی هەشتەم)

Tuesday, 28/01/2025, 11:02


ئەو کەسەی کە دەگاتە پلەبەرزەکەی بیرکردنەوە لە بوونی خۆی وەک مرۆڤ، هەموو ڕەفتار و قسە و هەڵسوکەوتی دامەزراو، سەقامگیر و ئاڕاستیەکی دیاریکراوی دەبێت، بۆیە کاتێ دەدوێت سەبارەت بابەتێک هەست دەکەیت وێنەیەکی زوڵاڵی مەسەلەکەت بۆ باس دەکات. تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن وێنەیەکی زوڵاڵی مەسەلەیەکت بۆ بکێشن کە ئازادن جا لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بن.
پاش سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا و بەتایبەت پاش ئەو کاردانەوە قورسەی ئیسرائیل هەیبوو بەرانبەر بەو تاوانەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بەرانبەر هاونیشتمانییەکانی، کرا ، هەموو دنیای بردە قۆناغی تاسانەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو دەوڵەتنەتەوانەی دوای جەنگی جیهانی مۆنتاجکران و سەپێنران بەسەر ناوچەکەدا، پشێووی گەورەیان تێدا ڕوویدا، لەو دەوڵتنەتەوانە سیستەمی ڕەگەزپەرست و فاشستی سەر بە بیرکردنەوەی ئیخوانی توورکیایە. کە لە بنەوەی بیرکردنەوە ڕەگەزپەرستییەکەیەوە دەزانێت، کە ڕاستی گەلێک هەبووە/ هەیە و دەمێنێت، ئەگەر چی هێزی سەربازیی هەموو دنیای لێ کۆبکاتەوە، ئەگەر چی دەتوانێ بە ڕووکەش لە بزووتنی بخات، بیوەستێنێ و تا لێواری مەرگیشی ببات، بەڵام لە کات و شوێن و ڕەخسانی سەرهەڵدانەوەیدا جارێکی دی توندتر، بە گوڕتر و فراوانتر زیندوو دەبێتەوە. ئەمەیە مەسەلەی ژیانی گەلان لە چوارچیوەیەکی داسەپاودا، هەرگیز ناتوانی ئەویتر بکەیت بە خۆت، بە بەکار‌هێنانی قەدەغەکردن، زۆر، نکوڵی و سەرکووتکردن، ئەمەش مێژوو وەک شانۆی ئەو جۆرە ڕەفتارانە بۆمان دەگێڕێتەوە، بێنە بەر زەینی وشیاری خۆت: چەندە کۆشک و تەلاری شاهنشایی، ئیمپراتۆر و سەرۆکی دکتاتۆر بوونە موزەخانە وەک ئاماژەیەک بۆ قۆناغگەلی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان؟ هەر ئەو کەسانەی کە دەچنە سەردانی ئەو مووزەخانانە، ئەندامانی ئەو گەلەن کە ئەو ئیمپراتۆر و شا و سەرۆکە دیکتاتۆرانە، ڕۆژگارێک نکوڵی بوونیان دەکردن و قەدەغەیان دەکردن کە بە زمانی دایکی خۆیان بدوێن!.
نەتەوەی کورد ئەزموونی سەختی نکوڵیکردن، قەدەغەکردن و پەراوێزخستنی هەیە، بەلایەنی کەمەوە لە لایەن سێ نەتەوەی سەردەست کە چوار حوکووماتی شەڕەنگێز، دکتاتۆر و نامرۆیی نوێنەرایەتییان دەکەن. هێج ڕۆژێک لە ژیانی تاکی کورد تێنەپەڕیووە کە ڕووبەڕوی ستەمێکی ئەم داگیرکردنە نەبووبێتەوە، بە هەزاران جۆر و ڕەنگ و بەهانەوە: ئەتنیکی، کلتووری، ئاینی و خورافاتی و ....هتد. بۆتە نموونەی گاڵتەپێکردن لەبەر ئەوەی کوردبووە، جەفەنگ بە کلتوورەکەی کراوە، لەبەر ئەوەی کوردی بووە، وەک موالی و سەبایە و موسڵمانی پلە دوو سەیرکراوە، چیرۆکی خورافییان لەسەر بنەڕەت و پەیدابوونی هۆنیوەتەوە، وتوویانە بەرەی دێون، لە وەچەی جنۆکەن و.... کێوین و هێشتا ڕامنەبوون و ....هتد. 
لە بەراوورددا، ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد بین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە گەلانی بندەستکراو، لە ڕووی شارستانەتەوە، بە قۆناغ وان لە پێش گەلانی سەردەستەوە، چۆن؟ 
- ستەمکردن نیشانەیەکی نا شارستانەت بوونە، گەلی سەردەست ستەم لە گەلی بندەستکراو دەکات.
- گەلی بندەستکراو هەوڵی بۆ بەرهەمهێنانی ئازادییە، گەلی سەردەست هەوڵی بۆ بەرهەمهێنانی کۆیلایەتییە.
- گەلی بندەستکراو تێدەکۆشێ، ئازادیی و ئاسایش بەرهەم بێنێ، گەلی سەردەست هەوڵدەدات ئازادی و ئاسایش بشیوێنێ.
- گەلی بندەستکراو دەیهەوێ ئاوەدانی بنیات بنێ، گەلی سەردەست دەیهەوێ ئاوەدانی وێران بکات.
بنەمای یەکەمینی شارستانەتبوون بۆ تاکێک و کۆمەڵێک و دەستەیەک، پلەی بڕوا بوونە بە ئازادی خۆ، ئازادی ئەوی تر و هەوڵ و تێکۆشان بۆ بنیاتنانی دادپەروەریی و کۆمەڵگای ئازادە، کە لەبەر هەر هۆیەکی باوەڕبوون، ئەتنیک، ڕەگەز یا هۆیەکانی تر، بەدەوری ئازادی ئەوی تردا سنوور ڕانەکێشێ و یاسای جووداکردنەوە و هەڵاواردن بڕیارنەدات.
لەو پشێوییە زەینییەی کە تووشی ئەو حوکووماتانەی وڵاتی کوردەواریان بەسەردا دابەشکراوە و بە زۆر پێیانەوە لکێنراوە، دوای ئەو گۆڕانکارییە خێرا و توندەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە، هەوڵدەدرێت کە بەهەر نرخێک بووە سەرەداوی مەسەلەکەیان لە دەست دەرنەچێت. یەکێک لەو هەوڵانە حوکوومەتی تورکیای خەریککردووە، بۆ دووەم جار خەڵکی ناردەوە بۆ بینینی (ڕێبەر ئاپۆ) لە زیندانی ئیمڕاڵی، کە ئەمە و ئەو قسە وباسانەی لەم چاوپێکەوتنە درکێنران، مەسەلەی کوردی بردە قۆناغێکی ترەوە.

• گرنگ نییە من لە کوێم

ئەمە دووانی ڕێبەرئاپۆیە بۆ نەتەوەکە و سپای ڕزگاریی کوردستان لە قەندیل، واتە بە لە کوێبوونی منەوە خەریک مەبن، ئێوە ئەرکی زۆر مەزنترتان وا لە سەر شان لەوەی کە زەینی خۆتان و هەوڵ و تێکۆشانەکانتان، بە ئازادبوونی منەوە خەریک بکەن. ئەو پێمان دەڵیت: من ئازادم، کەس ناتوانێ ئازادیم لێ زەوت بکات، چواردیواری زیندان، با ژوورێکی تاکەکەسیش بێت، بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی سەدەکانی ناوەڕاستە، بۆ ئەو سەردەمە و ئەو بیرکردنەوەیە، کاریگەریی هەبوو، بەڵام بۆ سەردەمی ئێمە و ئەو نەمامانەی کە ئاپۆ ناشتوونی و ئیستا بوونەتە دارێکی ڕەگ داکووتاوی خۆڕاگر لەبەردەم زریان و باهۆزی ئەوەندە ساڵ تێکۆشانێکی ئازادیخوازانەدا، ناشارستانی، داوکەوتوو و بێبایەخە. ڕێبەر ئاپۆ بە پێچەوانەی زۆرینەی ئەو سەرکردانەوە کە بەهەرهۆیەکەوە بووبێت سەرکردەیەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانی نەتەوەکەیان کردووە، هیچ مەرامێکی تایبەت بۆخۆی قایل نییە و لەگەڵ نەتەوەکەی خۆیدا سات بە سات دەژیی و شوێنێک، پلەیەک و هەڵاواردنێک بۆ خۆیی و حاڵی خۆی قایل نییە و وەک گریلایەکی ئازادیی لە زیندانی تاکەکەسییەوە، بیر ڕۆشن و مەرام مەزن، خەمی ئازادیی و ژیانێکی ئازاد بەر لە خۆی بۆ نەتەوەکە داوا دەکات. ئێمە زۆر سەرکردەمان بینی لە ناوەڕاستی ڕێگای تێکۆشانی نەتەوەکەدا، خۆیان و خێزانیان ڕزگارکرد و نەتەوەکەیان بە دوژمنانی دێرینە سپارد، مەلا مستەفا دووجار بزووتنەوەی ئازادیی نەتەوەکەی بۆ دوژمنانی دێرینەی کورد جێهێشت و ئەوەندەی خەمی ڕزگارکردنی خۆیی و خێزانی خۆی بوو، خەمێکی لە نەتەوەکە و ئەو هێزە بێ شمارە نەخوارد کە هەموو باوەڕی خۆیان بەو دابوو!. 
ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاگەێنراوی دووە میدا، کێشەی کورد دەباتە ئاستێکی کوردستانی و وەک یەک مەسەلە، ئاماژە بە چارەسەری گرفتەکە دەکات و ئاماژەش بەوە دەکات کە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەیەکی درووستی مرۆیانە، تێکۆشانی کورد فراوانتر، خوردتر و ڕێکخراوتر دەکات، ئەو سپای ڕزگاریی کوردستان وەک سپایەکی کوردستانی پێناسەدەکات، کە واتای ئەوە دەدات کە مەیدانی تێکۆشانی ئەم سپایە، هەموو بستە خاکێکی نیشتمانی زەوتکراوی کوردە. ئەمەش ئاماژەیە بەوە کە لاوانی کورد هەموو لەم سپا ئازادیخوازەدا جێی خۆیان دەدۆزنەوە و ئەویش ئامڕازی بەرگرییە لە بوونی کورد بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سنووری وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی لەبەردەم سپای ڕزگاریی کوردستاندا سڕیەوە و وەک دامەزراوەیەکی کوردستانی، ئەو هێزە نەبەرد و دلێرەی بە شێوەیەکی فەرمی بە دوژمنانی کورد ناساند و تەنانەت بە ناوهێنانی پایتەختەکانیان زیاتر دەستی لەسەر نەخشەکە دانا، لە حاڵەتی دووەمی یا دیوێکی تری ئەم مەسەلەیەدا کە دوژمنانی کورد بیانەوێ هەڵیبژێرن، کوردیش هەڵبژاردەی تری لەبەردەمدایە. 
بێگوومان خەباتی نەتەوەکەمان لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی ئاشتی بۆ نەتەوەکەمان دامەزراوە، واتە گرتنە بەری هەموو ئەو ڕیگایانەی کە کورد دەگێینە مەرامی خۆی لە ژیانێکی ئازاد و ئارامدا لەسەر نیشتمانی خۆی. لەم بارودۆخە ئاڵۆزکاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت سەبارەت بەو حوکوومەتانەی وڵاتێک دەبەن بەڕێوە کە پارچەیەکی نیشتمانی کوردییان دابڕاندووە، تووشی پشێوی زۆر هاتوون، بنەڕەتی پشێوی ئەم دەوڵەتانەش داگیرکردنی پارچەیەکی کوردستانە، ئەوان دەزانن سەرچاوەی گرفتارییەکانییان لە کوێیە، بۆیە لەم بارودۆخەدا پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن و باسی ئاشتی دەکەن، ئاشتی ئەم جۆرە ڕژێمانە دوو ڕووی هەیە:
یەکەمیان، مەرامێکی شاراوەیە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخەی تێیکەوتوون، ئەمەش بۆ کورد ئاشکرایە، کورد ئەزموونی خوێناویی و وێرانکاریی لەگەڵ سپاکانی ئەم داگیرکەرانەدا هەیە، بۆیە کە دەدوێ دەزانێت سەبارەت بە چی و بە کێ دەدوێت.
دووەمیان، ناچاربوونی زۆرەملێی ئەو داگیرکەرانەیە کە مل بۆ گۆڕانکاریی بدەن و ناچار بن بە قبوڵکردنی داخوازیی کورد لە شێوەیەکی کوردپەسەند و دنیاپەسەنددا لەو شێوەیەدا کە بەرژەوەندییەکان زۆر جاران بڕیاری لەسەر دەدەن، کە مەرج نییە هەمیشە تای تەرازووی دەوڵەتانی داگیرکار قورس بکات.
 لە نموونەکەی ئەو بارودۆخەی کە هەرێمی باشووری لێکەوتەوە و کاڵفامی نەزانی سیاسی خۆپەرستی کورد، بەو دەردەیان برد کە بردیان. بەڵام هەلومەرج و بارودۆخەکە لە ڕۆژئاواو باکوور جیاوازە و بەرێوەبەرێتی بزووتنەوەکەش لە کرداردا سەلماندوویانە کە ئەوان گەلن و گەلیش ئەوان، هەروەها ڕاگەێندراوەکەی ڕێبەر ئاپۆش، نەتەوەکەی خستە سەر یەک ڕێگای تێکۆشان و سەردەمی داڕزانی ئەو سەرکردەیەتییە کلاسیکی و خێڵگەرایانەشی ڕاگەیاند، بێ ئەوەی ناویان بەرێت، چوونکە هەنگاوەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لەو دوو دەڤەرەدا، زیاتر بنجی و کردارین، تا ڕوخسار و قسە. 

هەڤاڵ مەزڵووم کۆبانێ و سەردانەکەی بۆ هەولێر 

لەسەر هەمان بنەمای بەرهەمهێنانی ئاشتی ئەو هەڤاڵە هێژایە سەردانی هەولێری کرد، ئێمە وەک نەتەوەکە ئێدی بنەمای بیرکردنەوە و کار و کردار و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کوردستانی ئەو هەڤاڵانەی باکوور و ڕۆژئاوا دەناسین و نەک هەر ئەوەش بەڵکە وەک بەشێک لە ژیانی هەر شەرافەتمەندێکی کورد، تێکۆشانەکەیان بۆتە هەناسە و هەوای ژیانمان، لەو ڕوەوە ئەو هەڤاڵانە وەک نوێنەرێکی دڵسۆزی نەتەوەکە جێگای بڕوای نەتەوەکەن و ڕاسپاردەی نەتەوەکەیان هەیە کە هەر ئامڕازێکی هێنانەبەرهەمی ئازادی و ئاشتی بە ڕەوا دەزانن بەکاری بهێنن، کوردانی شەرافەتمەندی کورد لەو هەڤاڵە دڵنیان، بەڵام هیچ دڵنیاییەکییان سەبارەت بەو کەسەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کرد نییە و ئەو کەسە لەبەرەی دوژمنی دێرینەی کورددا دەبینن و تاڕادەیەکی زۆر نیگەرانی ژیانی هەڤاڵ مەزڵووم کۆبانێ بوون، چوونکە لەگەڵ ئەو ماڵباتەدا ئەزموونێکی خوێناویی و پڕ لە خیانەتمەندییان هەیە، نەتەوەکە چۆن دەتوانێت، بڕوا بە کەسانێک بکات کە چەندین جار دڵسۆزانی کوردستانی و ئازادیخوازانی نەتەوەکەیان لە هەر چوار دەڤەرەکەی کوردستان، خستۆتە داوەوە و پاش ئەوەی ئەو ئازادیخوازانەی کورد باوەڕیان پێکردوون و فریووی قسەی ئەوانیان خواردووە، تیرۆریانکردوون و لاشەکەیان ڕادەستی دوژمنانی دێرینەی کورد کردۆتەوە؟! چۆن باوەڕ بە کەسێک دەکرێت کە قسە و کردار و ڕەفتاری لە دەزگای سیخوڕخانەی دڕەندەترین داگیرکاری کوردستانەوە بۆ ڕێکدەخرێت؟! ئەوە گرنگە بۆ هەر کوردێکی شەرافەتمەند بەهەر ڕێکەوتێک تووشی ئەوە بوون کە ئەو ماڵباتە ببینن، دەبێت هەموو وریایی و وشیارییەک بەکاربێنن بۆ خۆپاراستن لە فێڵ و ئەو نەخۆشییە دەروونییەی کە بە میرات بۆیان ماوەتەوە.
من وەک کوردێکی ئازادیخوازیی سەر بەنەتەوەکەی خۆم و نووسەرێکی کوردستانپۆست، سەبارەت بە ئاشتی نێوان گەلان ڕام وایە کە:
پێکەوەژیانی گەلان بە شێوە گشتییەکەی ئەرکی مرۆڤ بوونی ئێمەیە، بەڵام لەئێستای ئێمەدا، ئەرکێکی گرنگترمان ھەیە کە: ھەوڵدانە بۆ ڕزگاریی نیشتمان و نەتەوەکەمان، تا بتوانین بە ئازادی خزمەتی پێکەوە ژیان بکەین.
ئێمە کە ڕزگار و ئازاد نەبین، چۆن دەتوانین، تواناکانمان بەو شێوەیە پیشان بدەین کە مرۆڤایەتی لە تواناکانمان، سوومەند بێت؟!
ڕزگارکردنی نەتەوە دابەش و داگیرکراوەکان، لوتکەی تێکۆشانێکی شەرەفمەندانەیە، بۆ خزمەت کردن بە مرۆڤایەتی و  بەدیھێنانی ئاشتی.
چەند کاری بنچینەیی ھەیە کە دەبێت، ڕێنمای ڕێگای تێکۆشانمان بێت:
-  خەباتی ئێمە، بۆ دروستکردن و بەرھەم ھێنانی ئاشتی و ئازادییە، کە دوو بنەمای سەرەکی پێکەوەژیانی نەتەوەکانن.
-  گەلانی سەردەست لە وڵاتی ئێمەدا، ناتوانن، ھاوبەش و کەسی ئێمە بن، چوونکە پێوانەکە ھەڵەیە و بەرھەمی ھەڵەی دەبێت.
-  بە ھیچ جۆرێک، کورد نابێ، گەلانی سەردەست لەکوردستاندا، تێکەڵ بە مەسەلەکەی خۆی بکات لە ڕووەکانی:
ئەلف: سەربازی
بێ: ئابووری
پێ: سیاسی
تێ: کۆمەڵایەتی
جیم: کلتووری( فەرھەنگی)، کە گرنگترین ڕۆڵدەبینێت، لە درێژەدان بە داگیرکردنەکەدا.
 ڕەواجدان بە فەرھەنگی نەتەوە سەردەستەکان، بە تایبەتی لە ڕووی زمان و ھونەری مۆسیقا و سینەماوە کە ئەمڕۆ بڵاوترین ھۆی کاریگەرن، لە جەنگە دەروونییکەدا بۆ سەر بیروھۆشی لاوانی نەتەوەی بندەست، ھاوبەشیکردنە لەو جەنگەدا، دژ بە نەتەوەی خۆت و بەقازانجی داگیرکەرانە!!.
-  ئەحمەد کایا، پاش چل ساڵ، خزمەت کردن بە مۆسیقای تورکی، ژیوان بوویەوە و باسی ڕەنج بەخەساریی خۆی ڕاگەیاند*بۆ ئەو خزمەتەی بە تورکی کردووە.
-  ئەو، ناڕاستەوخۆ پێی وتین: ھاوبەش مەبن، لە بچوککردنەوە و سوکایەتی کردن بە فەرھەنگی نەتەوەی خۆتاندا، دوژمن کە ستایشت دەکات، ستایشی خزمەتکردنەکەت دەکات، بە زمان و فەرھەنگی خۆی، خەڵاتت دەکات، تا پێت بڵێ: تۆ بۆیە گەورە بوویت، ناوبانگت ھەیە، چەپڵەت بۆ لێدەدرێ و گوڵباران دەکرێیت، چوونکە پشتت کردە خەڵک و کلتووری خۆت و بەزمان و کلتووری من ناسنامەیەکت بۆخۆت دۆزییەوە.
پاراستنی کەمەنەتەوەکانی کوردستان، ئەرکمانە، ئەوان میللەتی سەردەست نین، کوردستانی و ھاوژیان و تێکۆشانی ئێمە بوون، ئێمە و ئەوان لە ژێر مەترسی لەناوچوونداین، بەڵام نەتەوەی سەردەستی براگەورە و داگیرکەر، ھەرگیز کەسی ئێمە نییە و نەبووە، دێمەوە سەری لە نووسینێکی تایبەتدا.
تێکۆشانی ئێمە، لەسەر خاکی خۆمانە و بەرگرییە لە مافی مرۆڤ، ژینگەی مرۆڤ، ئاشتی مرۆڤ و شەریفترین ھەوڵدانی ئینسانییە، کە نابێت بۆ یەک سات لێی غافڵ بین. ھیچ بنەمایەکی فەلسەفی، زانستی و ئاینی، نابێت، پێش بیرکردنەوەی ئازادیی نەتەوە بخرێت، ئەگەر لە خزمەتی بەدیھێنانی ئازادیدا نەبێت، بۆ نەتەوە داگیرکراوەکەمان.
————————
*ئەم ھونەرکارە مەزنە، خەمی بێوڵاتی، ژانی ژێردەستەیی نەتەوەکەی خۆی، لە گۆرانییەکانیدا، ھاوار دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی ڕایگەیاند، کە ئەو کوردە و دەیەوێت گۆرانییەکی کوردی لە ئەلبوومە نوێیەکەیدا بڵاوبکاتەوە، ئەم قسانەی بە تورکی وت، ئیتر جامی غەزەبی بەسەردا کرا و لێیان قەبوڵ نەکرد، پاش کۆچی دوایی لە غوربەتدا، گەورەترین خەڵاتیان پێدا، چوونکە، لە بیرکردنەوەی فاشستیانەی ڕژێمی ئێستای تورکدا: باشترین کورد، کوردێکی مردووە، ئەگەر چی ئەوکەسە ئەحمەد کایاش بێت، کە ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە کلتووری تورکی کرد!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help