نیشانە و پێوانە نموونەیییەکانی جوانی ژن لە ڕوانگەی دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە
Sunday, 01/12/2024, 22:49
- گەنجایەتی
- ناوقەدی باریک
- مەمکی گەورە
- پرچی درێژ
- پرچی زەرد
- چاوی گەورە
بووکۆکەی باربی لەلایەن (ماتێل)وە دروست کراوە، بەڵام لەڕاستیدا دەستکردی پەرەسەندنە
بیروڕایەکی باو لەلای شارەزایانی کۆمەڵناسی و خەڵکانی ئاسایی بوونی هەیە، گوایە دەزگەکانی ڕاگەیاندن و گۆڤارە هونەرییەکان شێوەیەکی تایبەتی و نموونەیی شۆخی و شەنگی لە ڕووخسار و لەشولار دەسەپێنن بۆ خۆجوانکردنی کچان و ژنان لە کۆمەڵگەکەماندا، ئەمەش وا لەم ڕەگەزە دەکات هەمیشە هەوڵ بدات بۆ گەیشتن بەو پێوەرە دەستکرد و سەپێنراوە. ئەم جۆرە بیروڕایە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و زانستی نییە و زۆر دوورە لە ڕاستییەوە.
لەسەر ئەم بنچینەیە هۆکاری چاولێکردن و خۆنوواندنی کچان و ژنان هاوشێوەی رووخسار و لەشولاری خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژە هەرە جوانەکانی جیهان، بۆ ڕێکلامکردن و بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی یەکجار زۆری وێنەی ئەوانە دەگەڕێتەوە. بەم لۆژیکە ئەگەر دەزگەکانی ڕاگەیاندن واز لە پەخشکردنەوەی وێنەکان بهێنن و پێوانەکانی جوانی ژن بگۆڕن، ئەوا ژنانیش چیدیکە خۆیان وەک ئەوان بەدەر ناخەن. ئەم بۆچوونە ڕێک وەک ئەوەیە بڵێین، ئێمە برسی دەبین لەبەرئەوەی ڕۆژانە چەندان جۆرە فلمی ئامادەکردنی خواردنی بەچێژ و دیمەنی خوانە ڕازاوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینین، بەوەی هەر دەمێک ئەوان وێنە و دیمەنەکان بڵاو نەکەنەوە، یاخۆ ئێمە سەیریان نەکەین، چی دی برسیمان نابێت. ئاشکرایە ئێمە ڕۆژانە هەست بەبرسییەتی دەکەین لەبەر بوونی چەند جۆرە میکانیزمێکی فسیۆلۆژی و دەروونی، ئەوانەی ناچارمان دەکەن بەدوای خۆراکدا بگەڕێین، بۆ ئەوەی لەژیاندا بمێنینەوە و نەوە بنێینەوە و دەرنجام درێژە بە مانەوەی جۆرەکەمان بدەین. واتە ئێمە برسی دەبین گەرچی لە ئەمڕۆکە بەدواوە بڵاوکردنەوەی وێنە و فلمەکانی خواردن لە جیهاندا قەدەغە بکرێن.
هەمان شت پێڕەو دەکرێت لەبارەی پێوەرەکانی جوانی ژنان. لێرەدا تەنیا دوو بەڵگە دەهێنینەوە بۆ بەلاوەنانی ئەو ڕایەی پێی وایە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن جۆرە شێوە و لەشولارێکی تایبەتی بەسەر خۆدەرخستنەکانی ژنان دەسەپێنێت.
یەکەمیان، کاتێک سەرنج دەدەینە مێژووی جوانکاری ژنان، دەبینین بۆیەکردنی پرچی ژنان بەتایبەتیش بە ڕەنگی زەرد بۆ پتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، لەو سەردەمانەی نە تەلەفزیۆن، نە سینەما و نە گۆڤارەکان بوونیان هەبووە، هاوکات لە تابلۆکانی سەدەی پازدە و شازدەش لە ئیتاڵیا دەزانین کە گەلەک لە ژنانی ئەو دەمە پرچیان زەرد دەکرد.
دووەمیان، لە وەڵاتێکی وەک ئێران لەمێژە ژنەکانیان دەبێ خۆپۆش بن و بەئاسانی بەرکەوتەیان نییە لەگەڵ ڕاگەیاندن و فەرهەنگ و دابونەریتی خۆرئاوایییکان، بەڵام بۆ بایەخدان بە لەشولار و ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانکاریی ئەگەر لە ئەمریکا و ئەوروپا پتر نەبن ئەوا بێگومان کەمتر نین.
با بێینە سەر ئەو پرسیارە: بۆچی ژنان دەیانەوێت هاوشێوەی خانمە جوانە بەناوبانگە پرچ زەرد و شۆخ و شەنگەکانی وەک بیریجیت باردۆ و هێـمای جوانیی مارلین مۆرنۆ بن؟
لێرەدا دەروونناسی پەرەسەندنەکی (Evolutionary Psychology) پێمان دەڵێت، لەبەرئەوەی پیاوان ئارەزووی جووتبوون و هاوسەرگیریی ئەو ژنانەن کە لەوان دەچن، لە ژنانیشدا هۆکارەکەی جۆرە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و گونجاوە بۆ ئەو حەزەی پیاوان. ئەمەشیان سادە و ئاسان بەرەو پرسیارێکی دیکەمان دەبات: لەبەرچی پیاوان دەیانەوێت ئەو ژنانە هەڵ ببژێرن لەوان دەچن؟ وەڵامەکەی ئەوەیە ئەو ژنانەی وەک ئەوان وان، پلەیەکی بەرزیان هەیە لە پیتداری و ڕێژەی نەوەنانەوە. کەواتە هیچ سەپاندنێک بۆ شێوە و لەشولارێکی نموونەیی لەگۆڕێدا نییە بۆ جوانی ژنان، بەڵکوو زۆر بەوردیی و چاودێریکردنێکی درێژخایەنی ملیۆنان ساڵ لە پەرەسەندن و هەڵبژاردنی سێکسی (Sexual selection) لە پشتە.
ئێستەش ئاماژە دەدەین بە سەرچاوە و هۆکاری پەسندکردنی چەند تایبەتمەندییەکی پەرەسەندوو کە جوانی شێوە و لەشولاری مێیینەیەکی نموونەیی دیار دەکەن، وەک: گەنجییەتی، پرچی درێژ، ناوقەدی باریک، مەمکی گەورە، پرچی زەرد، چاوی گەورە و فرەوان.
گەنجایەتی
بۆچی پیاوان هاوسەرگیریی لەگەڵ کچانی گەنجیان پێ پەسندە؟
یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندی جوانی نموونەیی ڕەگەزی مێیینە گەنجایەتییە. هۆکاری هەڵبژاردن و پەسندکردنی کچان و ژنانی گەنج، بەندە بە توانی نەوەنانەوەی پتر و زێدەیی پیتداری بەراورد بە مێیینەی بەتەمەن. ئەم توانەش واتای ژمارەی ئەو منداڵانە بەدەستەوە دەدات کە هەر مێیینەیەک لە درێژەی قۆناخی نەوەنانەوەدا بەبەرهەمیان دەهێنێت، ئەو ئاستەی لە دەستپێکردنی سووڕی مانگانەوە هەڵ دەکشێت و لە نێزیکەی بیست ساڵیدا لە بەرزترین پلەیە، پاشان بەرەبەرە کەمتر دەبێتەوە تا لە تەمەنێکی دیارکراودا لەگەڵ وەستانی سووڕی مانگانە دەبێتە سفر.
دەروونناسی پەرەسەندنەکی پێمان دەڵێت، ئەوەیە نهێنی سەرسامبوون و ئارەزووکردنی کچانی هەرزە و گەنج، هەرچەندە لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆکەدا تەمەنی هاوسەرگیریی بە یاسا دیار کراوە. بەڵام دەبێ بزانین لە ژیانگەی پێشینە کۆنەکانی مرۆڤ شتێک نەبووە بەناوی یاسا. بۆیە بەگوێرەی بنەمای ساڤانا (مێشکی مرۆڤ زۆر سەختە مامەڵە لەگەڵ بابەتگەلەک بکات کە لە ژینگەی پێشینەکانماندا بوونی نەبووە)، واتە مرۆڤ ناتوانێت لە یاسا نووسراوەکان تێ بگات، لەوانەش یاسای پەیوەست بە دیارکردنی تەمەنی جیاکەرەوە بۆ قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤ.
بۆ نموونە، پیاوانی مامۆستا لە ئامادەیی و زانکۆکان لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێژەیەکی گەلەک بەرز تۆمار دەکەن لە جیابوونەوە لە هاوسەرەکەیان، لەبەرئەوەی بەبەردەوامی بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ کچانی گەنج و ئەو ژنانەی توانی منداڵبوونیان لە لووتکەدایە. هاوشێوەی ئەمە لە ئەستێرە ناودارەکانی بواری هونەر و سینەما دەبیندرێت، بەتایبەتیش لە هۆلیوود ماوەی هاوسەرگیریی ئەکتەرە بەناوبانگەکان زۆر کورتە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کچانی سەرسامبوو و کچە ئەکتەری گەنج، لەو کاتەی ژنەکانیان (ئەگەرچی ئەکتەر و مۆدێلیش بن) بەتەمەنتر دەبن و بەرەو پیری دەڕۆن.
ناوقەدی باریک
پێوانەکانی لەشێکی نموونەیی ژنان ڕێژەکەی بە ئینج بەم شێوەیەیە (36 سنگ - 24 ناوقەد - 36 سمت)، ئەمە بۆ وایە؟ پاش تۆژینەوە ڕوون بووەوە ئەم ژمارانە هەر لەخۆوە نەهاتوون، بەڵکوو بنچینەیەکی وردیان هەیە لە پەرەسەندن.
زانای دەروونناسی پەرەسەندنەکی دیڤێندرا سینگ (Devendra Singh) لە زانکۆی تێکساس، پاش چەند ئەزموونێک لە پێشاندانی وێنەی ژنانی هاوشێوە بەڵام جیاواز لە ڕێژەی چێوەکانی بەرینایی سنگ و تەسکی ناوقەد و گەورەیی سمت، دەگاتە ئەو ڕایەی پیاوانی زۆربەی وەڵات و کۆمەڵگە جیاجیاکانی جیهان بۆ لەشی ژنان، پێوانەیەکی نێزیک لەم پێوانەیە نموونەیییە پەسند دەکەن.
سینگ دەبێژێت، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم پێوانەیەی باریکی قەد و فرەوانی سمت بەندە بە باری لەشساغییەوە، بەوەی زۆرینەی ژنانی خاوەن پێوانەیەکی لەم شێوەیە لەڕووی تەندروستییەوە باشترن لەوانەی دیکە. ژمارەیەک لە نەخۆشی وەک: شەکرە، بەرزی فشاری خوێن، هەوکردن و کێشەکانی زەرداو، نەخۆشییەکانی تووشی دڵ و مێشک دەبن، دابەشکردنی چەوری لە لەشی ژنانی نەخۆش دەشێوێنن و وایان لێ دەکات نەتوانن ئەو پێوانەیە بپارێزن. بە تۆژینەوە سەلمێندراوە ژنانی کە لەو پێوانەیە نێزیکن پیتدارییان پترە و زووتر ئامادەیییان لەلادا پەیدا دەبێت بۆ ئاوسبوون، لەبەرئەوەی بڕی هۆرمۆنە بنەڕەتییەکانی زاوزێکردنیان زێدەترە. گومانیشی تێدا نییە، ژنانی ئاوس، یاخۆ زگپڕ لە پێیان ناکرێ بگەنە ڕێژەی نموونەیی ناوقەد-سمت.
زانراوە ئەو ڕێژەیەی ناوقەد بۆ سمت لە ژنان تا ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا دێت، بەتایبەتی لە دەمی سووڕی مانگانەدا کە ژنان لە پیتدارترین ئاستن، ئەو ڕێژەیە باشتر دەبێتەوە. بەمەش پیاوان بەبێ ئەوەی خۆیان پێی بزانن، بەدوای ژنانێکی لەش ساغتر و بەتواناتر بۆ نەوەنانەوە دەگەڕێن کاتێک حەزیان بە ناوقەد باریکەکانە.
ڕێژە نموونەیییەکەی ناوقەد-سمت بەو شێوەیەی سینگ لێی دەدوێت، دەبێتە ڕاڤەیەکی گەلەک چاک بۆ بەکارهێنانی کەمەربەند، یاخۆ ناوقەدبەند (Corset) لەلایەن ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ژنانی کۆمەڵگە خۆرئاوایییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژوودا، ئەمەش ئەمڕۆکە لە ڕووتکردنەوەی زگی کچانی گەنج دەبیندرێت. واتە ئەستێرە ناودارەکانی گۆرانی و سینەمای ئێستە هۆکاری دەرخستنی زگی کچان نییە، بگرە دەرەنجامێکە بۆی.
مەمکی گەورە
ڕێژەی ناوقەد-سمت وەک نیشانەیەک بۆ پیتداریی ژنان، ئاماژەیەکە بۆ ژمارەی دووەم و سێیەمی پێوانە نموونەیییەکەی (36-24-36)، باشە ئەی ژمارە 36ی یەکەم چییە و بۆچی گرینگە بۆ ژنان کە چێوەی سنگیان 36 ئینج بێت؟
نهێنی سەرسامبوونی پیاوان بە ژنانی مەمک گەورە لەمێژە وەک مەتەڵێک لێی دەڕواندرا لە دەروونناسی پەرەسەندنەکی، بەتایبەتییش کە ژنی مەمک گەورە نە دایکێکی باشتر و بەسۆزترە لەوانەی مەمکیان بچووکە، نە قەبارەی مەمکیش پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە توان و ئاستی شیرپێدان و بڕی بەبەرهەمهێنانی شیر هەیە. ئەی کەواتە پەسندکردنی ژنی مەمک گەورە لەبەرچییە؟ لەڕاستیدا هەتا ئەم دوایییانەش وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە لەبەردەستی زانا و شارەزایاندا نەبووە.
لە نۆهەتەکانی سەدەی ڕابردوو، زانای مرۆناسی فرانک مارلۆو (Frank Marlowe) لە زانکۆی هارڤەرد ڕاڤەیەک بۆ ئەم مەتەڵە پێشنیار دەکات، هەرچەندە بەم تێڕوانینە نهێنییەکی دیکە سەرهەڵ دەدات بەوەی کە بۆچی هیچ کەسێک پێشتر بیری لەو بیرۆکەیە نەکردووە؟ مارلۆ تێبینییەکی سادە دەوروژێنێت بە جۆرێک کە مەمک چەندەی گەورەتر واتە قورستر و پتەوتر بێت، بە تێپەڕبوونی تەمەن زیاتر شل و شۆڕ دەبێتەوە و باشتر هەستی پێ دەکرێ و دەبیندرێت. بەمەش بۆ پیاوان ئاسانترە تەمەنی ژنەکە دیار بکەن (بەهای زاوزێ و نەوەنانەوە)، بەراورد بەو ژنانەی مەمکیان بچووکە، ئەوانەی بە درێژبوونەوەی تەمەن گۆڕانێکی زۆر بەسەر شێوەی مەمکیاندا نایەت.
لەبیرمان نەچێت کە لە سات و سەردەمی پێشینەکانمان نە مۆڵەتی شوفێری و نە بەڵگەنامەی لەدایکبوون هەبووە، بۆ ئەوەی پیاوان دڵنیا ببنەوە لە تەمەنی ژنەکان، هاوکات چەمکی ساڵ و ساڵنامەش نەبووە، ژنەکان خۆیشیان نەیان زانیووە بەتەواوی چەندە تەمەنیان، بۆ ئەمە پیاوان ناچار دەبوون پەنا ببەنە بەر چەند هێما و نیشانەیەکی لەشیی بۆ دەستنیشان کردنی تەمەن و توانی زاوزێ و منداڵبوون. شێوە و قەبارەی مەمک بەڵگەیەکی باش بوو بۆیان، چونکە ئەگەر مەمک تا ڕادەیەک گەورە بێت، ئەوا بە تێپەڕبوونی تەمەن گۆڕانکاری لێی ڕوو بدات هەستی پێ دەکرێت. وردبوونەوەی پیاوان لەو ڕۆژگارەدا لە شلی و تووندی و قەبارەی مەمکی ژنان، دەیان توانی لە هەوڵی گەیشتنیان بە ژنانی گەنج پشتی پێ ببەستن، ئەوەشە هۆکاری پەسندکردن و حەزکردنی پیاوان لە ژنانی مەمک گەورە و پتەو.
ڕاڤەیەکی هاوچەرخی دیکەمان هەیە لە بواری دەروونناسی پەرەسەندنەکییەوە بووە ڕکابەرێک بۆ ئەو بیروڕایانەیە، بۆ هۆی هەڵبژاردن و پەسندکردنی ژنانی مەمک گەورە. تۆژینەوەیەک کراوە لەسەر ژنانی پۆڵۆنیا پێمان دەڵێت، ئەو ژنانەی مەمکیان گەورەیە و ناوقەدیان باریکە پیتدارییان پترە، وەک لە ئاست و بڕی دوو جۆر لە هۆرمۆنەکانی زاوزێ (β-estradiol and progesterone-17) بەدەر دەکەوێت. واتە بەگوێرەی ئەم ڕاڤەیە پەسندکردنی پیاوان بۆ مەمکی گەورە هەمان هۆکاری هەیە لە پەسندکردنی ناوقەدی باریک. بۆ بڕیاردان و یەکلاییکردنەوەی ڕاستبوونی ئەم دوو تێڕوانینە، پێویستمان بە ژمارەیەک لە تۆژینەوە و ئەزموونی بەردەوام هەیە.
ئەم خاڵە یەکێکە لە گەلەک بیروڕای جیاجیا کە مشتومڕییان لەبارەوە دەکرێت لەم زانستەدا، ئەمەش بێگومان دەبێتە نیشانەیەکی ئەرێنیی بۆ زانستێکی ڕاستەقینە و چالاک، هاوکات بەڵگەیەکی بەهێزە بەرانبەر بە ڕەخنەگرانی دەروونناسی پەرەسەندنەکی، ئەوانەی دەبێژن گریمانە و بیردۆزەکان تەنیا (چیرۆک)ن و هەر ئاوا ڕوویان داوە و بەبێ ئەزموون وەرگیراون، ئاشکرایە ئەم گوتانەیان لە نەزانینەوەیە.
لەمانەوە ئەو واتایە بەدەست دێت کە پیاوان دەتوانن بەوردیی تەمەنی ژنان و بەهای زاوزێیان دیار بکەن، ئەگەر بۆیان بلوێ ڕاستەوخۆ سەرنج بدەنە مەمک و نیشانە لەشییەکانی دی کە پێشتر لێیان دواین، لە دابەشبوونی چەورییەکان لە لەش و باریکیی ناوقەد و هی دیکە. بەڵام پیاو دەبێ چی بکات کاتێک پێی نەکرێ بەچاکی وردەکارییەکانی لەشی ژنان ببینێت، بۆ نموونە، لەو دەمەی ژن لەشی خۆی داپۆشێت بە جلوبەرگێکی قورس و ئەستوور؟ دەشێ درێژی و ڕەنگی پرچ وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ ئەم پرسیارە.
پرچی درێژ
زۆرینەی ژنانی گەنج پرچی درێژ هەڵ دەبژێرن، ئەمەشیان بەندە بە پەسندکردنی ژنانی پرچ درێژ لەلایەن پیاوانەوە. پرسیارە بنەڕەتییەکە لەم بابەتەدا ئەوەیە: بۆچی پیاوان حەزیان لە ژنی پرچ درێژە؟
ئاشکرایە ئاوەلەمە بۆ ماوەی نۆ مانگ لەناو زگی دایکیدا گەشە دەکات، پاشان منداڵ دێتە ژیان دەبێ دایکەکە بۆ چەند ساڵێکیش خەریکی بەخێوکردنی بێت، هەموو ئەو هەنگاوانە پێویستیان بە دایکێکی لەش ساغ هەیە، لەبەرئەوەی دایکی نەخۆش زۆر سەختە دایکێکی باش و تەندروست دروست بکات. لێرەدا گرینگییەکەی دایک زۆر زێدەترە لە دروستکردنی باوکێکی باش لەلایەن باوکێکی نەخۆشەوە، ئەمەشە وا لە پیاو دەکات گشت کاتێک هەوڵ بدات، بۆ دۆزینەوەی دایکێکی لەش ساغ بۆ منداڵەکانی. هۆکاری پەسندکردنی پیاوان بۆ ژنانی گەنج بەشێکی پێوەندی هەیە بە ئاستی بەرزی توانی پیتداری و نەوەنانەوە وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، بەشەکەی دیکەش دەوەستێتە سەر ئەوەی ڕێژەی کچان و ژنانی گەنج لەڕووی تەندروستییەوە پترە لەوانەی بەتەمەنن.
باشە پیاوان بەچی شێوازێک دەتوانن بڕیار لەسەر تەندروستی ئەو ژنە بدەن کە بەتەمان بیان کەنە هاوسەریان؟ لە ژینگەی کۆنی پێشینەکانمان نەخۆشخانە و تاقیگەی پزیشکیی نەبووە، دەبووایە پیاوان خۆیان باری تەندروستی ژنان هەڵ بسەنگێنن. نیشانەیەکی زەق و ورد بۆ لەشساغی جوانییە، بەتایبەتیش پرچی گەشاوە و بریسکەدار (بۆ هەردوو ڕەگەزەکە)، ئاشکرایە کە گەلەک جار پرچی مرۆڤی نەخۆش بریسکایییەکەی لەدەست دەدات. کەسێکی نەخۆش بەردەوام پێویستی بە خۆراکی پڕ لە ڤیتامین و کانزا و پڕۆتینە، تا بەرگری بەهێزتر بێت و بکارێ دژی نەخۆشییەکەی بجەنگێت. پرچیش بۆ مانەوە نرخێکی بەرزی نییە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکەی لەش، بەڵام خۆراکی گرینگ و پێویست پێش هەموو ئەوانەی دی بەرەو پرچ دەڕوات، دەرەنجام کەسانی نەخۆش و ناتەندروست یەکەمین نیشانە لە پرچیانەوە بەدەر دەکەوێت.
پرچ بەسستی و لەسەرەخۆ گەشە دەکات و درێژ دەبێت، نێزیکەی شەش ئینج لە ساڵێکدا، واتە ئەگەر ژنێکمان بینی پرچی لەسەر شانی بوو (بە درێژی دوو پێ)، ئەوا دەبێتە ئاماژەیەک بۆ باری تەندروستی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، پرچیش جارێک گەشەی کرد هەڵگرەکەی ناتوانێت هیچ شتێک بکات بۆ گۆڕینی شێوەکەی لە ماوەی داهاتوودا. بەوەی گەرچی ژنێک ئەمڕۆکە لەشێکی ساغیشی هەبێت، بەڵام لە چوار ساڵی پێشوو نەخۆش کەوتبێ، ڕاستەوخۆ لە پرچییەوە نەخۆشی ڕابردووی لێ بەدیار دەکەوێت. ژنانی سەردەمی پێشینەکانی مرۆڤ ئەگەر نەخۆش بوونایە، بەهیچ شتێک پێیان نەدەکرا بە پرچێکی گەشاوە و بریسکەدار خۆیان دەر بخەن. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ژنانی پیر و بەتەمەن زیاتر ئارەزووی پرچی کورت دەکەن، چونکە پرچیان بریسکەکەی زۆر کەم بووەتەوە، ئەوانیش حەز ناکەن هێمای تەندروستییەکی خراپ لە سەریان شۆر ببێتەوە.
خۆمان دەتوانین تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدەین لەسەر ئەم بابەتە، با بێین لەدواوە سەرنج بدەینە ژنێکی نەناسراو بەبێ وردبوونەوە لە جلوبەرگ و لەشولاری، تەنیا بەگوێرەی پرچی تەمەنێکی بۆ دابنێین. دوای ئەوە بسووڕێنەوە و بەچاکی سەیری ڕووخساری بکەین، زۆر باش بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو تەمەنەی بۆیمان دانا زۆر بەکەمیی هەڵەمان تێدا کردووە. ئەمە بەڵگەیەکی بەهێزە لە گرینگیی پرچ بۆ دەستنیشان کردنی تەمەن لە ژینگەی دێرینی پێشینەکانمان.
پرچی زەرد
بۆچی کچان و ژنانی خاوەن پرچێکی گەشاوە و زەرد جوان و سەرنجڕاکێشن؟ لەبەرئەوەی پیاوان پرچی زەردیان پێ جوانە. بۆچی پیاوان پرچی زەردیان پێ جوانە؟ لەبەرئەوەی چەند میکانیزمێکیان لەلادا پەرەی سەندووە وایان لێ دەکات ژنانی پرچ زەردیان پێ جوان بێت.
بیرۆکەی ئەوەی پرچی زەرد پێوانەیەکی نموونەیییە بۆ جوانی ڕەگەزی مێیینە بۆ پتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، هاوکات گەلەک بەڵگە هەن ژنانی چاخی ڕۆمانی و سەدەی ڕابوون (ڕێنیسانس) پرچیان زەرد دەکرد، زۆر پێش دۆزینەوەی پرۆکساید (Peroxide) لە ساڵی 1812دا. ئەم ئارەزووەی ژنان هێندە تووند و بەهێز بووە کە بتوانن ڕەنگێکی زەرد بدەنە پرچیان بەبێ یاریدەی پرۆکساید.
هەندێک وای بۆ دەچن، پەسەندکردنی پیاوان بۆ پرچی زەرد لەبەرئەوەیە کچ و ژنە پرچ زەردەکان لەوانەن پێستەیان کاڵ و سپین بۆیە بە جوانی دادەنێن. ئەمەش هەڵەیە، چونکە هۆکاری پەسندکردنی پێستەی کراوە و کاڵ بەندە بە ڕێژەی بەرزیی پیتداری (ئەو دەمەی ژنان ئاوسن، یان دەرمانی دژە زگپڕی وەردەگرن پێستەیان تێرتر و تۆختر دەبێت)، هەروەها کاڵی پێستە پێوەندی بە پرچی سوورەوە هەیە نەک زەرد. تۆژینەوەیەکیش کراوە لەسەر ئەوەی پیاوان و ژنان زۆر حەز بە خاوەنانی پرچی سوور ناکەن بۆ هاوسەرگیریی. بەدەر کەوتووە پیاوان ژنانی پرچ زەردیان پێ جوانترە بەهەمان هۆکاری پەسندکردنیان لە مەمکی گەورە، هەردووکیشیان هێمایەکی ئاشکران بۆ تەمەنی ژنان لە بوونی توانی زاوزێ و نەوەنانەوە.
ئەوەی ڕەنگی زەردی پرچ جیا دەکاتەوە لە ڕەنگەکانی دی، لەوەدایە ڕەنگێکە بە تێپەڕبوونی تەمەن زۆر گۆڕانی بەسەردا دێت. زۆرینەی کچانی پرچ زەرد کاتێک گەورە دەبن ڕەنگی پرچیان قاوەیی دەبێت (کەمینەیەک هەن پرچیان هەر بە زەردی دەمێنێتەوە). کەواتە پەسندکردنی ژنانی پرچ زەرد، هەوڵێکە بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنانی گەنج ئەگەرچی خۆیشیان هەستی پێ نەکەن، ئەمەش مانای گەیشتنە بە ژنانی تەندروست و پیتدار. شتێکی ڕێکەوت و لەخۆوە نییە پرچی زەرد پتر پەرەی سەندووە لە وەڵاتانی ئەسکەندەنافی و باکوری ئەوروپا، لەبەرئەوەی کەشوهەوای زۆر ساردە لە زستانان. بەڵام لە ئەفریکا پێشینەکانمان بە پەرەسەندنێکی درێژ تێ پەڕیوون، ژنان و پیاوانیان زۆربەی کات ڕووت بوونە، لە ژینگەیەکی ئاوا و هاوشێوەکانی، وەک پێشتر گوتمان پیاوان توانیوویانە بەوردی هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ تەمەنی ژن و دابەشبوونی چەوری لەشیان و گەورەیی و پڕی مەمکیان. بەرانبەر بەوە پیاوانی شوێنە ساردەکان ئەو هەڵەیان لەبەردەستدا نەبووە، بەهۆی ئەوەی هەردوو ڕەگەزەکە ناچار بوونە بە جلوبەرگی ئەستوور خۆیان بپۆشن. پرچی زەرد لە کەشوهەوا ساردەکاندا پەرەی سەندووە بەشێوەی ئامرازێکی جێگرەوە بۆ ژنان لە دەرخستنی گەنجایەتییان، پیاوانیش جۆرە ئارەزوویەکیان پەرە پێداوە بۆ هەڵبژاردنی ئەوانەی پرچیان زەردە وەک کاردانەوەیەک. دەرەنجام ئەو پیاوانەی وایان کردووە، لە زاوزێکردن و منداڵ نانەوە و گوێزانەوەی ئەم حەزە بۆ نەوەکانیان ڕێژەیان پتر بووە، بەبێ ئەوەی خۆیان پێی بزانن گەیشتوونە بە ژنانی تەمەن بچووکتر و لەشساغ و خاوەن توانی نەوەنانەوەی زیاتر.
هەر لەسەر بنچینەی ئەم تێڕوانینانەیە گەلەک لەمێژە شتێکی باوە کە دەگوترێ "کچە پرچ زەردەکان کەم هۆش و دەبەنگن" دەشێ ئەمەیان سەرچاوەیەکی هەژمارەکی هەبێت. باشە بۆچی خەڵکی وای بۆ دەچن پرچ زەردەکان کەم هۆشن؟ ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی دێرینی مرۆڤ لە ژیانگەی کۆنی پێشینەکانمان، ئەو دەمەی پرچ ڕەنگ کردن نەبووە، ئاخۆ تەمەنی نێوانەکی کچانی پرچ زەرد و کاڵی ئەو سەردەمە (با بڵێین 10.000 ساڵ) لە باکوری ئەوروپا چەند بووە؟ نێزیکەی 15 ساڵ. ئەی ئەوانەی لەهەمان ژینگە پرچیان تێرڕەنگ بووە؟ نێزیکەی 35 ساڵ. بەمەش ئاسایییە کچێکی 15 ساڵ نەزانتر و کەم ئەزموونتر بێت لە ژنێکی 35 ساڵی، جا پرچی هەر ڕەنگێک بێت.
لەڕاستیدا بابەتەکە پێوەندی بە دەبەنگی پرچ زەردەکانەوە نییە، بەڵکوو گەنجەکان تێگەیشتنیان و ئەزموونیان کەمترە لە ژنانی بە تەمەن گەورەتر، پرچی زەردیش هێمایەکی زەقە بۆ گەنجایەتی.
هەر بەو لۆژیکە دەتوانین وەڵامی ئەوانەش بدەینەوە دەڵێن، مەمک گەورەکان کەم هۆشن، بەوەی لە ژینگەی پێشینان نە مەمکبەند (bra) و نە جوانکاریی مەمک هەبووە، بۆیە تەنیا کچان و ژنانی گەنج خاوەنی مەمکی تووند و گەورە بوونە.
چاوی گەورە
پێوانەیەکی گرینگی دی بۆ جوانی و سەرنجڕاکێشی ژنان چاوی گەورەیە، ئەمەش تەنیا لەلای ڕەگەزی مێیینەدا جوانە نەک نێرینە، بەڵام دەبێ هۆکاری جوانی گەورەیی چاو چی بێت؟
بەلایەنی کەمەوە دوو هۆی سەرەکیی لێک دابڕاو هەن بۆ جوانی چاوی گەورە لە ژناندا؛
یەکەم، چاوی گەورە هاوشێوەی شتانێکی دیکە (لێوی ئەستوور، نێوچاوانێکی فرەوان، چەناگەی بچووک) نیشانەیەکن بۆ ئاستێکی بەرز لە هۆرمۆنی ئێسترۆجین، ئەمەش ئەوانە دەگرێتەوە کاتێکی ئاسانتر و بێ کێشەتر دەبەنە سەر هەر دەمێک ئاوس دەبن، بەراورد بەو ژنانەی ئێسترۆجینیان کەمترە.
دووەم، چاوی فرەوان و گەورە هێمایەکی منداڵانەیە (neotenous: مانەوەی تایبەتمەندییەکی تەمەنی کۆرپەیی و منداڵی لە پێگەیشتوواندا). لەبەرئەوەی چاوی مرۆڤ بەهەمان ئەندازەی ئەندامەکانی سەر و ڕووخسار گەورە نابێت لە درێژەی گەشەکردندا، واتە قەبارەی چاو بەگوێرەی ڕووخسار لەگەڵ گەشەکردنمان کەمتر دەبێتەوە. هەمووشمان دەزانین منداڵەکانمان (هاوشێوەی بێچووی چەندان جۆرە ئاژەڵی شیردەر) چاویان بە ڕێژە گەورەترە لە منداڵی لەخۆیان بەتەمەنتر و کەسانی پێگەیشتوو. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی زۆر کەس بە ژنان و پیاوانەوە کە دەڕواننە یەکێکی چاو گەورە، بچووکتری دەبینن لە تەمەنە ڕاستەقینەکەی خۆی. پێشتر ئاماژەمان پێی دا پیاوان پتر حەزیان لە ژنانی گەنجە، بۆیە ئەوانە پەسند دەکەن خاوەن تایبەتمەندی منداڵانەن، لەوانەش چاوی گەورە.
بۆچی پیاوان هەڵ دەخەڵەتێن؟
دوای تێگەیشتنمان لەو چەند خاڵانەی سەرەوە، بۆمان ڕوون بووەوە پیاوان ئارەزووی مێیینەی جوانی پرچ زەرد و گەشاوەی هاوشێوەی بوکۆکەی باربی دەکەن، ژنانیش هەوڵ دەدەن خۆیان وەک ئەو لێ بکەن، بەم تایبەتمەندییە سەرەکییانە (گەنجایەتی، ناوقەدی باریک، مەمکی گەورە، پرچی درێژ، پرچی زەرد، چاوی گەورە)، هەموو ئاوانەی هێمایەکن بۆ گەنجایەتی، بە واتای لەشی ساغ و توانای بەرزی پیتداری و زاوزێکردن. سەرلەبەریشیان سەرچاوە و لۆژیکێکی پەرەسەندووی ورد پاڵپشتیان لێ دەکات لە پێکهێنانی وێنەیەک و پێوانەیەک بۆ جوانییەکی نموونەیی لە مێییەندا.
ئێستە هەر خوێنەرێک ئەگەر بەتەواوی لەگەڵ یەکە بە یەکەی ڕاڤە و شیکاری خاڵەکان هەنگاوی نابێت، بەچاکی هەست بە بوونی دژکارییەک دەکات.
لە تێکڕای نەشتەرگەری جوانکارییەکان، ڕاکێشانی پێستەی ڕووخسار، پرچی دەستکرد، لابردنی چەوری، گەورەکردنی مەمک، هاوێنەی ڕەنگاوڕەنگی چاو، ئەو ژنەی بخوازێت (بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەنەکەی)، دەتوانێت گشت ئەو پێوانە نموونەیییانەی جوانی ژن دیار دەخەن بەدەست بهێنێت. چەندان ئەکتەر و گۆرانیبێژی جوانی ناودار هەن شتێکی زۆر کەم لە لەشیاندا سروشتییە و هی خۆیانە، هەیانە تەمەنی 40 ساڵە، بە تەکنیکەکانی هاوچەرخ بۆ جوانکاری شێوەیان وەک کچێکی 20 ساڵ بەدەر دەکەوێت، هی واشیان تێدایە لە تەمەنی 60 ساڵییە، کەچی جوانترە لەوانەی (ژنانی ئاسایی و بێ جوانکاری) کە لە نیوەی تەمەنی ئەون.
ئەوەی جێی سەرنجە، بەوانەشەوە پیاوان هەر سەرسام دەبن پێیان و حەزیان لێ دەکەن. وەک گوتمان بەپێی بنەمای ساڤانا، مێشکی مرۆڤ زۆر سەختە مامەڵە لەگەڵ دیاردە و بابەتێک بکات کە لە ژینگەی کۆنی پێشینەکانیدا نەبوونە، واتە مێشکی مرۆڤ ناتوانێت لە مەمکی سلیکۆن، یاخۆ ڕەنگکردن و زەردکردنی پرچ تێ بگات، چونکە ئەم شتانە لە ژینگەکانی بەر لە دەیان هەزار ساڵ نەبووە. ئاشکرایە پیاوان دەکارن بە هەست و هۆشیانەوە بزانن کە ڕێی تێ ناچێت زۆرینەی ژنانی مەمک پڕ و گەورە لەڕاستیدا تەمەنیان 15 ساڵ بێت، بەڵام دیسانەوە پەسندیان دەکەن و بە جوانیان دەبینن، لەبەرئەوەی میکانیزمە دەروونییە پەرەسەندووەکانیان زوو هەڵ دەخەڵەتێن بە داهێنانە هاوچەرخەکانی کە بوونیان نەبووە لە ژینگەی دێرینی پێشینەکان.
.................................
سەرچاوەکان؛
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست