گەلی کەڕ و کوێر: شەرمەزارترین گەل لە بەرامبەر داواکردنی مافەکانی خۆیدا
Friday, 06/12/2024, 20:22
بەڕاستی گەلی کورد ئەو گەلەیە کە لە ئاست ئەو شۆڕشگێڕانەی کە بۆ مافی گەلەکەیان بە (نووسین،چەك،قسەو گوفتار و کردار)جەنگاون و لە ئەنجامدا تیرۆر کراون گەلێك شەرمەزار و دەست بەتاڵن.
تا ڕادەیەك کە گەر یەکێک لە تیرۆر کراوانی دەستی دەسەڵاتی ستەم و خیانەت بگەڕێندرێتەوە ژیان بەتەواوی هەست بە ڕەنج بەخەساری دەکات!
بەڕاستی هەست بە خوێن خەساری دەکات لە بەرامبەر گەلەکەیدا!
کاوە گەرمیانی لە پاش یازدەساڵ بگەڕێندرێتەوە ژیان دەبێت هەست بە چی بکات کە دەبینێت دۆخ زۆر خراپتر و گەل کپ و کڕ و چالاکوانانیش بە ترس و لەرزی دەستگیرکردنیانەوە مەراسیمێکی بۆ دەگێڕن لە یادی تیرۆر کردنیدا،کە ١١ بارە دەدەنەوە بەگوێ و چاوی گەلی کەڕ و کوێردا کە چۆن تیرۆر کراوە و لەپێناو چیدا تیرۆر کراوە.
تاکە خۆشبەختییەك کاوە هەیبێت ئەوەیە کە ئەو تیرۆر کرا بە سەربەرزانە و ئەو سەرشۆڕییەی ئەمڕۆی نەبینی کەبەسەر گەلی کوردا هات!
ئەبێ ئەمە چ گەلێکی سڕ و وڕبێت کە مەرگی ئەم ئازادیخوازانەی تا ئەمڕۆ کاری تێ نەکردبێت!
ئەبێت ئەو مەرگە دڵ هەژێنە چیبێت کە دڵی ئەم گەلە دڵ ڕەقە بهەژێنێت؟!
دەبێت کام وتە؟ کام نووسین؟ بتوانێت ئەم گەلە هۆشیاربکاتەوە لەو خەوە قوڵەدا کە چەندین ساڵە بە تیرۆر کردنی یەک بە یەکی خەمخۆرەکانی بێدار نەبوو.
بۆیە بەڕاستی ستەم ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە چوونکە گەل دەستەوەستانە،بە وێنەی مرۆڤێکی نوستوو لەناو دیوەکەیدا کە بەهۆکاری لافاو
ئاو دەچێتە ماڵەکەی و هێواش هێواش هەندێک لە کەلوپەلەکانی بێکەڵک دەکات پاشان دێتە ناو دیوەکەی و بەشێك لە جەستەی تەڕ دەکات بەڵام هێشتا هەر لە خەودایە.
ئێستە ترسی من لەوەدایە ئەو مرۆڤە نوستووە بەر لەوەی بەخەبەربێت هەر بە خەوتووی بخنکێت!
ئەترسم وەک لەدەستدانی ئەو هەموو کەلوپەلە بەنرخە بەخەبەری نەهێنا،تەنانەت بۆ ژیانی خۆشی بەخەبەرنێ!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست