ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟
Wednesday, 01/01/2025, 18:10
ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، "کابینەی دەیەم"، درێژ و دڕکاوی و ئاڵۆزە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، ئەنجامێکی دا بەدەستەوە کە ڕێژەی یاسایی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بە تەنیا، بووەتە حاڵەتێکی نەگونجاو، تا بتوانن بەبێ دواکەوتن حکومەت پێکبهێنن.
بارزانی کە ٣٩ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوەو بەزۆرینە ئەژماری دەکات، ئیتر بەناوی ئەوەی زۆرینەیە، وامامەڵە دەکات کە مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، هەروەها پۆستە لاوەکیەکان بەسەر لایەنە براوەکانی تردا دابەشبکات.
لەڕاستیدا واقعی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیایە، ئاماژەیە بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بەبێ ڕێکەوتنی هەردوو لایەنی سەرەکی کە بارزانی و تاڵەبانیە، ئەگەری پێێکهێنانی حکومەت ئەستەمە، بۆیە هەرێم بە واقعێکی تاڵ و دژوار پێناسە دەکرێت.
ناکۆکی و داواکاری هەردوولایەنی سەرەکی لەسەر هاوبەشی پۆست و پێکهێنانی حکومەت، سەقامگیری و کۆتاییەکی دیاریکراوی نیەو هەمیشە دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی ناچاریەوە، کە هەمیشە لەدەرەوەی خواست و ویست و ئیرادەی خەڵکەوە ڕێکدەخرێت.
لەبەر ڕۆشنایی سەقفی بەرزی داخوازیەکانی تاڵەبانی پێدەچێت ئەمجارە ڕێکەوتنەکانی بارزانی و تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، یەکێتی کە ٢٣ کورسی بەدەستهێناوە، سەقفی داواکاریەکانی پێشووی، کە بریتی بوو لە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە حکومەتی پێشوودا، بەرزکردۆتەوە بۆ ئەو ئاستەی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکات لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، یان پۆستە سیادیەکان بە خول لەگەڵ پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ هەر لایەکیان بێت، ئەمەش داوایەکی گران و سەختە لەسەر بارزانی.
زۆربەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان بەدەست هێناوە، جگە لە یەکێتی و پارتی، ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت بەشداری حکومەت بکەن. هاوسەنگی هێز لەم هەڵبژاردنانەدا گۆڕاوە، هیچ براوەیەکی ڕەها نیە کە بتوانێت حکومەت بەتەنیا پێکبهێنێت، هەروەها دۆخی پڕگێژاوی سیاسی ناوچەکەش حاڵەتێکی چاوەڕوانی داوە بە بارزانی و تاڵەبانی تا ئەوەی بتوانن بەڕۆشنی دیاری بکەن کە پێکهاتەی حکومەتەکەیان چۆن بێت.؟
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەوانەیە هەرێم بخاتە دۆخێکی سەختی یاسایی نوێوە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەن بۆ فشارکردن بەرەو پێکهێنانی حکومەت، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم حاڵەتەش فشارێک دەبێت لەسەر بارزانی و تاڵەبانی.
هەرچەندە ئەم هەرێمە زیاتر لە دوو دەیەیە کە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە بەهرەمەند بووە لە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان، بەڵام لەتەواوی ئەو ماوەیەدا واقعێکی تر دەبینین کە هەرێم بەسەر دوو بواری نفوزدا دابەشبووە، بارزانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی کۆنتڕۆڵکردوە، تاڵەبانی کۆنتڕۆڵی سلێمانی و هەڵەبجەی کردوە، هەر حزبێکیان هێزی ئەمنی و سەربازی تایبەتی هەیە، داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و دەروازە سنووریەکان کۆنترۆڵ دەکەن و بڕیاردەرن تێیدا.
ئەم هەڵبژاردنە دیمەنێکی سیاسی ئاڵۆزی دەرخست، بەوپێیەی هیچ کام لە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی نەیانتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە بارزانی ئەمجارەش بەجۆرێک لە لوتکەدا هاتە دەرەوە، بەڵام بەوەی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، فرسەتی بە تاڵەبانی داوە بۆ هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتدا کە بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە و خواستێکی بەرزتر دەکاتە مەرجی دانیشتنەکانیان و بە مەرجەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ بارزانی دەمێنێتەوە. هەرچەندە لایەنی تر وەک نەوەی نوێ ١٥کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا کاریگەریان لەسەر پێکهێنانی حکومەت تەواو سنووردار دەردەکەوێت.
بارزانی لە دروستکردنی هاوپەیمانی فراواندا، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ بەشداریکردن لە هەر حکومەتێک کە بارزانی و تاڵەبانی سەرکردایەتی بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی گەورە دەبێتەوە. هەر لەم ئاراستەیەوە تاڵەبانی هەوڵدەدات ئەو هەلومەرجە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانیشتنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی گرنگتر لە حکومەتی داهاتوودا.
بەغدا چاوی لەسەر پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمە و بەردەوام دەخالەت دەکات و کێشەکانیشان بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، سودانی، هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم پتەوتر بکات و ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
سودانی دەبینێت کە دۆخی ناوچەکە دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد ئاڵوگۆڕی تازەی هێناوەتەئاراوە، ئاشکرایە ئەو ئاڵوگۆڕانەش کاریگەریان لەسەر دۆخی ناوچەکە فراوانتر کردۆتەوە، بۆیە سودانی لەم نێوەندگیریەدا مەیلی لەسەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و کوردستانە گەر بتوانێ ئەنجامی بدات!.
ئەوە ڕاستە کە سودانی هەوڵئەدات بۆئەوەی بەشداری بکات لە خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لەنێوان هەرێم و ناوەنددا چەندین فایلی هەڵپەسێردراوی تر هەن، لەوانە بودجەو مووچە، دانانی یاسای نەوت و گاز، پێشمەرگە، سنورەکان و مادەی ١٤٠ی دەستوور، تا دەگات بە بەشداری لە "پرۆژەی گەشەپێدان"دا، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت، کە سودانی هەوڵئەدات وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا سودانی تاچەند دەتوانێ ئەوانە یەکبخات و تیا سەرکەوتوبێت؟، بەتایبەتی کە ئێستا بۆخۆشی دەرگیرە بە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراقدا، بۆیە ئەم نێوەندگیریەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕاوەستاو دەیهێڵێتەوە.
ڕۆڵی سودانی کاتێک ئەتوانێ کاریگەر بێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، کە دەوری هەبێت لە جێگیرکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێم بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ کێشەکانی بەغداد ژیاوە و ناچار بە پابەندبون بووە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، بۆیە پێویست دەکات سودانی بتوانێ هاوسەنگی ڕاگرێت لەبەرامبەر نەیارەکانی لەناو حکومەتی بەغداو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بارزانی و تاڵەبانی و چارەنوسی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی بودجە و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی داهاتی هەرێم بە حکومەتی عێراق، کە لەم بارەیەوە ئەنجامگیریەکی ڕۆشن نە بۆ عێراق نە بۆ هەرێم دیار نیە.!
لەژێر ڕۆشنایی ناکۆکیە گەورەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، یەکێتیەکان ئاماژە بەوە ئەدەن، کە پارتی هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت و بەتایبەت داهاتی هەرێم و نەوتی هەرێم، بە هەر شێوەیەک خۆی دەیەوێت پیادەی بکات، بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنێت. ئەمەش بەدرێژایی ساڵانی پێشوو بینراوە کە هیچ هاوبەشیەکی ڕاستەقینە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبوە، بەڵکو زیاتر شتەکان بەپێی باڵادەستی پارتی و بەرژەوەندیەکانی بەڕێوەچوە.
باڤڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە خوازیاری شەراکەتێکی واقعین، بۆ کارکردنی هاوبەش لە حکومەت و پەرلەماندا، شەراکەت بۆ باڤڵ بەمانای بەدەستهێنانی ئیمتیازێکی زیاتر و پاراستنی پێگەو نفوزی سیاسیانە، شەراکەتی واقعیش بۆ بارزانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و مانەوەی ئیمتیازەکانیەتی لە حکومەتدا. ئەوەی ئاشکرایە هەردوولایان ئەوە باش دەزانن و دان بەوەدا دەنێن کە بەبێ ڕێکەوتنی هەردوولایان حکومەت پێکنایەت، بۆیە لە دوائەنجامدا چاریان نیە و لەژێر فشاری پێکهێنانی حکومەتدا دەبن، تا قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵک لولیان نەدات، بەڵام چۆن ڕێکدەکەون؟ پرسیارێکە جارێ بەجێماوە.
مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارێکیدا وتی “پێویستە حکومەتی داهاتوی هەرێم بەپێی پرەنسیپی یەک هەرێم و یەک حکومەت و یەک پەرلەمان پێکبهێنرێت، بەئامادەبونی هێزێکی یەکگرتوی پێشمەرگە”. بەڵام ئەمە چۆن کاری لەسەر دەکرێت و چۆن پێکیدەهێنن؟، دیارە کە دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵات و حکومەتەکانیان نیشانیان داوە هیچ زەمینەیەکیان ئامادە نەکردوە کە بتوانن یان بیانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن.
هەرێم بەدەست دابەشکردنی نفوز و دەسەڵات لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا دەناڵێنێت، کە هەندێکجار خەریک بووە بگاتە ئەو ئاستەی بەفەرمی بکەوێتە سەر هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە حکومەتی هەرێم، یان بەردەوام ئەم جیاکردەنەوەیە وەک خواست و فشارێک دەدرێتەوە بەڕوی بارزانی و حکومەتی عێراقداو خولقێنەری قەیرانێکی بێچارەسەرە.
کێشە و قەیرانی سیاسی هەرێم لە دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزی نێوان هەردوو حزبی سەرەکیدایە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانن بەبێ لاکەی تر مانایەک بە پێکهینانی حکومەت بدەن، تەنانەت ئەگەر یەکێکیان بەتەنها حکومەت ڕاگەیەنێت، ئەوکات دەبێتە دابەشبونی فەرمی ئەو دوو زۆنە لە یەکتر و دۆخێکی نائارامتر ڕادەگەیەنن.
حکومەتی ئەمجارەش، چ لە پارتی بێت یان یەکێتی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ناوچەکانی لایەنی بەرامبەر کۆنتڕۆڵ بکات، دوو هێزی میلیشای پاشکۆیە بە بەرژەوەندی وڵاتانی تر و پابەند بە غداوە، لەم دۆخەی ئێستای بارگرژی ناوچەکەدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، لە دابەشنەکردنی مووچە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و نائەمنی و ناسەقامگیری زیاتری لێ سەوز نابێت. بۆیە کۆتایی دەسەڵاتیان ئاسودە بەخشە بۆ دانیشتوانی هەرێم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست