خوێندنی کوڕەکەی مەسرور بارزانی چەند ملیۆن دۆلارێک بووە!
Wednesday, 25/12/2024, 11:20
بەدواداچوونێکی بنکوڵکاری چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی خوێندنە سەربازییە شاهانەکەی ئارین مەسرور بارزانی لە بەریتانیا ئاشکرا دەکرێت و بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، تەنیا پارەی خوێندنەکەی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار دۆلار بووە.
رۆژی ٩ـی ئابی ئەمساڵ لە رێوڕەسمێکدا کە باوکی و ژمارەیەک میدیای پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوون، ئارین بارزانی تەواوکردنی ئەکادیمیای شاهانەی سەربازیی ساندهێرست لە بەریتانیا راگەیاند.
بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی شێوازی وەرگیران و تێچووی خوێندنەکەی ئارین بارزانی، پەیوەندیمان بە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا کرد. سەرەتا بە بیانووی ئەوەی خوێندنەکە تایبەتە، هیچ زانیارییەکیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام بە پشتبەستن بە یاسای دەستکەوتنی زانیاری هەوڵەکانمان بەردەوام بوون و لە ئێستاشدا بەردەوامن.
لە وەڵامی نووسراوەکانماندا بەشێکی زانیاریەکانیان پێشکەش کرد، بەوەی ماوەی خوێندن و مەشقەکان ٤٤ هەفتە بووە و پێنج هەفتەی سەرەتا بنەما بنەڕەتیەکانی سەربازی خوێنراون و هەفتەکانی دواتر بەهاوبەشی لەگەڵ خوێندن مەشق بە خوێندکارە وەرگیراوەکان کراوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر کەسێک هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەکە بێت، ئەوا خوێندن بەخۆڕاییە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری دارایی دەکرێت؛ بەڵام خوێندکارانی نێودەوڵەتی دەبێ پارە بدەن.
ئارین مەسرور بەچەند لە بەریتانیا خوێندی؟
دوای ئالۆگۆڕی سێ نامەی فەرمی، بە پشت بەستن بە یاسای ڕۆژنامەوانی و دەسکەوتنی زانیاری ساڵی ٢٠٠٠ ی شانشینی یەکگرتوو فشاری تەواومان خستۆتە سەر وەزارەتی بەرگیری بەریتانیا بۆ ئەوەی زانیاری وردترمان پێشکەش بکات لەسەر تێچووی خوێندنی کوڕەکەی مەسروور بارزانی، بەڵام حکومەت بە ڕوونی لە نامەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان ناتوانن بڕەکە لە ئێستادا ئاشکرا بکەن بە دوو هۆکار:
1. ئاشکراکردنی نرخی خوێندنی ئارین بارزانی کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر کۆلیژی ساندهێرست و حکومەتی بەریتانیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ وەرگیراوانی ساڵانی داهاتوو، بە مانایەکی تر ئەگەر ئێستا نرخەکەی ئاشکرا بکەن ناتوانن بەرز و نزمیی پێ بکەن بۆ وەرگیراوانی داهاتوو.
2. کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر پەیوەندی بەریتانیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەوەی هەر وڵاتێک بەپێی داهات و بارۆدۆخەکەی بڕیار لەسەر نرخی کۆرسەکەی دراوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانمان، زۆربەی خوێندکارە نێودەوڵەتیەکانی ئەم کۆلیژە نیشتەجێی وڵاتانی کەنداو و هەندێک وڵاتی تر کە سیستەمیان پاشایەتیە. ئەمەش بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئەم کۆلیژە بۆ ئەوەی بۆ هەر وڵاتێک و کەسێک بەپێی گیرفانی کەسەکە بڕیار بدات.
بەگوێرەی دوایین زانیاری بەردەست لەبارەی نرخی خوێندن لەو کۆلێژە سەربازییە، دەتوانین ئاشکرا بکەین کە تەنیا کەمترین تێچووی کۆلیژەکەی ئارین بارزانی لانیکەم ٣٥٠ هەزار دۆلار بووە، جگە لە خەرجییە گرانبەهاکانی دیکەی مانەوەی.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە ١٢٠ هەزار دۆلار بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، ١٦٠ هەزار دۆلار بۆ خەرجی رۆژانە و گەڕانی دەریایی و ئاسمانی لەگەڵ شێخەکانی کەنداو و جلوبەرگ و پێویستیەکانی تر، ٢٠٠ هەزار دۆلار بۆ پاسەوانی تایبەت و ئۆتۆمبێل و خەرجیی پاسەوانەکان، ١١٠ هەزار دۆلار بۆ خەرجی ئاهەنگی دەرچوون و میوان. بەتێكڕا خوێندنی یەک ساڵی ئارین بە لایەنیکەمەوە تێچووی نزیکەی ملیۆنێک دۆلار بووە.
دوای بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەی کە بە ستافێکی بانگهێشتکراوی کەناڵە تایبەتەکەی خۆی “ئاڤا میدیا” و پاسەوانی تایبەتی لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکە، ئارین بە دەست ماچکردنێک سوپاسی باوکیی کرد بۆ پاڵپشتیەکانی. هەر ئەوەندە نا دوای گەڕانەوەی لەلایەن بارزانی باپیرەی پلەی سەربازیی بۆ بەسترا، ئیتر مولازمێکە بە تامی لیوا.
لە میدیاکانی پارتیدا زۆر گرنگی بەم خوێندنەی ئارین درا. تەلەڤزیۆنی کوردستان ٢٤ کە راستەوخۆ لەلایەن مەسروور بارزانی پاڵپشتی دارایی دەکرێت، باسی لەوە کرد کە “آرین مەسرور بارزانی بەرجەستەی ئومێدە لە کوردستان. آرین بارزانی دەرچووی کۆلێژی سەربازی ساندهێرستی شاهانەیە لە بەریتانیا، بەدەستهێنانی بڕوانامەی سەربازی لەو زانکۆیە جیهانیە دەستکەوتێکی گرنگی ئەو سەرکردە لێهاتووە گەنجەی کوردستانە”. ئەمەش ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە بارزانی باوک و باپیرە دەیانەوێت ڕەنجی چەند ساڵەیان لەسەر کورسی خێر و بەرەکەتی کوردستان ببینن.
ئارین مەسرور بارزانی قۆناخی باخچەی منداڵان تاوەکو ئامادەیی لە قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای باوکیەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، خوێندوویەتی کە خەرجییەکانی دەگاتە ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ ١٤ ساڵی خوێندن.
ئارین بارزانی بۆ خوێندنی زانکۆش رووینەکردە زانکۆ حکومییەکان و نەچووە ئەمریکاش بۆ خوێندن، بەڵکو زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کردەوە و لەوێ خوێندی. کە خەرجی چوار ساڵی خوێندنەکەی بە ٢٠٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، ئارین ی کوڕ و یاسەمینی کچ و جولیای برازای مەسروور بارزانی بەیەکەوە ئاهەنگێکی تایبەتیان بۆ ڕێکخرا، کۆمەڵێک دەرچووی تریش لە یەکەم خولی دەرچوانی ئەم زانکۆیە بوون، کە کوڕ و کچی بەرپرسە حیزبی و سەربازیەکانی ناوچەی بادینان بوون.
هاوتای شێخەکانی کەنداو بۆ قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانکۆ و خوێندنی دەرەوە بەلایەنی کەمەوە، ئارین مەسرور بارزانی زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٤٠ هەزار دۆلاری خەرجکردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە دواین وێنەی نێو قوتابخانەیەک لە شاری کۆیە کە منداڵان لەسەر بلۆک دانیشتوون لە جیاتی تەختە، شەقامی کوردیی زیاتر ئازاردا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست