دیوێکی تری ئاوێنەکان

Thursday, 26/12/2024, 23:58


داڕمانی کۆمپانیایەکی تری ستەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئەمڕۆ ڕژێمێکی تری ستەمکار رووخا و چووە زبڵدانی مێژووەوە، وەک ڕەوشە ئاساییەکەی ستەمکاریی.
لە ڕاستیدا ئەم جۆرە ڕژێمانە وەک دوکان و کۆمپانیا و کێڵگەیەکن تایبەت بە کەسێک و ماڵبات و خێزانێک، بۆیە لەگەڵ ڕووخانی سەرەکەیدا، ئێدی هەموو چوارقورنەکەی لەگەڵ دیارنەمانی ئەودا دادەڕمێن.
وەک دوکانێک کە ئاگری تێبەربێت و 
کارخانەیەک مایەپووچ بێت و
 کێڵگەیەک لافاو  بیبات.
سووریا یا شام، کە بە پایتەختەکەشیان دەگووت(شام)، ئەمە خۆی نیشانەی ئەوەیە کە هەموو شام، بریتییە لە دیمەشق چوونکە ئەوێ نیشتەجێی(دکتاتۆر و خێزانەکەی) بوو.
لە باشوور لای ئێمە، مۆدێلێکی تر هەیە ستەمکاران خۆیان و خێزانەکانیان ماڵیان لەوێیە، مۆدێلی گردنشینی، بۆ نموونە: 
گردەکەی سەری ڕەش، لە هەولێر
گرەکەی دەباشان، لە سلێمانی
دکتاتۆرەکانی ئێمە وەک قەل و داڵ بەسەر گردەوە دەنیشنەوە!!!.
بەشار ڕۆشت و یادگارەکانی لە:
زیندان و 
گۆڕستانی غەریبان و 
گیرفانی بەتاڵی 
زۆرینەی خەڵکی سووریادا جێهێشت.
کاتێکیش ستەمکارانی کوردیی باشووری، ڕەشەبای تووڕەیی خەڵک، دامودەزگا و ماڵ و بازاڕ و ڕەفتار و ناویان هەڵدەپێچیت و فڕییان دەداتە ناو دۆڵی پڕ لە خاشاکی مێژووی خیانەت و کورد کوشتنیانەوە، ئەوەی لێیان جێدەمێنێ:
مافی نەسەندراوەی ئەنفالکراوان و
هەناسەی کوژراوی هەڵەبجەییەکان و
پڕچی بڕاوی کچانی ژەنگالی و
خوێنی ڕژاوی لاوانی کورد و
پارەی دزراوی منداڵانی کورد و
گۆڕی غەریبی کوردانی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوایە
شکۆی شکاوی هێزەکانیانە بەرانبەر چەتەکانی داعش
کەواسووریی بەر لەشکری توورکیایانە
ژنان و کچانی سلیکۆنی زۆریانە
تەویلەی ئەسپە ڕەخشەکانیانە 
زیندانەکانی ژێر زەمینیانە
ئۆتۆمۆبیلی دوا مۆدێلیانە
پاڵاوگەی لە کارکەوتووی نەوتی دزراومانە 
زمانێکی کوردیی سەقەتکراومانە
ئەگەر گەلێک لە زەمانی (زانست و هۆش) دا بە دوای کتێب و بەسەرهاتی کۆن و خورافە و چیرۆکی ئەفسانەیدا وێڵ بێت، هەموو لات و گەجەر و گوجەرێک دەتوانن خۆیانیان لێ بکەن بە خوا، بە پاڵەوان بە سەرکردەی بێ هاوتا!!!..
ئەگەر ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی گەلێک بوونە قەرەقۆزی ڕژێمێک، شایەری دەربارێک و بارکێشی دکتاتۆرێک، هەموو گەجەر و گوجەرێک دەتوانن خۆیانیان لێ بکەن بە خوا، بە پاڵەوان بە سەرکردەی بێ هاوتا!!!..
ئەگەر پیاوانی ئاینی گەلێک بوونە، حیکایەتخوانی چیرۆکە سواوەکان و نزاگۆی شا و وەلی ئەمرەکانیان، هەموو گەجەر و گوجەرێک دەتوانن خۆیانیان لێ بکەن بە خوا، بە پاڵەوان بە سەرکردەی بێ هاوتا!!!..
لەم ناوچەیەدا کە پڕە لە خەلیفە، ئەمیر، ئیمام، سەرکردە، ڕابەر، سکرتێری حیزب و باوکی ڕۆحی و …… هتد. بەشار دەڕوا و یەشار دێت، ئەسەد ئەڕوا و چەقەڵ دێ، نە ئەسەد و نە چەقەڵیش، هیچ پەنجەرەیەک بە ڕووی(هۆشێکی ئازاد) دا ناکەنەوە، چوونکە کاری ئەوان نەهۆشە و نە ئازادی بەڵکو  خواردنی مرۆڤە، لە پلەی یەکدا:
ـ  ژن بۆ خواردن، 
ـ پیاو بۆ ڕابووردن، 
ـ دایکان و منداڵ بۆ وێرانکردنی داهاتووی گەلان.
٨/١٢/٢٠٢٤ بەشار ئەسەد، قەلفڕی پێکرا، جارێکە زووە بزانین، ئەو قەل و داڵەی ئۆردووگان پەروەردەی کردوون، چۆن دەفڕن!!!.
بەڵام ئەوەی  کە بۆ ئێمە ئاشکرایە و لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا بێهاوتایە، ئەو دسپلین و دووربینییەی بەڕێوەبەرێتی خۆسەریی ڕۆژئاوایە.
ساڵی ١٩٧٥ مانگی ٣ ڕۆژی ٢٠ سەرکردەیەتی شۆڕشی کورد، بەو خەڵکەی لە دەوری خڕ ببوونەوە و باوەڕی خۆیان پێدا بوو، گووتی: 
ـ ئێدی ئاشمان بەتاڵ کرد و هەر کەس بچێتەوە بۆ ماڵی خۆی و ئێمەش دەچینەوە بۆ ماڵی خۆمان لە کەرەج.
ساڵی ٢٠٢٤ مانگی ١٢ ڕۆژی ٨، مەزڵووم کۆبانێ، بانگی لە شەڕڤانانی ئازادیخوازی یەپەگە و یەپەژە کرد:
ـ لە دەوری (گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب) خڕ ببنەوە بۆ پاراستنی گیان و سامانی دانیشتوانی کورد لەو گەڕەکە.
ئێوە بڕوانن ( نرخی ژیانی تاکی کورد) لە لای ئازادیخوازانی ڕۆژئاڤا و (نرخی ژیانی تاکی کورد) لای سەرکردەیەتی سیاسی لە باشووردا!!!.
ئەمە گرنگترین پرێنسیپی مرۆییە لەلای ئازادیخوازانی باکووریی و ڕۆژئاڤا کە بەهەر نرخێک بووە دەبێ ژیانی تاکی کورد پارێزراو بێت، ئەگەر بە پێشکەشکردنی گیانی شەڕڤانێکیش بووە، ئەمەی شەڕڤانان دەیکەن پڕاوپڕیی وشەی (پاڵەوان) بوونە، مەزڵووم کۆبانێ و ئەو شەڕڤانانە نەگەڕانەوە
(بۆ ماڵی خۆیان) تا دوا کوردیان لە مەترسی چەتەکانی ئۆردووگان، ڕزگار کرد، پاڵەوانێتی ئەمەیە. ئەمەیە پاڵەوانێتی(پاراستنی ژیانی تاکی کورد).
• ئەوەی لە ١٩٧٥، ١٩٨٥، ١٩٩٥، ٢٠٠٥ و ٢٠٢٥ دا لە باشوور بەرانبەر تاکی کورد 
کرا/ دەکرێت، سووکایەتییە بە ژیانی تاکی کورد، بێنرخبوونی ( ژیانی تاکی کورد) ە بۆ سەرکردەیەتی حیزبی باشووری و ڕۆژهەڵاتی. 
کەواتە:
ڕۆژ و ڕۆژگارەکانتان باش ئازادیخوازانی یەپەگە و یەپەژە.
دەستومەچەکتان باش، (بێریتان)ەکانی قەندیلیی.
ئازادیتان باش، ژنانی دلێری ڕۆژهەڵاتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە