چارەنووسی کورد و رۆژئاوا

Wednesday, 18/12/2024, 20:10


لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1992 لە باشوور و پێش رووخانی رژێمی سەددام، دوو جار لە رێگای شام و قامیشلۆوە بۆ کوردستانی باشوور گەڕاومەتەوە. لەو دوو گەشتەدا دەرفەتم بۆ رەخسا، تا لەگەڵ چەند کوردێکی رۆژئاوادا قسە بکەم و باسیان لە ژیانی ناخۆشیی و چەرمەسەریی خۆیان بۆ دەکردم، بۆ نمونە باسی مامەلەکردنی رژێمی ئەسەد بەرامبەر بە کوردی ئەو بەشە ، کە هیچ کوردێک بۆی نییە خانوویەک بکڕێت، یان ناوێکی کوردی لە منداڵەکانی بنێت، تەنانەت وەکو هاوڵاتییەک ناسنامە و پەساپۆرتیشیان پێ نادرێت.
لە قامیشلۆ ئەو ئوتێلەی لێی دابەزیبووم، لەبەر دەرگای ئوتێلەکە چەند جارێک منداڵان دەوروخولیان دەداین و بە بیانووی جانتاهەڵگرتن، یان بۆیاخکردنی پێڵاوەکانمانەوە دەستیان دەگرتەوە، تا پارەیان بدەینێ، لە ماوەی یەکێک لەو جارانە کە بۆ هەفتەیەک کە لە قامیشلۆ مامەوە، ئەو رۆژەم لە بیر ناچێتەوە، رۆژێکیان کابرایەک هاتە لامان و وتی ئەگەر ئافرەتتان دەوێت دەتوانم بتانبەم بۆ لای... ئەمە زۆر ئازاری دام، تا ئیستاش قسەکەی ئەو کابرایە و توڕەبوونەکەی خۆم لە گوێمدا دەزرنگێتەوە، ئەوەم بۆ خاوەنی ئوتێلەکە گێڕایەوە، ئەویش هێوری کردمەوە بە عەرەبی قسەی بۆ کردین، وتی: ئەمە زۆر ئاساییە، چونکە هەموو رێگایەک لە کورد بەستراوەتەوە، ناتوانن کاسبی و ئیشی شەریفانە بکەن، وەک مرۆڤ مافە سەرەتاییەکانییان نییە. هەر ئەو کەسە، وتی جەرگم بۆ حاڵی کورد دەسوتێت، کە بەو شێوەیە ژیان لە سوریان بەڕێ دەکەن و مامەلە دەکرێن. وتی من لێرە یارمەتی دوو خێزانی کوردم داوە و خانوویان کڕیوە لەسەر من تاپۆیان کردووە، چونکە یاسا رێگا نادات خانو لەسەر کورد تاپۆ بکرێت.
ئەوە بوو دوای ساڵی 2000 هێدی هێدی ئەو گۆڕانکارییە  بەسەر رۆژئاوادا هات، کە دەتوانم بەشێکی ئەو گۆڕانکارییە بگەڕێنمەوە بۆ پەیوەندیی کوردی باکور و بزووتنەوە سیاسیی و سەربازییەکەی(پی.کەی.کەی)، کە بەهۆیەوە کوردی ئەو بەشە چاوی کرایەوە و ئاهێکی پێدا هاتەوە، توانیان خۆیان رێک بخەن و ببنە خاوەنی کەسایەتی خۆیان، کوردیان گەیاندیانە ئاستێکی باڵا، بەتایبەتی ژنانی رۆژئاوا. ئەو گۆڕانەی کە رۆژئاوا بەخۆیەوە دی، بە خەونیش کەس چاوەڕوانی نەدەکرد، ئاوا زوو وای لێبێت پێشبڕکێ لەگەڵ کوردی بەشەکانی دیکەدا بکات... ئەوەی ئەمڕۆ کوردی رۆژئاوای لە کوردی باشووری جیا کردۆتەوە، بە لێکدانەوەی خۆم بوونی چەند هۆکارێکە، یەکێک لەوانە رێگایان نەدا ئیسلامی سیاسیی و سەلەفییە خائینەکانی کورد رێگایان پێ بدرێت و گەشە بکەن، هەروەها نەبوونی هاوشێوەی دەسەڵاتی خۆفرۆشەکانی باشوور بوو (بارزانی و تالەبانی)، کە بە لای منەوە مەرجی سەرەکیی بوون بۆ ئەو گۆڕانکارییە خێراییەی، کە لەو ماوە کورتەدا خۆیان تێدا دۆزییەوە. ئەمڕۆ رۆژئاوا بۆتە جێگای شانازی بۆ بەشەکانی دیکەش، بە پێچەوانەوە ئەوەی کاتی خۆی لە رۆژئاوا بینیم، ئیستا زۆر خراپتر لە باشوور پیادەکرێت. دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی، لەگەڵ ئیسلامییە سەلەفییەکانی کورددا، توانیان باشوور بە تەواویی لە رەوشتی بەرز و کوردبوون و پەیوەستبوون بە خاک و نیشتیمانەوە دوور بخەنەوە، ئەمڕۆ باشوور لە ئاستێکدایە، جێگای دڵخۆشی نییە، تەنانەت بۆتە کۆسپێک بۆ هەموو بەشەکانی دیکەش...

تێبینی:

لەسەر داوای چەند هاوڕێیەک، داوایان لێکردم لەسەر ئەم رووداوانەی سوریا، قسەیەک بکەم و هەڵوێستی خۆم دەرببڕم، بەتایبەتی موحەمەد جۆلانی، کە یەکێکە لەو گەنجە تیرۆریستانە و دەستەراستی ئەبوبەکر بەغدادی بووە، بە ناڕاستەوخۆش لە ژینۆسایدی کوردە یەزیدییەکاندا هاوکارییکردووە، بۆیە وەکو سەرەتایەک لە ئیستادا ئەم چەند دێڕەم نووسی، هەوڵ دەدەم لە دەرفەتێکی دیکەشدا زیاتر لەسەر ئەو رووداوانە بنووسم. ئەو ماوەیەش بۆیە بێدەنگ بووم، چونکە نەمویست وەک نووسەرەکانی تیک تۆک و رۆژنامەنووسەکانی فەیسبوک و پێشکەشکار و میوانی کەناڵە کوردییە خۆفرۆشەکانی باشوور، کە لە گیرفانی بەتاڵی مێشکیانەوە لێکدانەوەی بێ بنەما و قسەی بێسەر و بەر دەکەن، منیش ئاوا بکەم.
ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا و رۆژئاوا روودەدەن، پلانێکی گەورەی تورکیایە، بە یارمەتی تولە رەشە داعشەکان بەڕێوە دەچێت، دەیەوێت کورد لەو بەشەدا لەناو بەڕێت، تا ئەمڕۆ ئەوەی تورکیا ویستوویەتی و نەخشەی بۆ کێشاوە، بەشێکی بەجێ هێناوە، پرسیارەکانی ئەوەیە، کە
- ئایا لە رۆژانی داهاتوودا دەستکەوتی زیاتری دەبێت، یان پاشەکشەی پێدەکرێت، چونکە نازانرێت بۆ رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رێکەوتنێکی پێشوەخت لە نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا و روسیا و تورکیادا هەبووە؟
- ئەگەر رێکەوتنێکی وا کرابێت، ئایا ناوەرۆکی ئەو رێکەوتنە چییە؟ ئەمەش شاراوەیە؟
- کورد لە کوێی ئەو گۆڕانکارییەدا دانراوە، یان فەرامۆش کراوە؟
- هەروەها ئەو وڵاتانەی، کە ناوم هێناون، تا چەند رێگا بە تورکیا دەدەن، کوردی رۆژئاوا جینۆساید بکات و خاکیان داگیر بکات؟
- چۆن و تا چەند داعشەکانی ناو (هيئة تحرير الشام) دەتوانن وەکو دەوڵەت سوریا بەڕیوە بەرن؟
هەموو ئەمانە پرسیارن، تا ئیستا بە روونی لای هیچ کەس وەڵامی تەواوەتی نییە، ئەوەندە دەزانم ئەگەر بەنیازبن، سوریاش بە دەردی عێراق بەرن، ئەوا کورد هیچ دەستکەوتێکی نابێت، ئەوسا لە عێراق هەرێمێکیان بۆ دز و خائینەکانی کورد دروست کرد، ئەوا گومانم هەیە ئەمە بۆ کوردی سوریان روو بدات، چونکە ئەگەر تورکیا دەسەڵاتی هەبێت و رێگای پێ بدرێت، ناهێڵیت ئەمە روو بدات، بە هەمان هاوشێوە لە رۆژئاوا هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کورد دروست بکرێت، بە پێچەوانەوە تورکیا دەیەوێت ئەو هەموو ناوچانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی تورکمانەکانەوە، بۆ ئەوان هەرێمێک بۆ تورکمانەکان دروست بکرێت.
لە کۆتاییدا هەموو ئەمانەی نووسیومن، مەرج نییە وەها دەربچن، چونکە گۆڕانکارییەکان زۆر بە خێرایی هەنگاو دەنێن، لە ئیستادا تورکیا دەستکەوتی زۆری هەیە، رەنگە هەروا نەمێنیتەوە و بەزیانێکی گەورەش لێی دەربچێت، لێ ئەوەی راستیشە ئەم وێنەیەی خوارەوەیە، کە کاتی خۆی ئەمریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ سەری محمەد جۆلانی دەرکرد، لە ئیستادا وەک دەردەکەوێت بە خشکەیی ناوی لەو لیستەدا سڕدراوەتەوە، کەچی زیاتر لە 30 ساڵە بە پراکتیک، ئەمەریکا کوردی باکوری بە بیانویی (پەکەکە)ەوە خستۆتە لیستی تیرۆریستەوە، پێناچێت لە بەر خاتری تورکیای ناتۆ وەک ئەمەی محمەد جۆلانی بیسڕێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە