کابرا راستی وت!
Thursday, 02/01/2025, 22:31
مەسعود بارزانی کاتی خۆی ووتی ( ئەگەر پێمان بڵێن پردێک چۆن دروست ئەکرێت نازانین بەڵام ئەتوانین چۆن تێکی بدەین ) .
چەند ڕۆژێکە بەهۆی ڕووداوێکەوە پردە ئاسنینە بێ صیانەکەی زارگەلی لە سۆران تێکشاوە کە میراتی ڕژێمی دیکتاتۆربووە . تا ئێستاش دەسەڵاتدارە کەشخە و قسە زلەکانی ناوچەکە جگە لە دروست کردنی ڕاپۆرت و ڤیدیۆیی لە کەناڵە زەبەلاح و بێسودەکانیانەوە ، نەیانتوانیوە پلانێکی تۆکمەی یەکجارەکی و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە .
مامەڵەکردن لەگەڵ پردێکی هەستیار و شادەماری شارێک بەو کەمتەرخەمیە و بەکارهێنانی جەگی ئاسایی و کرینگێک و چەند پارچەئاسنێک و کارنەکردنی بەردەوام تیایدا ،ئەو ڕاستیەی زیاتر بۆ ڕوونکردینەوە کە دەسەڵاتداران هیچ باکیان بە ژێرخان و ژیان و سەلامەتی خەڵکەکەی نیە ڕێک ئەو پردە کۆپیکراوی سەد دەر سەدی حکومڕانییە شکستخواردووەکەیانە. وەستای قسان و کۆڵەواری دەستانن .
گوێی شەیتان کەڕبێت ئەگەر کوردستان لەسەر هێڵی بومەلەرزە و ڕووداوە سروشتیەکان ، یان لەناو جەنگێکی گەورەدا بوینایە و بۆردومانی پرد و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بکرایە ئەبوایە چەندین ساڵ و سەدەمان بویستایە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەیان ؟ یان ئایە ئەسڵەن هەر ئەمانتوانی جارێکیتر بونیادیان بنێینەوە ؟
من هەمیشە ئەمەوێت هزر و بیرکردنەوەکانی خۆم لە ڕێگەی نوسینەوە بگەیەنم بە هاوزمان و هاونەتەوە و مرۆڤەکانی تر . ئەمەوێت پرسیار لەلای خەڵک دروست بکەم بەوەی بۆچی ئەبێت ئامێری مۆدێرنەو عیملاق بەکاربهێنن بۆ جادە و تونێلە تایبەتیەکانی خۆیان لەناو کۆشک و ساراکانیان بەڵام حکومەت بەو ناو زلەوە ئەو شتانەی ئەوان و کۆمپانیاکانیانی نەبێت؟ یان توانا و سەلیقەی بەکارهێنانیانی نەبێت؟ یان لەوانەیە هەیبێت بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆۆۆر کەم کە لەگەڵ بنچیینەی حکومداری ئەم دونیا پێشکەوتنەی ئەم سەردەمەدا یەکناگرێتەوە .
جێگەی تێڕامانە چۆن ئەبێت نەوە و بەرەبابی بنەماڵەکان و خزمەکانیان دەوڵەمەندتربن لەحکومەت ؟! ئەوان هەر یەکە و باحیرە و تەیارە و کۆپتەر و بانک و زانکۆ و کەناڵ و ئەسپ و مەزرا و ڕێکخراوی عیملاق و کۆمپانیا و ڕەفاهیەتەکانی ژیانیان بە تایبەت بۆ دابینکرابێت کەچی بەناو حکومەت ئەو توانایەی نەبێت کە لە حاڵەتێکی ئاوادا بتوانێت بەزووترین کات و بە تازەترین شێوازی سەردەم ژیان و هاتووچۆ بۆ هاوڵاتیەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی پێشتر، بەڵکو باشتریش. وە ئەبێت سوودی لە هەڵەکانی پرۆژەکە وەرگرتبێت و پڕۆژەیەکی ستراتیژی نوێی سەردەمیانە بونیادبنێتەوە نەک هەر بە هێلکە و گوریس بیپێچێت و وەزعەکەی پێ بەڕێ بکات بە کاتی و هاوڵاتیان هەر ترسیان لە دووبارە بەکارهێنانەوە و بەکارهێنانەوەی ئەو پڕۆژەیە هەبێت و ژیانی هاوڵاتیان بە هەرزان سەیربکرێت.
لەهەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندین ماددەی خاو ، سەروەتێکی سروشتی زەبەلاح ، سەرمایەی مرۆیی زۆر تەنها عەقڵێکی ئیداری دڵسۆز و دەستپاک و مرۆڤدۆست نەبێت کە نیمانە ، ئێ ئەمانەش کرۆکی پێشکەوتنەکانن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست