ڕێویەکانی مەیدانی سیاسەت

Wednesday, 25/12/2024, 17:32


مێژووی دوورو نزیک گەواهی ئەوەی بۆمان داوە کە، حیز،بی کوردی هەموو سنورێکی ڕەوشتی سیاسییان تێپەڕاندووە، لەوەی هێندەی سیناریۆی قێزەون دابڕێژن، بۆ شووشتنەوەی مێشکی خەڵکی عەوام و ساویلکە. 
سەرتۆپی هەموو فێڵ و دووڕووی سیاسییش جەلال تاڵەبانی بوو. جەلال تاڵەبانی خاوەنی کەسایەتییەکی ئاڵۆزو غامزو دووڕوویی سیاسیی بوو وە ئوستازو دامەزرێنەری قوتابخانەی ئیرادە فرۆشی بوو. تەبعەن جەلال تاڵەبانیش قوتابی مەدرەسەی برایم ئەحمەد بوو هەر بە ژەهری تەڵەکەبازی سیاسیی، ئەویش جۆش کرابوو.
جەلال تاڵەبانیش کوڕو برازاکانی لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسیی تەربیەت کردن. تاڵەبانی ڕێوی سیاسەت بوو، جامبازترین و بێمتمانەترین سیاسی بوو. لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ڕاست نەبوو، وەکو مەلا کرێکار ئەڵێت، "تەشپیات نەبێ سەری گای ئەکرد بە پاشەڵی گایا" بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. ئەشێ هەر کەسێکیتر بڵێت هاوکار قادر زیادەڕەوی ئەکات، بەڵام جەلال تاڵەبانی لەدرێژایی ژیانی سیاسییدا دوو جار هێندەی دوژمنانی کورد زیانی بۆ کورد هەبوو، بەجۆرێک پێموایە هەتا چل ساڵیتریش مناڵەکانیشمان باجی چەوتی و خیانەتەکانی تاڵەبانی ئەدەن. تەنانەت ئەوەی ئێران، تورکیاو عێراق پێیان نەکرا بە جەلال تاڵەبانیان کرد، تاڵەبانی وەکو مەقاشێک لەدەستی خۆیان بوو هەر پشکۆیەکی سیاسیی کە ئەیانزانی دەستی خۆیان ئەسوتێنێ بە تاڵەبانیان هەڵدەگرت. بەجۆرێک کە نەک هەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، تەنانەت لەکۆتایی تەمەنیدا حیزبەکەی خۆیشی کرد بە قوربانی کورسی و ناوبانگی خۆی. هەربۆیە تاڵەبانیش هەمان مەدرەسەی فرت و فێڵی سیاسیی گواستۆتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتدارە گەنجانەی ئێستا بڕیار لەسەر ژیانی دایکە خوشکو مناڵەکانی ئێمە ئەدەن. تاڵەبانی و مێژووە پڕ لەشەرمەزارییەکەی وەکو کتێبی خیانەت و گەوجاندنی میللەت بۆ کوڕو برازاکانی مایەوەو لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک لەم کتێبەدا، زیاتر ڕۆئەچن بەناو چاڵی بێ مۆڕاڵی سیاسیی و فەساددیدا. 
تاڵەبانی زۆر دەمێک بوو ئەو سیاسییە گەنجانەی ئێستای ئامادەئەکردن کە لەسەر هەمان نەریتی سیاسیی باوکو باپیریان بڕۆن. یەکەمین کاریشی بە بافڵ کرد لە ٣/٢٠٠٣دا کە ئەوکات بافڵ زۆر گەنجێکی خوێن گەرم بوو وە هیچ لەسیاسەت تێنەدەگەیشت. بەڵام بەفەرمانی باوکی هێزێکی کۆماندۆی بردو مامۆستا عبدللە قەسرێ و چوار پاسەوانی شەهید کرد. وە یەکەم کردەوەی قێزەونیش کە دوای مردنی تاڵەبانی کردیان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو کە بەهۆیەوە کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی دەوروبەریان فرۆشت و سەدان کەسیان بەکوشتنداو کاریگەری ئەو ڕووداوەش دەمێنێت بەسەر تاک بەتاکی ژیانی هەموو کوردێکەوە بۆ ماوەی پەنجا ساڵیتریش. دوای ئەو ناپاکییە گەورەیەش کە بەدەستی بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی و براکانی ئەنجامدرا، ئیتر درکیان بە دۆڕانێکی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کردو حیز-بەکەیان تا دەهات بەرەوە قەبارەیەکی بچوکتر ئەڕۆیشت. بۆیە هەستان فێڵێکی گەورەیان لە جەماوەری خۆیان و خەڵکە ناڕازییەکە کردو سیناریۆی ئەوەیان داڕشت گوایە لاهورو بافڵ دوو کوتلەو دوو ئاراستەی سیاسیی پێچەوانەی یەکترن. 
چونکە ئەوان درکیان بەوە کردبوو، کە هەر ئاراستەیەک جەماوەری تایبەت بەخۆیان هەیەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش یەک سیاسەتی گشتی هەیەو ناکرێت دوو ئاراستەی پێچەوانە بێت لەژێر یەک سەرکردایەتیدا. بۆیە ئەبوایە دوو سەرکردایەتی بەڕووکەش جیاواز دابمەزرێنن و جەماوەری هەردوک ئاراستەکە بەرەو خۆیان گۆش بکەن.
 ئەم شەڕو ناکۆکییانەی بەینی پافڵ و لاھور سیناریۆیە، خۆیان دەیانەوێت بەڕووکەش یەکێتی بکەن بەدوو حیزب، پافڵ حیزبێک و لاھور حیزبێک، حیزبەکەی پافڵ لەگەڵ ئاراستەی ئێران و شیعە عەڕەبەکانی عێڕاق ھەماھەنگی ھەبێت و جەماوەری ئەم ئاراستەیەو جەماوەری یەکێتییە ڕەسەنەکانیش بەرەو خۆی ڕابکێشێت. حیزبەکەی لاھوریش ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیاو ئەمریکاو پارتی هەبێت و تاڕادەیەک یەکێتییە ناڕازییەکان و شەقامی ناڕازیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت. 
هەندێک زووڕناژەنی شۆسیال میدیاش پەمپ بدەن کە فووی پیابکەن بۆ هاندان و گەوجاندنی خەڵکی. بۆ نمونە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووس و چەقاوەسووەکان بەقودرەتی قادر لەناکاو لەسەنگەری معاڕەزەیی خۆیان هاتنە دەرەوەو دەنگی دۆڵ و شاباشەکانیان ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت. هەندێکیان پشتگیرییەکی سەرسەختانەیان لە بافڵ ئەکردو هەندێکیشیان لە لاهور. زۆرینەشیان بێئاگا بوون لەوەی دەنگی دۆڵی هەردوکیان بۆ یەک ئامانجەو خزمەت بە یەک ئاراستە دەکەن. کە ئەویش ئاراستەی سیاسەتیی گشتیی یەکێتییە. 
لەڕاستیدا بنەماڵەی تاڵەبانییەکان تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەم سیاسەتەیاندا، بەڵام لەسەر حیسابی گەوجاندن و خۆڵ کردنە چاوی میللەتدا. ئەگەر ئەمەیان نەکردایە ئێستا یەکێتی وەکو گۆڕان هەڵوەشابویەوەو ڕیسوایی سیاسیی بینە قاقای یەکێتی گرتبوو. بۆیە لاهور، بافڵ، قوبادو ئاراس جەنگی گشتیان لە نەوەکانی جەلال و برایم ئەحمەدن و لەسەر هەمان سکەی سیاسیی ئەڕۆن کە بناغەکەی نزیکەی ٧٠ ساڵە داڕێژراوە. لەلایەک نیوەی کوردستان ئەفرۆشن و سەدان کەس بە نوێژی نیوەڕۆ تیرۆر دەکەن و ڕۆژنامەنووسان دەکوژن و تەواوی داهاتی گشتی سنوری سلێمانی ئەدزن و بازرگانی بەژیان و گیانی خەڵکەوە دەکەن، کاتێکیش درکیان دۆڕانی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کرد، دێن بەکۆمەڵێک فێڵی تازە تەڵەکەبازانە میللەت دەگەوجێنن و دووبارە لەسەر بنەمایەکیترو بەدەموچاوێکیتری پلاستیکی دێنەوە مەیدانی سیاسەت و ئوستازی شووشتنەوەی مێشکی خەڵکیشن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە