دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال

Sunday, 29/12/2024, 18:49


ئەم تاوانبارە بناسن

‌ماوەیەک لەمەوبەر هەواڵی ئەوەم بیست و لە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵیشەوە خوێندمەوە کە(عەبدوڵڵا کەریم مەحمود)ی نوسەری(رەشەبای ژەهر و ئەنفال) بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی(هەژدە کچە فرۆشراوەکە) بە وڵاتی میسر، دەدرێتە دادگا، گوایە بەڵگەنامەکە ساختەیە بە پێی لێکۆڵینەوەی لیژنەی بەدواچوونی ئەو کەیسە کە حکومەتی هەرێم رایسپاردووە ؛ باوەڕم نەکرد کە هیچ دادگایەک و دەزگایەکی جێبەجێکاریی لەم هەرێمەدا جورئەتی وەها کارێک بکەن.
‌بەڵام لەم رۆژانەدا کە بیستم بەڵێ وا پۆلیسی گەرمیان داوا دەکات ئەم تاوانبارە ببرێتە دادگا و بە سزای خۆی بگات هیچ لام سەیر نەبوو؛ لە گەرمیانێک(حاکم هاوژین) سزا بدەن و دووری بخەنەوە لەسەر جێبەجێکردنی  یاسا و هەوڵدانی بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی کەیسی ئەنفال، چۆن نوسەرێکی خەمخۆری دۆسییەی ئەنفال(عەبدوڵڵا کەریم) نادەنە دادگا؟
‌عەجایەب رێک دەڵێیت(قائید و لسەورە) زیندووەو حوکم دەکات، ئەنفالچییەکان  دەرباز دەکرێن و(دادوەر هاوژین) سزا دەدەن و دڵسۆزێکی نیشتمانەکە دەبەنە دادگا و شەرمیش ناکەن.
‌باشە وڵاتی میسر لە فیلمی(نیران سەدیقە) باسی ئەو کەیسە دەکات بۆ دەبێت حکومەتی هەرێم لە قەبارەی کارەساتی ئەنفال کەم بکاتەوە؟ ئایە جگە لە ئەنفالچییەکان و کۆنە بەعسییەکان  کێ سوودمەندە لە ئازاردانی رۆحی کەسێکی وەکو(عەبدوڵڵا کەریم)؟
‌ئەو نوسەرە من باش ناناسێت؛ بەڵام زۆر باشم بیرە ساڵی ٢٠٠٣ هاوین بوو دەهات بۆ رۆژنامەی (هاوڵاتی) و ئارەقەی کردبوو، چاویلکەکەی لادەبرد و ئارەقەی گەرمای تاقەتپڕوکێنی دەسڕییەوەو کۆمەڵێک لاپەڕەی دەردەهێنا  لە لیڤێکسەکەی بن دەستی کە راپۆرتی ئامادە کردبوو لەسەر دۆسییەی ئەنفال.
‌دڵنیا بووم چاوەڕوانی پاداشت نەبوو؛ بەڵام چاوەڕوانی ئەم رۆژەیش نەبوو کە لە پای دڵسۆزییەکەی بۆ ئەنفالکراوان و دۆسییەی ئەنفال لە بری تاوانبارانی ئەنفال بدرێتە دادگا.
‌شەرمە بۆ هەموو کورد گەر بێدەنگ بن لەم کارە قێزەوەنە؛ رێزم هەیە بۆ قوربانیانی هۆلۆکۆست و جینۆسایدی  جولەکە بەڵام هەزاران رێگایان دۆزییەوە ئەوان تا قەبارەیەکی گەورەتر بدەن بە دۆسییەی جینۆسایدی جولەکە؛ کەچی لەم کوردستانە حەیاتەی ئێمەدا  ئەنفالچییەکان پەنا دەدرێن و دڵسۆزێکی دۆسییەی ئەنفال(عەبدوڵڵا کەریم) دەدرێتە دادگا.
‌داخی ئەوە دەمکوژێت باسی بە دەوڵەتبوونیش دەکەن وا دەزانن بوون بە دەوڵەت بەبێ پێشاندانی ئازارەکانی کوردبوون و دروستکردنی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی ئیمکانی هەیە.
‌من لێرەوە رایدەگەیەنم ئامادەی خۆپیشاندان و مانگرتن و هەموو چالاکییەکی مەدەنیم بۆ رسواکردنی ئەو عەقڵییەتەی کە ئەنفالچی قوتار دەکات و (عەبدوڵڵا کەریم مەحمود) دادگایی دەکات کە بەڵگەنامەی بڵاوکردوەتەوە؛ دڵنیام کە ساختەی نەکردوە؛ ئەو کەسەی  پێی وایە بەڵگەکە ساختەیە مەگەر ئەنفالچییەک بێت و دڵنیابێت کە(١٨) کچ نەبوون بەڵکو(١٨٠) یان (١٨٠٠) یان (١٨٠٠٠) بوون، بڕۆن هەی بێ توانا و بێ سەلیقەو نەبووەکان، بزانن چەند کچی کورد بە کوەیت و سعودییەو و میسر و وڵاتانی کەنداو فرۆشراوەو نەوە دەخەنەوە.
‌شەرمەزاری مێژوو بن بۆ خۆتان و دونیابینیتان، شەرمەزاری ئازارەکانی ئەنفالکراوان و کەس و کاریان بن.

عومەر سەیدە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە