هەمان تاس و حەمام
Thursday, 19/12/2024, 8:50
جارێکی دیکە گوێبیستی بایکۆتی فەرمانبەران و مامۆستایان بووینەوە، هەموو داواکارییەکانیشیان تەنها و تەنها ئەوەیە، سەرەتاییترین مافی خۆیان وەربگرن کە مووچەیە، ئەی باشە بۆ ئەم مووچەیە وەرناگرن ؟ جارێکە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەريم رەحمی نەجوڵاوە ئۆکەی بات لەسەر دابەشکردنی!
سەرەڕای ئەو هەموو کێشەیەی لە لیستی مووچەی ئەمساڵدا هەبووە، تا ئێستا بەغدا زیاتر لە ٨ ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی هەرێم رەوانە کردووە، هەفتەیەکیش زیاترە ٧٦٠ ملیاری بۆ مووچەی مانگی ١٠ ناردووە، لەبری ئەوەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵێ خوا نەیبڕێ، بەو داهاتە زەبەلاحەی ئەمساڵ کۆمان کردووەتەوە خۆمان باقیاتەکەی تەواو دەکەین و مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دەدەین کە
وا نزیکەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، کەچی تا ئێستا پارەکەی بەغدا ناردوویەتی هەر لە بانق کەوتووە و ناچن وەری بگرن، چاوەڕێن بەغدا پارەی دیکەیان بۆ بنێرێت و ئینجا مووچە دابەش بکەن.
ئەی باشە جەنابی برا گەورە! ئەی داهاتی ١١ مانگی ئەمساڵ کوا؟ لەکوێیە؟ کوا داهاتی خاڵە سنوورییەکان؟ کوا داهاتی ناوخۆ؟ کوا ئەو پارەیەی وەک باج و سەرانە لە خەڵکی دەستێنن؟ کوا پارەی ئەو تانکەرە نەوتانەی بە شەو و بە ڕۆژ لەگەڵ شەریکە ٣٣ ساڵییەکەتان ئاودیوی ئێران و تورکیای دەکەن؟ بۆ نایەن مووچەی ئەم خەڵکە ڕەش و ڕووتەی لێ بدەن کە زەققەی چاویان دێت بۆ بچوکترین مافی خۆیان! ویژدان و ئینسانییەت و ئیمانتان کوا؟ بەس نییە پڕکردنی گیرفانتان؟ ئەرێ بۆ خاتری خوا کەی بەتەمان بڵێن، تەواو بەسە گیرفانمان پڕ بوو با حەقی ئەو خەڵکە بدەین؟ یان خەڵک لە قامووسی ئێوەدا بوونی نەماوە و ئەوەی بە لاتانەوە گرنگە تەنها گیرفانی خۆتانە!!
ساڵی پاریش بە هەمان شێوە دەستی دەستیتان بە مووچەی ئەم خەڵکەوە کرد تا لە کۆتاییدا ٣ مووچەتان نەدا و خۆتان لێکرد بە کەڕەی شەربەت! دواتریش وتتان دەی قەینا لەمساڵەوە هەموو مانگێک مووچە دەدەین و یەک مووچەش نافەوتایت! کەچی ئەوەتا تا ئێستا مووچەی مانگی ١٠تان نەداوە!! ئەوەی ئەمساڵیش تا ئێستا روونە ئەوەیە، هەمان نیازتان هەیە! مووچەی مانگی ١٠ بدەن و مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ وەکو پار دیزەبەدەرخۆنە بکەن و دواتریش بڵێن، دەی قەینا لە ٢٠٢٥ەوە هەموو مانگێک لە وادەی خۆی مووچەکانتان دەدەین، بە کوردیەکەی هەمان تاس و هەمان حەمامە.
دەتوانن ئەم وێنەیەش وەکو پڕۆفایل بەکاربهێنن
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست