جۆلانی, پیاوە مەترسیدارەكە

Saturday, 11/01/2025, 22:43


هەرچەندە لەوەتەی هاتۆتە كۆشكی كۆماری بەردەوام بزەیەكی نەرم لەسەر دەمو چاوێتی, بۆینباخی حەریر لە ملیەتی, ئارام و بێدەنگ خۆی دەنوێنێت و سەر دەلەقێنێت, كەمیش قسە دەكات, بەڵام رابردووی پڕە لە زەبروزەنگ و خوێن و ململانێ و سەركوتی نەیاران و دۆستەكانی و سەپاندنی هژمۆنیا لە كۆمارەكەی رابردووی ئەدلەبستان, پیاوێكی ئاڵۆزی ستەمكارە.
ئەحمەد شەرع دوای ئەوەی لە 8ی مانگی رابردووو بە پشتیوانی راستەوخۆی توركیا و قەتەر و زەمینە سازی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمەریكا گەیشتە دەسەلات, لە لایەكەوە بە روكەش دڵنەوایی  بە پێكهاتەكانی سوریا و گروپەكانی  دیكە دەدات, لە لایەكی دیكەوە لە سەركوتی بێ پەردەو سەپاندنی دەسەڵاتێكی رەش بەردەوامە, دەستی هێزەكەی لە سەركوت و كوشت و بڕو تاڵان و بڕۆ ئاوەڵا كردووە, لە لایەكەوە پەیمانی سوپای یەكگرتوو و دەسەلاتی یەكگرتوو دەدات, لە لایەكی دیكەوە پێچەوانەكەی جێبەجێدەكات دەسەلاتی یەك حیزبی و سوپای یەك رەنگی و پۆلیسی یەك باوەڕی دەسەپێنێت, بە پێچەوانەی وەعدو بەڵێنەاكن رۆژانە بڕیاری نوێ دەردەكات بۆ چەسپاندنی ئەوەی دەیەوێت, لە بری سێ مانگ بۆ هەڵبژاردن كردی بە چوار ساڵ و 3 ساڵ  بۆ نووسینەوەی دەستوور, وەڵامی فەرەنسییەكانیشی بەسەر لەقاندنێكیش  نەدایەوە كە هاوكاری سوریا بكەن بۆ نووسینەوەی دەستوور, چونكە نایەوێت ئەوان دەستووری بۆ بنووسنەوە, چونكە لە حكومەتەكەی ئەدلەبستان شەریعەتی ئیسلامی تاكە سەرچاوەی دەستوور بوو.
لە رابردوو ئەزموون هەیە, كۆبونەوەی رێكەوتی 11-9-2017 بۆ دامەزراندنی حكومەتی ئینقازی سوری, وەڵامی سوریای دیموكرات  و حكومەتی كاتی سوریا نەدایەوە لە نووسینەوەی دەستورێكی هاوچەرخ, بۆیە ئەوانیش رەتیان كردەوە بەشداری حكومەتی ئینقازی نیشتمانی لە ئەدلەب بكەن, هەنووكە هەر نایكات, جیاوازییان  لە گەڵ داعش ئەوەیە لە بری خەلافە بەرفراوانە جیهانییەكەی داعش, ئەوان حكومەتێكی ئیسلامی بە بەرنامەی داعشیان لە چوارچێوەی جوگرافیای سوریا دەوێت.
باسی فرەیی و دیموكراتیەت  دەكات, بەڵام وەزیرەكانی هەموو لە گروپی كۆنی قاعیدەن لەناو هەیئەی تەحریری شام, هەموو لە منداڵدانی قاعیدەوە هاتونەتە دەر, جیناتەكانیان ئاوێتەی تایبەتمەندییان بووە.

مەكتەبی ژنان

ناوەندێكی بە ناوی مەكتەبی ژنان بە سەرپەرشتی عائیشە دبس كردۆتەوە, گوایە مافی ژنان دەستەبەر كراوە, لێ ناوبراو باوەڕی بە چەسپاندنی شەریعەتی ئیسلامییە و دژی حكومەتی مەدەنی و رێكخراوەكانی ژنانە, لە توێتێكدا نووسیویەتی: گەلی سووریا پێویستیان بە جیاوازی نییە و ئێمەش ڕێگا بە باوەڕ و فكری جیاواز لە وڵات نادەین. 
لە رابردوو لە حكومەتی ئینقازیشدا مەكتەبی ژنانیان هەبووە, واتە نوێ نییە, هیچ كاتێك لە حكومەتەكەی جۆلانی  لە ئەدلەب بۆ رۆژێكیش بێت ژنان پۆستی سیادی یان وەزارەتیان وەرنەگرتووە, یەكەم و دوا پۆست و  دوا كەس هەر ئەوەندەیە بۆ ژنان لە داهاتووی سوریای محەمەد جۆلانی.

گواستنەوەی حكومەت لە ئەدلبستانەوە بۆ دیمەشق

دوای 8ی دیسەمبەر شەرع حكومەتەكەی خۆی لە ئیدلبەوە گواستەوە بۆ كۆشكی كۆماری, هەموو پێكهاتەو لایەنە چەكدارەكانی دیكە لە بەشداری حكومەت تەنانەت لە بەخشینی پۆستی سەربازی بێبەری  دەكات, لە كۆی بەخشینی 17 پۆستی سەربازی 13یان درایە كۆنە قاعیدەكان, لەو 13یەش حەوتیان بیانین,4 كەسەكەی دیكەش زۆر نزیكن لێیانەوە, لە كاتێدا پۆستی سەربازی بە بیانییەكان دەبەخشێت, 6400 ئەفسەری سوری كە پەیوەندییان بە ئۆپۆزسیۆنەوە كردبوو لە رابردوو, زۆریان چەكیان هەڵگرتبوو دژی ئەسەد لایان لێ ناكاتەوە بە پۆستەكانی خۆشیانەوە, نەك بكرێنە ئەفسەری علوج.
هەروەها هەواڵگری بە گروپەكەی خۆی كۆنترۆڵ كرد, لە دوا هەنگاویشدا پەروەردەی گۆڕی بە مۆركێكی ئاینی, هەمان وانەیە كە لە ئیدلب پەیڕەو دەكرا, هەر لە مێژووەوە یاسای حەمورابی كە باوكی شەریعەتی جوو و ئیسلامە لە مەنهەجی خوێندن لادا, تیۆری پەرەسەندنی نەهێشت, زنوبیای لە مێژوو سڕییەوە, ئیمام عەلی نەما, یاسا بووە شەرع.........هتد.

هەیئەو جۆلانی لە لیستی تیرۆردا

لە كاتێكدا مامەڵە لە گەڵ هەیئەی تەحریری شام و محەمەد جۆلانی دەكرێت, رۆژانە فلیمی پێشوازی و تەوقەو بزەو خەندەی شەرع دووبارە دەبێتەوە, كەچی هێشتا هیچ ولاتێك بە توركیاشەوە خۆی و پارتەكەی لە لیستی تیرۆر دەرنەكردووە.
هەیئەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆری "ئەمەریكا, بەریتانیا, توركیا, كەنەدا, روسیا. ئەرجەنتین, نیوزلەندا, ئوسترالیا, یابان, ئەندەنوسیا, یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان" دایە.
هەروەها ساڵی 2013  ئەمەریكا ئەحمەد شەرعی وەك تیرۆریست دایە قەڵەم, پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری دانا بۆ هەر كەسێك زانیاری لەسەر بدات بۆ دەستگیركردنی.
سەرۆكی ئەمەریكا بایدن بڕیاری دا هەیئەی تەحریری شام و محەمەد جۆلانی لە لیستی تیرۆردا بمێنن, بڕیارە قورسەكەی بۆ ترامپ جێ هێشت.

حكومەتەكەی شەرع لە ئەدلەب  و سەركوت

هەیئەی تەحریری شام لە رابردووی زۆر نزیك گلاوەتە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی, پێشێلی زەقی مافی مرۆڤ, كوشتنی دەرەوەی دادگا, پیادەكردنی ئیعدام, گرتن و ئەشكەنجەدانی نەیاران, چالاكوان, رۆژنامەنووسان, 22 جۆر ئەشكەنجەی لە زیندانەكانی لە كۆمارەكەی ئەدلبستانی پەیرەو كردووە.
 بۆ ژنان, رێگای گەشتی لە ژنان گرتووە بۆ دەرەوەی ماڵ بە بێ مەحرەم, تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنانی زیندانییان پیادە كردووە, رێگا نەدان بەداواكردنی جیابوونەوە, رێگەنەدان بە خۆجوانكردن, رێگەنەدان بە خوێندنی ژنان, تەنانەت ئەو ژنانەنی منداڵیش بوونە كە شویان كردووە بچنە قوتابخانەو بخوێنن, هەروەها گرتنی بە كۆمەڵی ئەو ژنانەی خێزانی نەیارانی سیاسی  حكومەتەكەیان بوونە.
لە ئەدلەبستان  بە زۆر دورزییان كردووە بە ئیسلامی سونی, دەستیان بەسەر موڵكی كریستان و دورزییەكاندا گرتووە.  
تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لە چەكداركردنی مندالان, منداڵیان وەك خۆ كوژی بۆمبڕێژكراو , قەڵغانی مرۆیی و مرۆڤ كوشتن.... بەكار هێناوە.
كۆماری ئەدلەبستانەكەی شەرع, لە ماوەی 4 ساڵی یەكەمی دامەزراندنیدا, 505 كەسیان كوشتووە, 71یان منداڵ بوونە, 77یان ژن بوونە,22یان لە ژێر ئەشكەنجە مردوونە, تا كاتی روخانی حكومەتەكەی ئەسەد زیندانەكانی 2327 كەسی تێدایە بووە, كات و قەوارە بەراورد بكەین دەیان جاری رژَێمەكەی ئەسەد فاشی بووە. 

سەركوتی ناڕەزایەتی خەڵك

بەهۆی پاوانكردنی بازرگانی خۆراك و سەپاندنی باجی زۆر بەسەریا, زنجیرەیەك ناڕەزایەتی لە ئۆكتۆبەرو نۆڤەمبەری 2019 ئەنجامدرا, بەهۆیەوە 5 كەس كوژران.
بەهۆی ناڕەزایەتی  دژ بە سەپاندنی باج بەسەر رۆنی زەیتون, هاوولاتیانی شاری كفر قاسم نوێنەری حكومەتی هەیئەی تەحریر شامیان لە شار دەركرد , ئەوانیش ئابلوقەی شارەكەیان داو گولە بارانییانكرد.
بەهەمان شێوە سەركوتی قوتابیانی زانكۆی حەلەبیشیان كرد.
لە ساڵی 2020  پۆلیسی ئاینی دانا, وەك ئێران و تاڵیبان و سعودیە, بەلام زوو هەڵی وەشاندەوە, چونكە كۆمەڵگای سوری كۆمەڵگایەكی كراوەن قەبوڵیان نەكرد.

شەڕی ناوخۆیی

ئەوان نەك لە گەڵ هێزەكانی دەرەوەی ئیسلامی سیاسی, بگرە لەناو خۆی ئیسلامی سیاسی بەردەوام لە جەنگی ناوخۆیی لەگەڵ گروپەكانی دەرەوەی خۆیان و ناو خۆشیان بوونە.
لە گەڵ چەندین گروپی ئیسلامی دیكە بەردەوام لە جەنگدا بووە تا لە ئیدارەی ئەدلەب دەریانی كرد ( ئەحرار الشام, جیش وەتەنی سوری, داعش, لیواالاقسا".
تەنانەت جێگرەكەی خۆی ابو ماریا ئەلقەحتانی و 300 لە یاوەرانی گرت, لە ململانێی ناو خۆیی بۆ دەسەڵات  زیندانیانی كرد, دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی خۆپیشاندان و فشاری توركیاوە ئازادیانی كرد, كە لە مانگی ئازاری 2024 دا خۆپیشاندانی گەورە كرا دژی حكومەتەكەی جۆلانی بە دروشمی بروخێ جۆلانی دژ بە زیندانی كردنی خەڵك و سەپاندنی باجی زۆر بەسەر خۆراكی هاوردە لە توركیاوە بە ناچاری ئازادیانی كرد.

پشتیوانانی  هەیئەی تەحریری شام

هاوكاریكەرانی هەیئەی تەحریری شام بریتین لەم وڵات و رێكخراو چەكدارانەی خوارەوە" توركیا, ئۆكرانیا, قەتەر, ئەنساری ئیسلام, جنود قەوقاز, ئیخوان موسلمینی سوریا, كەتیبەی عەبالڕەحمان, كەتیبەی تەوحید و جیهاد, كەتیبەی جەبەل ئیسلام, حیزبی ئیسلامی توركستان, جوند ئەلمەهدی, مەلحەمە تەكتیكییە, كەتیبەی غورەبای تركستان, جەیش مەجد, ئەكناف بەیت و الموقەدەس , جەیشی وەتەنی سوری".
ئەوەی جێگای سەرنجە  توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی تا ئێستا گروپی ناوبراو لە لیستی تیرۆریدایە, بەلام هاوكاریكەری سەرەكیشیەتی, سپۆنسەری بە دەسەلات گەیشتنێتی.
لە ناوچەی حكومەتی ئینقازی سوری هەیئەی تەحریری شام, لە ساڵی 2020 وە  لیرەی توركی بەكار هاتووە, وە دەرگای سنووری بۆ ئاوەلا كردووە بۆ بازرگانیكردن و هات و چۆ, تەنانەت كارەباری ئەو ناوچانەو دابین كردنی ئامێرەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای ئەو دەڤەرە توركیا و قەتەر دابینی كردووە.

كۆتایی

 لە كۆتاییدا لە ولاتی نەزار قەبانی و حنا مینادا, ئێستا سەرۆكەكەی تەوقە لە گەڵ وەزیرە ژنە گەنجە جوانەكەی ئەڵمانیا ناكات,  بەڵام ئەو وەك شێخ مەحمود ناكات, لە گەڵ پیاوەكانیان چەندە كافر بن جگە لە تەوقە سەریش دادەنوێنێت.
كورد لە رۆژئاوا دوو ئەزموونی لەگەڵ شەرع هەیە,  یەكیان لە یۆنی 2012 ەوە  بازرگانی سوتەمەنی لە نێوانیان هەبووە وەك بەرژەوەندی, دووەمیان لە 11ی سەپتەمبەری 2017 ئامادە نەبوو دەستوورێك پەسەند بكەن جێگای رەزامەندی هەموو لایەك بێت ئەمەیان وەك باوەڕ.
ئێستاش پێویستە دەسەلاتداری رۆژئاوا بەزووترین بەرەیەكی دیموكراتی  پێشكەوتنخوازی  پێك بهێنێت,  هەموو پێكهاتەكان لە ژێر ئاڵاكەی كۆبكاتەوە, جۆلانی بۆی بگونجێت هەڵبژاردن و دەستووری پەسەندكراوی هەمو لایەك پەسەند ناكات, هەمان جەنگەكانی 2017 دژ بە لایەنەكان دووبارە دەكاتەوە, ئەمجا وەك دەوڵەت  و دژ بە ئەو لایەنانەی كوشتنیان رێگە پێدراوی پیرۆزە لایان, ئەو تا مردن كورسی جێ ناهێڵێت, ئەوەی رویدا لە سوریا تەنها روخانی دكتاتۆرێك نەبوو, بگرە كارەساتی هاتنی وەحشییەكیش بوو.
هەرچەندە توركیا لە كۆشكی كۆماری ئامادەیە, بەلام سوپای ئیسرائیلیش جەبەل شێخی گرتووەو 40 كیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە, سوریا لە گۆڕەپانی ململانێی ئێران و ئیسرائیلەوە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی ئیسرائیل و توركیا, لەو ململانێیەش رۆژئاوا پشت لە ئیسرائیل ناكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە