گرێچنی ڕوداوەکانی سوریا و دەرەنجام

Friday, 06/12/2024, 20:18


گۆڕانکاریەکان وەک ئەوەی دەوترێت کە تیژڕەون، بەپێچەوانەوە زۆر لەسەرخۆ و هێواشن، بەڵام هەندێکیان لەهەنوکەی ئێمەدا بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن. وەک ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات و ل ەئایندەشدا لەئێراندا ڕەنگ دەداتەوە.
جەنگی یەکلاییکەرەوەی نێوان بەرەکان لە سوریا یەکلاییدەکرێتەوە. بێ دوودڵی شوێنپێی ئێران دەسڕدرێتەوە. دەستکەوتی گەورە بەر تورکیا دەکەوێت. ئەمریکا لە ناوچەکانی بوکەمال و پانتایی نێوان عێراق- سوریا لە دەستەی کورد- ئەمریکا چنگی خۆی دەچەقێنێت. ئیسرائیل لەجۆلانەوە بۆ دیمەشق باڵی خۆی دەکێشێت و دەسەڵاتی ئایندەی سوریای پێدەبەستێتەوە. بەشێكیش بەناچاری لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ ڕوسیا دەمێنێتەوە. 

سەرەداوەکان:

(تورکیا)، لەبەردەم داواکارییەکی سەختدا بوو و نەیدەتوانی بچێتە ژێری. بەڵام، بەهەڕەشەی هێنانە سەرمێزی پشتیوانیی کوردەکان لە تورکیادا لەلایەن (ئیسرائیل - ئەمریکا) بەدەستەوسانی پەنای بۆ هەلی دووەم برد ئەویش بەشداریپێکردنی بوو لە پرۆسەکەدا و ئەزمونی ڕوخانی ڕژێمی عێراقیان خستەوە بەردەمی کە ئەنجامێکی باشی بۆ تورکیا لێنەکەوتەوە. هەرئاواش گازندەکان و خواستەکانی خۆی بەئاشکرا دەربڕی و مەرجی پێشینەی دەرکردنی کورد بوو لە تەواوی ناوچەکانی حەلەب و دەوروبەری و ڕاگوێزانیان بەرەو دێرزوور و حەسەکە و ڕەقە. لەگەڵیدا لەبیرکردنی پرسی عفرین و کشانەوەی کورد لە مەنبەج. لەپاش تەواوبوونی پرۆسەکە تەواوی ئیمتیاز و پشتیوانیەکان لە کورد وەربگیرێنەوە و بەتەواوی بچنە ژێر دەستی ئەو ڕژێمەی لەئایندەدا پێکدێت.
(ڕوسیا)، لە تەرتوس و لازقیە لەگەڵ سوپای بۆماوەی ئەسەد بمێننەوەتا ئەوکاتەی دەستوری سوریا دەنوسرێتەوە و خەڵکی سوریا بڕیار لەسەر مانەوە و نەمانەوەیان دەدەن. ڕوسیا، بەمە ڕازی نەبووە و دژیەتی، بەڵام لەبەردەم ئەو هێرشانەدا بەناچاری تەواوی هێزەکانی بردۆتە ئەوێندەر و دیمەشقی چۆڵ کردووە. بەمەش پێگەی ڕوسیا لاواز دەبێت و ئەو ڕۆڵەی نامێنێت.
(ئێران) ڕێگاکانی هانەناوەوەی بۆ بەرەی جەنگ لێدەگیرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرەی بەرگریکار و حیزبوڵای لوبنانیدا دەبچڕێندرێت، بەمەش وەك پێشتر سەرۆکی بەریتانیا ئاشکرای کرد( ئێمە ئێران ناڕوخێنێن بەڵکو ڕەوشتی دەگۆڕین). ئا لێرەوە ڕەوشتی ئێران لە فراوانخوازیەوە دەگێڕنەوە بۆ ناوخۆی و دووچاری کێشەی ناوخۆ دەکرێت، وا سەرقاڵ دەکرێت کە شکستە دەرەکییەکانی لەبیر ببرێتەوە. ئەمەش ئەو گورزە کوشندەیەیە لە ئێران دەسرەوێندرێت.
ئێران، لەهەوڵی ئەوەدایە، کە لەڕێگەی شیعەکانی عێراق و لوبنان و یەمەنەوە بەر بەو گۆڕانکارییە بگرێت. هەرواش پێدەچێت چەکی باڵەفڕ و دوورهاوێژ بخاتە گەڕ. بەڵام نەخشەی جەنگەکە وەهایە، کە سودیان نابێت یان ڕەنگە دەرفەتی ئەوەی نەبێت بەکاریان بهێنێت. چونکە کوردەکان بەهاوکاریی ئەمریکا ئەو جێگایانە دەگرنە دەست و ئیدی هیچ بوارێك بۆ ئەو پەلەقاژەیە نامێنێتەوە. هەوڵەکانیشی لە ڕێگەی گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی( تورکیا، عێراق، سوریا) هیچ لێکەوتەیەکی نەبێت.
لە ئێراندا و لە ئایندەیەکی نزیکدا، پرسی (کورد و تورک و بەلوچ) دەتەقنەوە. تورکیا لەلای خۆیەوە ئامادەسازیی بە دژی فراوانبوونی کورد کردووە و تورکە نەتەوەییەکانی چەکدار کردووە و ڕاهێنانی وردی پێکردوون ئەمەش بۆ دروستکردنی ئەو پشتێنە نەتەوەیی و خاکی و بازرگانییەیە کە تورکیا خەونی پێوە دەبینێت و لەئایندەشدا وەک ئێران سەری دەخوات. ئەمریکاش بەلوچەکان پڕچەك و پارەدەکات. ئەوەی دەمێنێتەوە کوردە و هیچ پشتیوانیەکی تا ئێستا لێنەکراوە و پێشناچێت پشتیوانی بکرێت. بەڵام بەهۆی خەباتی لەمێژینەیان توانای ئەوەیان هەیە ڕۆڵی گرنگیان هەبێت. هەرچەندە لێکترازان و جۆراوجۆر و جیاوازی و دوژمنایەتی یەکتری ڕەنگە هیلاکیان بکات و ئەزموونی باشووری وڵاتەکەیان دووبارە بکەنەوە.
(ئەمریکا و بەرەکەی) ئەمان چارەنووسی سیاسی و هێزبەرداری خۆیان لەسەر پشتی هێزە ئیسلامییە سوننەگەراکان (دووبارەکردنەوەی تاڵیبانی ئەفگان) و توکیا و کورد، بە هاوکاریی سەربازی و تێچووەکان بەستۆتەوە. لەڕێگەی دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی تورکیا و ڕێگەدان بەهاتنەسەرکاری ئیسلامیی تازەگەرای ناچارکراو بەهەندێك دەستکەوت و حکومڕانی شاڵاوەکانیان دەستپێکردووە بەومەرجەی لەو سنوورە سەربازی و سیاسی و بازرگانیەدا بمێننەوە کە بۆیان دیاریکراوە.
کرداری لەپێشینەی ئەم بەرەیە ڕوخانی حکومەت و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەدە (لەلای ئەوان کلیلی کردنەوەی گرێچنەکانی ناوچەکەیە)، کە گڕ لە هەیمەنەی بەرەی ئێران بەردەدات و دڵنیاییەکی تەواو دەدات بە ئیسرائیل. ئەم (ئیسرائیل) چاوی لەسەر تەواوی فەلەستین و لوبنان و بەشێکی گرنگی سوریایە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەکی گرنگی سیاسی و سەربازی وبازرگانی. هەروا جموجوڵە بازرگانیەکانی چین لەو ناوچانەدا دەبڕێت.
( کورد) بەپێی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بەشخوراوترین لایەنی ئەم ئاڵ و وێڵانەیە. نیوەی تەواوی خاکەکەی دەچێتە سەر نەخشەی عەرەبی لایەنگری تورکیا و زیاتریشیان دەبنە ناوچەی تورکنشین و هەرێمی تورکمانی. ڕاگوێزانی نیوەی زیاتری دانیشتوانەکەی بۆ ناوچە بیابانیەکان و لێسەندنەوەی خاکەکەی. پێدەچێت بە جەنگی ئایندەی دەوڵەتە ئیسلامگەرا سوننە مەزهەبەکەوە سەرقاڵ بکرێت و بەتەواویی برسی و تینوو و بچوك و بێبەش بکرێت لە وڵاتەکەدا. هەرچەندە خواستی ئەمریکا بۆ ئەو پرسە گرنگیدانیەتی بەمانەوەیان لەسەر ئەوخاکەی کە ئێستا بەدەستیانەوەیە، بەڵام بەناچاری و لەبەر ئەو هەژموونە زۆرەی تورکیا دانیناوە بە پێشهاتەکەدا بەڵام بەهەندێ منجەمنجی سیاسی و نەوتی و سەربازی. کورد خۆشی لەمە ئاگادارە هەربۆیە ڕاستەوخۆ و بە وردی کەوتنەخۆیان و دانیشتوانەکەیان لەو ناوچانە گواستەوە و بەتەواوی کشانەوە، کە ئەمە گەورەترین هەڵەی سیاسی و سەربازی بوو.

دەرەنجام:

چوار هەرێم لە سوریادا پێکدەهێندرێت ئەوانیش هەرێمێکی ڕۆژهەڵاتی کوردەکان (کە بەسەدان کێشەی جۆراوجۆرەوە دەبەسترێتەوە) و باکوری تورکمانەکان و ناوەڕاست و باشووری سوننەکان و ڕۆژئاوای سەردەریای هەرەبچوکی شیعەکان.
لەم دەوڵەتە نوێیەدا، ماف و ئیمتیازاتی پەستیو دەدرێت بە هەموو هەرێمەکان و بەتەواوی جڵەودەکرێن. ئیدی زۆنی ئێران کۆتایی پێدێت و دەستوورێکی فیدراڵی وەك عێراق دەنوسرێتەوە. ڕەوتی خۆییبوونی کوردیش تێیدا لەحاڵی باشوور باشتر نابێت ئەگەر پێشدەستی نەکەن و هەوڵی گرتنەوەی عفرین و حەلەب نەدەن.

کورد چی بکات؟

کورد، خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و سەربازی ڕاهێندراون، شارەزا و چاوکراوەن، پشتیوانیی ئەمریکایان هەیە، پارە و توانای مادیان بەرزە. پێویستە هێرشی پێچەوانە ئەنجام بدەن و ناوچەکانی خەفسە و تەبقا و شەهبا و حەلەب و شێخ مەقسود و مەنبەج بەیەکەوە گرێ بدەن. بگەڕینەوە بۆ تەلڕەفعەت و عفرین. لەمەوە ئەگەر لەهەموویدا سەرکەوتووش نەبن، بەڵام بەلانی کەمەوە پێویستە نیوەی زیاتری بەدەستبهێننەوە. ئەگەر نا، کاتێك ئەسەد نەماوە و بەردەمی هێزە ئیسلامیەکان کراوەیە ئەوا بەتەواوی هێز و توانایانەوە لەتەواوی باکور و باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە بەپشتیوانیی تورکیا ڕووی دەمی تیرە ژەهراویەکانیان دەکەنە کورد.

تێبینی: وێنەی ئەم بابەتە لە سایتی www.msn.com وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە