نا بۆ خیانەتکردن لە ڕۆژئاوا
Thursday, 09/01/2025, 20:34
پەیوەست بەدۆخی ئێستای سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ، ئێستا زۆرترین قسە ، لێدوان ، هەوڵی گفتوگۆ و دروستکردنەوەی پەیوەندیەکان ئەدرێت لەنێوان دەسەڵاتدارانی دوای بەشار و ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتە پڕلە گێژاوەدا تا زەمانەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بکەن یان لانی کەم ئەو وڵاتە لەبەریەک هەڵوەشاوە نەبێتە هەڕەشە و کێشە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێکانی .
کورد لەم نێوەندەدا ئەبێت لەو وڵات و لایەنانە زیاتر گەرم و گوڕتر هەوڵی ئەوەبدات مافە نەتەوەیی و نیشتیمانی و خاکەکەی پارێزراو بێت لەو پارچەیەدا چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چارەنوس و داهاتووی ئەوانەوە .
وەک مرۆڤێک ، وەک تاکێکی کورد منیش شاگەشکە ئەبم بە یەکگرتوویی کورد لەهەر کوێیەک بوونی هەبێت . بەردەوام عەزاب ئەچێژم کاتێ بیرئەکەمەوە بۆچی گەورەترین نەتەوەی سەرزەوی کە خاوەن خاکی ڕەسەنی خۆیەتی کەچی بێدەوڵەت و بێ کیان و بێ سەروەری یاسایی و سیاسی موتڵەقی خۆیەتی ! زۆر بێتاقەتم بەو پەرتەوازەیی و خۆخۆریەی کورد لەناو یەکدیدا .
لێتان ناشارمەوە مانشێتی وتارەکەم ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو ترسە زۆرەم لەسەر دەنگۆی نێوەندگیری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان کورد و دەسەڵاتی ئێستای سووریا و سەردانیکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق .
بەڕاستی تووشی قەلەقی زۆر هاتووم لەوەتەی ئەو هەواڵەم بیستووە چونکە بەگومانم لەوەی کە پارتی و بارزانی بە نوێنەرایەتی ڕژێمی تورکیای دژە کورد هەوڵی لەناوبردنی ئەو تروسکە هیوایە بدات کە
پێشتر لەکۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا لەگەڵ سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بەسەرکردایەتی مەزڵوم کوبانێ لە فڕۆکەخانەی سەربازی دومەیر دروست بووە. وە ڕێکەوتوون لەسەر گرنگیدان بە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەردەوامی کۆبوونەوەکان بۆ ئاشتی لە سووریا.
ئەم هەوڵ و هەواڵانەی پارتی کاتێک ئومێدبەخش و جێگەی دڵخۆشی هەر هاوڵاتی و تاکێکی کوردە و جێگەی نیگەرانی نیە ؛
کە ئەو حیزبە تەنها بۆ جارێکیش بێت لە مێژووی خۆیدا وازی هێنابێت لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و بنەماڵەیی و خێزانی خۆی وە خەمی دۆزە گشتیەکەی بووبێت .
یان کاتێک کە ئەو بنەماڵەیە وازیان لەو غروریە ناوخۆیی و خۆ بەپاڵەوانکردنە هێنابێت کە وەزعی سیاسی و سەقامگیری ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتی لە باشوور و پارچەکانی تریان تێک داوە .
کاتێک گومانی نیەت باشی بەم بنەماڵەیە ئەبرێت کە میللەت دڵنیابوبێتەوە کە وازیان لە کلکە لەقێ یەتی بۆ ئەردۆغان هێناوە و خەباتی پارچەیەکی وەک ڕۆژئاوای وڵاتیان زۆر بەلاوە پیرۆزترە لە دۆستایەتی ڕژێمێکی وەک تورکیا و ئێران .
کاتێک ئەمانە وەک سەرکردەیەکی دڵسۆز و جەماوەری وێنائەکرێن کە وازیان لە ڕقی شەخسی هێنابێت و تێکەڵیان نەکردبێت بە بەرژەوەندیە گشتیەکان .
کاتێک ئەم دەم و چاوانە قسەیان لێوەرئەگیرێت کە سیمایەکی باشی حوکمڕانیان نیشانی خەڵک و خوا دابێت لەو ماوە تولانیەی مێژووی دەسەڵاتداریان ئینجا ببنە نێوەندگیر لەنێوان دوو لایەندا کە زۆر لە لەوان ئەزموندارترن و سەنتەری هەواڵەکانی ڕۆژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا .
کاتێک ئەم مرۆڤانە وەک نیشتیمانپەروەر لێیان ئەڕوانرێت کە ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی و ڕاگەیاندن بۆسەر هەر پارچەیەکی وڵات بە تاوان ئەژماربکەن نەک ئێستا خۆیان بەشێک بن لە پڕۆسەکە.
هیوادارم برایانمان لە ڕۆژئاوا زیاتر چاوکراوەتربن ، زۆر بەهیواوە لەم سەردانیکردن و نێوەندگیریە نەروانن .
وە وەک تەواوکەری ئەو پیلانە ژەهراوی و دوو ڕووییە لێی بڕوانن کە تورکیا دەستی پێکردووە لە ئیمڕاڵیەوە ، بۆشەڕی بەنداوی تشرین و پشتگیری هێرشی چەتەکان بۆسەر ڕۆژئاوا و درێژکردنەوەی ماوەی ئابڵوقەی ئاسمانی لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کە بە بیانووی پشتگیریکردنی خەباتی ڕۆژئاوا ئەو بڕیاڕەی داوە .
گومانم نیە تورکیا جگە لە شەڕی ئاسمانی و زەوی ، ئەیەوێت لەڕووی دبلۆماسیشەوە ئابڵوقە بخاتە سەر ئەو شۆڕەسوارانەی کە بونەتە قەڵای پشتگیری لە خەڵک و خاکی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیەوە چ لەباشوور چ لە ڕۆژئاوا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست