بۆچی ئەمریکا هیچ پشتیوانییەکی (ئەنەکەسە) ناکات؟
Sunday, 29/12/2024, 19:03
ئەمریکا نە ئێستا و نە رابردوو و وا پێشبینی دەکرێت نە لە ئایندەیەکی نزیک، هیچ جۆرە مامەڵەیەکی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی نەکات لەگەڵ هیچ هێزێکی تر لە رۆژئاوای کوردستان، جگە لە [هەسەدە] هێزەکانی سوریای دیموکرات نەبێت.
ئەنەکەسە (ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا) گروپە هێزێکی دیکەی کوردن کە ١١ حزب پێکهاتوون لە ٢٠١١ بەدواوه خۆیان ناساندووە، بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسی لە ئەمریکا بە ئاشکرا نایڵێن، بەڵام بە ناڕاستەخۆ دەڵێت ئەمانە لە پێخەفی گەرمی نێو هۆتێلەکانی هەولێر و ئەنقەرەدا بوون کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات [هەسەدە] سنگیان کردبووە قڵغان لەدژی دا*عش بۆ پاراستنی رۆژئاوا.
دەیڤید فیلیپس مامۆستای یاریدەدەرە لە پرۆگرامی توێژینەوەی ئاسایشی زانکۆی جۆرج تاون لە وتارێکدا لە واشتۆن پۆست، رۆژی ٢٦ی دیسێمبەر نووسیویەتی؛ "سوریا لە دوای ڕووخانی رژێمەکەی ئەسەد پڕ بووە لە گروپی چەکدار و حزبی جیاواز، لەنێویشیاندا چەند گروپێکی کوردی ئێستا هاتوونەتە پێشەوە، کە پێشتر هیچ ئەجێندایەکی سەربازیان نەبووە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا".
فیلیپس نایشارێتەوە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دورگەیەکی سەقامگیرە لەنێو ئەو ئاژاوەگێڕییەی سوریادا، بەڵام ئەبێت لەخۆمان بپرسین لەسەردەستی کێ ئەو سەقامگیرییە دروستبووە؟دەڵێت؛ "ئەوە لەسەردەستی هەسەدە، هەسەدە قوربانیی زۆری داوە بۆ پاڵپشتی شەڕ دژی تیرۆر بە سەرکردایەتی ئەمریکا".
هەروەها لە راپۆرتێکی سی ئێن ئێن-دا جەنەرالێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد کە هەسەدە لانیکەم ١١ هەزار شەرەڤانی لە شەڕی دا*عشدا بەختکردووەو ٢٣ هەزاریشی برینداربوون.
بۆیە هەر کە ناوی شەڕی د*عش و خۆرئاوا دێت وێنەی هەسەدە و شەرەڤانانی کورد دێتەبەرچاویان نەک ئەنەکەسە، ئەمریکاییەکان دڵنیاش بوون لەوەی کە پێگەو هەژموونی هەسەدە لە ناوچەکانی باکور فراوانترە لە هەموو هێزێکی دیکە، ئەوەتا لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئێن پی ئار دەڵێت؛ “ئێمە ماوەیەکی زۆرە شانبەشانی هەسەدە کارمان کردووە، پێگەو شوێنێکی بەرچاویان هەیە، ئەو کارەکانمان لەگەڵیان بەردەوامە. ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە، پێموایە ئەو پەیوەندییە هەر دەمێنێتەوە”.
لای ئەمریکا خاڵێک کە جێگەی تێڕامانە، خەبات و چەکداری ژنانە بە ژمارەی پیاوان لەنێو ریزەکانی هەسەدە، کە لە هیچ گروپێکی دیکەدا ئەمریکا بەدیناکات، وۆل ستریت جۆرنال نوسیویەتی؛" لە ساڵی ٢٠١٩ ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆمەڵێک یاسای بۆ پاراستنی ژنان دەرکرد، کە جێگەی تێڕامانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بوون، هەروەها نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەفسەرانی ئاسایش لە دەزگا ئەمنییەکانی کورد لە ناوچەکە ئێستا ژنن و لە حکوومەتی خۆسەردا ٤٠٪ نوێنەرایەتی ژنن".
لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لەنێو قەرەباڵغی و ژاوەژاوی سیاسەتمەدارانی ئەمریکیدا، تەنیا جەنەرالێکی کورد بەدیکرا ئەویش جەنەرال مەزلوم عەبدی بوو، کە ئەوکات بووە جێگەی مشتومڕ لەنێو هەموو سیاسییەکانی کوردستان، بۆ تەنیا ئەو! کەواتە دەیان ڤیگەری جیاواز بۆئەوەی تێبگەین کە ئەمریکا بۆ لە رۆژئاوا تەنیا مامەڵە لەگەڵ هەسەدە دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست