چاپەمەنی ئازاد سەرەڕای هەموو هێرشەکان دەستبەرداری ڕاستیەکان نابێت
Saturday, 28/12/2024, 11:43
دەیان ساڵە ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان کار بۆ دەربڕینی ڕاستییەکان دەکات.تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا هەوڵی داوە ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، و بەرگەی هەموو مەترسی و هەڕەشەکانی گرت و هەتا ئێستاش بەردەوامە لە گەڕانەکەی.ژمارەیەکی زۆر لە هەڤاڵان لە ڕێگای ئەم گەڕانە بۆ گەیشتن بەئازادی و ئاشکراکردنی حەقیقەتەکان شەهید بوونە و زۆریش زیندانی کراون.بەڵام ئەم خەباتە هەرگیز نەوەستاوە، زیاتر لە ٤٠ ساڵە، سەرەڕای هێرشی تاوانباران و کۆنتڕاکان و ئەندامانی میت و ژیتەم، لە گفتوگۆ کردن لەبارەی ڕاستیەکانەوە نەوەستاوە..دەبێ هەروەها باس لە ڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بکەین لە گێڕانەوەی ڕاستییەکان لە کاتی هێرشەکانی داعش و گرووپە جیهادی و تەکفیریەکانی تورکیە بۆ سەر عەفرین و کۆبانی و شنگال و ڕەقە. "ئەمڕۆ دوو لە هەڤاڵانی ڕۆژنامەوان (جەهان بیلگین و نازم دەشتان) شەهید کراون، هەردووکیان ئەو ڕۆژنامەنووسانە بوون له تەواویی گۆڕەپانەکانی جەنگی ئەو چەند ساڵەی دواییدا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئامادەییان هەبوو و بەردەوام ڕووماڵی ڕووداوەکانیان دەکرد و تاوانەکانی سوپای تورک و گرووپە تیرۆریسیتەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرد.ئەوان لەهەموو مەیدانەکاندا ئامادە بوون و دەنگی بەرخۆدان و بەڕەنگاربوونەوەی گەلی کوردیان بڵاو دەکردەوە. تورکیە تۆمارێکی ڕەشی هەیە لە تیرۆری ڕۆژنامەنووس و نووسەر و چاڵاکڤانانی مەدەنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و باشوور و ئەوروپا،بۆیە کاتی هاتووە سنورێک بۆ ئەو هەمووە تاوانانەی تورکیە دابنرێت و چیتر کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ و سەندێکای ڕۆژنامەنووسانی جیهان ڕێگە بە تورکیە نەدەن بەو شێوەیەی هێرش بکاتە سەر ڕۆژنامەنووسانی کورد.
یاد و ناویان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست