پێوەرەکانی بەختەوەری
Wednesday, 04/12/2024, 21:52
لە دنیایێ، زۆر "پێوەر"مان هەس. لۆ نمونە، گەرمی بە گەرمیپێو دەپێورێ؛ کێشی لەش بە قەپپان؛ خواردن بە تەرازوو؛ و کات بە کاتژمێر. زۆربەی ئەوانە بابەتی زانستین. بەزۆریش فیزیا ئەو کارانە دەکا. لە ژیانی ڕۆژانەشمان، کۆمەڵێك بنەمامان درووست کردوون وەکوو پێوەری "بەختەوەری" بەکاریان دەهێنین. لۆ نمونە، زۆر کەس هەن پێیان وایە کە پێوەرەکانی بەختەوەری بریتین لە: هەبوون و نەبوونی هاوسەرگیری، هەبوون و نەبوونی منداڵ، یان هەبوون و نەبوونی دەوڵەمەندی. بەڵام زۆربەی ئەو پێوەرانە هەڵەن. درووست نین. با بزانین لەبەر چی.
ئەو پێوەرانە درووست نین لۆ پێوانی بەختەوەری لەبەر چەند هۆکارێك، لەوانە:
١. ئەو پێوەرانە گشتی نین. هەموو کەسێك لە ژیانیدا ئەوانەی نییە. کەواتا، دەکرێ بپرسین؛ ئەرێ ئەوانەی هەر یەك لەوانەی نەبێ، بەختەوەر نییە؟ بێگومان نەخێر! لۆ نمونە، ئەگەر هەبوون و نەبوونی منداڵ پێوەری بەختەوەری بێ، دەی، کەواتا جەنابت پێت وایە ئەوەی منداڵی نییە، بەختەوەر "نییە؟" ئەوە هەڵەیە. هەمان سەرنج لەسەر دەوڵەمەندی و هەبوون و نەبوونی هاوژین و ئەوانی دیش.
٢. ئەگەر ئەوانە بنەمای بەختەوەری و دڵخۆشی بن، کەواتا، کاتەك ئەوانەمان لە ژیان نەمان و لەدەستمان چوون، ئەوا دەبێ ببینە کەسێکی نابەختەوەر. ئەوەیش ڕاست نییە. مێشکی مرۆڤ سیفەتی خۆداڕشتنەوە (Neuroplasticity) هەیە. ئەوە بریتییە لە خۆداڕشتنەوە و خۆبەرنامەدانانەوە و خۆگونجاندن و خۆچاککردنەوە دوای ئەوەی مێشك زەبری پێ دەکەوێ. بەهۆی هەمان سیفەتەوە، پشتی کارەسات و ناخۆشییەکان، دەتوانین بگەڕێینەوە ناو ژیان. هەروەها، بەهۆی ئەوەی بەشی تەرکیز (Concentration) لە مێشك ناتوانێ لەسەر یەك باس و بابەت بێ لۆ ماوەیەکی زۆر. لۆیێ، ناتوانین هەر لەناو یەك ناخۆشی و ڕووداودا بمێنینەوە. ژبەر هەندێ، بەشێوەیەکی گشتی، دوای ناخۆشییەکان دەگەڕێینەوە ناو ژیان.
٣. ئەگەر ئەوانە پێوەرە درووستەکانی بەختەوەری بن، ئەوا نابێ ئەوانەی هاوژیندار و منداڵدار و دەوڵەمەندن هەرگیز تووشی دڵتەنگی و خەمۆکی و بێزاری و ئاڵوودەبوون و (تەنانەت هەوڵدان لۆ خۆکووشتن) ببن. بەڵام ئەوە ڕاست نییە. هەموو مرۆڤێك لەباریدا هەیە تووشی ئەوانە بێ، بەتایبەتی ئەگەر بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە سەختەکانی ژیان نەکا.
توێژینەوە وارێ، "خەمۆکی لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان زیادترە وەك لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند." سەیرە، وانییە؟ نەخێر هیچ سەیر نییە. ئاخر خۆ دەوڵەمەندی حەب و دەرمانی دژەخەمۆکی نییە!
٤. نابێ مەرج لۆ بەختەوەری دابنێین. کاتێك مەرجی ئەوەمان لەسەرە خۆمان دانا کە "بەختەوەر دەبین ئەگەر چشتێکمان هەبێ،" ئەوە هەڵەیە لەبەر دوو هۆ:
یەك، ئەدی ئەگەر ئەو چشتەمان بەدەست نەهێنا؟ دەکا هەرگیز ناتوانین بەختەوەر بین. نەخێر!
دوو، ئەدی ئەگەر ئەو چشتەمان لەدەست دا، دیسان دەبێ نابەختەوەر بین؟ دیسان نەخێر! هەڵەیە بەختەوەری بە مەرجی هەبوونی چشتێك لە ژیانمان ببەستینەوە.
هۆکاری دیکە هەیە. بەس لێرە دەوەستم.
پێویستە پێوەرەکانی بەختەوەری بریتی بن لەسەر چشتە نەگۆڕەکان، نەك گۆڕاوەکان. لۆ نمونە، بەختەوەری دەبێ پەیوەست بێ بەوەی داخۆ ئێمە چلۆن کاردانەوەمان لۆ ڕووداو و پەیوەندی و چشتەکان هەیە. هەن دڵخۆشن بە تەماشاکردنی فیلمێك. هەیشن هیچ چێژ لە گەشتە دەگمەنەکانیان وەرناگرن. دەبێ لە ناخەوە بایی ئەوە هۆشیاریمان هەبێ بتوانین چێژ لە چرکەساتە جیاوازەکان وەبگرین. چێژ لە چشتە سادەکانی ژیانمان وەبگرین.
بەختەوەری پەیوەست نییە بە چشتە گۆڕاوەکان. پێوەرکانی بەختەوەری چشتە گۆڕاوەکان نین. بەختەوەری دەبێ بیرکردنەوە و جیهانبینیی و مەعریفەی جێگیر و نەگۆڕی ناخی خۆمان بێ لۆ ژیان و سەبارەت بە ژیان و بەرانبەر بە کۆی ژیان. هەرچییەك گۆڕاو بێ، جێگیر نییە. هەموو شتێکی ناجێگیریش شیاوی ئەوەیە لە هەر ئان و ساتێکدا گۆڕانی بەسەردا بێ، نەمێنێ، زیاد کا، کەم کا، یانەکینێ هەرچییەکی دی. کەوابێ، چلۆن دەکرێ دڵخۆشی و بەختەوەریمان ببەستینەوە بە چشتە گۆڕاوەکان. پێوەرەکانی بەختەوەری نەگۆڕ و جێگیرن. بەختەوەری بنیاتنانی هۆشیارییەکی بەهێز و فراوانە لە تێگەیشتنمان لە ژیان، کە بە چشتە گۆڕاوەکانی ژیان ناگۆڕێ.
پوختە،
پێوەرەکانی بەختەوەری هەبوونی هاوژینداری و زارۆ و دەوڵەمەندی و نازانم چی و چی نییە، بەڵکوو پێوەرەکانی بەختەوەری لە هۆشیاریی و چۆنییەتیی دنیابینی خۆمانەوەیە. لەوەیە کە چێژ لە چشتە سادەکانی ژیانمان وەربگرین. بەختەوەری بە چشتە گۆڕاوەکان ناپێورێ. دەبێ تێگەیشتن و دنیابینیی و هۆشیاریی نەگۆڕمان هەبێ سەبارەت بە بەختەوەری. ئەسڵەن نابێ مەرج لۆ بەختەوەری دابنێین. بەختەوەری بە "مەرج"ی هەبوون و نەبوونی هیچ چشتێك ناپێورێ. دەبێ بەختەوەری لە دەرێی هەبوون و نەبوونی هەموو چشتێکەوە بێ.
------
وێنەکە:
وێنەکە وەها نیشان دەدا کە پیاوێکی دەوڵەمەندی دڵتەنگە. لەوانەیە ئەو پیاوە تەلارێکی گەورە و هاوژینێکی باش و شۆخوشەنگ و سێ منداڵی چاوگەش و جوانیشی هەبێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست