کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


جەلال تالەبانی مامۆستای خیانەت و ناپاکی

Tuesday, 26/11/2024, 22:47


تێبینییەک بۆ ئەو بەڕێزانەی کە وەک خوێنەر، یان هاوڕێیەکی فەیسبوک دێنە ناو واڵەکەمەوە:
دوو رۆژ بەر لە ئیستا بە ناونیشانی (جەلال تالەبانی مامۆستای خیانەت و ناپاکی) دوو نمونەم لەسەر پەیوەندیی جەلال تالەبانی بە سەددام و حکومەتی بەعسەوە بلاوکردەوە، کە چەند کەس بۆیان نووسیبووم ئەو دوو نمونەیە بەڵگەدار نییە، ئەمە لە کاتێکدا، ئەو کەسانەی ناویانم هێنابوون (سەڵاحی موهتەدی و مەلا بەختیار) شایەتحاڵی ئەو رووداوە بوون، زیندوون و لە ژیاندا ماون، واتا من بە دەم مردووانەوە قسەم نەگێراوەتەوە. سەڵاحی موهتەی ئەو کاتە ئەم کەسەی ئەمڕۆ نییە، لەم سویدە لای زۆر کەس ئەمەی دەگێڕایەوە،
هەڵبەت خیانەتی سەرانی پارتە سیاسییەکانی کورد، پێوستی بە گومان و بەرگرییکردن نییە، ئەوانەی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و بەرپرسەکان بە دڵسۆزی کورد و نیشتیمانەکەی دەزانن، دەستیان لە رووە، کە چ جۆرە کەسانێکن، ئەوانەی بەرگریان لێدەکەن، هەیانە وەک نووسەر، یان چەکداری دەربار لێیان دەخۆن و بەرژەوەندییان لەگەڵیادا گرێداوە، چونکە بە نەمانی ئەم خائینانە باری ئەوانیش دەکەوێتە لێژبوونەوە، خۆشیان چاک دەزانن، نەفرەتی مێژووش ئێخەی خۆشیان دەگرێتەوە، بۆیە پاش 33 ساڵ لەخیانەت و ناپاکیی هێشتا بەشی ئەوەیان پێماوە کە بێ شەرمانە بەرگریی لەم خائن و سەرکردانەی کورد دەکەن.
من ئەو دوو نمونەیەم لەسەر قسەی چەند برادەرێک لابرد، داوایان لێکردم زیاتر قسەی لەسەر بکەم، هەروەها کاک رزگار رانگور پێشنیاری ئەوەی کرد،کە ئەو باسە هەڵبگرم بۆ کتێبەکە، کە پێکەوە بە ناونیشانی (گەشتکردن بە ژیاندا) خەریکی نووسینەوەییم، لەوێدا زیاتر قسەی لەسەر بکەم. بۆیە لێرەدا بۆ چاوروونی ئێوەی بەڕیز لەگەڵ چەند نمونەیەکی دیکەدا بە تێروتەسەلی دایدەنێمەوە:
• کاتی خۆی بەرهەم ساڵح بە شان و باڵی کوڕەکانی جەلال تالەبانییدا هەڵیدەدا، دەیگوت: مامە ئێمەی ئاوا پەروەردە کردووە، ئاخۆ منداڵەکانی خۆی چۆن پەروەردە کردبێت. منیش لێرەدا بۆ ئەو پەروەردەیەی کە بەرهەم ساڵح مەبەستێتی ئەم چەند نمونەیەی خوارەوەتان بۆ دەگێڕمەوە:
• ساڵی 1984 ئەو ساڵەی گفتوگۆ لە نێوان یەكێتیی و حكومەتی بەعسدا دەستیی پێكرد، (سەڵاحی موهتەدی) و (مەلا بەختیار) پێكەوە دەیانەوێت گەشتێكی سوارەتووكە بكەن، كاتێك ئەمە بە (جەلال تالەبانی) رادەگەیەنن، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: سەیارەكەی من بەرن، بە هیچ سەیارەیەكی تر مەڕۆن، چونکه‌ حکومه‌ت، فه‌رمانی داوه‌. . . . عەسكەرەکان ته‌قه‌ لە سەیارەکەی من نەکات.
دوای ساڵی 1988، پاش كیمیابارانی هەڵەبجە و كارەساتی ئەنفال، که‌ یەكێتیی له‌ كوردستانی باشووردا نامێنێ و زۆربه‌یان چەکدارەکانی یەکێتی ده‌چنه‌ ئێران و سوریا، یان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌بنه‌ په‌نابه‌ر. ئەوسا سەلاحی موهتەدی دێتە سوید، له‌ زۆر شوێندا دادەنیشێت، ئەڵێت: مام جەلال پەیوەندی بە حكومەتی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکە به‌و ڕووداوه‌دا هه‌ستم کرد، که‌ كابرایەكی جاسووس و خائینە، ده‌نا ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنێک هه‌بێ، له‌ نێوان کورد و به‌عسدا، بۆچی هه‌ر بە ته‌نها بۆ سه‌یاره‌که‌ی مام جه‌لال، نەدەبوو ته‌قه‌ی لێبکرێت، به‌ڵام هی خه‌ڵکی پێشمەرگەکانی تر نا؟
• پێشمەرگەیەكی دێرین، كە ئیستا لە وڵاتێكی ئەوروپادا سه‌ری خۆی کز گرتووە، حەزی نەکرد ناوەکەی ئاشکرا بکەم، گێڕایەوە: كاتێك حكومەتی عێراقیی تەنگی پێ هەڵچنیبووین، بەردەوام فڕۆكەكان بۆردومانی سەركردایەتییان دەكرد، زوو زوو ئێمە دەبوایە چادر و شوێن و باره‌گای خۆمان بگوازینەوە و ڕامان ئه‌کرد، كەچی مامە، به‌ ته‌نگه‌وه‌ نه‌ده‌هات، نەك لە بەر ئەوەی نەدەترسا، ئەو هەر لە شوێنی خۆیدا بوو، ئەو كاتانە زیاتر لاسلكییەكەی لەو پەڕی چالاكییدا بوو، چه‌ند جارێک گوێم لێی بووه‌ به‌ عه‌ره‌بی قسه‌ی ده‌کرد. نە فڕۆكە، تەنانەت مێشێك میوانیی چادرەكەی مامە نەبوو، زۆر شوێن بۆردومان دەكران، كەچی شنەی بای فڕۆكەكانیش توخنی چادر و خانووەكەی مامە نەدەکه‌وت، ئایا ئەمە ڕێكەوتە، یان شتێكی ترە؟ هەر ئەو پێشمەرگە دێرینە گێڕایەوە و وتی: ئەمڕۆ که‌ به‌ باشی بیرده‌که‌مه‌وه‌، دەتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرمەوە، چونکە مام جەلال بۆ خۆی دانی بەو راستییەدا نا، کە دەیگوت، با کچ و زاواکەی سەددام بێنە سلێمانی ئێمە جێگایان دەکەینەوە، چونکە ئێمە عائیلەوییەن تێکلاویشمان هەیە..
- ساڵی 1982 - 1983 ئەو کاتەی من لە توژەڵەم جێهێشتبوو لەوێ نەمابووم وەک دوایی برادەران بۆیان گێڕامەوە، کە رۆژێک لە پڕ فڕۆکەکانی حکومەتی عێراق، بەسەر ئەو ناوچەیەدا فڕکەیان دەهات و لە پڕ لە دوورەوە نزیک ناوزەنگ ناڵەی بۆردومانی فڕۆکەکان کەوتنە بەرگوێمان، دوایی زانیمان فڕۆکەکان بۆردوومانی (دۆڵەتوو)یان کردووە. (دۆڵەتوو) بارەگا و زیندانی حیزبی دیموکراتی ئێرانی لێبوو، هەر لەو بۆردوومانەدا (90) پاسداری ئێرانیی کە زیندانی دیموکرات بوون، هەموویان کوژران. حکومەتی عێراق ئەو کاتە لە هەموو روویەکەوە، زۆر لە هێزەکانی یەکێتیی بەهێزتر بوون، دەیانتوانی هەمان کارەسات بە سەر ئێمەشدا بهێنن، ناوزەنگ و توأەلە هەمیشە لە ژێر رەحمی بۆردوماندا بوو، کەچی مام جەلا و بەرپرسەکانی دیکەی یەکێتیی دەهاتنە دەرەوە و سەیری ئەوبەریان دەکرد و هیچ ترسێکیان لە خۆیان نەبوو، ئێمە پێشمەرگەی سادە و ساویلکەش بەردەوام دەستامن لەسەر دڵمان بوو، لەناو خۆماندا دەمانگوت، هاکا ئەمجارەش دێتە سەرمان و ناوزەنگ و توژەڵە دادەگرێتەوە و بۆردومانمان دەکات. بەڵام بۆچی سەددام ئەم کارەی نەکرد، بۆیە دوای ئاشکرابوونی فایلدارەکان و دروستبوونی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دزە خائینەکانی کورد، توانیمان ئەو وەڵامە وەربگرینەوە، کە بۆچی حکومەتی عێراقی ئەو کارەی نەکرد.
- پاش ئەوەی خوشک و دایکی مستەفا چاوڕەش دەگیرێت، ناچار مەستەفا چاوڕەش تەسلیمی بەعس دەبێت و کاریان لەگەڵدا دەکات، بەوەی زانیاریی لەسەر چالاکی پێشمەرگەکان بگەیەنێتە حکومەت، کاتی خۆی نووسەرێک ئەوەی باسکرد، کە لە زۆر هێڕشدا کە مستەفا چاوڕەش لەگەڵ پێشمەرگاندا بووە، مستەفا جاورەش بە سەلامەتی دەرچووە، ئەمەش چۆن: وەک لە یەکێک لە بەڵگەی فایلەکاندا وا باسی دەکات، کە مستەفا چاورەش پێشوەخت حکومەتی ئاگادارکردۆتەوە، ئەوانیش ئامادەباشییان کردووە، بە مستەفا وتراوە، ئەو جلانەی لە بەریدەکات، رەنگێکی جیاوازی هەبێت، تا فڕۆکەکان بیناسنەوە و دەستی لێبپارێزن. ئەو فایلە دوایی دراوە بە جەلال تالەبانی و ئیتر سەرەو ژێرکراوە.
- رەفیق پشدەری لە کتێبەکی خۆیدا بە ناونیشانی (کوردە دوژمنی خۆت بناسە) رووداوێک دەگێڕێتەوە، کە ساڵی هەشتاکان سەددام بە نیازبوو سەردانی کوێت بکات، جەلال تالەبانی بەمە دەزانێت، پەیوەندیی بە رەفیق پشدەرییەوە دەکات، تا بەهەر شێوەیەک بووە ئاگاداری سەددام بکاتەوە و پێی بڵێت: ئەو سەردانە نەکات، چونکە مەترسی کوشتنی هەیە، کە لە ناویبەرن.
- حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان هیچ کات پلانی ئەوەیان نەبووە، رۆژێک لە رۆژان سەرانی کورد بە تایبەتی (مەسعود و جەلال ) لەناوبەرن، چونکە هەموویان خاڵێکی هاوبەشیان لەگەڵ یەکتردا هەبووە، ئەویش دۆستی یەکتر و دوژمنی کوردبوون. بۆ بەڵگەی ئەمە، دەبێت مێشکی ئێمە بەردەوام ئەو پرسیارەی تا دروست ببێت و بپرسین، کە بۆچی تا ئیستا هەوڵی لەناوبردنی هیچ بەرپرسێک و سەرکردەیەکی ئەم حیزبانەی باشوور نەدراوە؟ کەسی دنیادیدە و خاوەن ئەزمون ئەگەر کەمێک لەو هەموو رووداوانە وردببێتەوە، هزری بەشی ئەوەی تێدابێت کە بە ویژدانەوە لێکدانەوە بۆ ئەو سەردەمەی شاخ و ئەم 33 ساڵەی دوایی بکاتەوە، ئەوسا دەگاتە ئەو راستییەی، کە هەموو ئەمانەی من نووسیومن و دەیاننوسم، سەرچاوەکانیان ئەو مێژووەن کە ئەم خائینانە بەدوای خۆیاندا رایانکێشاوە.
قسەی دیکە زۆر کە لێرەدا بیکەم، بەڵام لەمە زیاتر درێژدادڕی ناکەم، بەڵکو لە کۆتاییدا رووی دەمم دەکەمە ئەوانەی کە هاوڕێی فەیسبوک و خوێنەری نووسینەکانمن، داوا دەکەم هەر کەسێک بەرگری لەم سەرکردە و بەرپرسانەی پارتەکانی باشوور دەکات، ئەگەر هاوڕێمە با زوو لە واڵەکەم بچێتە دەرێ و هیچ پەیوەندییەکی پێمەوە نەمێنێت. من لە ناو کوردبوونی خۆمدا ویژدانم ئازارم دەدات، ئەگەر ببینم کەسێکی ئاوا میوانداریی دەکەم وەک هاوڕێ قبوڵی بکەم، کە بەرگری لە خائین و دز و درۆزنێکی نیشتیمان و نەتەوەکەم دەکات. با هەریەکەمان با ڕێگای خۆیدا بڕوات و کەسمان یەکتری ناشرین و بێتاقەت نەکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە