نیشتیمانپەروەر و دلسۆزی خاک و نەتەوەکەمەان
Wednesday, 25/12/2024, 10:34
ئێمە وەک دانیشتوانی کوردستانی باشوور زیاد لە(٣٣)ساڵە هەرێمێکمان هەیە لەسەر خاکی خۆمان، لەم هەرێمەدا ئێمە خاوەن سەرچاوەی کانزای دەولەمەندین، نەوتی خاومان هەیە، زەوی کشتوکاڵی و لەسالێکدا ٤ وەرزی تەواومان هەیە، کەشو هەواو خاکێکی لەباری کشتوکاڵکردنمان هەیە، کەئەمانە بۆخۆی بنچینەی پێکهێنەری وڵاتێکی بەهێز و بەرهەمهێنن.
بەڵام ئێمە هەتا ئێستا بەدەست نەبوونی هەلی کارەوە ئەناڵێنین، لەسەر دەریایەک نەوت ئەژین بەڵام بۆ زستانان میللەت نەوتیان نییە بیکەنە گەرمکەرەوەکانیانەوە، نەخۆشخانەکانمان بێدەرمانن،ئەگەر مەرزەکانی ئێران و تورکیا داخرێن لەبرسا ئەمرین.
بەرهەمی ٣٣ ساڵ نیمچەسەربەخۆیی ئێمە دروستبوونی چینایەتی بوو، کۆمەلێک رۆژ دوای رۆژ زیاتر رۆئەچنە ناخی زەویدا و کۆمەلێکی تریش بەبێ هەبوونی هیچ بەرهەمێک سەریان لەهەورەکاندایە…
لەماوەی ئەم ٣٣ ساڵەی ڕابردوودا ئێمە تەنها شێوازی خانو و مۆدێلی سەیارەکانمان پێشکەوت، کۆمەلگا رۆژ دوای رۆژ جوانییەکانی لەدەست ئەدات، رەوشت و رێز و پەروەردە تابێت بەرەوە دواوە ئەرۆن، جوانیی کلتوورەکەمان کاڵ و کاڵتر ئەبێتەوە…
لەم جوگرافیا ئاخنراو بەخیانەتەی ئێمەدا،باشترین بەشەکانی زانکۆ و کورسی خوێندنەکان و هەلەکانی بەرەوپێشچوون هیی کوروکچە گەمژە هیچ لەبارانەبووەکانی بەرپرسانن، دەربەدەری و خنکان لەئیجەشدا بەشی منالی میللەتە سادەکەیە.
لەو کوردستانەی ئێمە خێروبێری نیشتیمان لەخزمەت بەرپرس و لەشفرۆشەکانیاندایە و نەهامەتی و شەهیدبوون و دەربەدەریش میوانی هەمیشەیی میللەتە سادەکەیە.
لەو کوردستانەی کە کورد حوکمی کورد ئەکات،مافی کوردەکان لەژێر پێی کچەمۆدێلەکانی وڵاتانی دراوسێدان.
لەو کوردستانەی ئێمە،زمانی درێژی پێشکەشکارێکی حیزبەکان زۆۆر بەبەهاترە لە دەستی ماندووی (مامۆستا،پزیشک،کرێکار،پێشمەرگە)یەک.
نوێترین نموونەی خیانەتی حیزبەکانی باشور رۆڵی میدیاکانیانە لەم گرژییانەی ئێستای رۆژئاوادا، بەهەموو جۆرێک لەدژی هەر بەرەوپێشچوونێکی کوردانی رۆژاوان و نۆکەر و وتەبێژی داگیرکەر و بکوژانی ڕۆڵەی کوردن.
دلسۆزی بۆ نیشتیمان بەخزمەتکردنی نیشتیمان ئەبێت، نەک ڕاوەشاندنی ئاڵاو وەک توتی خوێندنەوەی درۆ و خەیالات و دروشمی بریقەدار دەربارەی ئاڵاو نیشتیمان، نەک هەڵوەشاندنەوە و دزینی خێروبێری نیشتیمان بۆ کۆشی لەشفرۆشەکان….
لەسایەی حوکمی کورددا میللەت ناچاربوو بۆ دابینکردنی مووچەکەی پەنا بباتە بەر بەغدادی داگیرکەر، بەرهەمی هەرێمەکەمان ئەوەبوو میللەت مەمنوونی دەستی بەغداد ببێت بۆ وەرگرتنی سەرەتاییترین مافیان کەمووچەیە.
حوکمەتی کوردی کارێکی کرد کە ڕۆڵەکانمان سەری خۆیان هەڵگرن و خنکان لەئیجەدا هەلبژێرن بەسەر مانەوە و بینینی ئەو هەموو نادادی و ستەمە.
بەهۆی ئەو هەموو نەهامەتیەی حوکمەتی کوردی بەسەری هێنا، میللەتی ئێمە خاڵێکی زۆر گرنگمان بیرچووە کەئەبێ وەبیر خۆمانی بهێنینەوە، ئەویش ئەوەیە خاوەنی ئەم خاک و نیشتیمانە ئێمەین، ئەوەی ئەبێ دروستیکاتەوە و پێشی بخات ئێمەین، ئەوەی پێویستە بە ئاڵاکەمان بخنکێنرێ و سزا بدرێ ئەو بەرپرسە نیشتیمان فرۆشانەن کەژمارەیان لەژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات.
ئەوەی پێویستە ڕێگای دەربەدەری هەلبژێرێ بەرپرس و کۆیلە دێزەکانیانن، نەک میللەت.
میللەت بیری چۆتەوە کە ماف نادرێ بەلکو ئەسەندرێ.
ئەبێ لەوە تێبگەین ئاڵاو نیشتیمان هیی ئێمەن نەک بەرپرسان، دوارۆژ بۆ ئێمەیە نەک منال و دارودەستەی ستەمکاران.
ئاڵا و نیشتیمان پیرۆزن، ئەوان ناشرین نین، کوردستان ناشرین نییە، بەرپرسە خاکفرۆشەکانمانن کەناشرین و قێزەونن.
ئەوەی پێویستە نەفرەتی لێبکرێ و سزا بدرێ بەرپرسان و کۆیلەکانیانن نەک ئاڵا و نیشتیمان.
هیوادارم برادرانی پارچەکانی تری کوردستان بەهاشو هووش و ترۆهاتی نەتەوایەتی و کوردایەتی حیزبەکانی باشوور فریو نەخۆن جارێتر…..
نیشتیمان پەروەر و دلسۆزی خاک و نەتەوە میللەتە نەک دەسەلات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست