کێیە دەیەوێت ناوی کەسایەتییەکانی سلێمانی بزڕێنێت؟

Monday, 25/11/2024, 18:44


شاری سلێمانی، قەڵغانە گەورەکەی کورد بوون کە بەرگەی شمشێری داگیرکەرانی کوردستانی گرتووە، ئێستا کێ دەیەوێت بە قوڕی سارد چرا هەمیشە داگیرساوەکەی بکوژێنێتەوە؟ ئەوە کێیە دەیەوێت بە خەنجەری خیانەت لە پشتەوە لە سلێمانی بدات؟
ماوەیەک لەمەوبەر لە میدیاکانەوە پەلاماری هەندێک کەسایەتی ناو شاری سلێمانی درا. کرمی ناوخۆ نایەوێت داری سلێمانی هەر گەشاوە و سەوزبێت و دەیەوێت ناوی کەسایەتییەکانی بزڕێنێت. کەسانێک هەن کورتەبنەن کەچی پەلاماری شاخ دەدەن. ڕق و کێشەی دەرونییان هەیە بەرامبەر ناوی جوان و ناوی گەورە. دەیانەوێت بە بوختان و تەشهیر گەورەیی کەسایەتییەکانی سلێمانی بچوک بکەنەوە، ناوی خۆشیان گەورە بکەن کە نە سەلکی سیرن نە قنچکی پیازن.
لەم ڕۆژانەدا فشە نوسەر و قەڵەمی لەرزۆک کە لە تاریکیدا کار دەکەن، ناوی کۆمەڵێک کەسی سلێمانی ڕیز کردووە و تۆمەتی کۆنە بەعسییان دەخاتە پاڵ، گەرچی ئە و زوڕنایە شکاوە و کەس پێی هەڵناپەڕێت. سەردەم سەردەمی تەکنەلۆجیایە و هەرچی فایل و بەڵگەنامەی بەعسییەکان هەیە هەمووی بڵاوکرایەوە. خەڵکی و بەتایبەتی نەوەی تازەی شاری سلێمانی ئەزانێت کێ بەعسی بووە و کێ فشە شۆڕشگێڕ بووە، هەموو دەستەکان دیارن، ئێمەش بۆمان دیار و ڕونە کێ ئەم دەهۆڵە دڕاوە دەکوتێت.
ئەزانین قادری حەمەجان (واتە حاکم قادر) چۆن بە جلی شەمشەمەکوێرەوە لەژێر ناوی خواستراو ژەهر دەڕژێ، ئەوە کەسی بچوک و کەسی قێزەوەن و بنەماڵە پەڕپوت و نالەبارەکەیە کە ڕقی لە کەسانی جوان گەورەیە. بۆیە ئەم قۆڕقۆڕە شکاوە یەخەی خەڵک ئەگرێت و هەوڵی نەزۆکی خۆی ئەدات بۆ ناو زڕاندنیان.
ئیفلاسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تەمەنی قەلەڕەشێکیان مابێت، دادگای خەڵک چاوەڕێیانە. کەچی نە حەیا نە شەرم نە شەرەف دواتیری ژەنگاویی خۆیان ئەگرنە سەر سنگی ئەو گەورە پیاوانەی شاری سلێمانی. ئاخر ئەم گەندەڵە دزە پەروەردەی بنەماڵەیەکە ناسراوە بە سیخوڕی، کوڕی حەمەجانی پۆلیسی سیخوڕی عومەر عەلی موتەسەریفی سلێمانییە.
کەسێک باوکی خۆی جاشی عومەر عەلی بووە، دیارە چۆن دەیان خەڵکی شاری بەگرتداوە پاشان بە پارە بەریداون، پێی وتون "خۆت بخورێنە و پارە بدە با لای مەئمور مەرکەز شەفاعەتت بۆ بکەم" ئەو قسەیەشی کە دەڵێت "ئەشتبەم و شەفاعەتیشت بۆ دەکەم" کە لە سلێمانیدا بڵاوە، لەم سیخوڕەوە دوا کەوتووە، کەچی کوڕی ئەم حەمەجانە دێت ناو ڕێزدەکات و پێیان دەڵێت کۆنە بەعسی. ڕاستە دەڵێن "مادام شەرم ناکەیت چی ئەکەیت بیکە"، گرنگ ئەوەیە خەڵکی سلێمانی ئەتناسێت و باوکیشت ئەناسێت.

دەشتی کەریم


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە