کورد و ڕووخانی ئەسەد!
Saturday, 14/12/2024, 21:58
ڕووخانی ئەسەد کوتوپڕ نەبوو، هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە ئەو ڕووداوە مێژوویە گرنگە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ژێربەژێری دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا، ڕوسیا، ئیسرائیل و تورکیا بوو. ئەگەری زۆرە، ڕوسیا بۆیە سازشی لە سوریا کردبێت، پێشوەخت لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ئەو ناوچانەی لە ئۆکرانیا داگیریان کردووە بۆ خۆیان بێت.
دانیشتنی هێزێکی ئیسلامی سونی مەزهەبی سیاسی لەسەر کورسی دەسەڵاتی دیمەشقدا، جگە لە هاوکاری وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە و دنیادا، ئیسرائیل بووە، کە موسڵمانەکان جگە لە مەسەلەی سیاسی، هەمیشە ئەوان بە دوژمنی سەرەکیی ئاینی خۆیان هەژمار دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی هێزە ئیسلامیە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە دروشمی ئاینیان هەڵگرتووە، ژێربەژێر ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و هەیە لە سەرکەوتنیان و ڕووخاندیان. قەتەر و تورکیا دوو وڵاتی موسڵمانی سونە مەزهەبن، بەڵام پەیوەندیەکی پتەویان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا هەیە.
لە دوای کۆڕەوی باشووری کوردستان واتە لە دوای بەهاری ساڵی ١٩٩١وە، ئێران سوودمەندی یەکەم بووە لە ناوچەکەدا و بە تایبەتی دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کە بێ گومان ئەوە بەبێ ئەوە نەبووە، کە تاران ملکەچی خزمەت کردنی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریکا نەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەوە کلیلی مانەوەیان بووە لە دەسەڵاتدا تا ئەمڕۆ. لەو ماوە مێژوویە دیاریکراوەدا، ئیران گەورەترین زیانی لە موسڵمانی شیعە داوە، کە ئەمە یەکێک بوو لە ستراتیژیەتی وڵاتانی زلهێز بۆ بەکوشتندانی توندڕەوەکان لە هەر دوو مەزهەبدا واتە سونە و شیعە بە دەستی یەکدی. پێش ئەو قۆناغە دیاری کراوە بۆ ئەمریکا هاسان نەبوو، دۆزینەوەی توندڕەوە موسڵمانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئینجا لەسەر ئاستی دنیادا، ئیران گەورەترین کار ئاسانی بۆ ئەمریکا کرد، بۆ ئەوەی بتوانێت ستراتیژیەتی داڕێژڕاوی خۆی بگەیەنێت بە ئەنجام، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە چۆن؟
ئێران توانی لەو قۆناغە دیاری کراوەدا، هەموو موسڵمانە شیعە مەزهەبەکان لە ڕێکخراوی جیاوازدا لەژێر ناوی جیاوازدا بە گروپ بکات، بە بوونی دەسەڵاتی ڕەهای حوکمڕانی لە ناوچەکەدا، هانی هەموو ئەو گروپانەی دا، کە خۆیان و سەرکردەکانیان لە میدیاکاندا بناسرێن، بنەکە و بارەگەی دیاری کراویان هەبێت، میلیشیا دروست بکەن، لە میدیاکاندا بە ئاشکرا هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا بکەن، بەرێوەبردنی ئەو سیاسەتە لەلایەن تارانەوە لەژێر چەتری ئەمریکا بوو، بۆ نمونە لە عیراق، دەیان کادیرە بەرزەکانی شیعە مەزهەبەکانی بە کوشتن دا. ئەم سیاسەتەی ئیران کارئاسانی بوو بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لێدان لەو گروپانە و کوشتنی سەرکردەکانیان، بۆ نمونە حزبوڵای لبنانی کە هاوپەیمانی ئیران بوون، زۆربەی سەرکردەکانیان لە قەتەر نیشتەجێ بوون، لە کاتێکدا قەتەر لەبەرەی تورکیایە دژی ئێران، دوای هەرەس هێنانی هێزەکە، ئینجا قەتەر داوای لە سەرکردەکانی ئەو حزبە کرد، کە وڵاتی ئەوان بەجێبهێڵن، واتە دۆڵ دڕا تەقەی بڕا.
گەشەکردنی داعش کۆکردنەوەی هەموو سونە مەزهەبەکان لە دەوریان بۆ هەمان مەبەست بوو، ڕێکخستنیان لەنێو ڕێکخراوی جیاوازدا، لەژێر ناو و دروشمی جیاوازدا، دەستنیشان کردنی بنەکە و بارەگایان، کۆکردنەوەی هەموو توندڕەوەکانی دنیا و ناوچەکە لە یەک شوێنی دیاری کراودا، کار ئاسانی بوو بۆ زلهێزەکانی دنیا بۆ بە ئامانج گرتنیان، ئەزموونی ئەو کاتە پێمان دەڵێت و دیتمان، کە لەهەموو کونوقوژبنێکی دنیادا، تونڕەوەکان زۆربەیان لە تورکیاوە ڕوویان لە مەیدانی جەنگی داعش کرد، لە بەرەکانی ئەوەدا دژی ئەوانی دی جەنگان، تا زۆربەیان خۆیان و سەرکردەکانی وەک ئەبوبەکر بەغدادی کوژران. ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە، کە لەو جەنگانە تەنیا موسڵمان یەکدیان قاتوقڕ کرد، ئەو جەنگە لەسەر دەسەڵات و دەستکەوتی ئابووریی بوو، نەک ئاین و مەزهەب.
ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا تورکیا هەمان ڕۆڵی دوێنێی ئیران دەبینێت، هەموو هێزە سونە مەزهەبەکان لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، بە میلیشیانی دەکات و زەبەلاحیان دەکات، دواتر سەریان لەسەر سینیەکی زێرین پێشکەش بە زلهێزەکانی دنیا دەکات. واتە ئەوەی هەنووکە لە سوریا ڕوودەدات، هێزێکی ئیسلامی سیاسی بە پاڵپشتی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکا، لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دادەنیشێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە شێوەیەکی کاتییە.
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بۆ سوریا، جێهێشتنی وڵاتیک کە ژێرخان و بن خانی تەپیوە، وڵاتێکی بێ سوپا، کە لە ڕابردوودا، زۆربەی سەربازەکانی لەبەر قوتی ڕۆژانە و ترس و تۆقاندنی ڕژێمی ئەسەد لەنێو سوپادا مابوونەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا، ژمارەیان کەم دەبۆیەوە و ڕایان دەکرد، لە ساڵی ٢٠١١دا ئەسەد خاوەن سوپایەکی ٤٥٠هەزار کەسی بوو، کەچی ساڵی پار تەنیا ١٠٠هەزار کەس مابۆیەوە، کە زۆربەیان خوێندنەوەیان بۆ ئەسەد نەدەکرد، سەرکردەیەک کە خاوەن کاریزما نەبێت، سوپا هەژماری بۆ ناکات و گوێڕایەڵی نابێت، بۆیە جگە لە ڕێککەوتنی ژێربەژێر لە دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی سوریا، کەس ئامادە نەبووە بۆ مانەوەی ئەسەد خۆی بە کوشتن بدات، لەبەرئەوە پروپاگەندەی میدیای عەرەبی، کە گوایە کە ئیسرائیل سوپای سوریای کردۆتە ئامانج و هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشتووە، لە درۆیەکی زەبەلاح بەولاوە هیچی دی نییە، لەلایەکی دی کۆمەڵگەیەکی لەیکترازا و سنوورێکی ئاواڵا، بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە تورکیا داگیری کردووە، پڕاوپڕ لە میلیشیای سەر بەتورکیا و ئیران و ڕوسیا و زلهێزەکانی دی و هەبوونی هەزاران شانەی نووستوو، کە هەموویان لە داهاتوودا دەبن بە کارتی فشار لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی دیمەشق.
پاشماوەی جەنگ، دوژمنایەتی نێو کۆمەڵگەی سووری لە ئەنجامی جەنگی مەدەنی، تێکچوونی باری دەروونی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، بەچاوی ڕوق و تۆڵە کردنەوە لە یەکدی ڕوانین، متمانە نەمان، ئەمانە هەموو لە شەو ڕۆژێکدا چارەسەر ناکرێت، یان تەنیا بە ڕاکردنی ئەسەد فانووسی سحری پێ نابێت. بۆ کپ کردنی ئەو دۆخە، ڕەنگە وەک ڕژێمی پێشوو پەنا بۆ ترس و تۆقاندنی کۆمەڵگە ببردرێت، واتە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەست پێ کردنی وەرزی بەهاری سیاسیی ئەو میللەتە نییە، بەڵکو سەرەتای دەست پێ کردنی زستانێکی تەڕوتووشە، ئەو نەهامەتیەی کە ئەو میللەتە دووچاری بوو لە ساڵانی ڕابردوودا لەژێر سایەی ڕژێمی ئەسەد و ململانێ زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیادا، هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو درێژ بوونەوەی هەمان دۆخە لەژێر دەسەڵاتی سیاسیی و حوکمڕانی کەسێکی دی لەو وڵاتەدا.
جێبەجێ کردنی ستراتیژیەتی زلهێزەکانی دنیا، یان دەستکاری کردنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کاردانەوەی لەسەر کورد لە سوریا نابێت بە تایبەتی لەسەر هێزی یەپەگە، پەکەکە و قەسەد، لەبەرئەوەی میللەتی کورد خاوەن پرسێکی ڕەوایە، کە هێشتا بێ چارەسەر ماوەتەوە، بۆیە ئەو دۆخەی لە سوریا هاتۆتە پێش، بێ گومان کاردانەوەی لەسەر کورد دەبێت لە تورکیا و عیراق و ئیران.
ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا لە سوریا، کە ئێستا میدیای ناوچەکە و جیهانی، قامکی بۆ درێژ دەکەن و داواکاری تورکیا لەو ڕێککەوتنەدا دەخەنە ڕوو، کە لەناوبردنی یەپەگە و پەکەکەیە و کاردانەوەی لەسەر هێزی سەربازیی قەسەد دەبێت، سەداسەد بە مەبەستە و ئەوا تێڕوانینێکی تەسکە، دوژمنان هەوڵدەدەن لە ئیرادە و مەعنەویاتی میللەتی کورد بدەن لە ڕۆژئاوا، دەنا ئەو دۆخە کاردانەوەی لەسەر دۆخی کورد لە عیراق و ئیران و تورکیا دەبێت واتە لەسەر قەوارەی هەرێمیش دەبێت، تا دەگات بە وڵاتان و دنیای عەرەبی و ئیسلامی. جگە لە ماڵی شیعە بەتایبەتی ئیران کە ڕازی نابێت بەو پێشهاتانە، کێشە لەنێو ماڵی سونە مەزهەبە سیاسیەکان و سەربازیەکاندا سەرهەڵدەدا، سعودیە، مسر، ئیمارات، واتە زۆربەی وڵاتانی کەنداو ڕازی نابن بە هەژموونی تورکیا، ئەوان دژی سونەی سیاسیی تورکیی و قەتەری دەبن لە سوریا و مەترسی تورکیا لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندیی ئەوان لە ناوچەکەدا زێتر گەشە دەکات، بەتایبەتی لە کاتێکدا تورکیا لە هەندێک ناوچەی نزیک لە دەریای سوور و لیبیا، لەژێر چەتری ئیسلام بووندا هێزی سەربازیی هەیە و هەژموونی خۆی سەپاندوە، بەڵام ئەو لە یادی چووە کە هەستی نەتەوەیی عەرەب، ڕۆشەنبیری نیشتمانپەروەری عەرەبی لە ناوچەکدا، ڕۆڵیان دەبێت لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەی عەرەبی لەو دەڤەرە، هەوڵی بە گروپ کردن و ڕێکخستنی دەنگی ناڕەزای زۆرینەی سادەی عەرەبی دژی داگیر کردنی تورکیا دەدەن، کە لە ئەنجامدا ئەوان دەبن بە کارتی فشار بەدەست زلهێزەکانی دی، بۆ سەپاندنی مەرجی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی بەسەر تورکیادا، واتە تەنیا میللەتی کورد و حزب و ڕێبەرەکانیان دژی داگیرکردنی تورکیا نین و نابن، ئەڵبەتە هێزێکی فرەنەتەوەیی لە ناوچەکەدا دژی تورکیا ڕادەوەستێت. واتە سەرانی عەرەب و دنیای ئیسلامی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ڕازی نابن تورکیا هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئەوان هەوڵدەدەن کۆسپ لەبەردەم سەرکەوتنی تورکیا لە سوریا دروست بکەن.
ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب کە تا دوێنی لەژێر هەڕەشەی شیعە مەزهەبە سیاسیەکانی کە ئیران ڕابەریەتیانی دەکرد بوون، ئەمڕۆ بەناوی ئیسلام و سونە مەزهەبەوە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی تورکیا، کە مەحاڵە بۆی بچێتە سەر. لەو جۆرە دۆخەدا هاوپەیمانیەتی تازە لەسەر ئاستی زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیادا دێتە پێشێ، هەڵبژاردەی دی و هەلی سیاسیی سەربازیی دی بەگوێرەی قۆناغەکە بۆ هێزە کوردیەکان دێتە پێشێ، کە دەتوانن بە پێی توانا لێی سوودمەند بن.
مەترسی ئەو دۆخە لەسەر خودی سوریا لەهەمووی زێترە، ئەگەری ئەوە هەیە، کە ناکۆکیەکانی ناوەخۆ کاردانەوەی هەبێت لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسیی بەرەو دەسەڵاتی فیدراڵی یان کۆنفیدرالی بڕوات، ببێت بە شەش بەشی سونە مەزهەبی سیاسی، باکووری سوریا و حەڵەب تورکیا، دیمەشەق تا دەگاتە بە ئەنبار لە عیراق، لەژێر هەژموونی سونە مەزهەبەکاندا بێت. ناوچەکانی کوردی عیراق و سوریا، دەرزی و تا شاخی عەرەب و بەرزایەکانی بیروت تا دەگات بە زەفە. کەواتە ئەوەی لە میدیاکاندا زل کراوە، کە دۆخەکە تەنیا کاردانەوەی لەسەر دۆخی کوردی ڕۆژئاوا دەبێت، بە مەبەستە و تورکیا و دوژمنانی کورد و میدیاکارانی خۆفڕۆش لەپشت ئەو بابەتەن.
وڵاتانی زلهێز لە سوریا ڕۆڵیان هەیە و ناتوانرێت ڕۆڵیان پشتگوێ خرێت، هەروها بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان لە قۆناغە جیاوازەکاندا هاوپەیمانیەتی دەگۆڕن، بۆ نمونە کاتێک کە جەنگی داعش بوو، ئەمریکا و ڕوسیا لەیەک بەرەدا کاریان دەکرد، دواتر ڕوسیا عەفرینی بە بەرچاوی ئەمریکا بۆ تورکیا بەجێهێشت. ئەوەی دەبێت بگوترێت ئەوەیە، کە مانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە یان ڕۆیشتنی و دەستبەردەرا بوونی لە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، تەنیا کاردانەوەی لەسەر کوردی ڕۆژئاوا یان بەتایبەتی لەسەر یەپەگە و پەکەکە و قەسەد نابێت، ئەوەی لە میدیاکاندا زل کراوە بە مەبەستە، بۆ ڕووخاندنی ئیرادە و ڕۆحیەتی بەرەنگاری بوونەوەیە لای هێز و تاکی کوردیی ڕۆژئاوا، لەبەرئەوەی ڕۆیشتنی ئەمریکا کاردانەوەی دەبێت لەسەر سەرانی حکومەتی شیعە لە بەغداد، لەسەر میلیشیا شیعەکانی وەک حەشد لە عیراق، سەرانی پارتی و یەکێتی لە هەرێم و ئیدی، واتە هەموو لایەک لەژێر هەڕەشەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆیشتنی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا کۆتایی دنیا نییە، یان ڕێککەوتنی تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریا کۆتایی دەنگی ناڕەزایی نەتەوەی کورد نییە. لەو سەر گۆی زەمینە، زۆربەی ئەو میللەتانەی کە گەیشتوون بە ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەیی، بەهێزوبازووی خۆیان بووە، بە سەدان ئیمپراتوریەتی لە مێژوودا هەبووە کە هێشتا ئەمریکا لەهیچ کنوقوژبنێکی دنیادا دیار نەبووە، سەرباری ئەوەش وەک ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ درا دۆخی تازە، هاوپەیمانیەتی تازە دێنێتە پێشێ کە میللەتی کورد لەهەموو پارچەکاندا دەتوانن لێی سوودمەند ببن بە مەرجێک کۆڵ نەدەن و چەک فڕە نەدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست