ئاوایە رێگای ئاشقان
Sunday, 01/12/2024, 21:58
بۆ ئەو پێشمەرگانەی، کە پێشمەرگەی راستەقینەن:
داهێنەریی دەستەواژەی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایان کەسێک بە ناوی ئەحمەد دەسماڵ هاتە سەرزاران ئەو کەسە چاپەزیی قازی محەممەد بووە. لەو سەردەمە کە سەردەمی کۆماری مهاباد. دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی ناوی پێشمەرگە، وەک بەرگریکاری کورد و خاکی کوردستان بۆتە رەمزی سەرکەوتن وسیمبولی بەرخۆدان. لەوکاتەوە تا ئیمڕۆ لە باشوری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشمەرگە بۆتە ئامرازی حیزب و دەسەڵاتداری حیزب و بنەماڵەی حیزبیی. لە هەر شەرێکدا کە سەرکەوتنێک بە دژی نەیاری کورد هاتبێتە ئاراوە دەست بەجێ سەرۆک و بەرۆکی حیزبیی بۆ خۆی قواستۆتەوە و ئەو سەرکەوتنە لە سنگ و بەرۆکی خۆی و بنەماڵەکەی داوە.
سی وسێ ساڵە سەددامیان بۆ رووخاندووین و باشووری کوردستان رزگار کرا لە چەنگ حیزبی بەعس. کە چی دوو بنەماڵەی خۆپەرەست و بێویژدان وەک داڵاش ولاشەخۆرکەتونە سەر جەستەی ئەو بەشە لە نیشتمان وخەریکن لە ناوی دەبن. لە بارودۆخی ئەو ماوەیەدا ئەرک و رۆڵی ئەو چەکدارانەی کە ناویان ناون پێشمەرگە جێگای پرسیارە؟
ئەودووبنەماڵەیە ئەوەی کە ویستوویانە بەسەریان هێناون، هەر لە شەڕی ناوخۆییدا تا شەڕ دەگەڵ داعش وپەلکێش کردنی سۆپای ئەردۆغانی فاشیزم و. . . کەچی بە ڕاشکاوی و بە بێ ترس سەروەت و سامانی ئەو خاکەیان لە ناو خۆیاندا دابەش کردوە وهیچ حیسابێک بۆ کەس ناکەن. برای پێشمەرگەش هەر وا دەزانێ. پێش. . . مەرگی. . . نیشتمانە بۆ رزگاریی کورد و کوردستان تێدەکۆشێ.
زمان ناسنامەیەکی گرینگە بۆ هەرنەتەوەیەک:
بەرگری کردن لە وڵات تەنیا بە شەڕی چەکداریی ناگاتە ئامانج. بونی چەکداری زۆریش نیشانەی بە هێزبونی دەسەڵات وحیزب وسەرکردە نییە. پاراستنی وڵات فرە رەهەندە وئەرکێکی قورس و گرانە. یەکێک لەو گرینگیانەی، کە دەسەڵات دەبێ بەرەوپێشکەوتنی بەرێ زمانە، کە ناسنامەیەکی بە هێزە بۆ پێشکەوتن وپەیوەندیی کردن دەگەڵ کۆمەڵگای جیهانیی وناوخۆی وڵات. ئایا دەسەڵات لە باشووری کوردستان لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووە؟ بێگومان نا.
ناکۆکیەکانی مەلایی و جەلالی، تەنیا خەساری لە دانیشتوانی باشووری کوردستان نەداوە، کاریگەریی ئەو بارودۆخەی باشوور، کاریگەریەکی خراپیشی بۆ بەشەکانی دیکەی وڵات دروست کردوە. ماوەی سی وسێ ساڵ دەسەڵات مەزنترین هەلی دیرۆکی بووە بۆ دامەزراندنی ئەنستیتۆیەکی بەرفراوان و سەردەمیانە لە ژێر کاریگەریی ودەسەڵاتی دوور لە حیزب وبنەماڵە بە بەشداریی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە زمان وشارەزا لە رێنووس و رێزمانی کوردیی لە هەر چواربەشی کوردستان. دزی وجەردەیی و کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لە لایان ئەو دوو بنەماڵەیە قەت ڕێگای بەو ئەرکە مێژووییە نەداوە و نایدا.
ئاوایە رێگای ئاشقان:
وڵاتی فەنلاند یەکێکە لە وڵاتە گرینگەکان ئیسکاندیناوی لە سەردەمی ئێستادا، ئەو وڵاتە لە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتداریەتیی تێزارەکاندا، وەک وڵاتێکی ژێردەستەی تێزاریزم و وڵاتێکی داگیرکراو حیسابی بۆ دەکرا، یاسا وپارڵمان وئابووریی ئەو وڵاتە لە ژێڕ دەستی تیزارەکاندا دەیناڵاند. تەنانەت زەبر و زەنگی تێزاریزم کارێکی ئاوای کوردبوو کە (زمانی فەنلاندیش) بکەوێتە ژێر پرسیار و وەک نەبوو حیسابی بۆ بکرێ. تا ئەو کاتەی کەسێکی قارەمان و پێش. . . مەرگی. . . نیشتمانی فەنلاند، پێشمەرگە ئاسا دژی ئەو بڕیارە جەنگاو خۆی کردە پێشمەرگی گەلەکەی و زمانی فەنلاندی زیندوو کردوە و گووتی: من رووس نین و زمانی من فەنلاندیە و بۆخۆشم خەڵکی فەنلاندم. ئەو قارەمانی کێ بوو، کە لە فەنلاندی وەک قارەمانێک پێناسەیان بۆ کردوە و وانە لەسەر قارەمانیەتی ئەو گەنجە بە گەنجی فەنلاندی دەگووترێتەوە.
یوجن شۆمان کێیە؟
ئەو کەسەی کە خۆی کردە پیشمەرگی نیشتمان و گەلەکەی تا زمانی نەتەوەکەی لە مردن رزگار بکا. لە ساڵی ١٨٧٥ لە دایک بووە و فەنلاندیە. لە ساڵی ١٨٩٩ وڵاتی رووسیە یاسایەکی زمانیی زۆرە ملێی رووسی لە فەنلاند دامەزراند کە (یوجن شۆمانی) فەنلاندی زمان دژی سەپاندنی ئەو یاسایە لە گەڵ چەند کەسی دیکە دەستیان بە خۆپێشآندان کرد.
دوای ماوەیەک لە گەڵ هاوکلاسەکانی لە زانکۆ دەستیان کرد بە کۆکردنەوەی گروپێکی چریکی (پێشمەرگە ئاسا) لە دژی بندەست کردنی زمانی فینلاندی وبە زۆر سەپاندنی زمانی رووسی بە سەر خەڵکی فەنلاندا.
کوشتنی نیکۆلای بۆبریکۆڤ:
لە رۆژی ١٦/٦/١٩٠٤ کاتێک نیکۆلای بۆ بریکۆڤ، لە کۆشکی دەوڵەتی (پارڵمان) لە شاری هێلسینکی پیاسەی دەکرد (یوجن شۆمان) سێ جار تەقەی لێ کرد و کوشتی، دووجاریش تەقەی لە خۆی کرد وگیانی لەدەستدا. بۆیە لە وڵاتی فەنلاند یوجن شۆمان وەک قارەمانیك دەناسرێ.
نیکۆلای بۆبریکۆف (داگیرکەری رووسی) کە نوێنەری تێزارەکانی رووسیە بوو، بۆ ئەوە ناردرابوو تا وڵاتی فەنلاند و زمانی فەنلاندی بکاتە رووسی و زمانیش بکاتە زمانی رەسمیی رووسی وزمانی فەنلاندیش لە ناو بەرێ. بۆ هەرکەسیش ئاشکرایە کاتێک زمانی نەتەوەیەک بەرەو توانەوە بڕوا، ئەو نەتەوەیەش هێدی هێدی خۆی لە بیردەکا.
جەوهەری وتار:
من وەک شەخسی خۆم لە سەر ئەو باوەڕەم، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وباشووری کوردستان پێشمەرگە بونی نییە، کە خۆی فیدای نەتەوەکەی بکا. ئەوانە کە پێناسەی پێشمەرگەیان پێدراوە، چەکداری حیزبیی وبنەماڵەن، کە بوونەتە پارێزەریی سەروەت وسامانی ئەو دووبنەماڵەیە و حیزبەکان. لە ماوەی ئەو سی و سێ ساڵەدا هیچ هەڵویستێکی کوردخوازانەیان نەبوو بەرانبەر بەو گشتە زوڵمەی کە دەسەڵات لە خەڵکی هەژاری کردوە. پێشمەرگی. . . نیشتمان زۆر جودایە دەگەڵ پێشمەرگەی بنەماڵە و حیزب. ئەوەی یوجن شۆمان کردی بەرگریی لە نەتەوەیەک و زمانی نەتەوەیەک بووە، کە ئاشقانە خۆشی ویستووە.
ئاوایە رێگای ئاشقان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست