کێشەی رۆژئاوای کوردستان لەناو کێشەیەکی گەورەتردا؟
Saturday, 14/12/2024, 20:36
ئەوەی لەسوریا روویدا بەپێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی ئەمریکا، تورکیا و روسیا و هەروەها لەرێگای تورکیاوە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام بۆ لابردنی بەشار ئەسەدو ماوەنەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەکەیەتی بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و حزبی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرست، لەسەریانەوە هەیئەی تەحریری شام، واتە رژێمێک نەڕووخاوە، بەڵکو لەچوارچێوەی بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی؛ ئەمریکا و روسیا لەلایەک و وڵاتانی تری کۆنەپەرست و سەرکوتی سەمایەداری ناوچەکە لەوانە؛ تورکیاو ئیسرائیل، ساتوسەودایەك بەڕیخراوە؛ بەشار ئەسەد لابراوە و گوێزراوەتەوە بۆ وڵاتی روسیا و بە هێنانەپێشەوەی هێزێکی کۆنەپەرست بەسەرکردەیەکی پێشینە داعش و قاعیدەی وەک محەمەد جۆلانی، کە قەرارە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا دەربهێنرێت بۆبردنە پێشەوەی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە بۆ سوریا و لەوێوە بۆ نەخشەیەکی گەورەتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانە بپارێزێت.
لە گۆڕانکاریەکی وادا، بەمانەوەی بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وەک سەرۆک وەزیران محەمەد غازی جەلالی و بەشێکی زۆری تری وەزیران و سەرانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، بەڵام ئەمجارەیان لە ژێر دەسەڵاتی جۆلانیدا، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێی هێزێکی ئیسلامی لەسوریا کە تەجروبەیەکی باشیان لە پێشڕەویی و شکستی هێزە ئیسلامیەکانی پێشوو و لەپەیوەندیەکانیان بە ئەمریکاوە وەرگرتووە تا بەهێزکردنی دەسەڵاتیان. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەقسەکانی محەمەد جۆلانیدا زۆر بە ئاسانی هەستی پێدەکرا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن دا، بەڵام رۆژی گواستنەوەی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ لە ٨ی دیسەمبەردا کە لە وتارەکەی لە مزگەوتنی ئەمەوی لە دیمەشق، چووەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی وەکو سەرکردەی هێزێکی ئیسلامی و داعشی و قاعیدەیی.
قوربانیەکانی ئەم سات وسەودایەی ئیسلامیەکان و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لە پێشیانەوە تورکیا و ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی سوریی و رۆژائاوای کوردستان و ناوچەکەیە. کەواتە لەم لابردنەی بەشار و هێنانی هێزی ئیسلامیەکاندا، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا، ئەوا خەڵکی جارێکی ترو بەشێوەیەکی دیکە دەکەونەوە بەردەم پشێوی و هەڕەشەی ئەم هێزە نوێیانە لە ژێر ناوی روخانی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆردا. واتە هاوکاتی سەرکوت و ترساندن و دروستکردنی فەزای شەڕ و پێکدادانی هێزەکان لە سوریادا؛ ئەمریکا لە ژێرناوی دژایەتی تیرۆر کە بەحساب مەبەستی داعشە، لە سوریا دەمێنێتەوە. تورکیا لە ژێرناوی دژایەتی تیرۆر هێرشەکانی بۆناوچە کوردیەکانی باکوری سوریا درێژەپێدەدات کە هێزەکانی یەپەگە و قەسەدەی لێیە. ئیتر هێزە ئیسلامیەکانی تری سەر بە جۆلانی لە سبەینێیەکدا هێرشەکانی لە ژێرناوی بەرگری لە دینی ئیسلام، دژی جیاوازیخوازی، دژی ژن و بێدینی، توندەکاتەوە و ئەوکات تورکیا و ئیسرئیل و ئەمریکاش ئەمە بە ڕەسمی دەناسن بۆی وەک مەسەلەی ناوخویی سوریا و هەروەها بۆ ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سوریا لە قەڵەمی دەدەن. کاریگەریەکانی ئەمەش بۆ ناوچەکە لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکا و تورکیادا و ئیسرائیلدا دەبەنە پێشەوە.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل لە باشورەوە بەرزاییەکانی جۆلانی تێپەڕان و نزیکەی ١٤ کیلۆمەتر هاتۆتە ناوخاکی سوریاوە. تورکیاش لەباکوری سوریاوە هێرشی کردۆتەوە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە. لەئاوا هەلومەرجێکدا جێگا و ڕێگای کوردستانی سوریا، کە جێگایەکە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و لەژێرناوی ئەوەی کوردەکان هاوبەشمانن، بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا دەکرێت ئەم پەیوەندیە لەوەباشتر بێت کە لە ١١ ساڵی رابردوودا راگیراوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای تێداچووەتە پێشەوە و پارێزراوە، ئایا ئایندەی خەڵکی کوردستانی سوریا لە ناو گێژاو و سەرگەردانی و ئایندەی تاریکی ژێر دەسەڵاتی هێزە دینی و قەومیە کۆنەپەرستەکانی سوریادا بەرەو کوێ دەڕاوت و رێگای پارێزگاری لەخەڵکی ئەم ناوچەیە و ئایندەی چۆن پارێزراو دەبێت؟.
سەرەتا دەبێت ئەو هێزو حزبە کوردیانەی رۆژائاوای کوردستان، کە ماوەیەکە سیاسەتی خۆیان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە لە سوریادا، ئەوە بزانن کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی داهاتووی سوریا بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە دوورنیە ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە و لە سوریادا هەمان ئەزمونی هێنانەوەی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گیانی خەلکی ئەفغانستانیان دوبارە نەکاتەوە. یان وەکو چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆمی باشوری کوردستان پشتی کردە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەبەرخاتری تورکیاو عێراق و دەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی ئاواڵە کرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.
بێگومان لەهەلومەرجێکی ترسناکی وادا کە خەڵكی سوریاو ناوچەکە لەژێرسایەی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا دەدرێتە دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک هەیئەی تەحریر شام، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەناوەکەیدا دەیکات، ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەک و خۆشخەیاڵیەک بە ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی سوریا بەگشتی و خەڵکی رۆژائاوای کوردستان چاوەڕوان بکرێت.
ئەوەی لە راگەیاندنی ژمارە یەکی ئەو هێزانەدا هاتووە کە ناوەرۆکەکەی بڕیاری٢٢٥٤ی جنێفە بۆچارەسەری کێشەی سوریا کە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی؛ روسیا، تورکیاو ئێران لە دۆحە، تەئکیدی لێکرایەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەچاو بەست و فریوکاری و دەیانەوێ ڕوو بەجیهان بڵێن کە چارەسەری شەڕی ناوخۆی سوریا و دامەزراندنی ئارامی سیاسی و حکومەتێکی جێگاپەسەندی خەڵکیان مەبەستە! بەڵام راستی ناوەرۆکی خاڵەکانی ئەم راگەیاندنە ئەگەرچی ئیشارە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام هیچ جێگا و ڕێگایەکی تایبەتی بۆ مافەکانی خەڵكی رۆژئاوای کوردستانی تێدا نیە و ناشبێت، بەتایبەت کە لەخاڵی یەکەمیدا باسی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەم فەزا ترسناکەی سوریا دەرگا بەڕووی جۆرەها گروپ و دەستەجاتی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرستدا دەکاتەوە لە سوریا کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەجۆراوجۆرەکان بکەن و ببنە هۆی شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بۆخەڵکی سەراسەری سوریا و خەڵكی کوردستاینش، ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا هەمان چارەنوسیان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەش بگرێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و سەرجەم میدیا بۆرژوازیەکانیان لەدەورەی ٢٧ی نۆڤەمبەر تا ٨ی دیسەمبەر، رۆژی گوێزانەوەی بەشار ئەسەد بەشێوەی نهێنی بۆ روسیا، هێزی هەیئەی تەحریرزی شامیان بە جۆرێک گەورەکرد، کە ئەبو محەمەد جۆلانی بوو بەبەڕێز ئەحمەد شەرع و لە میدیاکانەوە گەورەیان کرد، پاشەکشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکان و گرتنی لەلایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە گەورەکران و بە دەستکەوت و پێشڕەوی ئەم هێزە بەدنیایان ناساد! لە کاتێکدا ئەم هێزە ئیسلامیە ئامادەکراوە دەورێکی وای نەبوو، هەمووی سیناریۆی پێشوەختەی ئامادەکراو بوو. ئەم هێزە جیا لە رابردویەکی ڕەش، شتێکی تری نەبووە. بەڵام بۆ یەکجاریش هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەیان وەکو هێزێکی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا لە دژایەتیکردنی تیرۆرو داعش باس نەکرد، ئەمەش دیارە کە بۆ ڕازیکردنی تورکیایەو هەروەها نیشانەی زاڵبوونی سیاسەت و دەوری تورکیایە لەم ئاڵوگۆرانەو دەوری لە داهاتووی سیاسی سوریادا!.
ئەوەی لەبەردەم ئەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی سەراسەری سوریادا و هەموو ئەو هیزانەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ئایندەیەکی ڕۆشن و یەکسان و ئینسانی بۆ کۆمەڵگای سوریا ئامانجی خەباتیانە، ئەوەیە کە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای هەموو ئەو لایەنە جیهانی و ناوچەییەنادا دەست بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتەدا بەرن. دەبێت خەڵکی سوریا جاوی لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێت نەك لە ساتوسەودای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بۆروازیی ناوچەیی و هێزە کۆنەپەرستە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان… ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە کە لەپاڵ خواستە ڕواکانی خەڵکی سوریادا بوەستنەوە بۆ ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد و خۆشگوزەران… دوور لە شەڕ و کارەسات و تەدەخولی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتانی بۆرژوایی جیهانی و ناوچەیی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست