ئەگەری یەکگرتنی باشور و ڕۆژئاوا، بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ
Tuesday, 17/12/2024, 9:24
- پێویستە سیاسەتمەدارەکان چی بکەن ، بۆ یەکخستنی کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا؟
- ئاخۆ ئەو ووڵاتە سەرەکیانەی کامانەن بن، کە دەیانەوێت پشتگیری ئەو دوو بەشەی کوردستان ، بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن؟
- ئەی ئاخۆ ئەو ووڵاتانەی کامانە بن، کە دژی ئەو یەک گرتنەن ، بۆ دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ؟
- ئایا کوردستانێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی دروست بکرێت باشە؟ بۆچی؟ (لەبەشی دووەمدا ئەوە باس دەکەم)
(بەشی یەکەم)
ڕوداوەکانی ئەم ھەفتەیەی ڕابوردی سوریا کە ڕوخانی بەشار ئەسەدی لێکەوتەوە ، دەرگایەکی تازە کردەوە بۆ یەکگرتنی دوو بەشی کوردستان ! ئەگەر سیاسەتمەندان بەلۆژیکی سیاسی و دبلۆماسی و عاقڵانە و واز لەبەرژەوەندی کەسی و حیزبی بھێنن، ئەوا دەتوانن ئەو ھەلە بقۆزنەوە!
- یەکخستنی کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریا بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ ی فێدراڵ یان کۆنفیدڕاڵی، ئەرکێکی ئاڵۆزە و پێویستی بە پلانی ورد و یەکڕیزی(یەکخستن یان سازدانی) بەهێزی ناوخۆیی و شارەزایی دیپلۆماسی هەیە.
- ئەمەش چەند خاڵێکی گرنگە کە سیاسەتمەداران دەبێت ڕەچاوی بکەن:
١ - بایەخدان بە یەکڕیزی ناوخۆی کورد :
بۆچی ئەوە گرنگە؟
کورد لە عێراق و سوریا لەسەر ئایدۆلۆژیا و حزب و سەرکردایەتی دابەش بووە. لە عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) باڵادەستن، وە لە سوریاش پەیەدە و (هێزەکانی سوریای دیموکرات) پێگەیەکی بەهێزیان هەیە. ئەم دابەشبوونانەش ڕێگری لە پێکەوەکاردن و کاری هاوبەش دەکەن.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- دامەزراندنی (ئەنجومەنێکی کوردی هاوبەش) کە تێیدا نوێنەرانی کوردستانی عێراق و سوریا و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەش، پێکەوە کاربکەن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان، کە کوردستانێکی سەربەخۆیە!
- دوورکەوتنەوە لە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەویش بە دابەشکردنی دەسەڵات و ڕێزگرتن لە جیاوازییە ناوچەییەکان و دابەشکردنی دەستکەوتی ئابووری بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ، ھەتا بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بکەوێتە پێش بەرژەوەندی حزبی!
٢ - ڕێکخستن و پێکەوەکارکردنی نێوان سنوورەکان :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
کوردستانی سوریا و عێراق لە ڕووی جوگرافییەوە بەیەکەوە بەستراوە، بەڵام سنوورەکان لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە! پێکەوەکارکردن لەسەر ئاستی ئابووری و سەربازی و کارگێڕی، هەنگاوی یەکەمی چارەنووسسازە بەرەو یەکگرتن و کوردستانێکی سەربەخۆ!
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- لابردنی کۆنتڕۆڵی سنووری نێوان کوردستانی عێراق و سوریا و دروستکردنی ژێرخانی هاوبەش (رێگاوبان و بازرگانی و دانانی بۆری گواستنەوەی نەوت).
- موتوربەکردنی(تێکەڵکردنی) کوردستانی سوریا بەشێوەیەکی بەهێزتر لە پێکهاتە ئیداری و ئابوورییەکانی کوردستانی عێراقدا.
- مەشقی سەربازی هاوبەش و هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگەی (کوردستانی عێراق) و هێزەکانی (هەسەدە) (کوردستانی سوریا).
٣ - پەرەپێدانی تێڕوانین و ستراتیژی نیشتمانی ڕوون :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
کوردستانێکی سەربەخۆ پێویستی بە پلانێکی سیاسی بەهێز هەیە، کە ھەموو ناوچەکان کۆبکاتەوە و پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت. کورد بەبێ دیدگایەکی ڕوون، مەترسی زیاتری دەبێت بۆ زیاتر دابەشبوون و شکستی دیپلۆماسیش!
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- داڕشتنی دەستوورێکی بەرفراوان و گشتگر کە گەرەنتی سەربەخۆیی یان کۆنفیدراڵی و دیموکراسی بکات و کەمینەکانیش یەک بخات ! وە بەشێوەیەکی ڕوون پیشانی گەلانی ناوخۆ و ناوچەکە و جیھانیش بدات، کە حوکمڕانی کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ، چۆن دەبێت و چۆن بەڕێوە دەچێت!
- دانانی ئەولەویەتەکان ، بۆ نموونە : سەرەتا فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی چەسپاندن، پاشان دیارکردنی سنوورەکان و گەڕان بەدوای دانپێدانانی دیپلۆماسیدا .
- پەرەپێدانی ستراتیژی ئابووری لەسەر بنەمای هەناردەکردنی نەوت و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوری و بازرگانی سنوورەکان.
٤ - بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
- سەربەخۆیی کوردستان، ڕووبەڕووی دژایەتیەکی توندی وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا دەبێتەوە. کەواتە پشتیوانی دیپلۆماسی لە لایەن زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا و چین، بۆ کەمکردنەوەی ئەو دژایەتیانە و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپادا : بەردەوام بن وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو . وە دەبێت جەخت لەوەش بکەنەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ بەشدار دەبێت لە سەقامگیری ناوچەکەدا.
- لەگەڵ ئیسرائیلدا: پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، چونکە ئیسرائیل ئامادەیە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات، بۆ ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی لەلایەن ئێران و ووڵاتانی عەرەبییەکانەوە!
- لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکەدا : پێویستە دانوستانیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بکرێت وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بۆ نموونە پێشکەشکردنی گەرەنتی ئەوەی کە کوردستانێکی سەربەخۆ، مەترسی لەسەر سنوورەکانی ئەوان دروست ناکات.
٥ - پتەوکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
- دامەزراوە بەهێزەکانی کوردستانێکی سەربەخۆ، شەرعیەتی ناوخۆ و ئیعتباری نێودەوڵەتی بۆ کوردستانی سەربەخۆ زیاتر دەکەن. چونکە دامەزراوە لاوازەکان دەبێتە هۆی ناکۆکی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- بەهێزکردنی بەها دیموکراسیەکان و بەڕێوەبردنی حوکمڕانیەکی باش ، وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری و هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و مافەکانی مرۆڤ.
- ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. وە وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و تەندروستی و پەروەردەشدا و ڕێگاو بان و ژینکەدا.
٦ - بەدواداچوون بۆ سەربەخۆیی ئابووری :
بۆچی ئەوە گرنگە؟
- کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، چونکە دوژمنانی ناوچەیی وەک تورکیا یان عێراق دەتوانن گەمارۆی ئابووری بەسەدا بسەپێنن.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- ڕێگەی جیاواز بدۆزنەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت بە گەڕان بە دوای بازاڕی نوێ لە دەرەوەی عێراق و تورکیا، بۆ نموونە لە ڕێگەی سوریا( کە لەوانەیە ھەڵبوەشێت بۆ سێ ھەرێم یان سێ ووڵاتی بچوک) یان ئیسرائیلەوە (بە گەرەنتی نێودەوڵەتی).
- وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتە نا(نەوت)یەکاندا وەک کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی بچوک و مەمناوەندی بۆ دابینکردنی پێویستی ناوخۆ.
- گەڕان بەدوای هاوبەشی بازرگانی نێودەوڵەتیدا ، کە ئامادەبن پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، بۆ نموونە چین و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل و ووڵاتانی کەنداو( ئیسرائیل پەیوەندی باشی ھەیە لەگەڵ ووڵاتانی کەندا)
٧ - پاراستن و یەکخستنی کەمینەکان :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
- کوردستانی عێراق و سوریا لە ڕووی نەتەوەییەوە هەمەچەشنن، وەک عەرەب و تورکمان و ئاشووری و ئێزیدی تێدایە. سەرکەوتنی کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ، بەندە بەو ڕادەیەی ئەو گروپانە هەست بە ھێمنی و ڕێزگرتن و پێکەوەژیانێکی بێ ترس بکەن.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- لە حوکمڕانیدا جێگەیەکی ڕوون بە کەمینەکان بدرێت، بۆ نمونە بە گەرەنتی کردنی نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی تردا.
- گرنگیدان بە پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و دوورکەوتنەوە لە گرژییە ئەگەرییەکان لە ڕێگەی دانانی یاسای گشتگیرەوە کە مافی ھەموانی تێدا پارێزڕاو بێت.
٨ - دانانی ئامانجی و ستراتیژی واقیعی :
- بۆچی ئەوە گرنگە؟
- ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ، بەبێ پشتیوانییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی ، بەدڵنیاییەوە یەکڕیزی گەل تێک دەدات و دوژمنایەتی وڵاتانی دراوسێشی لێ دەکەوێتەوە. کەواتە ئامانجەکانی کوردستانێگی یەکگرتووی سەربەخۆ، دەبێت ھەنگاو بەھەنگاو و لەکاتی خۆیدا بێت ، ئەو کاتە ئامانجەکان دەبێتە پرۆسەیەکی نەرمی لەسەرخۆ، ئەوەش مەترسییەکان کەم دەکاتەوە.
- ئەی پیویستە سیاسەتمەداران چی بکەن؟
- یەکەم : دەبێت بەتەواوی کەڵک وەربگیرێت لەو سەربەخۆییەی هەردوو هەرێم (کوردستانی عێراق و سوریا) وە ھەوڵ بدرێت کە زیاتر بەهێز بکرێت.
- دووەم : هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی بەفەرمی، ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە ھەردوو ھەرێم بنەمای ئابووری و سیاسی پتەو ھەبێت و وە پشتیوانی دیپلۆماسیشی مسۆگەر کردبێت.
- ئاخۆ ئەو وڵاتە سەرەکیانەی کامانەن بن، کە دەیانەوێت پشتگیری ئەو دوو بەشەی کوردستان ، بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن؟
١ - وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا:
- بۆچی دەبێت پشتگیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات؟
ئەمریکا مێژوویەکی دوور و درێژی هاوکاری لەگەڵ کورد و بەتایبەت کوردستانی عێراق هەیە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە پاڵپشتیی کردووە.
ھێزەکانی کوردی سوریاش هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا بوو لە شەڕی داعشدا. ئەمریکا دەتوانێ کوردستان وەک ناوچەکی ستراتیجی لە بەرامبەر ڕژێمە دوژمنکارەکانی وەک ئێران و گروپە توندڕەوەکان ببینێت.
- ڕەنگە ئەمریکا بیەوێت کاریگەری ڕووسیا لە ناوچەکەشدا سنووردار بکات.
- بەربەستی بۆ پشتگیری کردن :
یارمەتییەکانی ئەمریکا لەوانەیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ خراپتر بکەن. وە لەوانەشە ببێتە هۆی گرژی لەگەڵ عێراقدا، کە دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت.
٢ - ڕوسیا :
- بۆچی دەبێت پشتگیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات؟
- ڕەنگە ڕووسیا ئامانجی کاریگەری لە کوردستانێکی سەربەخۆدا ھەبێت، بەتایبەتی بیەوێت ڕکابەرایەتی ئەمریکا بکات لە سوریا و عێراق.
- ئەگەر کوردستان، بەڵێن بە ڕوسیا بدات سەبارەت بە دابین کردنی غاز یان سوودە ئابوریەکانی تر، لەوانەیە ڕوسیا ئەوە بە دەرفەتی فراوانکردنی نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا ببینێت!
- بەربەستی بۆ پشتگیری کردن :
ڕوسیا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە، هەردووکیان بەتوندی دژی کوردستانێکی سەربەخۆن.
بەڵام لەوانەیە ڕوسیا لەدوای ڕوخاندنی بەشار ئەسەد ڕقی لە تورکیا ھەڵسابێت و ئەو پەیوەندیە باشەی لە تورکیا نەمابێت!
٣ - ئیسرائیل :
- بۆچی دەبێت پشتگیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات؟
- ئیسرائیل لە مێژوودا هاوسۆزی بۆ سەربەخۆیی کورد نیشانداوە وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ دوژمنایەتی عەرەب و ئێران .
- کوردستانێکی بەهێز دەتوانێت ببێتە هاوپەیمانێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا بەرامبەر ئێران و گروپە تۆندڕەوەکان.
- بەربەستی بۆ پشتگیری کردن :
ڕەنگە پشتیوانی ئاشکرای ئیسرائیل بۆ کوردستان لە ڕاستیدا سەرنجی نەرێنی ناوچەیەکەدا ڕابکێشێت کە ئیسرائیل خۆی لە ناوچەکەدا مشکیلەی ھەیە!
٤ - یەکێتی ئەوروپا (بۆ نموونە فەرەنسا و ئەڵمانیا)
- بۆچی دەبێت پشتگیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات؟
- ئەوروپا لە شەڕی داعشدا متمانەی زۆری بە کورد ھەبوو و بە پابەندبوون و گرنگیشیان بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا ھەیە.
- کوردستانێکی سەقامگیر و سەربەخۆ دەتوانێت بەشدار لە ئاسایشی ناوچەکەدا بکات و وە ڕۆیشتنی کۆچبەرانیش بۆ ئەوروپا کەم بکاتەوە.
- ووڵاتانی وەک فەرەنسا لە مێژوودا هاوسۆزی خۆی بۆ چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی ھەبووە و ھەیە!
- بەربەستی بۆ پشتگیری کردن :
- وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نایانەوێت گرژیی زیاتر لەگەڵ تورکیا دروست ببێت. وە بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەکەش دەتوانێت ببێتە هۆی دوودڵی یەکێتی ئەوروپا.
٥ - سعودیە و وڵاتانی کەنداو :
- بۆچی دەبێت پشتگیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ بکات؟
- کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێ وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ ئێران ، کە ڕکابەری سەرەکی عەرەبستانی سعودیەیە لە ناوچەکەدا !
- ئەم وڵاتانە هەندێک جار پاڵپشتی نھێنی کوردستانی سوریا و عێراقیان کردووە، ھەتا کاریگەریان لەسەر عێراق و سوریا ھەبێت!
- بەربەستی بۆ پشتگیری کردن :
- پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ کوردستان، لەوانەیە لە جیهانی عەرەبیدا، ببێتە ھۆی گۆشەگیریان ، چونکە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی، بەهێزی عێراق و سوریای پێ باشترە لە پارچە کردنی!
- ئەی ئاخۆ ئەو ووڵاتانە کە دژی ئەو یەکگرتنەی دووپارچەی کۆردستانن کامانەن، بۆ دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ؟
- ووڵاتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا :ئەم ووڵاتانە سەربەخۆیی کوردستان وەک هەڕەشەیەک بۆ ووڵاتەکانیان و پارچە پارچە کردنی ووڵاتەکانیان دەبینن، چونکە کوردستانێکی سەربەخۆ ، پێگەی و وویستی کوردانی ئەو ووڵاتانەش بەتایبەت تورکیا و ئێران ، بەهێزتر دەکات بۆ سەربەخۆیی، بۆیە ئەو ووڵاتانە بەتوندی بەرەوڕووی کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتەوە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست