بەدیموکراتی بوونی ئەنقەرە و دیمەشق، یان خۆ هەڵخەڵەتاندن!

Thursday, 09/01/2025, 20:51


ئەزموونی زێتر لە هەشتسەد ساڵ ژێر دەستی تورک و عەرەب، لەژێر دروشمی ئاینی و عیلمانیدا، لەژێر دەسەڵاتی خەلیفە و سوڵتانە ئیسلامیەکانی تورک و عەرەبدا،  دواتر لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەری عیلمانی و نیمچە عیلمانی و ئاینی تورک و عەرەبدا، پێمان دەڵێت، ئەگەر ڕێبەرانی کورد یان هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی کورد، داوای بە دیموکراتی بوونی دەسەڵاتی سیاسی ئەنقەرە و دیمەشق بکەن، ئەوجا لە سێبەری ئەواندا هەوڵدەن پرسی کورد چارەسەر بکەن، ئەوا بێ گومان خۆدزینەوەیە لە هەڵگرتنی لێپرسراوەتی مەزن، کە ئەویش هەڵگرتنی دروشمی ئازادییە، کە سەربەخۆی، کێشانی سنووری جوگرافی وڵاتێکی داگیرکراو، مسۆگەر دەکات لەسەر نەخشەدا، کە ناوی دەوڵەتی کوردستان دەبێت.  
لە کێشمەکێشمی کێشانی نەخشەی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دۆخی سوریای دوای ئەسەد، بەهۆی بوونی شۆڕشی چەکداری و بوونی قەوارەیەکی سیاسی کە ڕێبەرایەتی میللەتی کورد دەکات، هەلێک بۆ میللەتی کورد هاتۆتە پێشێ کە ڕێگر بێت، لەبەردەم زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، کە بە ئارەزووی خۆیان و بە هاسانی کوردستان زێتر دابەش نەکەن. بە واتەیەکی دی، دووبارە بوونەوەی ئەزموونی هەرێم لە پارچەکانی دی کوردستاندا، ئەوەندەی لێدان دەبێت لە پرسی ڕەوای کورد، ئەوەندە لێدان نییە لە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و تاران و دیمەشق، لەبەرئەوەی ڕەوای بە پارچەبوون و دابەش بوونی زێتری کوردستان دەدا، ئەوجارە بە ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد لەو پارچانەدا، واتە بە ڕەزامەندی میللەتی کورد و بە فەرمیی واژۆی لەسەر دەکەن، پێچەوانەی ئەو دابەش کردنەی کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ئەنجام درا، کە تا ئەمڕۆ سەری زمان و بنی زمانمان ئەوەیە کە ئێمە "بە زۆر و زۆرداری دابەش کراوین".
دوای مێژوویەکی پڕ خوێناوی و قوربانی دان و نەهامەتی و ژێردەستی میللەتی کورد، هەر ڕێبەرێک هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی، جورئەتی ئەوەی نەبێت بڵێت، ئازادیم دەوێت و وڵاتێکم هەیە بەزەبری ئاگر و ئاسن داگیرتان کردووە دەبێت لێ بچنە دەرەوە، بێ گومان پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم هەڵوێستە لەرزۆکە، ساردکردنەوەی ڕۆحی نیشتمانی و نەتەوەیی تاکی هەڵبژاردە و شۆڕشگێری نێو نەتەوەی کوردە، بە پێنوسێک بە پانوبەرین دەنووسرێت کە ئەو هەڵوێستە، دۆڕانە!
بەهێز بوونی دەسەڵاتی مەرکەزی لە دیمەشق و ئەنقەرەدا، لەبەرژەوەندیی پرسی کورددا نییە، واتە جگە لەوەی لەنێو سنووری ئەو وڵاتانە دەمێنێت، دەبێت ددان بە یاساو دەستوری ئەو وڵاتە دابنێت. دەبێت هێزی پێشمەرگە و گەریلا ببن بەشێک لە سوپای تورکیا و سوریا، یان چەک دابنێن، ئەڵبەتە بەوشێوەیە هەرگیز میللەتی کورد نابێت بە خاوەن هێزی نەرم کە ئەویش ئابووریی وڵاتەکەیە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندا دەبێت، واتە میللەتی کورد  تەنیا بەوە ڕازی دەبێت، کە چەند تاکێکی کورد پۆستی باڵا وەربگرن و ببەسترێنەوە بە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی ناوەند و لەژێر ئاڵای سوریا و تورکیادا. 
بمانەوێت یان نا، لە واقیعی دنیای ئەمڕۆدا، هەر هێزێکی سیاسی یان هەر ڕابەرێک، کاتێک کە لەسەر مێزی گفتوگۆدا دادەنیشێت توانای سەپاندنی مەرجەکانی بەستراوەتەوە بەقەوارە و توانای هێزی سەربازی، بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زلهێزەکانی دنیا هەن، ڕۆڵیان هەیە، خاوەن قسە و گفت و بڕیاری چارەنووسازن، ئەگەر ئەوان خاوەن هێزی ئەتۆمی نەبن، ناتوانن بێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەژموونیان بسەپێنن، بۆیە بۆ میللەتی کورد بڕیاردانی چەک دانان یان تواندنەوەی هێزی سەربازیی لەنێو لەشکری تورکیا و سوریادا، بڕیاری خۆکوشتنە، چونکە لەنێو ئەو سوپایەدا ناتوانن ببن بە هێزێکی سەربازیی نیشتمانی و نەتەوەیی.  
  دۆخی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەستیارە، سەختە، لەژێر فشارە، کۆسپ و تەگەرەی زۆری لەپێشە، تورکیا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەن سوپایەکی زەبەلاحە، دژیان ڕاوەستاوە، بە ناڕەوای هێڕشی سەربازی دژیان ئەنجام دەدا، مەرجی سەرەکیی لەناوبردنی ئەوانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا چەک و بەرەنگاری بوونەوەی ئەوانە کە تورکیا لێیان تۆقیوە، هەمیشە ئەردوغان لە وتارەکانی دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێت "ئەگەر چەک دانەنێن ئەوە بە چەکەکانتانەوە لەنێو خاکی سوریادا دەتاننێژین"، یان دەڵێت "یان ملکەچ دەکەن یان ملتان دەپەڕێنین".  بوونی هێزی چەکداری بۆ شەڕی پارتیزانیش بێت، بێ گومان بەرژەوەندییە ئابووریەکانی هەموو لایەک دەخاتە مەترسیوە، کە هەمیشە دەبێت بیر لە چارەسەر بکەنەوە، بەڵام دانانی چەک بەهەر بیانویەک بێت، کارئاسانی لەنێو بردنی میللەتی کوردە بۆ تورکیا و سوریا.
ئەو زلهێزانەی کە ئەمڕۆ لەگەڵ کورددا هاوپەیمانن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوان ئەو هاوپەیمانیەتە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، بۆیە مەسەلەی سیاسەت، تاکتیکی کاتی یان دایمی بێت، ستراتیژیەتێک کە ئەوان داوای دەکەن، وەک، بەستنەوەی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان، بە بەدیموکراتی بوونی سیستەمی سیاسی و دەسەڵات لە ئەنقەرە و دیمەشقدا، بە پلەی یەکەم خزمەت بە ئەجێندای خۆیان دەکات، ئەوان لەوێ نین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرژەوەندیی میللەتی کورد بکەن، لە ئەرزی واقیعدا ئەو مەسەلەیە لێپرسراوەتی سەرشانی ئەوان نییە، ئەوان لەوێن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەکانی خۆیان بپارێزن، بۆیە هەڵەیەکی مەزنە دەکرێت، ئەگەر چارەسەری پرسی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا ببەسترێتەوە بە دیموکراتی بوونی سیستەمی سیاسیی ئەنقەرە و دیمەشق، بەڵکو چارەنووسی پرسی ڕەوای میللەتی کورد، تەنیا بە دامەزراندنی کیان و دەسەڵاتێکی سیاسی پێشکەوتووخواز و دڵسۆز بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لەسەر ئەرزی کوردستاندا دەکرێت، نەک لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند لە ئەنقەرە و دیمەشقدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە