ڕۆژئاوای کوردستان لەنێو پۆشاکی ئەمریکا و چەقۆی تورکیادا

Wednesday, 01/01/2025, 17:49


پاش سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا، کوردانی ڕۆژئاوا توانیان شار و شارۆچکە کوردییەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەمەش هەوری ڕەشی حوکمی بەعس لەسەر ئاسمانی ڕۆژئاوا لاچوو. کوردی ڕۆژئاوا چاوی کرایەوە و ئاهێکی بەبەردا هاتەوە. توانیان خۆیان ڕێک بخەنەوە و هێزێکی تۆکمە لەکوڕ و کچانی ڕۆژئاوا درووست بکەن بۆ پارێزگاری لەخۆیان و ناوچەکانیان. لەسەرەتای دەسەڵاتیانەوە تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگ و بگرە ئاڵنگاری قورسیش بوونەتەوە کە هەڕەشەی جدی بووە لەسەر وجودیان، توانیویانە بەئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە و زاڵبن بەسەریاندا و تێیان پەڕێنن. هەروەها لەڕووی سایکۆلۆژی و مەعنەویشەوە کاریان لەسەر بەهێزکردنی تاکی کوردی ڕۆژئاوا کردووە، وایان لێ کردوون کە قۆناغی هەستکردن بەکەمی و لاوازی بەرامبەر نەتەوەی سەردەستە تێپەڕێنن، باوەربەخۆبوونیان بۆ درووست بکەن و بیانگەیەننە ئاستێک کە نەک خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵکو حوکمی نەتەوەکانی ژێر قەڵەمڕەوی خۆیان بکەن، بەشێوەیەک ئێستا کورد خاوەنی پڕۆژەی پێکەوەژیانی گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریان، لەواقعیشدا ئەمەیان چەسپاندووە، خەڵکیان فێری کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی کردووە. نەتەوە و ئاینزا جیاوازەکانی ژێر فەرمانڕەواییان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن، زۆرینەی هەر شارو شارۆچکەیەک چی نەتەوەیەک یان ئاینزایەک بێت، بەڕێوەبەری ئەو شارە سەربەو  نەتەوە و ئاینزایە دەبێت. ئەوەی کە جێی سەرنجە و پێچەوانەی باشوورە، ئەوەیە کە سەرکردەکانیان کوڕە هەژارن، کوڕی بنەماڵە و خێڵ نین، لەسەر بنەمای لێهاتوویی وکارامەیی دانراون و بە دڵسۆزییەوە کاردەکەن. جگە لەوەش گەندەڵی ئابووری داراییان نییە یان نزیکە لەسفر.
دیارە تورکیا درووستبوونی هەر قەوارە و کیانێکی کوردی لەهەر شوێنێک وەک هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر خۆی و دەوڵەتەکەی دەبینێ. بۆیە بە بەردەوامی و یەک لەدوای یەک تەواوی تواناکانی خۆی تاقی کردووەتەوە و تاقی دەکاتەوە بۆ درووستکردنی کێشە و ئاڵۆزی و نائارامی و شەڕ بۆ ڕۆژئاوا تاوەکو نەتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت، لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە بێ هێزی بکات، هەروەها هەموو پیلانێک دەخاتەگەڕ تاوەکو لەڕووی سیاسیشەوە گۆشەگیری بکات.
کەوتنی ئەسەد و سەودای گۆڕینی جی نفوزی ئێرانی بۆ تورکی لەسوریا، بووەتەهۆی تێکچوونی باڵانسی هێز بەزەرەری ڕۆژئاوا، بێگومان قوربانییەکانی ئەم مامەڵەیە کورد دەبێت. ئێستا تورکیا دەستی ئاوەڵا بووە بۆ بەکارهێنانی ئەو گروپانەی کە خۆی درووستی کردوون بۆ پەلاماردانی کورد، ئەگەر پەلاماری دوێنێ بۆ حەلەب و شەهبا و تەل ڕەفعەت بوو، ئەوە ئەمڕۆ بۆ مەنبەج و بەنداوی تشرینە، بێگومان سبەی بۆ کۆبانی و ناوچەکانی تر دەبێت. ئەمریکا و هاوپەیمانانیش تەماشاکەرن و هیچ پارێزگارییەک لەکورد ناکەن، ڕاستیان وتووە ئەوەی بەجلی ئەمریکا خۆی دابپۆشێت، ڕووتە ! باشە گرنتی چییە ئەمریکا ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تورکیا بەجێ ناهێڵێت ؟ هەمان ئەزموونی هێنانەوەی تاڵیبان دووبارە ناکاتەوە. ئەمریکا بەردەوام ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە هاوبەشی ئەوان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەچوارچێوەی جەنگی دژی داعشدایە نەک شتێکی تر. ئەگەر محەمەد جۆلانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گرنتی ئەو ئامانجە بۆ ئەمریکا بکەن، چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان چی دەبێت ؟
ئاشکرایە ئێستا دیمەشق، ئەنقەرەی دووەمە، ئەو گروپانەی هێنراونەتەسەر حوکم ئەلقە لەگوێی تورکیان و لەژێر فەرمان و ئامۆژگاری ئەردۆغاندان. بەتەواوی زاڵبوونی سیاسەت و ڕۆڵی تورکیا بەسەر دەستەی بەڕێوەبردنی تەحریر شام هەست پێ دەکرێت. جگە لەوە ئەمانە کۆنەپەرست و دواکەوتوون، بڕوایان بەئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و یەکسانی نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان نییە، پڕۆژەیان بۆ پێکەوەژیان و پێخستنی ووڵات نییە.
لەدۆخێکی وەهادا ناکرێت هیچ چاوەڕوانییەک و خۆشحاڵییەک بۆ ئایندەیەکی باش بۆ سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت. بەڕاستی لەم فەزا ترسناکەی ئێستای سوریادا چاوەڕوانی شەڕی ناوخۆ و کوشتار و مالوێرانی دەکرێت. سەرەتاکانی ئەمەش دەرکەوتووە، میدیای تورکی و قەتەری کار لەسەرئەوە دەکەن کە قوربانی دوێنێ بکەنە جەلادی ئەمڕۆ، ئەوەتا باری دەروونی زۆرینەی سوننە ئامادە دەکەن بۆ تۆڵەکردنەوە و خۆزاڵکردن، غرور و سەپاندن . دەبینین گەڕانی ماڵەو ماڵ و ڕەشبگیری، هەڵواسین و خنکاندنی لایەنگرانی ئەسەد لەبەرچاوی خەڵک، تێکدان و سوتاندنی مەزاری عەلەوییەکان، دزی و تاڵانکردن، ڕەشەکوژی و تیرۆرکردن لە لازقیە و تەرتوس و حەما و مەنبج بەناوی تۆڵەکردنەوە دەستی پێ کردووە.
هەرچی تایبەتە بەڕۆژئاوای کوردستان، بەڕای من لەئێستادا گەورەترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، لەدووڕییانی مان و نەماندایە،  چاوەڕوانی بچووکبوونەوە و پوکانەوەی لێ دەکرێت. تورکیا گروپە تووندڕەوەکانی سەربە تەحریر شام بەکاردەهێنێ ناوچە بەناوچە سنووری ڕۆژئاوای کوردستان بچووک دەکەنەوە، ووردە ووردە ڕۆژئاوا بێ کاریگەر دەکەن،  لەکۆتایدا بۆیان بکرێت هەر نایهێڵن و دەیپوکێننەوە. لەتازەترین لێدوانیشدا ئەردۆغان دەڵێت کوردەکان یان دەبێ چەکەکانیان دابنێن، یان لەگەڵ چەکەکانیاندا دەیان نێژین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە