وێنەی ناوئاوێنەکەی باکوور ڕوونە
Saturday, 11/01/2025, 12:18
مامۆستای بیرمەند مەسعوود محەمەد سەبارەت بە تێکبەردانی خەڵق دەڵێت: شیووعییەت و ڕەگەزپەرستی و جیاوازی ئاین وئەوان جۆرە دەمار هەڵبڕەوەی پێوەندی تەبایی ی نێوان خەڵق و خوا تێکڕایان کوێرکردنەوەی شەقامی پێکەوە هەڵکردنی "تعایش" مرۆڤ بە ئەستۆوە دەگرن: ئێمە دەبێت هەموو ئەو بەهانانەی خەڵق بەشەڕ دەهێنن تاوانبار بکەین هەر چەند نیاز و داوایان لەسەر بنەمای ڕاست و دروستیشەوە هەڵستابێت. بەکار هێنانی دندان و چەنبۆڵە لە ڕەوتی ئادەمیزاددا تەنها لە حاڵەتی خۆپارێزی و لەسەرکردنەوەی ستەمدیدە ڕەوایە".*
ئاوێنەی ئەم جارە ڕووی دانەوەی وێنەکەی لە باکووری نیشتمانە، بۆنەکەش ئەوەیە کە دەوڵەتی فاشی توورک، دەلاقەیەکی گفتوگۆی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کردۆتەوە، بە نیازی ئەوەی کە خۆی لە ڕەشەبای گۆڕانکارییەکان بپارێزێ.
هەندێ لەو کوردانەی کە خەمی دۆزی کوردیان لە کۆڵ ناوە و چاودێری دەکەن و بە تەنگییەوە دێن و بۆی تێدەکۆشن : ورد، بەپێی ناسینی پرێنسیبەکانی بزووتنەوەکە و ئامانجی کوردستانی بزووتنەوەکە باس لەم دەلاقەیە دەکەن، واتە ئەوان لە گۆشەی فراوانی بەرژەوەندی نەتەوەکەوە دەڕواننە پێشهاتەکان.
• باکوور خۆی
ئەم دابەشکردنەی من دروست نییە بەڵام بۆ شرۆڤەکردن و ئاسانکردنی لێ تێگەیشتن، بە کارم هێناوە، دەنا من هیچ جۆرە هەڵاواردنێک بۆ دۆزی کورد قایل نیم مەگەر وەک هەنگاوێکی تاکتیکی لێی بڕوانم کە بە پێویستییەکەی هەمیشەیی بزووتنەوەکەشی دەبینم، واتە ئامانجەکەم بۆ خۆم دیاری کردووە و دەزانم گەیشتن بەم ئامانجە، ڕێگای هەڵبژاردنی زۆری لەبەر دەمدایە، ئەمەش دەرفەتەکان بۆ کورد زیاتر دەکات کە لێیان هەڵبژێرێ.
هەم توورکیا وەک دەوڵەت و ئەو پێگە نێودەوڵەتییەی کە هەیەتی، هەم بزووتنەوەی ئازادیخوازیی باکووری نیشتمان و ئەو ئامانجەی کە هەیەتی، هەموو بزووتنێکیان، لەگەڵ خۆیاندا زۆر یاری سیاسی دەبزوێنن. توورکیا تاکو ئێستا ئەندامێکی پڕ لە سەریەشەی ناتۆیە، کە تائەم ساتە دەوڵەتانی پەیمانی ناتۆ ناچارن هاوشانی بڕۆن!!!...شەڕی ئۆکراین و......هتد.
بزووتنەوەی باکووری نیشتمانیش، کە بەبێ ئەوەی ڕاگەێندرابێت، بۆتە فاکتەرێکی نێودەوڵەتی. عێراق، ئێران، سووریا و توورکیا ناتوانن هیچ هەنگاوێ بنێن ئەگەر لە پلانەکانیاندا خانەیەکی تایبەتیان بۆ ئەم بزووتنەوە کوردستانییە مەزنە نەکردبێتەوە، ئێمەیش دەزانین، کە دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش چۆن چاودێری وردی بزووتنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و سەربازیی ئەم چوار دەوڵەتە دەکەن. کەواتە بزووتنەوی باکوور، فاکتەرێکی نێودەوڵەتی گرنگە لە مەیدانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تایبەتی زیاتریش ئەوەیە کە بزاڤێکی پەروەردەکردووە کە تەمەنی دەیان ساڵی پڕ لە سەرکەوتنە لە مەیدانی بەرێوەبەرێتی سەرکەوتووانەی مۆدێرنی ئەو ناوچە و وڵاتانەدا کە پڕکەمینەن ( ئەزموونی ڕۆژئاوا).
سەرکردەیەتی بزووتنەوەکە لە باکوور، گەلەکەی خۆی وا ڕاچڵەکاندووە لە قۆناغی ئەوەوە کە: داپیرەیەکی کوردی باکووری بەر لە سی ساڵ لەمەوبەر کە سەری سووڕ ماوە کاتێک دەچێتە لای پزیشکێک و پزیشکەکە بەکوردی بەخێری دێنێ و ئەم بە پرسیارێک وەڵامی دەداتەوە: چما تۆ کوردی؟! چوونکە توورکان وایان لە ئاوەزی ئاخنیبوو، کە کوردی کێوی ناتوانێت زانا و پسپۆڕی هەبێت!! ئەو داپیرەیەی وا ڕاچڵەکاندووە، ئێستا هەمان داپیرە لە خۆ پیشاندانەکانی ئامەددا باوەشی پڕ لە بەرد دەکات و دەیگرێتە سەروچاوی جەندرمەی توورک و هاوار دەکات: ژن ژیان ئازادی!.
ئەم جۆرە ئاسیمیلەکردن و لە خۆ بێگانەکردنە، لەهیچ دەڤەرێکی تری کوردستاندا، نەتوانرا تا ئەو ڕادەیە قووڵ ڕۆ بچێت، جا ئێوە پانتایی ئەرکەکە و قورسایی ئەرکەکە لەبەرزەینی خۆتاندا بەرجەستە بکەن، تا مەزنیی خۆبەخشینەکە و بڕوابوون بە گەلەکی خۆمان لە باکووردا لای سەرکردەیەتی بزووتنەوەکە ببینن.
• ڕۆژهەڵات
ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی ئێمە کە کانگای سەرهەڵدانی بیری کوردەواریی و سەربەخۆیی نیشتمانی ئێمەیە، بۆماوەی نزیکەی پێنج دەیەیە، گیرۆدەی بیرێکی ڕەگەزپەرستی ئاینی سەر بە ناسیوونالیستی فارس بووە، کە برینی قووڵی لە جەستەیدا هەڵکەندووە، بۆیە ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد: بەهۆی سیاسەتی نامرۆڤانە، هەڵاواردن و نەژادپەرستانە و کووشتنی ڕۆژانەی کچان و کوڕانی لاوی ئەو دەڤەرەوە بە پلەی یەکەم، هەروەها سیاسەتی نادروستی سەرکردەیەتی حیزبەکانی، بەتایبەت کۆمەڵە و دیمۆکراتیش پشێویی و تا ڕادەیەکی زۆر نائومێدی بڵاوکردەوە، زۆر ماندوو، بریندارە و ستەمی گەورەی لێکراوە کە بواری هەناسەدانیشی لە زۆر جاردا لێ گرتووە، بۆیە ئێمە هەندێ کاردانەوە لە ڕا و بۆچۆنی گفتووگۆیی سەر سوشیال مێدیای هەندێ لە کوردانی دەڤەری ڕۆژهەڵات دەبیسیتین کە بۆنی جۆرێک گلەیی و ناڕازایی بوونی لێ دێت سەبارەت بە هەندێ هەنگاوی پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەمەش پیشاندەری زیندوویەتیی و دڵسۆزی ئەو بەشە لە نەتەوەکەمانە کە چاودێرێکی چالاکی بزووتنەوەیەکن کە بە هی خۆیانی دەزانن و سەرکردەیەتی بزووتنەوەکەش دەبێت بە وریایی، خواست و چاوەڕوانییەکانی نەتەوەکە لەبەر چاو بگرێت.
• ڕۆژئاڤا
ڕۆژئاوا، نەمامی وەبەرهاتووی تۆوی ئەو بیرەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە هزری کچان و کوڕانی ئەو دەڤەرە لە بیرکراوەدا ناشتوویەتی، ئەم دەڤەرەی کوردستان، نەک لەلایەن دوژمنانییەوە لە بیرکرابوو، بەڵکو تەنانەت لەلایەن کوردی دەڤەرەکانی تریشەوە، زۆر بە دەگمەن باسیان دەکرا، بۆ نموونە: لە هەموو ساڵەکانی حەفتا و هەشتای باشووری کوردستاندا، چ ئەدەبیاتە کۆمەڵایەتییەکەی، چ ئەدەبیاتی سیاسی تاقم و دەستە و حیزبەکانی، چ دانیشتوانەکەی بە گشتی، بە دەگمەن باسێک، لێکۆڵینەوەیەک دەدۆزییەوە سەبارەت بەو دەڤەرە سەربەرزەی نیشتمانی ئێمە.
بۆیە هەر لێرەدا دەبێت سەبارەت بە کاریگەرییەکانی حیزبی پارچەکان، بەتایبەت ئەوانەی باشووریی لە چەندین قۆناغدا لەسەر دەڤەرەکانی تری نیشتمان و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی باس بکەم: کاتێک قیادەی موەقەتە، پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥یان، کە بە هەموو ئەو سەرەزللانەی کە ناویان مەکتبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی و شتی ئاوابوون، نەیانتوانیبوو باروودۆخی سیاسی ناو ئێران و هێزەبەرهەڵستکارەکانی ڕژێمی شایەنشایی لێک بدەنەوە و خوێندنەوەیان بۆ هەبێت، واتە خوێندنەوە بۆ چوارساڵی بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی کە سەرچاوەی شۆڕشەکەیان بوو!!! بۆیە لەو گۆڕانکارییەی کە ڕوویدا و زۆر شتی گۆڕی، ئەوانی لە پێشمەرگەی کوردستانەوە کردە چەکهەڵگری ناشرینترین دەسەڵاتی ئاینی لە مێژوویەکی دووری مرۆڤایەتیدا، دژ بەو دەرفەتانەی کە بۆ دەڤەری ڕۆژهەڵات هاتنە پێش و ئەو مێژووە پڕ لە شەرمەزارییەی لێکەوتەوە بۆیان کە تا ئەو ڕۆژەی لە دادگای گەلدا بابەتەکانی ئەو قۆناغانە و لێکەوتە و بەرپرسەکانی ئەو تاوانە نەتەوەییانە بۆ نەتەوەکە یەکلا دەبێتەوە، ئەم مێژووە دەبێت باس بکرێت و بخرێتەوە یادی نەتەوەکە، چوونکە ئەو ڕەوشە لە خیانەتمەندیی تا هاتووە گەورەتر، فراوانتر و ئاشکراتر بووە، وەک گەمە و جەفەنگ کردن بە ئازارە قووڵەکانی نەتەوەکەمان!!!.
ئەوەش بەرهەمی ئەو چەندساڵەی ڕێکخستن و مانەوەی چالاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە دەڤەری ڕۆژئاوای کوردستان، کە لەگەڵ ڕەخسانی بارودۆخەکە لە سووریا، ئەو گڕکانە لە توانا و بەرەنگاری ئەو بەشە لە نەتەوەکەمانی بزواند و توانی خۆی بسەلمێنێ وەک نموونەیەکی واڵای بەڕێوەبردن و دڵسۆزیی خۆبەخشانە بۆ پێشوەبردنی بزاڤە کوردستانییەکە.
• ڕۆشنبیران و ئەکادیمیکەکان
بەشێوەیەکی گشتی زۆرینەیان قەڵەمی شەرافەتمەند و هەڵوێستی مرۆڤی ئازادیخوازن، ڕۆشنبیرانی قۆناغێکی نوێی سەردەمی دەسەڵاتی کەمینەیەکی کورد بەسەر زۆرینەی کوردان، نەیانتوانییوە بزووتنێکی کلتووریی سەربەخۆی سەر بەنەتەوەکە بخەمڵێنن لە دەرەوەی ئەو بازنە کلاسیکییە پشتاوپشتەی کە ساڵانێکی زۆرە لەکەوڵی سەرکردەیەتی حیزبدا سوار پشتی خواستی دەروونی نەتەوەکە بوون کە ئازادی نەتەوە و نیشتمانەکەی بووە، ئەم خواستە بنەماییەی نەتەوەکەیان لە جل و جامانەدا کۆ کردۆتەوە و دەستی میت و دەزگا هەواڵگرییەکانی تری داگیرکارانی نیشتمانی کوردییان گرتووە بۆ سەر دڵی نەتەوەکە و لە هەرجێیەک لەم نیشتمانەدا دەنگێکی ئازاد بەرزبێتەوە، ئەوان یەکەم بەربەست و رێگرن لێی. نەیانتوانییوە ببنە دیاردەیەکی کلتووریی خاوەن هێڵێکی ئاڕاستەدیاری نەتەوەیەکی دابەشکراو کە لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئازادیدایە. کەمینەیەکیان کە لەرزۆک و ناجێگیرن لە نێوان دەستەو تاقمەکانی باشووردا هاتووچۆ دەکەن، هەر هوونەرکارێکیان کەوتۆتە سەر ئەم ڕێگە کورت و قێزەوونە، ئێدی گەل پشتی تێکردووە و بەهی خۆی نەزانییوە، چوونکە پێوانەی گەل بۆ قەڵەمەکانی، لە هەر بوارێکی کلتووریدا بووبێت، پێوانە درووست و کوردستانییەکە بووە. بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرانی بەر لە ڕاپەڕین زۆر کەم و لە چالاکی چەند ئەکادیمیکێکی دیاریکراودا نەبێت، بەرهەمی وامان لێ نەدیوون کە لە ئاستی ئازار و تێکۆشانە پڕ لە وزەکەی نەتەوەکەماندا بێت، بە قۆناغ ڕابوونە کوردستانییەکە وا لە پێش پەیبردن و بیرککردنەوەی ئەوانەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی نەخۆشە بۆ گەلێکی لە حاڵی گەڕانەوە بۆ ناو مێژوودا.
• باشوور
لێرەدا مرۆڤ، پاش سی و ئەوەندە ساڵی دەسەڵاتەکەیان، ئاوات بە نەبوونی دەخوازێ، تا ئەم بوونە قەڵب و پڕ لە شکست و سەربەرەوژێرییە خیانەتمەندییە، چوونکە دەسەڵاتی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان، بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردیان زۆر گەڕاندەوە بەرەوپاشەوە، واتە بە پێچەوانەی ڕەوڕەوەی گەشەکردنێکی ئاسایی گەلێک کە دەرفەتێکی بۆ ڕەخسا کە دەیتوانی زۆر بنەمای ڕزگاریی یەکجارەکی بۆ نیشتمانە دابەشکراوەکەی دابڕێژێ، ئەمان ئەو بنەما هزرری و ئیرادەکوردستانییەشیان ڕماند کە تێکۆشانی نەتەوەکەمان لەهەر چوار دەڤەرەکەیدا، لە پێناوی وەدیهاتنیدا، تێکۆشانی خوێناوی مەزنی ئەنجامدابوو. دەستیان بە هەر بوارێک گەیشتبێ، وێرانیان کردووە، زەمینەیان بۆ هەموو داڕزانێک خۆشکردووە و تێدا چالاکانە هاوبەش بوون، هەموو بزووتنەوە کلتوورییەکەیان لە باشووردا شەمزان و ڕێگایان بۆ تاریکترین هێزی سەرەتایی مێژووی مرۆڤایەتی خۆشکرد کە بە تووندی چنگ لە جەستەی نەتەوەکە گیربکات و پێ بە ئازادیدا بنێت و هەموو ناکۆکییە دەروونییە ناساغەکانی بیرێکی تاریک لە بڕوابوون، لە چوارچێوەی حیزبی ئیسلامیدا بە ئامانجی سیاسیی گەیشتن بە دەسەڵات، هێرش بکەنە سەر باشووری کوردستان و ناکۆکییە هەزارساڵییە بێکۆتاییەکانی ناو ئەم ئاینە، بکەنە ناکۆکی نێوان باوک و فەرزەند، دایک و منداڵەکانی و ئاڕاستەی بیرکردنەوەیان لە تێکۆشان بۆ ئازادیی نیشتمانە داگیرکراوەکەیانەوە، بگوێزنەوە بۆ ناکۆکی ناو وردەتاقمە ئیسلامییە سیاسییەکان کە بەشێکی بەرچاو لە نەتەوەکەیان لەو دەڤەرەدا، گەڕاندۆتەوە بۆ سەردەمی خورافە و ئیرادەی بیرکردنەوەیەکی ئازادییان لێ زەووت کردن. دەسەڵاتی قیادەموەقەتە بە پلەی یەکەم و لە پاشیانەوە جەلالییەکان، بەوە ناسراوون کە دەسەڵاتی بەرهەمهێنی گرفت دوای گرفتن، ئەمەش نیشانەگەلێکن کە دەسەڵاتە ستەمکار و دژەگەل و خۆسەپێنەکانیان پێدەناسرێنەوە. ئەم دوو دەستەیە چوونکە لە قووتابخانەکانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا، پەروەردە بوون و بە هەزاران داوی بیرکردنەوە و بەرژەوەندییەوە بە وانەوە گرێدراوون، ئەوە فێربوون کە دەبێ گەل بەردەوام خەریک بکرێت بە گرفت دوای گرفتەوە، بووارەکانی بیرکردنەوەی لێ تەنگبکرێتەوە، ناچاربکرێت، ئیرادەی بزووتنی لێ بسەندرێت بۆ شکاندن و وردکردنی مرۆڤبوونی، ئەوان دەسەڵاتگەلێکن دژەئازادیی، کە هەموو دەنگێکی دەرەوەی خۆیان لێ دەبێتە ترسێکی گەورە، چوونکە دەزانن چەندە بەتاڵ و بێ بنەمان و بانگەشەکانیان چەندە دژ بە ڕاستییەکەی ئامانجی نەتەوەکەن.
• توورکیا
ئەسپێکی دۆڕاوە کە سوارەکەی لە حاڵەتی گلان و سەرسمدانی کوشندەدایە. لەو ڕۆژەوەی کە ئۆردووگان شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتی هەڵگەڕاندەوە بۆ یەک حیزب و یەک سەرۆک و یەک پەیام، ئێدی ئەورووپا حیسابی سەربەروژێربوونەوەی بۆ دەکات، با ئەندامی پەیمانێکی سەربازیی نێوخۆشی بێت، ئەوە بە بنەما ناگرێت، تا بینای ئازادییە بنەماییەکانی لەسەر بنیات بنێت، کاتێک تەماشای بارۆمەتری بەرێوەبردنی وڵاتێکی ئەورووپایی دەکات. مەسەلەی کورد و داواکارییەکانی لە توورکیا بنەما هەرەگرنگەکەیە کە ساڵانێکی زۆرە تاودانی ئەم سوارە سیکۆپاتەی هێواشکردۆتەوە و بەربەستی مەزنی سەر ڕێگای غاردانێتی. بزووتنەوەی ئازادیی کورد لەو دەڤەرەی نیشتمانی ئێمەدا، لەگەڵ خۆیدا هەموو مەسەلەکەی بردۆتە ناو قۆناغێکی دیار و ڕێکخراو و بە دسپلینەوە، لە زۆر کات و جێگا و هەڵوێستدا، وەک حوکوومەتێک و دەسەڵاتێکی نێو دەوڵەتان هەڵسووکەوت دەکات، بۆیە هەموو بانگەوازێکی حوکوومەتی توورکی بۆ کردنەوەی دەلاقەیەک بۆ ئاشتی لەگەڵ کوردان، پلەیەک لە ڕسوابوونی زیاد دەکا و دابەزینە بۆ ئووردوگان و پلەیەک گەشانەوە و هەڵچوونە بۆ بزووتنەوەی کوردستانیی نەتەوەکەمان. کاتێک ئۆردووگان لە پەرلەمانی ئەوروپایی و بارەگای نێوەدەوڵەتان و کۆڕو کۆبوونەوە ناخۆییەکانیدا، نکووڵی لە بوونی کورد و ئەو ڕیكخراوەی نوێنەرایەتی دەکات و ئۆردووگان پێی ناوێرێت، دەکات، بەڵام داوای ئاشتی لێ دەکات، مۆرێکی تر دەدات لە بوونی کورد و ئەو ڕێکخراوە و قسەکانی خۆی لە پەرلەمانی ئەورووپایی و بارەگای نێودەوڵەتان بەدرۆدەخاتەوە و لە ناو خۆشدا لاوازتر و بڕوابوون پێی لەق دەکات.
• دوو جۆر لە دبلۆماسیی
بوونی ئەو دەسەڵاتە خێڵەکییە لە باشووردا، وێنەیەکە کە وێنەیەکی ترمان لە دبلۆماسییەتی کوردیی پیشاندەدات، ئەگەر وردبین و دڵسۆزیی مەسەلەکەی خۆمان بین. ئەوە سی و ئەوەندە ساڵە دەسەڵاتی خێڵەکی کورد لە باشووردا، ناوە ناوە بە وەفدی بچووک و زل و مام ناوەندی لەگەڵ حوکوومەتی ناوەندیی لە بەغدا لە هاتووچۆ و بە قەوڵی خۆیان ئاڵۆزیی و ئاشتیی و شەڕە قسەی سەر کەناڵە مێدیاییە نەخوێندەوارەکانیان دان. ئێوە بڕوانن حوکوومەتی هەولێر هەموو دبلۆماسییەکەی لە مووچە، پارەی گەنمی جووتیاران، بایۆمەتریی، حسابی بانکی من و حسابی بانی تۆ، نەوتی قاچاغ و.....ئێدی خۆتان لیستەکە تەواو بکەن، کۆکردۆتەوە کە هەموویان لە کۆتایدا شیوەنە بۆ مۆنۆپۆلکردنی هەموو پەیوەندییەکی ئابووریی نێوان هەرێم و بەغدا، کە لەدەستی گرووپەکانی بەپلەی یەکەم قیادەموەقەتە و جەلالییەکاندا بمێنێتەوە. ئەمە ڕەفتاری دبلۆماسیی حوکوومەتێکی کوردی فێدڕاڵی خاوەن پەرلەمان!! هێزی چەکدار، وەزارەتخانەی زۆر و زەوەند، بەرێوەبەرایەتی لە حساونەهاتوو، خاوەن لە ملیۆنێک زیاتر فەرمانبەر، کامێرای چاودێری پۆینت تو پۆینتی ڕێگاوبانەکان و سەرۆکمان زێرە و کاکمان گەورەیە و تا بێپایان!!!. سەرۆکی کۆماری فیدراڵی عێراق کوردە هەمیشەش لای جەلالییەکانە، فەخامەتی سەرۆکە، وەزیری دەرەوەی حوکومەتی فیدراڵی عێراق کوردە، لای قیادەموەقەتەیە، جێگری ئەنجوومەنی پەرلەمانی کۆماری عێراقی فیدراڵ کوردە، لای جەلالییەکانە هەندێ جار لێێان وەردەگرنەوە و دەیدەن بە قیادە موەقەتە، ئێدی بە هەزاران وردە بەڕێوەبەر لە بەغدا کوردن و مووچە لە بەغدا وەردەگرن و سەر بەویان و سەر بەمیانن. کاتێک هەواڵی سەردانی وەفدێکی دبلۆماسی خاوەنشکۆ!!! بۆ تاووتوێکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم تەشریف دەبەن بۆ بەغدا و لە هەواڵەکانی سەعات هەشتدا بە دەمی هەولێر ڕادەگەێنرێت، هەموو باشوور گوێ قوڵاغ دەبەن کە بزانن مووچەکانیان لەدایک دەبێت، یا ئەم سێ مانگەش وەک مووچەکانی دی مردەزاد دەبێت!!!.
دبلۆماسییەتی وەفدی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان، بۆ بەغدا کاتێک گێچەکەی بەرز دەبێتەوە، کە ئەویان بزانێت وەفدێکی جەلالییەکان لە بەغدان، یا ئەمیان بزانێت وەفدێکی قیادەموەقەتە لە بەغدان، ئێدی دەبێتە فڕکان فڕکانی ئەویان یا ئەمیان، ئەوسا وەفدی ئەمیان دەچێتە حسەینییەی سەدر و پەڕەی سپی بۆ ئایەتووڵا ئیمزا دەکات، کە هەموو پشتیوانییەکی دەکات و بە چاوی نوقاوەوە واژۆی هەموو بڕیارەکانی دەکات، تەنیا بەو مەرجەی ڕووی خۆش پیشانی جەلالییەکان نەدات. جەلالییەکان کە ئەمە دەزانن هەڵپە دەبەن بۆ حەلبووسی و وەک سوونەیەکی عەیار ٢٤ باس لە سوونە بوونی خۆیان دەکەن و بنەچەی خۆیان کە هەر لە باپیرانەوە دەروێش بوون، کە گەڕاشنەوە لە شیوەنی حوسێندا سنگ دەکووتن و دەستی شێخ نەهرۆ توند دەگرن!!! ئامادەن هەموو پشتیوانییەکی بکەن بەیەک مەرجی بچووک کە ئەو بڕیارەی داویانە بچنە هەولێر هەڵبوەشێننەوە و ئەوەندە ڕوو لە قیادە موەقەتە نەنێن با تڕیان زل نەبێت، سەردانێکیش بۆ سلێمانی بکەن و ئەمان لە هوتێلی شاری جوان لە خزمەتیاندا دەبن!.
ڕوویەکی تری دبلۆماسی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی نەتەوەکە، ئەو کاتەیە کە حوکوومەتی فاشستی توورک، دەچێتە بنکەی سەرەکی دەم پارتی و داوایان لێ دەکات، کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ سەردانی ئیمڕاڵی تا پەیامی حوکوومەتەکەیان بە ڕێبەر ئاپۆ بگەێنن و وەڵامیان بۆ بهێننەوە. پاش کۆبوونەوەکە، نوێنەرانی دەم پارتی پوختەی کۆبوونەوەکەیان بۆ گەل بڵاودەکەنەوە کە: بزووتنەوەی کورد بزووتنەوەیەکە لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی ئاشتی بۆ نەتەوەی کورد دامەزراوە و تێکۆشانی بۆ سەقامگیری وڵاتی کوردەواریی و ژیانی ئازاد و ئاسایشی بەردەوامە بۆ نەتەوەی کورد، هەر لەسەر ئەم بنەمایەوە، بزووتنەوەی کورد ئاشتی ڕەت ناکاتەوە بەو مەرجانەی ئاشتی کە لەلای ئەم بزووتنەوەیە بنەمایە. مەسەلەی ئاشتی لەگەڵ وڵاتی تورکیا مەسەلەیەکی سیاسی و یاساییە، بۆیە دەبێت لە پەرلەماندا وەک یاسا گفتوگۆی لەسەربکرێت، بە بەشداری ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە بزووتنەوەکە قبوڵیان دەکات، ئەو دەزانێت باس لە چی دەکات و بەرانبەرەکەی نیشانەی لە چی گرتۆتەوە و مەرامەکەی باش ناس دەکات و سایکۆلۆژی سەرۆکەکەی و ڕژێمەکە و باروودۆخی ناوچەکە و جیهانیش لەو خاڵانەدا کە گرێداروون هەم بە توورکیا و هەم بە بزووتنەوەی کوردەوە، دەناسێت و خوێندنەوەی بۆیان هەیە. بۆ نموونە: کاتێک کەسایەتییەکەی وەک بەڕێز (ئەحمەد توورک) کە هەڵبژاردەی نەتەوەکە بوو بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد و دوای ماوەیەک دەستبەکاربوون، ئووردوگان قەیوومی تورکی خستە جێگای، ڕێبەر ئاپۆ هەڵی دەبژێرێتەوە وەک کەسی یەکەمی وەفدی کوردی بۆ گفتگۆ دیاری دەکات، بە ئۆردووگان دەڵێت: ئەوەی نرخ و بەهای ئینسانی فرە مەزن دەدات بە تاکی کورد و کەسایەتییان بەرز دەنرخێنێ، ئەوە نەتەوەی کوردە، نەک کورسییەک لە حکوومەتەکەی تۆدا، زۆر گرنگە.
بەراووردی بکەن بەو شەڕە ناشرین و منداڵانەیەی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان لەسەر کورسییە شڕەکانی وەزارەتخانە و بەرێوەبەرایەتییەکان لە بەغدا و ئەو خۆ سووک کردن و ئەویتر سووککردنانەی کە سی و ئەوەندە ساڵە دبلکۆماسییەتی باشووری کوردستان و حوکوومەتە شڕ و لەرزۆکە خێڵەکییەکەی خەریک کردوون کە لەگەڵ خۆیاندا ئەو بەشە لە نەتەوەکەشیان سووک کردووە چوونکە لەو جوگرافیایەدا دەژی کە ئەوانی تێدایە!.
هەڤاڵ مەزڵوم کۆبانێ، بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئامێریکایی دەبرێتە فڕۆکەخانەیەکی نزیک دیمشق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد جۆلانی بۆ دووان لەسەر ئاشتی و پێشەڕۆژی سووریای سبەینێ، لەهەمان ڕۆژ و کات و نزیک لەو فڕۆکەخانەیە، هێزەکانی سووریای دیمۆکرات کە هەڤاڵ (مەزڵوم کۆبانێ) سەرپەرشتیان دەکات، شەڕی قوورس بەرانبەر چەتەکانی توورک دەکەن و زیانی مەزن لەو هێزە بەکرێگیراوە دەدەن، دبلۆماسییەتی سیاسی لە ئیمراڵییەوە دەچیتە قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەڤاڵ مەزڵووم بە دیوەکەی تری زمانە دبلۆماسییەکەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان هەم بە توورک و هەم بە جولانی دەڵێت: ئاشتی دەبێت بەو ڕەنگە بێت کە ئێمە دیاریی دەکەین، هەم زمانی ئاشتیمان هەم زمانی بەرخۆدانی شەڕڤانانمان باس لە ئاشتی دەکەن. شەڕی ئێمە بۆ ئاشتی نەتەوەکەمانە کە لێی زەووتکراوە. بەراوردی بکەن لەگەڵ ئەو دەمانەی قیادەموەقەتە و جەلالییەکان دەچوونە بەغدا بۆ باسی گفتوگۆی ئاشتی، ئەوە هیچ کە شتێک لەم هامووشۆ بێهودەیە سەوز نەدەبوون، باشترین جەنگاوەرە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەشمان، لەو کاتی گفتۆگۆیانەدا تیرۆرکراوون کە جەلالییەکان و مەلاییەکان لەگەڵ حوکوومەتی ناوەندی کردوویانە!!! (مامە ڕیشە) لە گفتوگۆی بێبنەمای ساڵی ١٩٨٤ ی جەلالییەکان لەگەڵ حوکوومەتی ناوەند شەهیدکرا. (ئەرپە) لە سەردەمی مەستیی گفتوگۆی ١٩٧٤ ی مەلاییەکان لەگەڵ حوکوومەتی ناوەند شەهیدکرا!!!.
• ئازادی: خۆشگوزەرانی نییە
هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەر بە مرۆڤبوون، ژیانی مرۆڤەکان و بارودۆخی تایبەتی تاکەکانی نەتەوەیەک و گەلێک، لەپلەدا ناتوانرێت بەر لە ئازادییان دابنرێت و لە پێناویدا ئازادی سەرکووت بکرێت، دوا بخرێت، یا باس نەکرێت. من لە زنجیرەی فۆڕمێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردندا، کە شەش بەشی تاکو ئێستا لە کوردستانپۆستی هێژادا بڵاوبۆتەوە و لە ئێستادا بەناچاری قەڵەمم لە سەری گواستۆتەوە بۆ سەر چاودێری کردنم لە گۆڕانکارییە خێراکانی بارودۆخەکە لە کوردستان و ناوچەکەدا، لەوێدا مرۆڤی کوردم وا پێناسەکردووە کە بە خۆی دەڵێت: من مرۆڤێکی ئازادم.
ئەم پێناسەکردنە لە خۆ، ئەو پێناسە هەرەباڵا مرۆییەیە کە لە هەموو دەور و زمانێکدا، مرۆڤەکە دەبێت هەموو پێشهات، داهات، ڕوانین و پێشنیاز و بزووتنەکانی لەسەر بنیات بنێت، جگە لەم پێناسەیە لەسەر هەر بنەمایەکی ترەوە خۆی بناسێنێت، دەبێ لەبەرچاوی بێت، کە دۆڕاوە!!!. ئەمە لە بواری گفتوگۆی نەتەوەییدا بەرانبەر بەهەرهێزێک بێت و لە باری شەڕ و ئاشتیشدا سەکۆی هەنگاونانی هەموو گفتوگۆیەکە. هەر دەسەڵاتێک بەبەهانەی نوێبوون، پێویستی بەرتر، بەرپاکردنی ئارامی و ئاسایش، هەبوونی دوژمن و ئەم زاراوە تەفرەدەرانەوە، بواری ئازادی تاک و کۆمەڵ بەرتەنگ و دەسکاری بکات، دەبێ بزانین کە ژیان لە سایەیدا ڕووی لە تاریکستانە. بیرتانە ساوابوونی حوکوومەتی هەرێم، پاشان سەرهەڵدانی داعش کە بە هاوسێ باشەکە ناویان دەبرد، ژیانی ئێوەی بۆ کوێ برد؟!!!. تاک و کۆمەڵ دەبێت ئەو ڕاستییە بزانن: ئازادی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو کرۆکی ژیانە، ئەوانەی کە ئازادییان بە خۆشگوزەرانی لێکدایەوە و وازیان لە ئازادی هێنا تا حوکوومەت باڵق دەبێت و چاوی دەکریتەوە و خۆی دەگرێت: ئەو مامۆستا هێژایەی کوردیان بینی، کە گەجەر و گوجەری حوکوومەتە ساواکەی هەرێم لەبەردەم پەرلەمانی کوردستاندا دایانە بەرشەق، ئەوان بۆیە توانیان لەو مامۆستا هێژایە هەڵبدەن، چوونکە زۆر بەر لەوە ئازادی خۆ دەربڕین و دەنگ هەڵبڕینیان لێ سەندبۆوە، هەر دەسەڵاتێک کە شەق لە تاکی نەتەوەیەک هەڵدەدات، بەر لەوە شەقی لە ئازادییەکەی هەڵداوە و ئێستا شەق لە خۆشی هەڵدەدا. چوونکە مرۆڤێک کە ئازادی خۆی دۆڕاندووە، لەگەڵیشیدا نرخی مرۆڤبوونی خۆشی دۆڕاندووە، واتە لە چاوی بەرانبەرەکەیدا بوونەورێکی سووکە کە بەشەق وەڵامی داواکارییەکانی دەدرێتەوە. بۆ ئەوەی ڕێگربین لە بەهێزبوونی دەسەڵاتێک بەسەر خەڵکەکەیدا، هەر لەسەرتاوە دەبێت، بوارەکانی سەرکووتکردنی ئازادییەکانی لێ بگرین، ئەمەش تەنیا بەوە دەکرێت کە یاسا بنچینەییەکان لەسەر بنەمای سالاربوونی ئازادییەکان دابڕیژرێت، کە چاودێرییەکی هەمیشەیی بن لە سەر ڕەفتاری حوکوومەت، گەلیش وا پەروەردە بکەین، کە ئازادی نە مانای خۆشگوزەرانییە و بەهیچ خۆشگوزەرانیەکیش ناگۆڕڕێتەوە و دەشێتیش لە پێناویدا و بۆ بەرپاکردنی و سەندنەوەشی لە زەووتکردن، ئازیزترین بوونەکانی ژیانمان پێشکەشی بکەین .... .
...............
سەرنجەکان:
*مەسعوود محەمەد، پەرژینی بێدەنگی، کۆمەڵەی فەرهەنگیی سوێد-کوردستان چاپی یەکەم، سوێد ١٩٩٦
ڕای من وایە کە برایەتی نێوان گەلان، کە پارتی کرێکارانی کوردستان، بەتایبەت لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە، ئاشتییەکی یەکسان لە نێوان گەلاندا، زەمینەکەیەتی، کە ڕەنگە بیبات بەرەو پێکەوەژیانێکی فراوانتر، ڕەنگە هەر لە چوارچێوەی ئاشتیشدا بمێنێتەوە، کە هێدی هێدی و بە تێپەڕینی نەوەکان سنوورەکانی نێوانیان کاڵ ببنەوە. واتە ئاشتییەکەی نیوانیان قوڵتر بکاتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست