نامەیەک بۆ بەڕێز نەواد ڕەشید!
Saturday, 28/12/2024, 8:50
بەڕێز جەنابی کاک نەواد ڕەشید نوێنەری ئەنجومەنی کوردستانی سوریا!
ڕاستە جەنابت و حیزبەکەت لەوانەیە کێشەتان دەگەڵ حوکمەتی فاشیستی تورک نەبێت!
لەوانەشە سوڵتانی ئەمڕۆی عوسمانیتان هێند پێ پاک و موقەدەس بێت بەرماڵی نوێژیشی بۆ ڕابخن و لە پشتیەوەی نوێژ دابەستن!.
لەوانەیە ئێوەش وەک میرە کوردەکانی دەورانی ئیمپیراتۆریەتی عوسمانی حه زبکەن هەرچوارپارچە ی کوردستان لە ژێر جەتری نەوەی ئەمڕۆی عوسمانیە کان ویان داگیڕکەرانی تری نیشتیماندا بن!
بەڕێز کاک نەواد ڕەشید !
جێی سەر سوڕمانە نوێنەری حیزبێکی سیاسی گەل و نیشتیمانێکی داگیرکراو بیت و بەڵام دژمنی خۆت نەناسیت! چۆن مەگەر نازانیت سوڵتان و حوکمەتە فاشیستەکەی تورک کە جەنابت هیج کێشەیەکت لە تەکیان دانییە بە خوێنی سەری گەلەکەت هێندە تینوە دڵۆپەیک خوێنی ناو شوشەی دڵی گەلەکەت بە لیترێک ڕاکی تورکی ناگۆڕێتەوە و بەنۆشینی پێکێک خوێنی گەلەکەت بتر مەست و خومار دەبێت؟ بەڕێز کاک نەواد ڕەشید!
دەبێ بزانیت حوکمەتی تورک کێشەی سەروماڵی دەگەڵ میللەتی کورد هەیە !
فاشیسزمی تورک ئەگەر بۆی بلوێت هەرچوارپارچەی کوردستان دەکێڵێت و دەیکات بە تورو و جەنابیشت ناکات بە وەرزیرێکیش و وەرزێرێکی تورک دێنێت و باوەڕ بفەرموو تەنانەت شوغڵی قەلەوانه یەکەش بە جەنابت نابەخشێت!
لە ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی گەڕێ کە قەت نەیگوتوە من نوێنەری کوردم بەڵکوو ئەمە شۆڕشی ڕۆژئاوایە کە بە جیهانیان سەلماندوە نوێنەری ڕۆژئاوای نیشتیمانە!
ئەمە کچە شەڕڤانی شۆڕشگێڕی داعش شکێن و بەرپەرچ دەرەوەی سوڵتانە داگیرکەرەکەی کورد و کوردستانە نوێنەری نەتەوەی کوردە
لە ڕۆژئاوای نیشتیمان دا و گوڵی سەربەستی سەر بەرۆکی مێژوی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە!
جێی سەر سوڕمانە پێت شەرم بێت بچیتە ژێر چەتری شۆڕشێک کە سیستیمێکی خۆ سەری و بەڕێوەبەریەکی تەشکیل داوە و هەموو قەوم وقەبیلەو باوەڕدارێکی دینی لە ژێر سێبەری دا ئازادو بەرابەر دەژین و سیاسەت و دینیش تێیدا لێک جیاوازن ومەزهەب ئەمری تاییبەت بە مرۆڤە و ئازادە!
بەڕێز کاک نەواد ڕەشید جەنابت چۆن نوێنەری حیزبێکیت کە ئاگات لە مێژوی گەل و نیشتیمانەکەشت نییە؟
هەر ئەم سوڵتانەی جەنابت کێشەت لە تەکیا نییە دوێنێ بەبەر چاوی هەموو جیهانەوە هاواری کرد و گوتی:
کوردەکانی ڕۆژئاوا یادەبێ چەک دانێن و خۆیان ڕادەستی تورکیا بکەن یان بە چەکەوە وەک ئەرمەنەکان و کوردەکانی ناو مێژوی جەنگی جیهانی یەکەم ژێر خاکیان دەکەیین!
ئایا جەنابت دڵنیایت کە لەم هەڕەشەیە دا دەگەڵ حیزبەکەت ساخ دەرچن و ئێوە ناخرێنە ژێر خاکی نیشتیمان و سوڵتان فەڕشی سوورتان بۆ ڕادەخات؟
بەڕێز کاک نەواد ڕەشید!
گەل و نیشتیمان لە قۆناغێکی زۆر زۆر هەستیار و ترسناک دایە و لە هەموو ساتەکانی مێژوو زیاتر پێویستی بە یەک گرتویی نەتەوەیی هەیە!
ئەگەر ئێوە بە خێرایی دەگەڵ قەسەدو سیستیمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان یەک دەنگ نەبن مێژوو لێتان دەپرسێتەوە و جەنابت بەم لێدوانەوە دەکەویتە ژێر پرسیاری مێژوو و دەبێ و پێویستە وەک حیزبێک لە سبەی ڕۆژ دا وەڵامی دادگای گەل و نیشتیمانەکەت بدەیتەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست