کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لە دنیای ئیسلامدا بەشی(15) کۆتایی

Sunday, 01/12/2024, 23:07


دەرئەنجامی باس:

مێژووی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام بەگوێرەی مێژووی دنیا و مڕۆڤایەتی مێژوویەکی زۆر کۆن نییە، مڕۆڤ بە میلیۆنان ساڵە لەسەر گۆی زەوی گوزەر دەکات، پاشماوەکانی ئەو مێژووە وەک پەنجە مۆر لەسەر گۆی زەوی ماوە، بەڵام ئاینی ئیسلام تەنیا ١٤٠٠ ساڵە تەمەنی، واتە بۆ لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و نووسین دەربارەی، کارێکی گران نییە، بە هەزاران سەرچاوە بە زۆربەی زمانەکانی دنیا لەسەریان نووسیوە بەتایبەتی بە زمانی عەرەبی، فارسی و تورکیی بەڵام بە زمانی کوردیی بە شێوەیەکی گشتی، بەدەگەمەن لەسەر ئەو ڕووداوە مێژوویانە نووسراوە ئەگەر نووسرابێت، بەبێ لایەنی نەبووە، ناتوانرێت وەک سەرچاوەی باوەڕ پێکراو بەکاربهێنرێت.  لەلایەکی دی مەلاکانی کورد لە میمبەرەکانەوە، هەمیشە تەنیا فۆکەیسیان خستۆتە سەر باس کردنی ژن، ئەوەندەی باسی ژن دەکەن، ئەوەندە باسی ڕووداوە مێژوویەکان ناکەن و خۆیانی لێ لادەدەن، بۆیان گرنگ نییە کە نەوەی نوێ خاوەن سەنگێکی ڕۆشەنبیری بێت دەربارەی ئاین.   
لە بوونی کێشە و ناکۆکیی لەسەر دەسەڵاتدا لە دنیای ئیسلامدا، هەندێک لە سەرچاوەکان بەبێلایەنی نەنوسراون، بەڵکو لەژێر هەژموون و بڕوای نووسەرکانن، واتە تێیاندا هەیە لادەدات بەلای مەزهەبی شیعە، سەلەفی، سونی یان سۆفی و هیتر، بەڵام بۆ خوێنەر و نووسەری شارەزا ئاوێنەیەک دەبێت، کە دەتوانێت تا ئەندازەیەکی باش ڕاستی ڕووداوەکان هەڵهێنجێت. مێژوو پێمان دەڵێت، کە  لە بیناغەدا لە زەمانی پێخەمبەری ئیسلامدا، مەزهەب نەبووە، تەنیا ئاینێک هەبووە کە پێ گوتراوە ئیسلام، ئەو مەزهەبی شیعی و سونی و ئیمامی حەنەفی و شافعی و دەیانی دی، لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان خەلیفە و ئەسحابەکان بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵاتدا، ئەو جیاوازیانە سەریان هەڵداوە، ئەوان  ویستویانە جەماوەر بگەینە ئەو بڕوایەی کە ناکۆکیەکان لەسەر بوونی فیکری جیاوازە. 
جەنگی دەسەڵات لە دنیای ناوەخۆی ئیسلامدا، مێژوویەکی پڕ خوێناویە، پڕ لە هەڵسوکەوتی نامڕۆڤایەتی و ڕووخانی هەموو دابونەریتی ڕەوشتە، بۆیە کاتێک کە ئەو مێژووە بە وردی دەخوێنیتەوە هەڵنجت دێتێ.  ئەوەی لە کاری مڕۆڤ ناوەشێتەوە، لایەنە دژ بە یەکەکان کردوویانە، هەتا لەنێو خودی خێزانی پێخەمبەری ئیسلام، خەلیفە و ئەسحابەکان و سوڵتانەکاندا ئەوەی خراپە و کە ویژدان قبوڵی ناکات بەرامبەر بە یەک کردوویانە، بۆ نمونە  یەکەم کێشە لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات لەدوای پێخەمبەری ئیسلام لەنێو خودی خێزان و ئامۆزاکانی لە لایەک، لەلایەکی دی لەنێو هاوڕێکانی ڕێگەی خەبات و نەوەکانیان دژ بە ئامۆزاکانی زەق بۆتەوە، بۆیە هەمیشە ئەو گوتویەتی ( اقارب عقارب). کوڕی عوسمان بن عەفان تاوانبار کرا بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی خەلیفە ئەبوبەکری سەدیق، معاویە بڕیاری کوشتنی دا، دوای مردنی لەجیاتی ئەوەی کفن بکرێت، تەرمەکەی لەنێو پێستی کەردا کفن کرا.  دواتر دیاردەی دژایەتی یەکدی ئەوەندە گەشەی کرد، لە ئیمپراتوریەتی عوسمانیدا، خێزانی سوڵتانەکان،  لەنێو کۆشکی سوڵتاندا هەمووی بەدەستی یەکدی قاتوقڕ کراون.  
دەسەڵاتی سیاسی کە بەزەبری شمشێر و کوشتن خۆی سەپاندبێت، بێ گومان دەسەڵاتێکی عادیلانە نابێت، بۆیە ناڕەزایی و بێزار بوونی میللەت لە دەسەڵاتی هەر خەلیفەیەک و سوڵتانێک، یان بوونی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لەنێو زۆرینەی سادە، لەلایەن ئەو کەس و ڕێبەرانە بەکارهێنراوە، بۆ بە گروپ کردنی خەڵک، دروست کردنی پێگەی جەماوەری، هاندان بۆ دابەش بوونی میللەتانی ژێر دەستی ئەو دەسەڵاتە دیاری کراوە، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بووە.
 بەگروپ بوونی ئیمام و فەقێ و کۆکردنەوەی موسڵمانان لە دەوری خۆیان لەژێر دروشمی ئاینی و سیاسی جیاوازدا، خۆجیا کردنەوە بووە لە ئۆپۆزسیۆنەکانی دی کە لە گۆڕەپانی پڕ لە کێشمەکێشم لەسەر بردنەوەی کورسی دەسەڵاتدا هەبوون. وەک ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەکان لەژێر پەردەی ئاینیدا، دروشمی جیاواز و ڕەنگی ئاڵای جیاوازیان هەڵگرتووە، وەک ڕەنگی سەوز، سپی و ڕەش و ئیدی، وەک هێمایەک بۆ ناسینەوەیان لەنێو کۆمەڵگە و میللەتدا، واتە هەمان ئەزموون بووە، بەڵام لە دۆخێکی دی  کە لەگەڵ سروشتی جیاوازی کۆمەڵگەی ئەوکات گونجاوە، بەگوێرەی ئەو قۆناغە مێژووەیە دیاریکراوە.
کێشەی دەسەڵات تا ئەمڕۆ لەنێو دنیای ئیسلامدا هەیە و سیاسەتی پێ دەکرێت، لەنێو ڕێبەرانی هەردووک مەزهەبی سونە و شیعەدا بە زەقی دەرکیی پێ دەکرێت. پێش دوو مانگ لەوە پێش، خامەنەئی لە تویتەری خۆیدا گوتی 

"  جەنگی سەنگەری حوسێنیە دژی سەنگەری یەزیدی بەردەوامە".

ئەم گوتەیەی خامەنئی، تەنیا بۆ هاندانی مەزهەبیەکان نییە لەنێو جەماوەری شیعە مەزهەب و سونە مەزهەبدا، یان تەنیا بە دڵی شیعە مەزهەبەکان نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم، بە دڵی ئەمریکایە، چونکە خاڵی مانەوەی ئەوان لە دەسەڵات تا ئەمڕۆ، ئەو خاڵە گرنگەیە کە سەنگەری شیعە دژ بە سەنگەری سونە گەرم بکەن و موسڵمان بەدەستی موسڵمان بە کوشتن بدەن، نائارامی و ناتەبایی لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەمریکا هەمیشە هەوڵدەدات سەنگەری جەنگی نێوان سونە و شیعە گەرم بێت، بۆیە تەقەلای ئەوە دەدا کە دەوڵەتی سونە مەزهەب و شیعە مەزهەب، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوسێ بن و هەمیشە لە جەنگدا بن. ئەم گوتەیەی خامەنەئی، لە دنیای ئیسلام و عەرەبدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، میدیای عەرەبی و ئیسلامی بەتایبەتی سونە مەزهەبەکان وەڵامیان دایەوە. 
لە کۆتاییدا، دەردەکەوێت کە مێژوو گەواهی ئەوە دەدا، کە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و حوکمرانی، کە لەژێر هەر دروشمێکدا بوو بێت، ماوەکەی درێژ بووبێت یان کورت، کۆتایەکەی داڕمان و نەمان بووە. پێخەمبەری ئیسلام، گەورەترین دەستکەوتی بۆ نەتەوەی عەرەب بەدەست هێناوە، ئەویش دامەزراندنی نواتی ئیمپراتۆریەتی عەرەبی بووە. ئەو هەوڵی داوە زمانی عەرەبی یەک بخات و خوێندن و نووسینی عەرەبی بەیەک دیالێک بێت، کە ئەویش فوسحەیە کە تا ئەمڕۆ نەتەوەی عەرەب لە ئۆقیانووسەوە تا کەنداو، بە زمانی لۆکەڵی نانووسن و ناخوێنن، بەڵکو هەموو نووسەران و ڕۆشەنبیرانی عەرەب بە یەک لەهجە دەنووسن کە عەرەبی فوسحەیە.

سەرچاوەی زێتر

عام 1400الخامنئي يحارب يزيد بعد - YouTube

ردا على خامنئي: يزيد بن معاوية إمام المسلمين.. أحبط مؤمرات السبئية لتحريف القرآن (youtube.com)

تێبینی: 

ئەو چەند وتارە پەنجە بۆ فتوحاتی ئیسلامی (فتوحاتی عەرەبی) درێژ ناکات، بەڵکو تەنیا باسی ناکۆکییەکانی نێوەخۆی موسڵمانان و ئەسحابەکان دەکات بۆ دانیشتن لەسەر کورسی دەسەڵات.

کۆتایی



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە