کوردستانێکی سەربەخۆی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی؟
Wednesday, 25/12/2024, 11:05
- تۆ بڵێی کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا ببنە کوردستانێکی سەربەخۆ؟
- پێناسەی سیستەمی فیدراڵی چییە؟
- ئەی خاڵە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی فیدراڵی چین؟
- پێناسەی سیستەمی کۆنفیدراڵی چییە؟
- ئەی خاڵە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی کۆنفیدراڵی چین؟
- ئایا کوردستانێکی سەربەخۆ ، فیدراڵی بێت یان کۆنفیدڕاڵی باشە؟ بۆچی؟
(بەشی دووەم)
- لەبەشی یەکەمدا باسی : ڕوداوەکانی ئەم ھەفتەی ڕابوردی سوریا بوو، کە ڕوخانی بەشار ئەسەدی لێکەوتەوە ، ئەوەش دەرگایەکی تازە کردۆتە بۆ یەکگرتنی دوو بەشی کوردستان ! ئەگەر سیاسەتمەنداران (نەک سیاسەتبازان)بەلۆژیکی سیاسی و دبلۆماسی و عاقڵانە بیربکەنەوە و واز لەبەرژەوەندی کەسی و حیزبی بھێنن، ئەوا دەتوانن ئەو ھەلە زێڕینە بقۆزنەوە !
- لەم بەشەدا باسی : ئایا کوردستانێکی سەربەخۆی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی باشە؟ وە بۆچی؟
- ئەگەر کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا یەک بگرنەوە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، ئەوە گفتوگۆ و مشتومڕ و دیبەیت، لەمیدیا و تەلەفزیون و ھۆڵی زانکۆکان و ڕۆشنبیران لەسەر سیستەمی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی زۆر گرنگە! چونکە هەردوو سیستەمەکە خاڵی پۆزەتیڤ و خاڵی نەگەتیڤی خۆیانیان هەیە!
- ئایا کام سیستەمیان باشترە، بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو؟ ئەوەش بەندە بە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە. باجارێ بەشێوەیەکی سادە و ڕوون پێناسەی ھەردوو سیستەمەکە بکەم؟
١ - سیستەمی فیدراڵی :
سیستەمی فیدراڵی بەو مانایە دێت کە حکومەتێکی ناوەندی بەهێزی کوردستانی یەکگرتوو هەبێت، بەڵام ھەریەکە لە ھەرێمی کوردستانی باشور (عێراق) و ھەرێمی کوردستانی ڕۆژئاڤا (سوریا ) ھەرێمێکی سەربەخۆ بن.
- خاڵە پۆزەتیڤەکانی سیستەمی فیدراڵی :
- یەکێتی نیشتمانی( واتە کوردستانی یەکگرتوو) بەهێزە : سیستەمی فیدراڵی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی ناسنامەیەکی هاوبەش و بەهێز، لەکوردستانێکی سەربەخۆی یەکگرتوودا !
- سیاسەتێکی دەرەوەی ڕوون : ئەمەش گرنگە چونکە کوردستانی سەربەخۆی یەکگرتوو، دەبێت مامەڵە بکات لەگەڵ چەند زلهێزێکی ناوچەکەدا وەک (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا). کەواتە سیاسەتێکی یەکگرتوو دەرەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئەم تەحەددایانە یان ئەم کێشانە چارەسەر بکات.
- بڕیاردان کاراتر و بەھێزتر و خێراتر دەبێت : لە فیدراڵیدا دەتوانرێت بڕیاری چارەنووسساز خێراتر بدرێت ! ئەگەر ئەمەش بەراورد بکەیت لەگەڵ کۆنفیدڕاڵی، چونکە لە کۆنفیدراڵیدا زۆرجار ھەرێمەکان ڤیتۆی خۆیانیان ھەیە لەسەر بڕیارە نیشتمانییەکان، ئەمەش کاتی زیاتر و ووتوێژی زیاتری دەوێت ! وە ھەندێک جاریش کێشە دروست دەبێت بۆ بڕیارەکان !
- خاڵە نەگەتیفەکان سیستەمی فیدراڵی:
- ئەگەری گرژی لەنێوان ھەرێمەکاندا : لەبەر ئەوەی کە جیاوازی مێژوویی و کولتووری لە نێوان کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا ھەیە بەھۆی ئەم سەد ساڵەی دواییەوە، کە ھەردوو پارچەکە لەژێر دەستی دوو ڕژێمی جیاوازدا بووە، کەواتە لە ئەگەر دابەشکردنی دەسەڵاتدا، ئەگەر لایەنێک ڕازی نەبێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە ھۆی شەڕو بە بەکدادان !
- ھەستیاری بۆ چڕبوونەوەی دەسەڵات : ئەگەر حکومەتی ناوەندی (واتە کوردستانی یەکگرتوو) زۆر بەهێز بێت، ئەوا ھەرێمە سەربەخۆکان لەوانەیە لەو دەستەڵاتە ناوەندیە بترسن و مەترسی ناڕازیبوونیان هەبێت لە حوکومەتی ناوەند (واتە لە حوکومەتی کوردستانی یەکگرتووی) !
٢ - سیستەمی کۆنفیدڕاڵی :
لە سیستەمی کۆنفیدراڵیدا، هەردوو کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا تاڕادەیەکی زۆر ، سەروەری خۆیان ھەیە و دەپارێزن، تەنها دەسەڵاتێکی سنووردار بۆ حکومەتێکی ناوەندی دەمێنێتەوە(واتە لەحوکومەتی کوردستانی یەکگرتوویدا)!
- خاڵە پۆزەتیڤەکانی سیستەمی کۆنفیدراڵی
- پاراستنی سەربەخۆیی ھەر ھەرێمێک : هەردوو هەرێم لە ڕابردوودا گەشەسەندنی مێژوویی خۆیان ھەیە ! وە ئێستاش ھەر ھەرێمێک سیستەمێکی سیاسی گونجاو و تایبەت بەخۆی دامەزراندوە. لەم حاڵەتەدا سیستەمی کۆنفیدراڵی ڕێز لەم واقیعە ئێستا دەگرێت.
- سیستەمێکی نەرمی بۆ ھەردوو ھەرێم ( مرونە) : کۆنفیدڕاڵی دەتوانرێت وەک هەنگاوێکی کاتی ببینرێت، ھەتا لەدواڕۆژدا هەردوو هەرێمەکە بتوانن کاری ھاوبەش و پێکەوەکارکردنیان زیاتر فراوان بکەن و لەیەکتر نزیک ببنەوە!
- ھەرێمەکان مەترسیان کەمە لەسەر حوکومەتی ناوەند : هەرێمەکان کۆنترۆڵی زیاتریان بەسەر کاروباری ناوخۆی خۆیاندا هەیە، ئەمەش ڕێگری لە ڕۆڵ و خراپی بەکارھێنانی دەستەڵاتی حکومەتی ناوەندی دەکاتەوە (واتە لە حوکومەتی کوردستانی یەکگرتووی)!
- خاڵە نەگەتیڤەکانی کۆنفیدراڵی:
- لاوازکردنی کوردستانێکی یەکگرتووی نیشتمانی:
ئەگەر هەرێمەکان بە باشی و پێکەوە کار نەکەن، یان ئەگەر بەرژەوەندی خۆیان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە نیشتمانیەکانەوە ! ئەوا کۆنفیدڕاڵی لەوانەیە ببێتە هۆی دووبەرەکی و دابەش بوون !
- حوکمڕانی ناکارامە : کۆنفیدرالی پێویستی بە سازدان و پێکەوەکارکردنێکی چڕوپڕ هەیە، ئەمەش زۆر سەخت و دژوار دەبێت ، کاتێک کە گرفت و دژایەتی لە نێوان هەرێمەکاندا دروست ببێت.
- سیاسەتی دەرەوە : لە کۆنفیدڕاڵیدا هەرێمەکان ئازادی زیاتریان هەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان و سەربەخۆن، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دابەشبوونی ستراتیژی و جیاوازی لە نێوان ھەرێمەکاندا.
- کەواتە کام سیستەم بۆ کوردستانی سەربەخۆ گونجاوترە؟
- بە بۆچونی من ، هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوو، ئەوە دەردەخەن کە ڕەنگە لە سەرەتادا کۆنفیدرالی زیاتر گونجاوتر بێت.
- ئەمەش بەهۆی ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:
١ - مێژووی جیاوازی کوردستانی عێراق و سوریا : ئەم ناوچانە لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی تەواو جیاوازدا (عێراق و سوریا) گەشەیان کردووە و تاڕادەیەک ، نەریت و کەلتوری جیاوازیان ھەیە و وە ڕژێمی سیاسی جیاوازیشیان ھەبووە، کەواتە چۆنیەتی بیرکردنەوەیان جیاوازە بۆ ستراتیژی و بەڕێوەبردن و داھاتووی کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ !
٢ - جۆرێک لە بێ باوەڕی و بێ متمانەیی: ململانێی ناو کوتلە سیاسییە کوردییەکاندا لە کۆن و لە ئێستاشدا. بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی( لە کوردستانی عێراق )، کە بەردەوام ناکۆکییان هەیە. لەم حاڵەتەدا سیستەمی کۆنفیدڕاڵی دەتوانێت ڕێگری بکات لە خراپ بەکارھێنانی دەستەڵات لەلایەن ناوەندەوە (واتە حوکومەتی کوردستانی یەکگرتووی)!
٣ - هەڕەشەی تورکیا و ئێران: هەردوو ووڵات هەوڵی تێکدانی سەقامگیری کوردستان دەدەن. ھەرێمە ناوخۆیییەکان لە سیستەمی کۆنفیدراڵیدا، دەتوانن زیاتر پارێزگاری لە خۆیان و بەرژەوەندی ھەرێمەکەیان بکەن !
- کەواتە بە بۆچونی من : ڕەنگە لەسەرەتادا، ئەو کوردستانە یەکگرتووە لە سیستەمی کۆنفیدراڵیەوە زیاتر نزیک و باشتر بێت! ئەگەر بواریش گونجا ، لەگەڵ گەشەکردنی ھێمنی و سەقامگیری و سازدان و پێکەوەکاردندا ! ئەوا وردە وردە بچینە سیستەمێکی فیدراڵیەوە ، چونکە لە سیستەمی فیدراڵیدا دەبێت حوکومەتێکی ناوەندی بەھێزی ھەبێت (واتە حوکومەتی کوردستانی یەکگرتووی بەھێز)!، کە زیاتر دەستەڵاتی ھەبێت.! ئەم دەستەڵاتە ناوەندەش پێویستە بۆ کوردستانێکی یەکگرتووی بەھێز ، کە شوێنی جوگرافیاکەی لەناو ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدایە! ئەم ناوچەیەش زۆربەی کات سەرچاوەی کێشەو شەڕ و بەیەکدادانە!
- بەڵام ئەگەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و سەرسەختی و بەرژەوەندی سیاستبازانی خۆمان ( نەک سیاسەتمەداران)، ڕێگە نەدەن کە ئەو کوردستانە یەکگرتووە سەربەخۆیە دروست ببێت! وەپارچەکانی کوردستان لە ووڵاتەکانی خۆیاندا (واتە عێراق و سوریا) بمێننەوە ! ئەوا لەو بارەدا سیستەمی کۆنفیدراڵی بۆ کورد باشترە ! چونکە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لە نەتەوەی عەرەب لەڕووی مێژوویی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی نەتەوەییەوە، کەواتە لەم سیستەمەی کۆنفێداڵی دا، دەبێت حوکومەتی ناوەند زۆر بەھێز نەبێت (واتە لەم حاڵەتەدا حوکومەتی عێراق و سوریا نابێت بەھێز بێت)! چونکە ئەگەر حوکومەتی ناوەندی عێراق یان حوکومەتی ناوەندی سوریا بەھێز بێت، ئەوا کێشەی سیاسی و ئابوری (وەک ئێستای موچەی ھەرێم) بۆ کورد دروست دەکات و بەرژەوەندی و پێشکەوتنی ھەرێمە کوردیەکان لە سوریا و عێراق ، سنوردار دەکات و لەوانەشە بیوەستێنێت یان بیشێوێنێت !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست