کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شار ئارامە سەرۆک!

Tuesday, 26/11/2024, 7:34


“لەم زۆنەی ئێمە شتی وا ئیتر قابیلی قبوڵ نییە، کێش خۆی تاقی بکاتەوە بەوخوایە زەرەرێکی زۆر گەورە ئەکات”

ئەمە قسەکانی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی یەکێتییە دوای ئەوەی بووە حاکمی موتڵەقی زۆنی سەوز، خۆی وەک فریادڕەسێک دەرخست و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئیتر کۆتایی بەو پاشاگەردانییە دەهێنێت کە بە ڕۆژی ڕووناک خەڵک دەکوژرێت.
جاران کە  رووداوێکی شەڕکردن و کوژرانی خەڵک رووی دەدا، پۆلیس و هێزی ئەمنی رۆڵیان لە رووداوەکان ئەوە بوو کە تۆمەتباریان دەستگیر دەکرد و دەیانبردنە بەردەم دادگا، ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە و  بەرپرسی ئەمنی و حزبی دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە!
ئەوەتا رۆژی ٢٤’ی ١٠’ی ئەمساڵ لەناو حەرەمی بنکەی پۆلیس کە لە هەموو دنیادا ئەمینترین شوێنە، بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی هەر لەناو بنکەکە و بە بەرچاوی هەموو کارمەندەکان و کامێرای چاودێرییەوە ٣ دانە فیشەکی نا بە کوڕێکی گەنجەوە بەناوی داستان و دوای ٢٨ ڕۆژ  لە بێهۆشبوونی، داستان گیانی لەدەستدا و دوو جگەرگۆشەشی لەدوای خۆی بەجێ هێشت، تا ئێستا بکوژیش لەبەر ئەوەی پلەدارێکی حزبەکەی جەنابی سەرۆک بافڵە، بە ئازادی دەسوڕێتەوە و کەسیش پێی ناڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە.
ئەوە جگە لەو دەیان کەسەی دیکە کە لەدوای هەڕەشەکانی سەرۆکی یەکێتییەوە لەو زۆنەدا کوژراون، زۆرینەشیان یان بە دەستی هێزە ئەمنییەکان بوون، یان کەسانی نزیکی بەرپرسی باڵای یەکێتی بوون، هەر لە ئاری چایچییەوە کە لەسەر دواکەوتنی چایەک خەڵتانی خوێن کرا، تا دەگاتە ئەو کاسبکارە نەگبەتەی لەسەر ئەوەی سەیارەی خزمێکی نزیکی بەرپرسێکی یەکێتی تەپوتۆزاوی کردبوو بە بەرچاوی کەسوکارەیەوە کوژرا، ئەرێ هەر بەڕاست جەنابی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ساحەبی قسەی خۆی بوو؟ لەدوای ئەو قسانەیەوە چەند کەس لەم  زۆنە کوژراون ؟ چەند بکوژ دەستگیرکراون ؟ ئەوانەی گیراون چەندیان سزا دراون ؟ خۆ بە قسەکانی جەنابی سەرۆک بافڵ بێت لە کەسی قبوڵ نەئەکرد ئەگەر کوڕی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانیش بێت!
هەر ئەوەمان پێ دەکرێت بڵێین، بە ئیسراحەت پاڵی لێ بدەرەوە سەرۆک! شار ئارامە…

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە