ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی بۆ پتەوکردنەوەی برایەتی تورک - کورد، راگەیاند
Friday, 03/01/2025, 15:36
شاندی دەم پارتی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، کە داوای پتەوکردنی برایەتی تورک و کوردی کردووە، ئەم برایەتییەشی بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی وەسف کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، (پەروین بوڵدان) و (سری سورەییا ئوندەر) ناوەڕۆکی دیدارەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمرالی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، کە ئۆجالان تەندروستی باش بووە و ورەشی زۆر بەرز بووە.
ئەوەشیان خستەڕوو، کە “هەڵسەنگاندنەکانی بەرەو دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد گرنگییەکی ژیانی هەبوو.
لەو دیدارەدا کە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا هەڵسەنگێندرا، ئۆجالان ڕێگەچارەی ئەرێنی بۆ سیناریۆ تاریکە گریمانەکراوەکانی پێشکەش کرد.
ئۆجالان ڕایگەیاندووە کە “پتەوکردنەوەی برایەتی تورک - کورد بووەتە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و گرنگییەکی چارەنووسساز و بەپەلەی هەیە.
هەروەها ئۆجەلان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە سەرلە نوێ بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک- کورد زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەموو خەڵکی ناوچەکە و ئامادەم هەنگاوێکی ئەرێنی بنێم و بانگەوازی پێویست بکەم، کاتی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک - کورد وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، لە هەمان کاتدا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەموو گەلان دیاریكەرە، گرنگ و بابەتێكی هەنوكەییە.
بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا بەبێ کەوتنە ناو حساباتی کاتی و تەسک، دەستپێشخەری بکەن، بە شێوەیەکی ئەرێنی نزیک ببنەوە و سوودمەند بن، ئەمە زۆر گرنگە، بێگومان یەکێک لە گرنگترین زەمینەکانی ئەم سوودمەندییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
پێشهاتەکانی غەزە و سوریا دەریانخست، کە چارەسەری ئەم کێشەیە بە دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە، کەوتۆتە دۆخێک، چیتر ناکرێت دوابخرێت، لە چوارچێوەی ئەم جددیەتەدا، بۆ سەرکەوتنی ئەم کارە، پشتگیری و پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن گرنگی خۆیان دەبێت.
منیش خاوەنی ئەو تێگەیشتن و بڕیارەم کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پشتگیری لەو پارادایمەیە بکەم کە باخچەلی و ئەردۆغان هێزی پێدەدەن.
شاندەکە ئەگەر پێویست بکات ئەم نزیکبوونەوەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، من ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەوازی پێویست بکەم.
هەموو ئەم هەوڵانەی ئێمە وڵات دەگەیەنێتە ئاستی شایستە و لە هەمان کاتدا دەبێتە ڕێنیشاندەرێکی بەنرخ بۆ گۆڕانکارییەکی دیموکراتی.
كات كاتی ئاشتیی و دیموكراسیی برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە .
تێبینی کوردستانپۆست:
کوردستانپۆست دەقی ئەم زانییاریی و هەواڵەی لە راگەیاندنەکانی پەکەکە و لێدوانی بەرپرسەکانیان وەرگرتووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست