ڤایرۆسی نێو کوردایەتی

Saturday, 14/12/2024, 19:54


 ئەگەر خەباتی رزگاری نیشتمانی گەلان کارێکی ڕەوا بێت کە ڕەوایە، بێگومان بۆ کوردان ڕەوایە و ژیانیشە، بەڵام کاتێک ئەو کوردایەتییە ڤایرۆسی کوشندەی ناپاکیی حزب و بنەماڵە لێیدەدات و کۆنترۆلی دەکات، ئەوا ئەو کوردایەتییە دەبێت بە بەڵایەکی گەورە بەسەر خودی کوردان خۆیان.
 هیچ میللەتێک ئەوەندەی کوردان لە ژێر ناوی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی تووشی نەهامەتی و دەردەسەری نەبووە، کارەساتەکە لە هەبوونی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیە کە لە نەیاران زیاتر زیانیان بە کورد و کوردستان گەیاندووە، تەنانەت بوونەتە داردەستی داگیرکەران دژ بە میللەتەکەی خۆیان.
 رابردووی هەردوو حزب هەر لێگەڕێ کە ئەنجامەکەی ئەو نەهامەتییەی ئەمڕۆیە، با بێینە سەر باسی ئەمڕۆ.
 بەو گاڵتەجاڕییەی ناویاننا هەڵبژاردن، جارێکی دیکە تەمەنی دەسەڵاتی بنەماڵە و تاکڕەوێتی و دزی و گەندەڵی و خۆسەپێنێتی خۆیان درێژکردەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە تەمەنی ستاتۆی هەرێمی کوردستان لە سایەیاندا تا دێت کورتر دەبێتەوە.
 ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەیکات لە قامووسی خیانەتە نیشتمانیەکان لە جیهاندا کەم وێنەیە، داهاتی ئەم نیشتمانە زەوت دەکات و دەیدات بە خەرجیی سوپای ئەو وڵاتەی کە رۆژ بەڕۆژ خاکی زیاترمان داگیر دەکات و خەڵکمان دەکوژێ و ئاوارە دەکات.
 ئەو بێ مووچەییەی ئەمڕۆ خەڵکی پەرێشان کردووە، لە ئەنجامی تەسلیمکردنە پەنجا ساڵیەکەیە بە تورکیا.
 سەرنج بدەن، پارتی لە بەرامبەر روداوەکانی سوریاش وەک هەڵوێستی حزبیش ناتوانێت لەو چوارچێوەیە دەرچێت کە تورکیا سنووری بۆ داناوە، بە تایبەتیش لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کردیە سەر تەلرەفعەت و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی کە کوردن بێدەنگ مایەوە، ئێستاش کە تورکیا هێرشی بەرفراوان بۆ سەر منبج دەکات و هێزی کوردی بە ئامانج گرتووە، هەر بێ هەڵوێستە، تەنانەت ناهێڵێت بە ناوی حکومەتی هەرێمیش هیچ هەڵوێستێک دەرببڕێت، ئا ئەوەیە کوردایەتیە ساختەکەی پارتی  و بارزانی.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە