جێگەی سیاسیی رۆژئاوا لە ئێستادا

Friday, 03/01/2025, 15:00


ئەردوگان ماتۆڕی جیهادییەکانە. ئەمەریکا و ئەوروپا رێی تێ ناچێت بەری بۆ چۆڵ بکەن پەل بهاوێت. کوردانی رۆژئاواش تاکە ئامرازن لە سەر ئەرز لە پێناوی بەرگرییکردن لە مانی خۆیان و خاکیاندا بەر لە جیهادییەکان بگرن لە سوریا.
ئەردوگان ناتۆ بە کار دەهێنێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بە بێ ئەوەی رەچاوی کولتوری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بکات. کولتوری ئەردوگان ناجۆرە لە ناو کولتوری ئەوروپییدا. کاتێک سوید و فینلەند داوایان کرد ببن بە ئەندامی ناتۆ، ئەردوگان بە هەلی زانی بێ ئەوەی رێزی هەبێت بۆ پرەنسیپەکانی ئەو دو وڵاتە، بۆچوونەکانی خۆی لە رێکەوتنی مەدریددا لە کۆتایی مانگی شەشی ساڵی (٢٠٢٢)دا فەرز کرد بە سەریاندا. بە شێوەیەک وا دەهاتە پێش چاو کە سوید و فینلاند ببن بە ئەندامی تورکیا نەک بە ئەندامی ناتۆ.
تورکیا زۆر دورە لەوەوە کە بەرگریی لە ماف و دیموکراتیی بکات وەکو ناتۆ لافیان لێ دەدات. بەڵام وەکو ئەردوگان خۆی وتوویەتی دیموکراتیی وەکو شەمەندەفەرێک وایە سواری دەبێت هەتا دەگاتە ئەو ئیستگەیەی کە دەیەوێت.
تورکیا جیهادییەکانی لە پاکەتی تازەدا هێناوەتەوە بازاڕی سیاسیی و سوریای پێ داگیرکردوون. بە تەمایە بە لابردنی مێزەرەکانیان لە پێشدا جێگای خۆیان پێ توند بکات. بەڵام ئایا ئەمەریکا و ئەوروپا ئەمە لە تورکیا دەکڕن؟
لە دوکانەکانی ئەوروپادا هەندێک جار پیازت بە هەرزان پێ دەفرۆشن. چونکە دەزانن چ رۆژێک چەکەرە دەکات و ئیتر بۆگەن دەبێت. ئەمەریکا و ئەوروپا کە دەزانن کەی پیاز چەکەرە دەکات، پێم وا نیە نەزانن کەی سەری بێ مێزەر دەکەوێتەوە خوروو.
ئەگەر تورکیا بۆی سەر بگرێت کوردان لە سوریادا نەهێڵێت و زۆنگاوێکی گەورە دروست بکات بۆ مێشولەکان، ئەوا وەکو ئەوە وایە کە شانێکی خواری لە جەنگی جیهانی یەکەمدا راست بکاتەوە. مەبەستم لە "زۆنگاو" ئیشارەتە بۆ نوام چۆمسکی کە کاتی خۆی پەنجەی بۆ ئەوە را کێشا کە نەهێشتنی تیڕۆڕیزم نەهێشتنی هەلومەرجەکانی دروستبوونیانە، هەتا زۆنگاو هەبن مێشولەش هەر  دەبێت.
بەڵام ئیستا تورکیا لە شوێنێکدایە کە گرنگیی ناتۆبوونی بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا نزیک بۆتەوە لە گرنگیی دانانی سنورێک بۆی لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانییەوە. مەترسییەکە پەیوەندیی بە دوارۆژی جیهادییەوە هەیە نەک بە پاراستنی کوردان و بەڕێوبەرییەکەیان کە بە ئاسانیی بۆ رازیکردنی تورکیا دەخرانە سەر مێز. لەبەر ئەمە هۆکار هەیە کە ئەمەریکا و ئەوروپا لە ترسی گەشەکردنی جیهادیی دەست بە رۆژئاوەوە بگرن نەکەوێت. بۆیە لە کاتێکدا کە تورکیا بۆی نەچێتە سەر کوردانی رۆژئاوا خاپور بکات وەکو خۆی دەیەوێت، ئەوا ئەو کات ناچارە گەمەیەکی سیاسیی دی بهێنێتە کایەوە کە وەکو پرد بیبەستێ بۆ پەڕینەوە بە سەر شیوی ئەم سنور بۆدانانەی ئەمەریکاو ئەوروپادا. ئەم گەمەیەش دەستبردنە بۆ پرسی کورد لە روی سیاسییەوە. ئەو پرسەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە باکور و رۆژئاوادا هەتا ئێستا کلیلەکەیەتی.
شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی مەلیک دەیوت:
"کورد هەموو جارێک سیاسیی دەیدۆڕێنێت نەک سوپایی" بەو هیوایەی کە ئەم جارە کورد براوەی سیاسیی بێت.
پێ دەچێت کوردانی رۆژئاوا بکەوون بە سەر دوڕێیانێکی سیاسییدا. ئایا دوای باوەڕ دەکەوون یان هەلومەرجی بوون و داهاتووی خۆیان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە